گرێبەستی نگریسی لوزان سەد ساڵەی خۆی پڕکردەوە و چاوەڕان دەکرا کە ئەو ستەمەی لە ئاکامی ئەو گریبەستەدا سەپێندرابوو بۆ هەموو لایەنە بەرکەوتووەکان، بەتایبەت گەلی کورد کە زیاترین ستەمی وەبەر کەوتبوو کۆتایی پێبێت. بەڵام ئێستا ئێمە پێچەوانەکەی دەبینین. واتە بە جێگەی پێشێلکارییەکان کۆتایی‌یان پێبێت و هەموو لایەک بگات بە مافەکانی خۆی، گەلێک هێز سەرقاڵی بەرهەم هێنانەوەی ئەو ستەم و پێشێلکاریانەن. ئەوەش بووەتە هۆی نگرانی گەورەی گەلەکەمان و گەلانیتری ستەم لێکراوی رۆژهەڵاتی‌ناوەڕاست. ئەو هێزانە دەیانەوێت بە راشکاوانە هەموو بنەماکانی مرۆڤایەتی بنپێ بکەن و بە جێگەی دموکراسی و ئازادی بەستێنی بێ‌عەداڵەتی و بەردەوامی ستەم بۆ داهاتووش هەموار بکەن.

لایەنی یەکەم کە بە هەمووشێوەیەک چاو لە مافەکانی گەلانی ناوەڕاست، بەتایبەت گەلی کورد دەگرن، هێزە سەرمایەدار و بەرژەوەندی‌خوازە جیهانیەکانن. دەیانەوێت بە هەموو شێوەیەک ئیرادەی کۆمەڵگاکان و نەتەوە بندەستەکانی رۆژهەڵاتی ناوین بشکێنن و ناچاری چاند و ئالترناتیوەکانی خۆیانیانی بکەن. دەیانەوێت سیستەمی سەرمایەداری خۆیان بە سەریاندا بسەپێنن و بە پێ ویست و بەرژەوەندی خۆیان روالەت بە هەرێمەکە ببەخشن. پێویستە گەلی کورد و سەرجەم ئازادیخوازانی ناوچەکە ئەو راستیە بزانن کە ئەو هێزانە جیا لە بەرژەوەندیەکانی خۆیان و ئاراستەکردنی کۆمەڵگاکان بە پێی ئەو بەرژەوندییانە خاوەن هیچ جۆرە ئارمانجێک کە لە راستای ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەریدا بێت، نین.

ئێمە لە شوێنگەلێک وەک ئەفغانستان ئاکامی کردەوەی ئەوانمان بینی. بەساڵان بانگەشی دموکراسی و دادپەروەری و گەشەپێدان و شەڕی ترۆریان دەکرد، بەلام دۆخی ئیستای ئەفغانستان بە روونی هەموو ئەو بانگەشانە وەدرۆ دەخاتەوە. هێزێک وەک تاڵبانیان هێناوە سەرکار کە بە ساڵان وەک تروریست ناویان دەبرد. رەوشی ژن لەوێ لە بەرچاوانە. هاوکات ئەگەر وڵاتانی‌تری وەک عێراقیش سەیر بکەین، دۆخەکە زۆر جیاواز نییە.

هەمووی ئەوانە نیشانی دەدەن؛ ئەوان بە دوای قازانجی خۆیانن. بە دوای کانزا، وزە و کونتروڵی رێگە ترانزیتیەکانن. بە شێوەیەک بەردەوامی هەمان کلونیالیسمی ئیپراتوری بریتانیا و سیاسەت و کردەوەکانی سەدەکانی پێشتری ئەو دووپات دەکەنەوە.

بابەتێکی‌تر سازبوون و هێزگرتنی گرووپە ئیسلامییە فندامندالیستیەکانە. راستە دیاردەی توندڕەوی لە ناو ئایینی ئیسلام‌دا تایبەت بە رۆژی ئەمڕۆ نییە و لە سەرەتای ئیسلامەوە بەردەوام ئەم گرووپانە دەرکەوتوون و پەنایان بردووە بە توندوتیژی، بەڵام لەوەدەچێت لە هیچ زەمەنێکدا بە قەد ئەم سەردەمەی دونیای سەرمایەداری ئەو دەرفەتەیان بۆ نەڕەخسابێت تا بە نێوی دین بیرۆکەی توندرەوانەی خۆیان بەرنە پێش.

 بینیوامانە لە هەر شوێنێک ئەو گرووپانە هێزیان گرتووە چۆن کۆمەڵگایان رووبەڕووی توندوتێژی و چەوسانەوەی لەڕادەبەدەر کردووە. بەتایبەت ژنان زیاتر لە هەر چین و توێژێک بوونەتە ئارمانجی زێهنیەتی پاشڤەڕۆ و کردارە توندڕەوانەکانی ئەم تاقمە توندڕەوانە. ئەم گرووپانە لە لایەکەوە تینووی کوشتن و بڕینن و کۆنەپەرەستییان گەیاندووەتە لوتکە؛ لە لایەکیتریشەو بەدوای ژێرچەپۆکەکردنی مرۆڤایەتی و لەناوبردنی هەموو بەهاکانی مرۆڤایەتین. بەکردەوەکانیان دەیانەوێت هەموو بەها مادی و مەعنەویەکانی مرۆڤایەتی برۆخێنن و هەرەسیان پێبێنن. هەموو ئەمانەش بوونەتە کەرەسەیەک لە خزمەتی سیستەمی سەرمایەداری تا ئارمانجەکانی خۆیانی پێ بپێکن.

دیاردەیەکی‌تر کە لەم ناوچەیەدا هەوڵدەدرێت بەرهەم بهێندرێتەوە پیرسالاری و پیاوسالارییە؛ ئەو دیاردەیەش دەرهاوێشتەکەی پووکانەوەی پێوەرەکانی کۆمەڵگای ئازاد و دیموکراتیکە. ئەم دیاردەیە تەنیا بە تێکۆشانی دیموکراتیکی گەلان، بەتایبەت بە هێز و وزەی ژنان دەتوانرێت لە بەر رێماندا لابچێت. لە بەر ئەوەی ئەم بیرۆکەیە تا بە زیندویی بمێنێتەوە نە تەنیا لەبەر ژیانی ئازاد رێگرە، بەڵکوو پەرە بە بێ‌ئیرادەیی گەلانی ژێردەستە دەدات.

هەموو مرۆڤایەتی بینی چۆن شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان بەرەنگاری ئەو هێزە تاریکپرەستانە و سەرجەم پاشوڕۆییەکان بوویەوە و ژیانێکی نوێ لە ناوچەکەدا خستە بەرچاوان. بینیمان چۆن دەرفەتی ژیانی ئازادی بۆ گەلە بندەستەکان خولقاند و نیشانی جیهانی دا. خۆڕاگری و تێکۆشانی دژی ترۆر گەیاندە لووتکە، دەرفەتی پێکەوە ژیانی دەستەبەر کرد و پێگەی ژنی بەرز کردەوە. بە گشتی لە ماوەی ئەم ساڵانە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی خزمەتگوزاری، خۆبەڕێوەبەری، گوزەرانی ئەمن و ئاسایشی بۆ خەڵک داوە.

سەڕەڕای هەمووی ئەمانە، ئەو رۆژانە بینیمان کە دوژمنانی ئازادی و دموکراسی ئەو دۆخەیان پێ قبووڵ نەکرا و بە هەموو شێوازێک شەپۆلێکی نوێ لە هێرشیان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەست پێکرد. دیار بوو ئەوان بوونی گەلێکی ئازاد و خۆبەڕێوەبەر قبووڵ ناکەن. بەڵام ئەوان حەسابی ئەوەیان نەکردووە کە کورد، کوردی ١٠٠ ساڵ بەرێ نییە و ئەو گەلە وشیار بووەتەوە و خۆی رێکخستووە.

ئەوەی کە ئەمڕۆ لە هەر چواربەشی وڵات و سەراسەری جیهان کورد بۆ پاراستنی رۆژئاوا لەسەر شەقامە و بسکی (کەزی) شەڕڤانێکی ژن دەکەن بە هێما و پەیمانیان لەگەڵ ئازادی دووپات دەکەنەوە، سنوورە دەستکردەکان دەبەزێنن و خۆیان دەگەیەنن رۆژاوای کوردستان تا نرخەکان و دەسکەوتەکان بپارێزن بۆ خۆی ئەو ئاستە لە وشیاری و رێکخستوویی گوزارە دەکات. بێگومان ئەم یەکڕێزیەیش تاقانە زامنی سەرکەوتنمانە.

پێویستە دوژمنانی ئازادی و دموکراسی ئەو راستییە بزانن کە ئەمڕۆ گەلی کورد نەتەنیا بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی خۆی لە تێکۆشان راناوەستێ، بگرە هەڵگری فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادیە کە ئەوڕۆکە بووەتە بە رووناکیەک بۆ مرۆڤایەتی. دروشمێک کە شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی رازاندەوە. بێگومان بەو ئاستە لە وشیاری و بەڕێکخستن بوونمان لە باکوورەوە تا باشوور، لە رۆژهەڵاتەوە تا رۆژئاوا دەبین بە بازنەی پاراستنی نرخەکانمان و دەسکەوتەکانمان لە کوردستان بە گشتی و رۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی. لە سەر ئەو بنەمایەش بە رۆحی یا سەرکەفتن، یا سەرکەفتن، دەڵین: ژن، ژیان، ئازادی.

       گەشبین   .رۆژهەلات