کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵات کوردستان/ کژار
ئەوە راستیەکی حاشاهەڵنەگرە کە لە هەموو بوارەکانی ژیان و کۆمەڵگەدا ژنان خاوەن پێگەیەکی مێژوویین. بە تایبەت لە رێبازی چارەسەری کێشەکاندا بەردەوام لە هەموو بوارەکاندا لەنێو هەوڵدانی بێوچاندا بوون. بەڵام لە درێژەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران دا، بە جێگەی ئەوەی رێگە بۆ چارەسەری کێشەکان و تێپەڕاندنی قەیرانەکان هەموار بکرێت، بەپێچەوانەوە لە ئاکامی زێهنیەتی نادیموکراتیکی ئەم رژیمە کە هەڵگری ئایدیۆلۆژیای نەتەوەپەرەستی، رەگەزپەرەستی و دینپەرەستییە، بەردەوام هەوڵ بۆ ئەوە دراوە کە داخوازییە دیموکراتیکەکان سەرکوت و هەوڵەکانی چارەسەری بێکاریگەر بکرێن.
ئەمڕۆکە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی ئەوەی هەڵگری ئایدیۆلۆژیای رەگەزپەرەستییە، کۆمەڵگای رووبەڕووی قووڵترین کێشەکان کردووەتەوە. ئەوەش پێشی گرتووە لە پێشکەوتنی سیاسەتێکی دیموکراتیک لە ئێران دا، هاوکات هەرچۆن نەیتوانیوە کێشە ناوخۆیەکان چارەسەر بکات بووەتە هۆکاری خۆلقاندنی دۆخێکی قەیراناوی لە هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەو دۆخەش بووەتە هۆی وورژاندنی نارەزایەتی گەورە. لە ئاوا دۆخێکیشدا، کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەوەی بتوانێت لە بەرانبەر ئەو هەموو ناڕەزایەتیانە دەسەڵاتی خۆی بپارێزێت، پەنا دەباتە بەر هەرچەشنە کردارێکی ناڕەوا. بە هیچ چەشنێکیش لە گرتن، شکنجە، سەرکوت و لەسێدارەدان دەست ناپارێزیت و بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت کۆمەڵگا چاوترسێن بکات. لەو چوارچێوەیەشدا و بۆ رەوایەتیدان بە سەرکوتکارییەکانی هەر ناڕەزایەتی و داخوازیکی کۆمەڵگا ئەمنیەتی دەکات و بەجێگەی چارەسەری کێشەکان هەوڵی ملیتاریزەکردنی زیاتر دەدات.
هاوکات جیا لە قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان، دەوڵەتی ئێران تووشی قەیرانێکی قووڵی ئابووری بووەتەوە. لە پاڵ قەیرانی ناوخۆیی، بە هۆی سیاسەتە هەڵە و پاوانخوازەکانی لەدەرەوەش رووبەڕووی کاردانەوەی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بووەتەوە. لە ئاکامی ئەو کاردانەوانەیش جارێکیتر وەگەڕکەوتنەوەی گەماروەکان لەسەر ئێران دۆخی ژیانی خەڵکی رووبەڕووی ئەستەمی زیاتر لە جاران کردووەتەوە. لە لایەکیترەوە کۆماری ئیسلامی ئێران هەموو ئیمکانە ئابووری و داراییەکانی وڵاتی ئێرانی خستووەتە خزمەت سیاسەتە ئەمنیەتی و ملیتاریزیەکانی سپای پاسداران. لەو راستایەشدا بە بیانووی پاراستنی خۆی، بوجەی هێزە ئەمنیەتی و سەربازییەکانی زیاتر دەکات و خەڵکیشی لە دۆخی برسیەتی هێشتووەتەوە. هەموو ئەوانەیش بووەتە هۆی بێزاری زیاتر لە جاران لە لایەن خەڵکەوە.
بە هۆی درێژەدان بەو سیاسەتانەش لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی پێشتر، جارێکیتر لە رێکەوتی ٨ی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی شەپۆلێکی نوێ لە نارەزایەتی و سەرهەڵدان لە شەقامی گەلێک لە شارەکانی ئێران دەستی پێکردووە و هەنووکەش بەردەوامە. هەرچەند ئەم نارەزایەتیانە بە بەردەوامی لە ئارادابوونە و درێژەیشیان دەبێت، بەڵام ئەم شەپۆلە نوێیەی نارەزایەتی و سەرهەڵدان لە ئێران، لە ناو ئەو دۆخەی کە ئیستا ناوچەکە تێدایەتی، خاوەن تایبەتمەندی خۆیە و هەنگاوێکی نوێیە کە پێویستی بە خاوەن دەرکەوتن لێ هەیە.
هاوکات دەوڵەتی ئێران بە هۆی ئەو قەیرانە فرەرەهەندەی کە لەناوخۆ خولقاندوویەتی، چیدی ناتوانێ وەک بەرێ لە ژێر بیانووی دەستی دەرەکی لە پشت نارەزایەتیەکانە، بەئاسانی پێش لەم سەرهەڵدانانە بگرێت. خاڵی سەرەکە و گرنگ ئەوەیە کە بە زێهنیەتێکی دیموکراتیک و گوێگرتن لە گەل و داخوازیەکانی کۆمەڵگا ئەم کێشانە چارەسەر بن. ئەگەر ئەم کێشانە بە رێبازی دیموکراتیک چارەسەر نەبن، گەڵانی ئێران خاوەن ئەو هێز و تێگەیشتنەن تا خۆیان بڕیاری چارەنووسساز بۆ چارەنووسی خۆیان بدەن. بێگومان دیموکراتیکترین رێگاش ئەوەیە کە گەل بگات بە ئاستێک لە تێگەیشتن، بەبڕیاربوون و هێزی خۆبەڕێوەبردن.