• تاگەکان: ,

    پاراستنی زمانی دایکی، پێناسەی جەوهەری دایک-ژنە

    15 ئایار, 2023

    رۆژی جیهانی زمانی دایکی لە تەواوی تێکۆشەران و پارێزوانانی زمانی دایکی، گەلی کورد و بەتایبەت دایکان کە شۆرشی زمان لە سەر دەستی ئەوان بەرپا بوو پیرۆز دەکەین.

    زمان بەشێکە لە کولتووری هەر نەتەوەیەک و یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی مرۆڤبوون و کۆمەڵایەتی بوون. هاوکات بناغەیەکی سەرەکییە لە خوڵقاندن و گەشەسەندنی کەلتووری کۆمەڵایەتیدا.

    شۆڕشی زمان، دە هەزار ساڵ لەمەوبەر لە سەر خاکی کوردستان بە پێشەنگایەتی ژنی کورد پەرەی پێدرا، بەڵام ئەمڕۆ لەسەر هەمان خاک، لە لایەن دەوڵەتانی ناوچەکەوە لە نووسین و گۆرانی و سیاسەت و تەنانەت پێکەنین و گریان بە زمانەکەی، بێبەشکراوە.

    سەڕەرای ئەم قەدەغەکاریەکانە کە لە لایەن دەوڵەتانی دەسەڵاتدار لە بەشەکانی کوردستان بەڕێوە دەچێت، دیسانەوە دایک کە خۆڵقێنەری ئەم ئامڕازە گرنگە واتە زمانە، بە پەروەردە کردنی ڕۆڵەکانی و پێشکەش کردنیان بە نیشتمانەکەی توانیویە گەلەکەی لە قڕکردن و بێ ناسنامەیی بپارێزێت.

    پێداگری دایکان لە چوارچێوەی پاراستنی زمان و شوناسی نەتەوەکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە هۆی توڕە کردنی دەسەڵاتدارانی ئێران و لە ئێستادا شاهیدی ئەوەین هەم لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک و هاوکات ڕۆژی جیهانی دایکان، بە دەیان دایک لە زیندانەکانی ئێراندا دەستبەسەر کراون. نموونەی هەرە بەرچاو دایکی تێکۆشەر و لەخۆ بردو دایە فاتمە مەقسوودیە. بەڵام ئەم دەستبەسەر کردنەو سەرکوتکاریانەی رژێمی ئێران نەیتوانیوە پاشەکشە بە ئیرادەی دایکان بکات. لێرە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک بانگەوازی لە تەواوی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین خاونداری لە دایە فاتمە بکەن.

    وەکوو کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جارێکی دیکە پەیمانی خۆمان دووپات دەکەینەوە بە ڕۆحی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی پەرە بە تێکۆشان و خەباتی خۆمان لە چوارچێوەی پاراستنی زمان و ناسنامەی خۆمان بدەین.



    کژار