رێستنی ته‌ونی پیلانگه ڕ ی

21 ئایار, 2021

بەر لە ٩ی تشرینی یەکەم دەستیان کرد بە فشارەکانیان. لەگەڵ هەڕەشەکانی تورکیا، ناتۆش هێزێکی سەربازی ئامادە کردبوو و دەستی بە مانۆڕی سەربازی کردبوو. میسر و ئێران فشاریان بۆ سوریا هێنابوو، سوریاش بە دوای رێگایەکدا دەگەڕا. رێبەر ئاپۆ هەوڵیدا رێگایەک بگرێتەبەر، کە لە سەدا ١ی رێگای دەرچوونی هەبوو.

رژێمی ئەنقەرە بەر لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨، هەڕەشە و فشارەکانی بۆ سەر شام زیاد کردبوو و لە رێگەی نوێنەرەکانییەوە بۆ هاوکاریکردنی، پەیامێکی ئاشکرای بۆ دەنارد. رێبەر ئاپۆ لە بارەی ئەو هەوڵانەی پلانگێڕەکانەوە دەیوت “هەوڵی پلانێک کە لە سەدا ٩٩ رێگای دەرچوونی نییە.”

لەو رۆژانەدا نەک تەنها ئەنقەرە، لە پایتەختی هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جموجوڵێکی زۆر هەبوو. هەندێک لە وڵاتان رازیبوونی خۆیان دەربڕیبوو، هەندێکیان ئاشکرایان کردبوو کە ئەگەر شەڕ رووبدات، پشتیوانی لە تورکیا یان لە سوریا دەکەن. بەر لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ کرۆنۆلۆژی ئەو رۆژانە بەم شێوەیە بوو:

٣٠ی ئەیلولی ١٩٩٨: بە سەرۆکایەتی سلێمان دەمیرەل سەرۆک‌کۆماری تورکیا دەستەی ئەمنی نشتیمانی (MGK) کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە ٦ کاتژمێر و ١٠ خولەکی خایاند و تەنها یەک بابەت لەسەر مێزەکە بوو بۆ گۆتوبێژکردن، ئەویش؛ تێکۆشانی دژی رێبەر ئاپۆ و پەکەکە بوو. هێندەی لە راگەیاندنەکاندا باسی لێوە دەکرا، فشارە دیپلۆماسیەکانی سەر سوریا بێئەنجام بوون و گۆتوبێژ لەسەر رێگا سەربازیەکان کرابوو.

١ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨: مرۆڤ دەتوانێت لە یەکەم قسەی ناو پەرلەمان کە دەمیرەل کردی، لەو بڕیارەی لە دەستەی ئەمنی نشتیمانی(MGK)دا درابوو، تێبگات. دەمیرەل بە ئاشکرا هەڕەشەی لە شام دەکرد و دەیوت، “لەگەڵ هەموو هۆشداری و هەنگاوەکانمان بۆ ئاشتی، بەڵام سوریا واز لە هەڵوێستەکەی ناهێنێت و ئێمە جارێکی تر بە جیهان رادەگەیێنین کە ئیدی وا سەبرمان کۆتایی دێت.”

٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨: سوپای تورک لەسەر هێڵی ئانتاڵیا، کلیس و دیلۆک لەسەر سنووری سوریا ئامادەکارییە سەربازیەکانی زیاد کرد. حوسەین کڤریک‌ئۆغلو سەرۆک‌ئەرکانی تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، لە دژی سوریا جەنگێک لە ئارادایە کە تا ئێستا رانەگەیێنراوە.     

٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨: لە سەروبەندی قەیرانی نێوان ئەنقەرە و شامدا کەسێک هاتە ناو گۆڕەپانەکەوە کە کەس چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد. حوسنی موبارەک سەرۆک‌کۆماری میسر بۆ گۆتوبێژکردنی ئاڵۆزیەکەی نێوان تورکیا و سوریا، چووە سعودیە. موبارەک لەگەڵ مەلیک فەهەد کۆبووەوە و وتی:”دەبێت ئێمە کۆتایی بەم ئاڵۆزیە بهێنین و کۆنتڕۆڵی بکەین. بۆیە من ئامادەم لە ئەنقەرە و شام چاوپێکەوتن ئەنجام بدەم.”

٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨: دواتر موبارەک سەردانی شامی کرد و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لەگەڵ حافز ئەسەد سەرۆک‌کۆماری سوریا کۆبووەوە و بە بێ ئەوەی هیچ لێدوانێک بدات بە دەزگاکانی راگەیاندن، لە سوریا دەرچووە. ئەمیر موسا وەزیری دەرەوەی میسر لە سوریا مایەوە و وتی:”بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، ئێمە هەوڵ دەدەین رێگای دیالۆگ بگیرێتەبەر.”

٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨: موبارەک کە دەیویست لەو ئاڵۆزیەدا رۆڵی نێوەندگیری ببینێت، چوو بۆ ئەنقەرە. موبارەک هێشتا لە ئەنقەرە دانەبەزیبوو، مەسعود یلماز سەرۆکوەزیرانی تورکیا وتی:”بۆ ئەوەی دادگایی بکرێن، داواکارین لە سوریا، ئۆجالان و تیرۆرستانی‌ترمان رادەست بکەن.” بەرەو ئێوارە هەر یەک لە مەسعود یلماز و ئەجەویتی جێگری سەرۆک‌وەزیران و ئیسمائیل جەم وەزیری دەرەوە بۆ گوتوبێژکردنی بارودۆخەکە کۆبوونەوە.

٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨: دەمیرەل و موبارەک کۆبوونەوە. دەمیرەل دۆسیەی ‘سوریا دەبێت چیبکات’ی رادەستی موربارەک کرد و وتی:” ئەگەر چاوەڕوانییەکانمان نەگەن بە ئەنجام، هەرچییەک پێویست بێت دەیکەین. ئێوە خۆتان باشتر دەزانن کە ئەوەی پێویستە بکرێت، چییە.” موبارەک هەمان رۆژ بۆ تەلەفیزیۆنی میسر قسەی کرد و وتی:”بۆ ئەوەی سوریا و تورکیا کێشەکانی نێوان خۆیان چارەسەر بکەن و رێگەی دیالۆگ بگرنەبەر، چەند پێشنیازێکمان پێشکەش بەوان کردووە.”

٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨: کەشتیەکی ئەمریکی کە هەڵگری مووشەکی توماهاوکی بوو، گەیشتنە کەناراوەکانی دەریای سپی. هەمان رۆژ چەندین فڕۆکەی جەنگی و سەربازی لە بارەگای ئەمریکا لە ئەنجەرلیک نیشتنەوە.

٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨: نۆرەی ئێران بوو بۆ نێوەندگیری نێوان ئەنقەرە و شام. کەمال خەرازی وەزیری دەرەوەی ئێران یەکەم جار چووو بۆ شام و دواتریش چوو بۆ ئەنقەرە. بە پێی راگەیاندنەکانی تورکیا، دەمیرەل بە خەرازی وتووە:”پشتیوانی لە سوریا نەکەن، ئەگەر نا ئێوەش زەرەر دەکەن.”

ئامادەکاری سەربازی و مانۆری سەربازیی ناتۆ

لەو سەروبەندەدا، لە نێوان ئەنقەرە و شام ئەم شتانە روویاندا، لە دەریای سپیش رووداوێکی سەرنجڕاکێش روویدا. لە ٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨، ١١ وڵاتی ئەندام لە ناتۆدا لە ژێر ناوی ‘Dynamîc Mix 98’ نزیک لە سنووری سوریا لە ئەسکەندەرون دەستیان بە مانۆرێکی سەربازی کرد. ٢٥٠٠ سەربازی هێزی دەریایی و زەمینی ئەمریکا لە ئەسکەندەرون جێگیر کرابوون. بە پێی وتەی چەندین چاودێر، لە سوریا شەڕێک دەستی پێدەکرد و ناتۆش لەناو ئەو شەڕەدا جێی دەگرت. رێبەر ئاپۆ لەو جموجوڵە تێگەیشت و لە ٩ی تشرینی یەکەمدا لە سوریا دەردەچوو. سەیر لەوەدا بوو کە ئەو مانۆرە لە ١٥ی تشرینی یەکەمدا کۆتایی پێدەهات و سەربازەکانی ئەمریکاش لە ئەسکەندەرون دەکشانەوە.

بانگەوازی، ‘تاوانی کوشتنی پالمە ئاشکرا بکەن’

رێبەر ئاپۆبە رێگای ئاسمانی لە شام دەرچوو و بۆ ماوەی هەفتەیەک هیچ زانیاریەک لەبارەیەوە نەبوو. رێبەر ئاپۆ لە ١٥ی تشرینی یەکەمدا بە تەلەفۆن بەشداری لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی مەد تیڤی دا کرد. رێبەر ئاپۆ لە سەرەتای قسەکانیدا وتی:”بەر لە هەموو شتێک، بۆ گەلەکەمان و هەموو وڵاتانی موسلمان و مرۆڤایەتی پێشکەوتووخواز، لە کەسایەتی ئێمەدا، لەسەر گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پلانگێریەک سەپێنرابوو. ئەم پلانگێریە کە نیوەچڵە مایەوە، سەرکەوتوو نەبوو.” رێبەر ئاپۆ دواتر ئاشکرای دەکرد کە ئامانج لەمە چییە؟

رێبەر ئاپۆ پلانگێریی ٩ی تشرینی یەکەمی دەبەستەوە بەو پلانەی دژی بزوتنەوەی ئازادی کورد بەڕێوە چوو کە دوای ساڵی ١٩٨٦ کاتێک ئۆلف پالمە سەرۆکوەزیرانی سوێد کوژرابوو و ئەمەشی ئاشکرا دەکرد:

“ئەم تاوانە کە بە مەبەست کرابوو، دواتریش رەشکردن و ناشرینکردنی هەموو کورد؛ کاری گلادیۆ بوو. بۆ نمونە وتیان ‘بڕیارەکە لە لای ئاپۆوە هاتووە’ من زۆر حەزم دەکرد بزانم ئەو فەرمانە لەکوێوە هاتووە. هەروەک چۆن لەم رۆژانەشدا رۆژنامەی حوریەت ئەم مانشێتەی دانابوو، ‘سبەینێ ئەم فەرمانە ئاشکرا دەکەین’ بەڵام ئاشکرا نەکرا. ئەگەر ئاشکرا کرابا دەمامەکەکان لادەچوون و رووی ناوخۆیی پلانگێریەکەش ئاشکرا دەبوو. داواکارم لە بینەران و گەل و رۆژنامەنووسان و رۆشنبیران، بە هۆشیارانە رووداوەکەی پالمە براورد بکەن. هەمان پلانگێری ئێستا لەدژی ئێمە بەڕێوە دەچێت. پلانی لەناوبردنی پالمە رووداوێکی گرنگە و تا ئێستا ئاشکرا نەبووە، هێندە کە ئاشکرا ناکرێت.”

ئەو شوێنەی منی لێم، بوردومان دەکرا

دوای چەندین ساڵ ئاشکرا دەبوو کە تاوانی کوشتن پالمە، کە رێبەر ئاپۆداوای کردبوو ئاشکرا بکرێت، هیچ پەیوەندیەکی بە پەکەکەوە نییە. لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٠ دا داواکاری گشتی سوید رایگەیاند کە ستیگ ئەنگسترۆن تاوانباری کوشتنی پالمە لە ساڵی ٢٠٠٠دا مردووە و لە بارەی ئەو پرسە ‘پەکەکە هیچ پەیوەندییەکی بەو رووداوەوە نییە’ دەیوت:”درووستکردنی پەیوەندیەکی بەم شێوەیە شتێکی بێبنەمایە.”

رێبەر ئاپۆ لە قسەکانیدا بەم شێوەیە باسی لە وردەکاری ئەو شتانە دەکرد کە لە ٩ی تشرینی یەکەمیدا روویانداوە:

” ئەو رۆژەی تەلەفیزیۆنی مەد سڕایەوە، ئێمە لە ئاسمان بووین. بۆ دەستپێکردنی ئەم شەڕە، فڕۆکە جەنگییەکان و ئامادەکردنی کەشتی و موشەکەکانی ناو کەشتیەکانی ناو دەریای سپی، هەموویان بۆ من بوون. دەبێت ئەوەیان ئاشکرا کردبا کە من لە چ کاتێکدا لە کوێم؟

ئێستا با سەرنج بدەین، دەڵێن ‘ئاپۆ لە کوێیە’ و لەمە زیاتر هیچ قسەیەک‌تریان لەدەم نایەتە دەرەوە. رۆژنامەنووسان لە مانشێتەکاندا وتیان، ‘یان ئاپۆ یان شەڕ’. ئەمە راست بوو. هەموو شتێک لە من ئاسی ببوو. شەڕەکە دەستی پێدەکرد، بەڵام ئەو پیاوە لە کوێ بوو؟ سووریەکان شڵەژاون، دەڵێن:”ئێمەش نازانین لە کوێن’ پێیان دەڵێن ‘نا، دەبێت بیدۆزیتەوە’. سوریا دەڵێت:’کاتمان بدەرێ’، دەڵێت ‘نا، کاتت پێنادەین’. کۆتایی بە کاتەکە هات. ئیدی چەقۆ گەیشتە سەر ئێسقان. گومان لە بڕیاردانی شەڕدا نییە، بەڵام زۆر گرنگە کە من لە کوێم.

لە ٩ی تشرینی یەکەمدا بوردومان دەکرا. بۆ ئەوەی ئەم بڕیارەش جێبەجێ بکرێت، پێویستی بە شوێن و کات هەیە. سەرنج بخەنە سەر هەوڵەکانی ئەو رۆژە. مەسعود یلماز وتی: ‘کۆتایی پێهات، ئەمە دوایین هۆشداری بوو’. بڕیاری شەڕ دراوە، هەموو کەسێک ئەمە دەزانێت. لە پەرلەمانیش بە یەکدەنگی ئەم بڕیارەیان قبووڵ کرد. بەڵام بە رێکەوت، بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کات و شوێنەی ئێمەی لێیدەبین، بە بڕوای من لە ماوەی سێ رۆژدا کارێک هەبوو کە دەبێت بیکەن. ئەمە پێویستی بە روونکردنەوە هەیە. بەڕاستی بە هەندێک لە دۆستەکانمان وتبوو، لەم کاتژمێرەدا لە فلان شوێن دەبین. من ناتوانم بڵێم گومانیان لێدەکەم، بەڵام لێکۆڵینەوەی لێدەکەین، دەبوایا لەو کاتژمێرەدا بەڵێنێکیان جێبەجێ کردبا. ئەو بەڵێنەیان جێبەجێ نەکرد و وتیان: ‘ئێوە بۆچی دەڵێن لەو کاتژمێرەدا ئەو شتە جێبەجێ بکرێت؟ لێرەدا بۆنی پلانگێری دێت’ و من قبووڵم نەکرد. ئەم بارودۆخە رێگای بۆ گوتووبێژێکی دوو کاتژمێری کردەوە. لە سەدا سەد چاوەڕوانییەکی بەم شێوەیە لە ئارادا نەبوو. ئەو شتانە ساڵی پاریش هاتنە سەر رێگامان. لە گوتوبێژێکی بەم شێوەیەدا، ئێمەش شڵەژاین. وتمان:’ئەگەر وایە ئێوەش ئاگاتان لە یاریەکە هەیە’. ئێوە بۆچی کاتمان بەسەردا دەسەپێنن؟ لەگەڵیشیدا شتێک کە پێچەوانەیە دەسەپێنن. هەم کاتەکەی، هەم پێچەوانەکەی. ئەمە بێگومان پلانگێرییەکە لە دژی ئێمە.’ لەم گوتووبێژەدا، کە دەمانوت قبووڵمان نییە، ئێمەش شوێن و کاتەکانمان بەو پێیەی خۆمان لێی تێدەگەین و چاوەڕیی دەکەین، جێبەجێمان کرد. ئەمە شانس یان رێکەوت یانیش هەڵبژاردەیەک بوو.

ئەو کات و ساتەی کە بە نیاز بوون بە مووشەک هێرش بکەن وەکوو ئەوان دەرنەچوو، شوێنیش ئەو شوێنە نەبوو کە چاوەڕێی بوون. ئەوان دوو شوێنیان هەڵبژاردبوو، کاتێک ئەو دوو شوێنە نەبوو، ئەو شوێنەی ئێمە بۆی دەڕۆین، پلانەکەیان بەڕێوە نەچوو. دەتوانم بە ئاشکرا ئەمە بڵێم کە ئەگەر کات و ساتەکە بە پێی دڵخوازی ئەوان بوایا، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕێکی نوێی ناوچەیی دەستی پێدەکرد. وەکوو پەرتوکی Glancyی ‘ئەو چالاکیانەی رێگا بۆ شەڕ دەکەنەوە’ ئەو شوێنەی ئێمەی لێبووین، ئەوان دەیانوت، گوایا سوریایە، ئەو شوێنەیان بوردومان دەکرد. بۆ بوردومانکردنی ئامانجە ئابوورییەکان، لە رۆژنامەکاندا زۆر شتیان نووسیبوو. دەڵێم گوایە بە پێی ئەم نووسینانەیان، هەموو ئامانجە ئابوورییەکانی سوریا و کۆشکی سەرۆک‌وەزیرانیش بوردومان دەکرا. ئۆپڕاسیۆنێکی نیوەچڵە، شووریان لێهەڵکێشاوە و نایانەوێت شمشێرەکەیان دابنێن.” 

پلانی (B)ی پلانگێریەکە ئینتەرپول بوو

رێبەر ئاپۆ رایدەگەیاند، بەهۆی ئەوەی شوێنەکەی ئاشکرا نەکرابوو، مووشەکیان نەهاوێشت و لە قسەکانیدا دەیوت:”ئێستا دیسان تاقی دەکەنەوە، بڕیاریان داوە.” ئەو هێزانەی لە ٩ی تشرینی یەکەمدا پلانگێرییەکەیان ئامادە کردبوو، بیریان لە چوونە دەرەوە لە سوریا کردبوو و لە بارەی رێبەر ئاپۆەوە بە شێوەی ‘بەپەلە’ لە ناو ئینتەرپولدا بڕیاری گرتنیان دابوو. ١٠ رۆژ دوای دەستپێکردنی پلانگێرییەکەوە لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ رێبەر ئاپۆ بە رێگای تەلەفۆن بەشداری بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی مەد تیڤی بوو و وتی:

“بۆچی لە ٩ی تشرینی یەکەمدا بڕیاری گرتنی ‘بەپەلە’ درابوو؟ بۆچی رۆژێکی تر نەبوو؟ ئەمە دەیسەلمێنێت کە پلانگێرییەکە نێودەوڵەتییە. ئەمە لە هەموو شوێنێک بڵاو کراوەتەوە:‘ئەو کەسە بچێتە هەر وڵاتێک، رادەگیرێت’. ئەو پلانەی من پێی دەڵێم لە سەدا ٩٩ رێگای دەرچوونی نییە، ئەمەیە.

لە دەریای سپیەوە تا سنوورەکانی سوریا، مووشەک جێگیر کران. ١٠ هەزار سەرباز لە زاخۆ جێگر کران. خایینەکانی PDK، لە هەرێمی گارا دەستیان بە هێرش کرد. رێوشوێنێکی وەهایان گرتەبەر، ئەمانە هەموویان بەڵگەن. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی راگەیاندنێکی سووریان بڵاو کردەوە، گوایا ئێمە بچین بۆ هەر وڵاتێک، لەو وڵاتە دەستگیرمان دەکەن. باشە، دەتوانین بچین بۆ کوێی دونیا؟ بۆ رزگاربوون لەوان، مرۆڤ دەبێت بچێت بۆ بۆشایی ئاسمان. پلانگێریەکە بە شێوازێک داڕێژراوە کە مرۆڤ ناتوانێت لێی رزگار ببێت.”

رێبەر ئاپۆ لە قسەکانیدا باس لە رزگاربوونیشی دەکات و دەڵێت:

“بێگومان هەموو شتەکانیش وەکوو پلانەکانیان نییە. هەرچەند تەکنیکیان بەهێز بێت، بەڵام ئەگەر مرۆڤ ئاگادار بێت و واز لە گرتنەبەری رێوشوێن نەهێنێت، رێگایەکی رزگاربوونی دەبێت. ئەو شتەی من لێرە دەتوانم بڵێم، ئەوەیە کە، ئێمە لە ژیانداین و تێکۆشانمان بە شێوەیەکی بەهێز بەردەوام دەکەین. گوایا بە نیازن هەموو بودجەکەیان بەکار بهێنن و دەستگیرم بکەن. گەلانی تورکیایان رازی کردووە و تا ئێستاش بە دوای مندا دەگەڕێن. ئەمە نە لە بنەما عەشیرەتەکان و نە لە کاتی یامیامانەکاندا بوونیان نەبووە.”

پەردەی دووەمی ٩ی تشرینی یەکەم

رێبەر ئاپۆ ناچار بوو ٩ی تەشرینی یەکەمی ١٩٩٨ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕواتە دەرەوە و وتی:”لەم ساتە بە دواوە من بۆ کوێ بچم لەلایەن ناتۆ و ئەمریکاوە چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنم بەردەوام دەبێت”.

رێبەر ئاپۆ ساڵی ٢٠٠٣ لەو پارێزنامەیدا، کە پێشکەشی دادگای سزا قورسەکانی ئەسینای کرد، کە رێبەر ئاپۆی تێیادا دادگایی دەکرا بە ناوی (پارێزنامەى ئەسینا بۆ ئەندامانی دەستەى دادوەریی و دادگای سوێندخواردووی تێکەڵی ئەسینا) هەموو شتێکی بە شێوەیەکى ئاشکرا خستووەتەڕوو:

“هاوکات لەگەڵ هۆکارە گشتییەکان و کاریگەرییەکان لەسەر بڕیاری رۆیشتنی بۆ ئەسینا و بۆ ئەوروپا وتی: بڕیارەکەى کاریگەری بوو بە بەڵێن و پەیمانەکەى کۆستاس بادوڤاس وەزیرى پیشووی راگەیاندنی یونان و پەرلەمانتاری PASOK (حیزبى سۆسیال دیموکراتی یونانە بە ناوی بزووتنەوەى پان هلەنیک و لە یونان پێى دەوترێت پوزک) و لە درێژەدا رایگەیاندووە: “بادوڤاس رۆژی ٦ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٨ لە شام لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵمدا بە شایەتی ئایفەر کایا رایگەیاند، ١٠٩ پەرلەمانتاری پەرلەمانى یونان تۆیان بانگهیشت کردووە بۆ یونان و وتى: حکومەتى یونانیش پشتیوانى لە چوونەکەى تۆ دەکات بۆ ئەسینا. وتیشی: ئەو گەڕایەوە بۆ وڵاتەکەى خۆی تاوەکوو دەستبکات بە ئامادەکاری بۆ چوونەکەى من. بەڵێنى دا کە لە فڕۆکەخانەى ئەسینا بە دەممەوە بێت و پێشوازیم لێ بکات.

لەسەر ئەو بنەمایە، رۆژی ٩ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٨ لە فڕۆکەخانەى شامەوە بە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانى سووریا رووی لە ئەسینا کرد. کاتێک فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتی هێللینکۆنی ئەسینا نیشتەوە، بادوڤاس کە خۆی بانگهێشتی کردم و بەڵێنى دابوو، کە هەموو شتێکی ئامادە کردووە و بەڵێنی دابوو بێت بۆ فڕۆکەخانە و پێشوازیم لێ بکات، دیارنەبوو و نەهاتبوو. ئێمە چاوەڕێى بادوڤاس بووین، بەڵام ئەوەى هات بۆ لامان ساڤاس کالینیدیس و بەرپرسێکى باڵاى دەزگاى هەواڵگری یونان بوو بە ناوی ستاڤار ئاکاکیس. لە ٩ی تشرینی یەکەم و کاتێک ئێمە لە فڕۆکەخانەکە بووین ئایفەر کایام لەگەڵ بوو، زۆر هەوڵیدا لە رێگەى تەلەفونەوە پەیوەندی بە بادوڤاسەوە بکات تاوەکووو بێت بۆ فڕۆکەخانەکە و لەسەر بەڵێنەکەى بێت. لە ئەنجامدا بادوڤاس وتى: “من ناتوانم هیچ بکەم و کارێکیش نییە، کە ئەنجامی بدەم، لەگەڵ سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەدام” و نەهات…

دواتر ئاشکرا بوو، بۆ ئەوەى من لە سوریا بێمە دەرەوە و بکەومە تەڵەی یونان، بەریتانیا لە رێگەى بادوڤاسەوە دەستبەکار بوو بوو. بانگهێشتەکەى بادوڤاس، کە بۆ خۆی لەلایەن بەریتانییەکانەوە پەروەردە کرابوو، یەکەم هەنگاوی پیلانگێڕییەکەى ئەمریکا بەریتانیاسیمیتس بوو. لەو ساتە بە دواوە من بۆ هەر کوێ بڕۆیشتبام، لەلایەن ناتۆ و ئەمریکاوە بەشێوەیەکى زۆر چڕوپڕ چاودێری و کۆنترۆڵیان دەکردم.

بە ترس و هەڕەشەیەکی گەورەوە پێیان وتم، دەبێت هەر ئەمڕۆ تاوەکوو کاتژمێر پێنجی ئێوارە لێرە بڕۆیت، ئەگەرنا بە زۆر دەرت دەکەین. هەڵوێستێکی بەوجۆرەیان بەرامبەرم نواند. نە چاوەڕێى ئەو دۆخەم دەکرد و نە بۆیشی ئامادە بووم. چوار بۆ پێنج کاتژمێر لە بەشی ترانزێتی فڕۆکەخانەکەدا راگیراین. دواى ئەوەی بانگهێشت‌نامە لەلایەن نومان ئوچار ناسراو بە ماهیر وڵات نوێنەری ئێمە لە رووسیا ئامادە کرا و لە رێگەى فاکسەوە نێردرا، ستاڤار ئاکاکیس وتی: لە باڵیۆزخانەى رووسیا دۆست و ناسراوی هەیە و کاروباری ڤیزەکە ئەنجام دەدات. وەزارەتى دەرەوەى یونان زۆر بەخێرایى فڕۆکەیەکى تایبەتى ئامادە کرد و هەر ئەو رۆژە (٩ی ئۆکتۆبەر – تشرینی یەکەم) منی برد بۆ مۆسکۆ”.

کاتێک رێبەر ئاپۆ گەیشتە مۆسکۆ یەکێک لەو کەسانە، کە هات بۆ پێشوازیکردنی ڤلادیمیر ژیرۆنۆڤسکی بوو، کە ژیرۆنۆڤسکی لەو کاتەدا جێگری سەرۆکی دوما (پەرلەمانی رووسیا) بوو. رێبەر ئاپۆ یەکەم شەو لە ماڵی ژیرۆنۆڤسکی میوان بوو و لەوێشەوە ئەوی برد بۆ ماڵێک لە چیایەکەدا. لەو نێوانەدا ‘داوای پەنابەری سیاسی’ پێشکەشی بەرپرسانی ئەمنی رووسیا و ئەو کەسانە کرد، بەرپرسیاری دابینکردنی ئاسایشی بوون، بەڵام وەک ئەوەى لە یونان روویدا، لە رووسیاش ‘مافی پەنابەری سیاسی’ کە مافێکی یاسایی دەوڵەتی روسیا و مافێکیشە لە ماف نێونەتەوەییەکان، بۆ رێبەر ئاپۆ پەسەند و قبووڵ نەدەکرا.

مامەڵەى چەپەڵی نێوان مۆسکۆ – ئەنقەرە

لە رۆژی دووەمدا، کە رێبەر ئاپۆ رۆیشت بۆ رووسیا، مەسعود یڵماز سەرۆک وەزیرانی تورک، کە لە ئانتالیاوە دەچوو بۆ مەلەتییە لە فڕۆکەدا لەگەڵ رۆژنامەوانی تورکدا قسەى کرد و یڵماز لە وەڵامی پرسیاری: “دەبێت ئاپۆ چوو بێت بۆ کوێ؟” وتی:”دەبێت رۆیشتبێت بۆ رووسیا، ئەرمینیا و لوبنان، بەڵام لەو بڕوایەدا نیم رووسیا ئاپۆ قبووڵ بکات”. لە راستیدا لە ١١ی تشرینی یەکەم بە دواوە زانیاری هەواڵگری و سیخوڕی لەسەر وێستگەکان و رێگاکانی رێبەر ئاپۆ بە رێکوپێکی بە ئەنقەرە رادەگەیەندرا، بەڵام دەوڵەتی تورک نەیخواست سەرنجەکان بخاتە سەر رووسیا، چونکە مامەڵە و سەودایەکی چەپەڵ و قێزەون لە پشت دەرگاکانەوە دەستیپێکردبوو و هێشتا بە ئەنجام نەگەیشتبوو.

کاتێک مامەڵەکە بەردەوامبوو، بەرپرسانی دەوڵەتی تورک بوونی رێبەر ئاپۆیان لە رووسیادا لە رۆژی ١٩ی تشرینی یەکەمدا بۆ رای گشتی ئاشکرا کرد. لەو کاتەدا محەمەد عەلی ئیرتەم چەلیک یاریدەدەری راوێژکاری وەزیری دەرەوەى تورکیا رۆیشت بۆ مۆسکۆ و نامەى مەسعود یڵماز سەرۆک وەزیرانی رادەستی یەڤگینی پیرۆماکۆڤی سەرۆک وەزیرانی رووسیا کرد. لە نامەکەدا بۆ رادەستکردنی رێبەر ئاپۆ پێشنیازی سەودا و مامەڵەى ئابووری لەلایەن تورکیاوە بۆ رووسیا خرابووە روو. لە کاتی ئەو مامەڵەیەدا رێبەر ئاپۆ داوای ‘پەنابەری سیاسی’ لە دۆما کرد. 

لەو نێوانەدا و لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨دا بۆ پیرۆزبایی‌کردنی ٧٥هەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری تورکیا سەرنجەکان چووبوونە سەر ئەنقەرە. یەکێک لەو کەسانە کە بانگهێشتکرا بۆ ئەنقەرە ئیگۆر ئیڤانۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا بوو، کە نامەى پریماکۆڤ سەرۆک وەزیرانی رووسیای بۆ مەسعود یڵماز سەرۆک وەزیرانی تورک لە جانتاکەیدا بوو. پریماکۆڤ لە نامەکەیدا وتبووی: رێبەر ئاپۆ لە رووسیا دەردەکەن. یڵماز نامەکەى پشتڕاستکردەوە و وتی: “ئەو وەڵامەی، کە چاوەڕێی بووین لە رووسیاوە پێمان گەیشت”.

گەورە جەنەڕاڵ کڤرک ئۆغڵو سەرۆک ئەرکانی گشتی تورک هەمان رۆژ بۆ راگەیاندنەکان قسەى کرد و بەم قسانە سەرنجەکانی راکێشایە سەر مامەڵە قێزەون و چەپەڵەکەیان لەگەڵ رووسیا و وتی:

“ئەگەر رووسیا ژیر بێت ئەوە پشتیوانی لە ئۆجالان ناکەن. لەوێ سەرمایەگوزارییەکی ١٠ ملیار دۆلاریمان هەیە. ئەوروپا بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە خۆی لە رووسیا دووردەخاتەوە، بەڵام ئێمە بەردەوامین لەسەر کارەکانمان لە رووسیا، ئێمە دەمانەوێت ئەو پەیوەندییە بەهێزتر بێت”.

ئەمریکا رایگەیاند ‘نابێت هیچ وڵاتێک مافی پەنابەریی پێ بدات’

لەو رۆژانەدا کە دەوڵەتی تورک لەگەڵ ئیدارەکەى پریماکۆڤ لە دانوستانی دیپلۆماتیک دا بوو، دۆمای رووسیا داواکەی رێبەر ئاپۆی بۆ پەنابەری سیاسی خستە بەرنامەی کاری خۆیەوە و لە ٤ی تشرینی دووەمی ١٩٩٨دا بڕیاری خۆی لەبارەى ئەو داوایەى رێبەر ئاپۆەوە ئاشکرا کرد. بە ٢٩٨ دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر یەک دەنگی سپی دا، لە مانایەکی تردا بە کۆی دەنگ مافی پەنابەریی رێبەر ئاپۆ قبووڵ کرابوو، بەڵام ئەمجارە هەندێک هێزی تری نێونەتەوەیى بەشداری پرۆسەى تەنگاوکردنی مۆسکۆیان کردبوو.

جەیمس رۆبین وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى ئەمریکا لە ٥ی تشرینی دووەمی ١٩٩٨دا لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانی رۆژانەییدا لەبارەى پرسیاری “دۆما بڕیاریداوە مافی پەنابەری بە سەرۆکی پەکەکە بدات، هەڵوێستی ئەمریکا لەوبارەیەوە چییە؟”جەیمس رۆبین لە وڵامدا وتی:

“مادلێین ئۆڵبرایت وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەکەکەى بە رێکخستنێکی تیرۆر ناساندووە. ئێمە داوامان لە حکومەتی رووسیا کردووە، کە لێکۆڵینەوە بکات تاوەکووو بزانێت ئۆجالان لە رووسیایە یان نا؟ بە خێرایی دەری بکات یان بۆ رادەستکردنی هەنگاوی پێویست بنێت”.

ئەو بەرپرسەى ئەمریکا لە هەمان لێدوانیدا سەرنجی خستەسەر بانگهێشتی هەندێک لە پەرلەمانتارانی یونان بۆ رێبەر ئاپۆ و وتی:

“نابێت هیچ وڵاتێک مافی پەرنابەری بە تیرۆریستێک بدات. دووبارەی دەکەمەوە، هیچ وڵاتێک”.

ئیدی دۆخەکە روون بوو بووە. ئیدی بەرپرسان و بەڕێوەبەریی واشنگتۆن-یش لە کاردان. هەر خۆی رێبەر ئاپۆ لە ١٩ی تشرینی دووەمی ١٩٩٨دا کاتێک لە رێگەى تەلەفونەوە بەشداری بەرنامەى مەد تیڤی بوو رایگەیاندبوو، ئەوە بە رێککەوت نییە، کە پیلانگێڕییەکە لە دژی لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ەوە دەستیپێکردووە و لەوبارەیەوە وتی:

“شتێکی تری سەیر هەیە، دەبێت بۆ ئەمریکییەکان گرنگ بێت. ٩ی تشرینی یەکەم رۆژی کوشتنی گیڤارایە. سەرنجڕاکێشە، کە هەمان ئەو رۆژە هەڵبژێردراوە. لەو بڕوایەدام هەندێکیش لەبەر ئەوە دەیانەوێت ئێمە لەگەڵ یادی ئەو شۆڕشگێڕە گەورەیەدا بکەن بە یەک”.

چاوەڕێی رێز لەوانە نەبوو، کە سۆڤیەتیان فرۆشتبوو

ئەو بەرسەرهاتە لە رووسیا ماوەى ٣٣ رۆژ بەردەوام بوو. رێبەر ئاپۆ دواتر لە پارێزنامەکەیدا بۆ دادگای ئەسینا لەبارەی کردنە دەرەوەى لەلایەن بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی دەوڵەتی رووسیاوە بەمشێوەیە هەڵسەنگاندن دەکات:

“پریماکۆڤ بڕیارەکەى دۆمای قبووڵ نەکرد، لەو نێوانەدا قەیرانی ئابووری رووسیا رۆڵێکی گرنگی هەبوو. هەر خۆی رووسیا لە ناو قەیرانی داڕمان و لەبەریەک هەڵوەشان و داتەپین دا بوو، کە دوای رئال سۆسیالیزم لە سۆڤیەت روویدابوو. پریماکۆڤ سەرۆک وەزیرانی رووسیا و بۆریس یەڵتسین سەرۆک کۆماری رووسیا یەک لە خیانەتەکارە گەورەکانی رئال سۆسیالیزم بوون. بەرژەوەندی ئابووری و هەواڵگری و سیخوڕی شاراوە – قێزەون پەیوەندی بەو دۆخەوە هەبوو و دۆخی من چەند ستراتیژیکیش بوو، بەڵام لەلای ئەوان من بۆ فرۆشتن لەبار بووم. نەدەبوو من چاوەڕێ بومایە ئەو کەسانە، کە سیستمی گەورەی سۆڤیەتیان فرۆشتووە رێز و حورمەت لە بەهاکانی ئازادی بگرن.

مۆسکۆ، کە یەکێکە لەناوەندە بژاردەکانی شارستانییەتی سەرمایەداری، گەمەی نامەردانەی خۆی لە دژی سۆسیالیزم گێڕا، لە کێشەى منیشدا بە شێوەیەک، کە زیاتر باو و شێوەیەکى روون نەبوو، بەبێ ئەوەى بە خۆیدا بشکێتەوە و شەرم لە خۆی بکات گەمە و یاری دەکرد. بڕیاری ٢٩٨ پەرلەمانتار لە بەرامبەر ١ پەرلەماندا بۆ قبووڵ‌کردنی مافی پەنابەری سیاسی من لەلایەن پریماکۆڤەوە هیچ مانایەکی نەبوو و هەڵوێستێکی بەدەر لە هەموو یاسا و مافەکان لە دژی ئەو بڕیارە لەخۆی نیشاندا. دەیانخواست لە ناو ئەو قۆناغەدا بە زۆر من بەسەر ئاسمانی تورکیادا ببەن بۆ قوبرس. بەرپرسێکی هەواڵگری رووسیا بە ناوی هیبا چیلی، کە ئەو کاتە لەگەڵم دەمایەوە وتی: ‘ئێمە قوبرسمان بۆ تۆ ئامادە کردووە و ئێوە دەڕۆن بۆ ئەوێ’. ئەوە ئۆپراسیۆنی لەناوبردنی من بوو. کاتێک بیستم، ئەو گەشتە بەسەر ئاسمانی تورکیادا دەبێت، بە ئەگەری ئەوەیە، کە فڕۆکەکە لە ئاسمانی تورکیا بکرێتە ئامانج و تێکبشکێنرێت، یان لە ئەنقەرە بینێشێننەوە، من ئەو رێگایەم قبووڵ نەکرد”.