بانگه‌وازی ئاشتی

12 ئایار, 2021

رێبەر ئاپۆ

سەرباری ئەوەى لە ئەنقەرە دەنگی جیاواز دەهات، بەڵام رێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی هەنگاوێکی مێژوویی هاوێشت، لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٣ لە شارۆچکەى بار ئەلیاس لە لوبنان چووە بەردەم کەناڵەکانی جیهان و رێبەر ئاپۆ لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەدا رایگەیاند، لە ٢١ی ئایار تاوەکوو ١٥ی نیسانی ١٩٩٣ ئاگربەست رادەگەیەنن. دەوڵەتی تورک لەو کاتەدا لە بەرامبەر دەستی ئاشتی رێبەر ئاپۆدا هەنگاوی نەدەنا، ١٥ی نیسان رۆژی کۆتایی ئاگربەستەکە نزیک بوویەوە، ئۆزال دیسانەوە تاڵەبانی بانگهێشت‌کرد بۆ ئەنقەرە. داوای سەرۆک کۆماری تورکیا ئەوە بوو، کە ئاگربەست درێژ بکرێتەوە.

رێبەر ئاپۆ  لە ١٦ی نیسانی ١٩٩٣دا دیسانەوە چوویەوە بەدەم کەناڵەکانی راگەیاندن، بەڵام ئەمجارە جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان (YNK)، کەمال بورقای سەرۆکی گشتی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (PSD) و ئەحمەد تورک سیاسەتمەداری کوردی لەگەڵ بوون. هێشتا ٢٤ کاتژمێر بەسەر درێژکردنەوەى ئاگربەستەکەدا تێنەپەڕی‌بوو، کە لە ١٧ی نیسانی ١٩٩٣ دا ئاژانسەکانی هەواڵ، هەواڵی ‘تورگوت ئۆزال کۆچی دوایی کرد’یان بڵاوکردەوە. بە گیان لەدەستدانی ئۆزال، کە بەپێی راگەیاندراوی فەرمیی دەوڵەتی تورک بەهۆی جەڵتەى دڵەوە گیانی لەدەستدابوو، هەم لە مێژووی نزیکی دەوڵەتی تورک دا و هەم لە مێژووی بزووتنەوەى ئازادی کوردستاندا لاپەڕەیەکى نوێی کرایەوە.

لە ئەنقەرە تیمی شەڕ لەسەر کارن

دوای کۆچی دوایی ئۆزال دەوڵەتی تورک بە خێرایی دەستی گۆڕی. لە ٢٥ی ئایاری ١٩٩٣ بە فەرماندەی شەمدین ساکیک ٣٣ سەرباز لەسەر رێگای چەولیکخارپێت کوژران. رێبەر ئاپۆ لەبارەى گیان لەدەستدانی ئۆزال و رووداوی کوژرانی ئەو ٣٣ سەربازە رایگەیاند، ئەوانە بۆ تێکدانی ئاگربەست بوون و بە کارێکی تێکدەرانە بۆ دەستپێکردنەوە و گەشانەوەى شەڕ لێکدایەوە. هەر لەو رۆژانەدا سولەیمان دەمیرەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا، تانسو چیللەر سەرۆک وەزیران، محەمەد ئاغار بەرپرسی ئاسایش و دۆغان گورەش سەرۆک ئەرکانی سوپای تورک بوون و لە سێواس ٣٣ رۆشنبیر بە زیندویی سوتێنران. رێبەر ئاپۆ ئامادەکارییەکانی تیمی نوێی شەڕی لە ئەنقەرە بینی، کە دەستبەکاربوون و ٨ی حوزەیرانی ١٩٩٣ رایگەیاند، کۆتایی بە ئاگربەست دەهێنن. دەستی ئاشتی کە رێبەر ئاپۆ درێژی کردبوو – لە قۆناغی ئاگربەستدا و لە دوای ئەوەش- ببینرا کە تەنها لە هەوادا ماوەتەوە. هەروەها دەوڵەتی تورک لە کوردستان هەموو جۆرەکانی شەڕ و ستراتیژیای کاولکردن و خاپورکردنی خستەگەڕ.

بەتێپەڕبوونی کات بەرەو ساڵی ١٩٩٥ ئەو سوپایەی تورک، کە دەیخواست شەڕ قورستر بکات هێزەکانی پەدەکەشی دایە بەرخۆی و بە ناوی جیاجیا هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی گەریلا لە باشووری کوردستان. لە ١١ی تەممووزی ١٩٩٥ لە شاری دوبلینی پایتەختی ئیرلەنددا و بەپێی بەرژەوەندی بەریتانیا ئەمریکا و تورکیا، رێککەوتنێک لەگەڵ هێزەکانی باشووری کوردستان واژۆ کرا. یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو رێککەوتنە پاکتاوکردنی بزووتنەوەى ئازادی کورد بە پێشەنگایەتی پەکەکە بوو، هەر خۆی دوای ئەوە نێوان هێزەکانی پەدەکە و گەریلاکانی پەکەکە شەڕێک بۆ ماوەى ٣ مانگ روویدا.

پێشهاتەکانی ساڵی ١٩٩٥ بەوەوە سنووردار نەبوو. لە کاتێکدا تورکیا لە ٢٤ی کانوونی یەکەم دا خۆی بۆ هەڵبژاردنی گشتی ئامادە دەکرد، بەرپرسانی دەوڵەتی تورک لە رێگەى هەندێک ناوبژیوانانەوە داوای ئاگربەستیان لەرێبەر ئاپۆ کرد. دوای شەڕی قورسی ٢ ساڵ،رێبەر ئاپۆ بۆ کردنەوەى دەرگا بەڕووی پرۆسەیەکی نوێ دا لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٥دا بەشداریی لە بەرنامەیەکى کەناڵی ئاسمانی مەد تیڤی دا کرد و ئاگربەستی راگەیاند، بەڵام دوای هەڵبژاردن لە تورکیا و باکووری کوردستان و لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٦دا رژێمی ئەنقەرە وەک وەڵامێک بە ئاگربەستەکە پلانی کوشتارێکی دانابوو.

لە ١٦ی کانوونی دووەمی ١٩٩٦ لە ناوچەى ئەلکێی پارێزگای شرنەخ پاسێک گولـلەباران کرا و دوای ئەوەش ئاگری تێبەردرا و سوتێندرا. لەو رووداوەدا ١١ هاووڵاتی مەدەنی کورد کوژران و رێک دوای ئەوە سەرۆک ئەرکانی سوپای تورک رایگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و هەوڵی دا ئەو رووداوە بخاتە ئەستۆی پەکەکە، بەڵام دوای ماوەیەکى کورت ئەوە دەرکەوت، کە دەزگای هەواڵگرى جەندرمە و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر (JÎTEM)ی دەوڵەتی تورک ئەو تاوانەى ئەنجامداوە، کە ژیتەمى دەوڵەتی تورک مەکینەى کوشتن و تیرۆر و کوشتار بوو لە کوردستاندا. وەڵامدانەوەى دەوڵەتی تورک بە ئاگربەستەکە هەر بەوەوە سنووردار نەکرا، لەلایەکەوە لە زستانی ١٩٩٦دا لە کوردستان شەڕ قورستر دەکرا، لەلایەکی ترەوە لە ٦ی ئایاری ١٩٩٦ لە نزیک ماڵی رێبەر ئاپۆ لە شام (دیمەشق) ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو بە یەک تۆن تەقەمەنی جۆری C4ـەوە تەقێنرایەوە.

رێبەر ئاپۆ لەو تیرۆرەی تانسو چیللەر سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی دەوڵەتی تورک و تیمەکەى رزگاری بوو. رێبەر ئاپۆ ئەو شەوە بەشداری کەناڵی ئاسمانی مەد تیڤی بوو و بەمشێوەیە ئەو دۆخەی هەڵسەنگاند:

“ئێمە دەڵێین، ئاشتی و برایەتی. دەڵێین، با شەڕ راوەستێت، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا بۆمبمان بۆ دادەنرێت”.

دوای ماوەیەک دیسانەوە بە ناوبژیوانی هەندێک لایەن لە نێوان حکومەتی تورک و رێبەر ئاپۆ پەیام ئاڵوگۆڕ دەکرا. لەو ماوەیەدا لە دیالۆگەکانی نێوانیان رێبەر ئاپۆ و حکومەتی تورک بە سەرۆکایەتی نەجمەدین ئەربەکان، کە هاوینی ١٩٩٦ تاوەکوو ناوەڕاستی ١٩٩٧ لەسەر دەسەڵاتی تورکیا بوو و لە کودەتای ٢٨ی شوبات لە سەر کار لابرا، بە ئامانجی چارەسەری هەندێک پێشکەوتن روویدابوو. پەکەکە بۆ نیشاندانی نیازپاکی گروپێک سەربازی تورک، کە لەلایەن گەریلاوە دیلکرابوون بە بەرچاوی رای گشتییەوە لە زاپ ئازادی کردن.

سەرباری ئەوەش هێزە نێونەتەوەییەکان کە پەیوەندییان لەگەڵ هێزە قووڵ و شارەوەکانی دەوڵەتی تورکدا هەیە، پێداگربوون لەسەر ئەوەى کە پیلانگێڕییەک لە دژی رێبەر ئاپۆ ئەنجام بدەن. لە ٩ی نیسانی ١٩٩٦دا لە نێوان کۆستاس سیمیتیس سەرۆک وەزیرانی یونان و بیل کلینتۆن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی چاوپێکەوتنێکی نهێنی و شاراوە ئەنجامدرا. سیمیتیس لەو چاوپێکەوتنەدا ئەوەى قبووڵکردبوو بۆ پاکتاوکردنی رێبەر ئاپۆ هاوکاری بکات، بەڵێنی دابوو کە پشتیوانی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا بکات.

دیالۆگ لەگەڵ ئەربەکان و دانانی بەردی یەکەمی پیلانگێڕییەکە

یونان ئەوەى قبووڵکرد بەشداری لە پیلانگێڕییەکەدا بکات، هەوڵی دەدا رێبەر ئاپۆ لە دژی دەوڵەتی تورکیا بەکار بهێنێت، لە بابەتی قوبرس و دوورگەکانی ئەگەدا دەیخواست باج لە تورکیا وەربگرێت و تورکیا سازشی بۆ بکات. رێبەر ئاپۆ لەبارەى ئەوەیکە لەو کاتەدا بەردی یەکەمی پیلانگێڕییەکە چۆن دانرا، لە بەرگرینامەکەى خۆی لە ساڵی ٢٠٠٣دا بۆ دادگای سزا قورسەکانی ئەسینای یونان، کە رێبەر ئاپۆی تێیادا دادگایی دەکرا، وتبوی:

“هێزە هەژموونگەرا و باڵادەستەکانى سیستمی کاپیتالیستی بەریتانیا و ئەمریکا، کە هەوڵ دەدەن سەردەست بن بەسەر هەموو دەوڵەمەندی و سەرچاوەکانى سەر زەوی و ژێر زەوی، نەوت و کۆمەڵگە و بەڕێوەبردنى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا؛ هەر دەوڵەتێک، کۆمەڵگەیەک، رێکخستن و کەسایەتییەک هاوکار و یارمەتیدەری ئەو سیاسەتە نەبێت لە ناوی دەبەن و پاکتاوی دەکەن. لە مێژە ئەوە وەک رێباز و شێوازی کاری خۆیان بەکار دەهێنن. ئێمە هەر لە سەرەتادا پێداگریمان لەسەر هێڵی سەربەخۆبوون و ئازادی‌پارێزی بۆ گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکرد، بۆیە ئێمە بووینە ئامانجی ئەو سیاسەتە پاکتاوکاری و پیلانگێڕییە.

ئەو کاتەى هێشتا ئێمە لە شام بووین، بەریتانیا و ئەمریکا نوێنەر و پەیامهێنی خۆیان نارد بۆ لامان و وتیان، دەبێت ئێمە بەپێى سیاسەتەکانى ئەوان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بجوڵێینەوە، ئەگەر نا ئێمە پاکتاوت دەکەین. من پێشنیازەکەیانم بۆ هاوکاری رەتکردەوە. پێم وتن، ئێمە دەست لە هێڵی سەربەخۆبوون و ئازادی‌پارێزی گەلان هەڵناگرین. دواتر تاڵەبانی هات و پێی وتم: ‘ تۆ چیت کرد، خۆتت تووشی بەڵا کرد!’ و خواستی من سەرلەنوێ بە بڕیارەکەمدا بچمەوە. هەوڵیدا قەناعەتم پێ بکات بۆ ئەوەى هاوکاری ئەو هێزانە بکەم، بەڵام من پێشنیازەکەم قبووڵ نەکرد و وتم:’من مرۆڤێکى خاوەن پێوەر و بوهام، هیڵی من بۆ گەلانە. من شەڕڤانێکى ئازادیم، کە نوێنەرایەى یوتۆپیای یەکسانی وئازادیى هەزاران ساڵەى گەلان دەکەم. من نابم بە شەڕڤانی کەس’. لەبەر ئەوە بڕیاریاندا من پاکتاو بکەن. حسابی ئەوەیان دەکرد، کە ئاخۆ بە پاکتاوکردنى من پەکەکە بێ سەر و بێ پێشەنگ دەمێنێتەوە و لەبەر یەک هەڵدەوەشێتەوە یان نا؟

بڕیاری پاکتاوکردن پێش ١٩٩٨ درابوو، بڕیارێک بوو، کە لەلایەن ئەمریکا بەریتانیا ئیسرائیلـەوە درابوو. لەبەر ئەوە بڕیارەکە بڕیارێکی نایاسایی و بەدەر لە یاساکان بوو، بە دەستی گلادیۆی ناتۆ هەنگاو بە هەنگاو دەخرایە بواری جێبەجێکردنەوە. ئۆپراسیۆنی گلادیۆیش لێکچووی ئەوەیە، هەر لەو کاتەدا ئۆپراسیۆنەکە بۆ ئەوەش بوو، کە زۆر زیاتر تورکیای بە خۆیانەوە ببەستنەوە و وابەستەى خۆیانی بکەن”.

بەپێی بۆچوونی رێبەر ئاپۆ هەوڵکانی ئاگربەست و کردنەوەی ڕێگای دیالۆگ لە لایەن فەرماندەیی گشتی تورک یاریەک بوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەش نەیویست ببێتە ئەو لایەنەی کە ئاگربەستەکە پێشێل دەکات. رێبەر ئاپۆ لەسەر داوای فەرماندەیی گشتی تورک کۆتایی مانگی ئابی ١٩٩٨ ئاگربەستی ڕاگەیاند کە لە ١ی ئەیلولەوە جێبەجێ دەکرا. لە کاتێکدا کە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دەستیپێکرد، رێبەر ئاپۆ ئاگاداری ئەوە دەبوو کە ئاگربەست یارییەکە.

پاڕتی تورگوت ئۆزاڵ ANAP بە سەرۆکوەزیری مەسعود یڵماز، لە ٣٩ی حوزەیرانی ١٩٩٨دا حکومەتی نوێی هاوپەیمانی پێکهێنرا. کاری یەکەمی حکومەتی نوێ ئەوەبوو کە لەگەڵ رێبەر ئاپۆ دیالۆگ بکات. بۆیەش نێوەندگیرەکان یەکسەر دەستیان بە کار کرد. دوای دانوستانەکان نێوان ئەنقەرە – بروکسەل و دیمەشق کە ئەو کاتە رێبەر ئاپۆ لە شام بوو، لە هەفتەی سەرەتای مانگی تەمووزدا لە مەد تیڤی بەرنامەیەک ئامادەکرا کە لایەنەکان بە تەلەفون بەشداریان کرد. بەڵام ئەوەی لە بەرپرسە تورکەکان چاوەڕێ دەکرا، نەبینرا. لە جێگەی ئەو ناوی ئاژانسێک بەکارهێنرا و بەو ناوە فاکسێک بۆ ستۆدیۆی پەخشی ڕاستەوخۆی مەد تیڤی نێردرا. لە فاکسەکەدا دەوترێت:“بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە پێویستە رێبەر ئاپۆ لەو جێگایەی کە لێی جێگیر بووە بچێتە دەرەوە.” ئەو فاکسە لەسەر شاشەی مەد تیڤی بڵاوکرایەوە. رێبەر ئاپۆ وڵامی دایەوە و وتی:

” ئەگەر ئەنقەرە بۆ چارەسەری ئیرادەیەکی بەهێز پیشان بدات، ئێمە دەتوانین ئەم کێشەیە نەهێڵین. ئەم شوێنەی کە ئێمە تێیایدا جێگیر بووین پێویستە نەکرێتە کێشەیەکی دیپلۆماسی و پێویستە فشار لەسەر ئەم جێگایە درووست نەکرێت.”

دواتر ئاشکرا بوو کە فاکسەکە لەلایەن فەرماندەیی گشتی تورکەوە نێردراوە. پەیامەکەش نیشانەی ئەو ڕووداوانە بوون کە دواتر ڕوویاندا. فەرماندەیی گشتی تورک لە ئابی ١٩٩٨دا یەکسەر دەستی بە جووڵە کرد و داوای ئاگربەستی کرد. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، ڕۆشنبیرەکان لە تورکیا و لە پەرلەمانی ئەوروپا بانگەوازیان بڵاوکردەوە کە لە لایەن پەکەکەشەوە چاوەڕێی هەنگاوێکن کە رێگا بۆ چارەسەری بکاتەوە.

٢١ی ئابی ١٩٩٨ لە پەیامەکەی ئەنقەرەدا ئاماژە بەوەکرا:“گەمارۆی سەر راگەیاندن هەڵگیراوە” و باسی ئەوەکرا کە میدیای تورکیش دەتوانێت بەشداری لە کۆنفڕانسی ڕاگەیاندن لەبارەی ئاگربەست ببێت. ئێوارەی ٢٩ی ئابی ١٩٩٨ بە پێشکەشکاری گونەی ئاسڵان لەسەر شاشەی مەد تیڤی بەرنامەیەک ئامادە کرا و زۆر ڕۆژنامەنووسی کورد و میدیای تورک و جیهان بەشداریان کرد. رێبەر ئاپۆ لە ڕێگەی تەلەفونەوە بەشداری لە بەرنامەکەدا کرد و ئەو قسانەی کرد کە هەموو کەسێک چاوەڕێی دەکرد. هەندێک بەشی سەرنجڕاکێشی  قسەکانی ڕێبەر ئاپۆ ئەمانەن:

“نوێنەرانی هێژای دەزگاکانی ڕاگەیاندن! پێشەکی بە بۆنەی بانگەوازی پیرۆز بۆ ئاشتی کە لە رێگای مەد تیڤی دەکرێت، بەهۆی ئامادەبوونتان سپاستان دەکەن. چاوەڕوانی کۆنسەی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ ئامادەکردنی بارودۆخی چارەسەری سیاسی، هەروەها قسە و لێدوانی هەندێک لایەنی هەستیار لە تورکیا لەبارەی چاوەڕوانییەکانی پەکەکە، هێزی بە ئێمە بەخشیوە. من یەکسەر دەڵێم: ئەگەر شەڕەکە بەهۆی ناکۆکیەکی گرنگەوە نەبێت، بەهۆی کێشەیەکی گرنگەوە نەبێت، ئەو کاتە شێتبوونە. بە تایبەتی تیرۆر و توندوتیژی بە هیچ شێویەک لەناو پەیوەندیەکانی مرۆڤدا نییە. ئەو بابەتە مەترسیدارەی کە هەڕەشەمان لێدەکات ئەوەیە کە بووینەتە قوربانی توندوتیژیەکی سەدان ساڵە و دەگاتە ئاستی قڕکردن.

دەتوانم بڵێم هەڵنانی هەنگاوێکی بەم شێوەیە لەلایەن ئێمەوە بۆ ئێمە جێگای خۆشحاڵییە. لە سەردەمی بەڕێز ئۆزاڵدا لە نیسانی ١٩٩٣دا هەوڵماندا کە دەست بە قۆناغێک بکەین کە کەمیش بێت هیوایەک درووست بکەین. بەپێی بارودۆخی دەرەوە و ناوخۆ لە تورکیا کە قوڕستر دەبێت، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە دەستپێکردنی قۆناغێک بە هەمان شێوەم بە ڕاوێژکاری ڕێکخستنەکەمان، دەبێت.

وەک هەنگاوێک بۆ قۆناغەکە و بۆ ئەوەی وڵامی حەسرەتی هێزەکان بۆ ئاشتی جیهانی ١ی ئەیلول بداتەوە، وڵامی بڕیاری پەرلەمانی ئەوروپا و ڕای گشتی بەهێز لە تورکیا، لە ١ی ئەیلولەوە کە کاتی بەردەوامی دیارینەکراوە، درێژ یان کورت وابەستەی هێزەکان پێویستە وڵاممان بدەنەوە کە وەک مەرجێک ئێمە دەیسەپێنین. بە تایبەتی بۆ خوڵقاندنی بارودۆخی سیاسی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بۆ هاویشتنی هەنگاوی سەرەتایی کە لە ئێمە داوا دەکرێت، من دەڵێن یەکلایەنە یان ئەگەر وەک یەکلایەنە لێکبدرێتەوە، دەستمان بە ئاگربەست کردووە.

ئەگەر هەندێکی تر شیبکەینەوە: ئاگربەستەکەمان ئەگەر لە پراکتیکیدا ببێتە خاوەن واتایەک، دەتوانێت دوو هەفتە بێت، مانگێک بێت، بەپێی خواستی ئێمە بێت، هەم بۆ کەشوهەوای هەڵبژاردن، هەم بۆ پرسی لێبۆردن کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێ، هەروەها بۆئەوەی لەسەر ئاستی فەرماندەیی نوێی سوپای تورک هەڵسەنگاندنێکی نوێی دۆخەکە بکرێت، بۆ ئەوەی دۆخە ئاڵۆزەکە لە ڕێگای دیموکراسیەوە چارەسە بکرێت، بۆ ئەوەی شەڕی شاراوە کە لە ڕاستیدا بووەتە هۆکاری زۆردەستیەکی زۆر کۆتایی ببێت، لەبەرئەوە دەزانین دۆخەکە بە کەڵکی تورکیا نایەت و بە پێچەوانەوە زیانی هەیە، بە راستمان بینی کە ئاگربەست رابگەیەنین.

بارودۆخی ناوخۆ و دەرەوە، لە ساڵی ١٩٩٣وە زیاتر دۆخێکی گونجاوی خوڵقاندووە. ئێمە دەمانەوێت لەبەرانبەر ئێوە هەستیار بین. بڕوام وایە ئەوە وڵامێکە بۆ چاوەڕوانییەکانی ڕای گشتی لە دەرەوە و ناوخۆ. ئەگەر لەدژمان ئۆپەڕاسیۆن ئەنجام نەدرێن، بە تایبەتی دەست بە قۆناغی لەناوبردن لە رێگەی ئۆپەڕاسیۆنەوە لەدژی گەریلا نەکرێت، ئێمە گەریلاکانمان کۆنتڕۆڵ دەکەین، گەریلاکانمان هێرش ئەنجام نادەن. دووبارەی دەکەمەوە: بۆ ئەوەی دۆخەکە زیاتر ئاسایی ببێت، بۆ ئەوەی بوار بۆ تێکۆشانی سیاسی زیاتر فراوان ببێت، لە لایەن ئێمەەوە هیچ چالاکیەکی توندوتیژی ئەنجام نادرێت. ڕێگا بەو جۆرە هەنگاوانە نادرێت. من بڕوام وایە کە لەناو ئێمەدا هیچ کەسێک هەوڵی تێکدەری نادات. بە تایبەتی بڕوام وانییە کە وەک تێکدەریەکانی ١٩٩٣ دۆخێک درووست ببێت. ئێمە لەم لایەنەوە دەسەڵاتمان لەسەر هێزەکانمان هەیە.

ئێمە ڕایدەگەیەنین کە پێویستە هێزە پەیوەندیدارەکان بە شێوەیەکی تاکتیکی نزیکی ئەم هەنگاوە نەبن، پێویستە وەک تاکتیکێکی ڕۆژانە نەیبینن، ئێمە هیچ نیازێکی بەو شێوەیەمان نییە. بەتەنها ئەگەر گەرەنتی هەبێت، ئێمە دەتوانین ئەم هەنگاوە وەک هەڵوێستێکی ڕاست تا کۆتایی ببینین. بەتەنها پێویستە بوارێکی ئەرێنی ئامادە بکرێت، با متمانە ببەخشن، ئەو کاتە دەبینن وەک هەموو کاتێک دەڵێم، ئێمە بەهێزترین هێزین بۆ ڕووناکبیری و دیموکراسی تورکیا. ئێمە شتێکی تر قبووڵ ناکەین. ئێمە لە هەمانکاتدا بۆ گەلی کورد هێزی ڕووناکبیری و دیموکراسین. بە پێچەوانەی بانگەشەکانەوە، ئێمە هەوڵی نانەوەی جیاوازی و دووبەرەکی نادەین، پێویستە بە ڕاستی هەڵسەنگاندن بۆ ئەمە بکرێت. ئەو ڕێگایانەی کە پشت بە توندوتیژی دەبەستن پێویستە تاقی‌نەکرێنەوە. ئەگەر پێداگیری بکەن، ئێمە لە هەموو کاتێک زیاتر دەرفەتمان هەیە کە توندوتیژی فراوان بکەین. خۆی توندوتیژی لە بەرزترین ئاستدایە، هیچ ئەنجامێکیش بەدەستنەهێنراوە. پێویستە قوڕسایی نەخرێتە سەر ئەو ڕێگایانە.

لە جیهانیش دەبینرێت کە زۆرتر داوا دەکرێت، کێشەکان بێ توندوتیژی چارەسەر بکرێت. کێشەی چیچان لە ڕووسیا، کێشەی کۆلۆمبیام کێشەی ئیرلەندا، کێشەی فەڵەستین لەسەر ئەم بناغەیە بەرەوە چارەسەری دەڕوون. پێویستی تورکیا زیاتر بەم جۆرە سەردەمە هەیە. هەولدانێکی بەم شێوەیە لە تورکیا بە ڕاستی تاکە ڕێگای ئارامی تورکیایە. لەبەرانبەر ڕای گشتیمان، بە تایبەتی ڕای گشتی هەمووان ئەوانەی دەیانەوێت بەشداری لەم کێشەیە بکەن و ڕزگاری بکەن دەڵێم: با شانسمان بدەنێ کە ئێمەش هەڵوێستی یەکگرتووی خۆمان پیشان بدەین! ئێمە پیشانی دەدەین کە تا چ ئەندازەیەک درووستکەرین، بۆ دیموکراسی گەلان تا چ ڕادەیەک درووستکەرین! ئەمەش بە تەئکیدی وەک هەنگاوێک بەرەو ڕێگای ڕاست لەقەڵەمدەدرێت  و ئێمە ئەمە نیشان دەدەین. بە کورتی دەمەوێت قسەکانم لەسەر ئەم بناغەیە کۆتایی پێبهێنم. ئەگەر پرسی ئەندامانی بەڕێزی ڕاگەیاندن هەبن، خۆشحاڵ دەبم کە وڵامیان بدەمەوە. جارێکیتر سپاستان دەکە کە گوێتان لە ئێمە گرت و سڵاو و ڕێز.”

دوای بانگەوازی رێبەر ئاپۆ بۆ ئاگربەست کە لەدوای ڕۆژێک لە میدیاکانی جیهاندا دەنگی دایەوە، سەرنجەکان چوونە سەر ئەنقەرە. ئەو ڕۆژە بەرپرسانی سەرۆکایەتی ئەرکانی تورک بەشداریان لە مەراسیمی تەرمی سەربازێکدا کرد کە لە شەڕی کوردستاندا کوژرابوو. ئەوەش وەک وڵامێک بۆ رێبەر ئاپۆ لەقەلەمدرا. ڕاگەیاندنی تورک مەراسیمی تەرمی سەربازەکەی وەک‘ هەوڵوێستێک لەدژی ئاپۆ’ لەقەڵەمدا. لە مەراسیمەکەدا دروشمی وەک ‘ مەحمەدچیکەکان لێرەن، ئاپۆ لە کوێ یە؟” وترانەوە. دوای مەراسیمەکە مەسعود یڵماز سەرۆکوەزیری تورک وەها دوا:

“ئەگەر بزانن کە شەڕ لەدژی دەوڵەتی تورک بێچارەییە و بۆ خۆڕادەستکردنی هەنگاوێک بنێن، من ئەمە وەک شتێکی ئەرێنی دەبینیم. بەلام ئەگەر هەول بدەن لە پلاتفۆرمی سیاسەتی ئەوروپا کە ببێتە خاوەن پێگەیەک و یاری بکات، ئەوە بێئەنجامە. ئێمە هیچ کاتێک وەک موخاتەب نایبینین. بەڵام ئەگەر بڵێت:’من بێچارەم، دەمەوێت خۆم ڕادەست بکەم’ ئەوە نەرماییەکە و با بەردەوام بێت.”

بولەنت ئەجەویت یاریدەدەری سەرۆکوەزیریش لە هەمانکاتدا وتی:” ئێمە کێشەکانی وڵاتەکەمان بە ڕێکخستنێکی جیاوازکاری هەڵناسەنگێنین.” تاکە لایەن کە پشتگیری لە ئاگربەستەکە کرد HADEP بوو. ناوەندی گشتی HADEP ئەو ڕۆژە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و وتی: “بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ١٥ ساڵە، بۆ چارەسەری لە ڕێگەی دیموکراسی بۆ کێشەی کورد دەرفەتێک درووست بووە. کێشە کۆمەڵایەتیەکان بە توندوتیژی چارەسەر نابن. لە هەمانکاتدا کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگەی توندوتیژی لەناویش ناچن. پێویستی تورکیا بە بوێری دیموکراسی هەیە. پێویستە ئەوانەی تورکیایان خۆش دەوێ و ئەوانەی لە تورکیان پشتگیری لە پرۆسەکە بکەن.”

فشار لەسەر ئیدارەی دیمەشق

مەسعود یڵماز لە هەفتەی سەرەتای مانگی ئەیلول دەستی بە گەشتکردنی بۆ ئۆردن، ئیسرائیل و فەڵەستین کرد. لە ڕۆژەڤیدا دۆخی رێبەر ئاپۆ هەبوو. یڵماز ٨ی ئەیلول لە میانەی دانوستانەکانی لە فەڵەستین ئاماژەی بە سوریادا کە گشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی رەخنە کرد و وتی:”ئێوە گەورەترین دوژمنایەتی دەکەن.” بۆ ئەوەی فشار لەسەر ئیدارەی دیمەشق درووست بکات، هەنگاوەکە نرابوو. دواتر ئاشکرا دەبوون کە لە سەردانی یڵماز بۆ تەل ئەڤیڤدا لەنێوان ئوردن، تورکیا و ئیسرائیلدا رێککەوتنێکی نهێنی ئەنجامدراوە. بۆ ڕێککەوتنەکە هەروەها سەمیع باتکی سەرۆکی هەواڵگری ئوردنیش سەردانی تەل ئەڤیڤی کردبووە. هەواڵگری ئیسرائیل و ئۆردن کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، لەبارەی رێبەر ئاپۆ لە سوریا و هێزەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان زانیاریان بە ئەنقەرە دەدا، دەوڵەتی تورکیش لەبەرانبەری گۆڕەپانی ئاسمانی خۆی بۆ پەروەردەکردن بۆ هەردوو وڵاتەکە دەکردەوە. میدیاکانی ئیسرائیل ئەو کاتە ڕایانگەیاند کە موساد لە ڕێی مانگی دەستکرد چاودێری جموجووڵی پەکەکە لە عێراق و سوریا دەکات.

ڕووداوە مەترسیدارەکانی ١٦ و ١٧ی ئەیلول

بەپێی بۆچوونی ڕێبەر ئاپۆ، هەوڵەکانی ئاگربەستەکە و کردنەوەی ڕێڕەوی دیالۆگ بە فەرماندەیی گشتی سوپای یور، یارییەک بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەیدەویست ببێتە ئەو لایەنەی کە ئاگربەستەکە پێشێل بکات. لە ١٤ی ئەیلولی ١٩٩٨ فەرماندەیی گشتی تورک پەیامێکی بۆ پەکەکە نارد. لەو پەیامەکەدا ڕاگەیەنرا:”تا ڕەخساندنی دۆخێکی تر کۆتاییمان بە دانوستانەکان هێناوە.” چوونی ئاتیلا ئاتەش فەرماندەی هێزە زەمینییەکانی تورک بۆ ناوچەی رەیحانلی هاتای لە ١٦ی ئەیلولی ١٩٩٨ ئەو ڕووداوە بوو کە ڕێڕەوی پڕۆسەکەی گۆڕی. ئاتەش چووە سەر سنووری سوریا و هەڕەشەی لە بەڕێوەبەرایەتی سوریا بە سەرۆکایەتی حافز ئەسەد کرد و وتی:”سەبرمان نەماوە، با کۆتایی بە سەبرمان نەهێنن.”

دوای ڕۆژێک لە ١٧ی ئەیلولدا لە واشنگتۆنی پایتەختی ئەمریکا ڕووداوێکی تری سەیر ڕوویدا. بۆ ڕێککەوتنی پەدەکە و یەنەکە کە چەندین ساڵ بوو شەڕی یەکتریان دەکرد، کۆبوونەوەکان لە دوبلین و ئەنقەرە کە تورکیا و بەریتانیاش لەناودابوون، بە میوانداری واشنتۆن کران. ئیدارەی ئەو کاتەی ئەمریکا پرۆتۆکۆلێکی ئامادە کرد و بارزانی و تاڵەبانی واژۆیان کرد و ڕایانگەیاند کە ڕێککەوتوون.

مادلاین ئالبرایت وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەشداری مەراسیمی ریککەوتنەکە بوو، دەستی بارزانی و تاڵەبانی بەرزکردەوە. یەکێک لە خاڵەکان کە لەسەری رێککەوتبوون ئەوە بوو کە هێزەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان دەربکرێن. بەو دوو ڕووداوە پەیامیان بە رێبەر ئاپۆ و گەریلاکانی کورد دا کە ئێوە ناتوانن لە هیچ جێگایەک بمێننەوە. بەو شیوەیە بۆ پیلانگێڕی نێودەوڵەتی کە ٩ی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد، لە ناوخۆ و دەرەوەدا ئامادەکاریەکان کرابوون.