لێگه‌ڕینی ئازادی

9 ئایار, 2021

رێبەر ئاپۆ

رێبواری رێبەر ئاپۆ لە گوندی ئامارا دەستی پێ‌کردبوو و هەنگاو بە هەنگاو رووەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەودای دەبڕی. ئیتر رێبەر ئاپۆ لە خۆڕهەڵاتی ناوەڕاست‌دا لە نێو تێکۆشانێکی دژواردابوو. لە نێو تێکۆشانی ئازادیش‌دا زۆر جاران رووبەڕووی رەشکردن و پاکتاوکاری دەبۆوە.  هەموو هەوڵەکان بۆ رەشکردن و ناشیرینکردن و پاکتاوکردن بەرفراوان کران. یەکەم گەشەسەندنەکانی ‘سەرەتا’ لە چوارچێوەی ‘پیلانگێڕیی نێوەنەتەوەیی لەدژی رێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٨٦دا’ روویدا، بەڵێ لەوێوە هەموو هەوڵەکان بۆ رەشکردن و ناشیرینکردن و پاکتاوکردن بەرفراوان کرا. دەبو لە عوسمان سەبری تاوەکوو مەلا عەبدوڵڵای تمۆقی و لە گۆڕەپانێکی بەرفراواندا سەربکەوتایە، کە وەک رێبەری هەر بەشێک بمایایەتەوە.

چەند ساڵ دواى هەڵمەتی ١٥ی تەباخی ١٩٨٤لە کوردستان و ناوچەکەدا رێگا بە رووی گەشەسەندنی رادیکاڵ دا کرایەوە، رەنگە ئەوە بۆ پەکەکە و رێبەر ئاپۆ قورسترین قۆناغ بوو بێت. ئەو گولـلەیەى لە ١٥ی تەباخ دا تەقێنرا لەلایەکەوە دەوڵەتە داگیرکەرەکان و هێزە نۆکەرەکانی ترساند، لە لایەکی تریشەوە لە ئاستی نێونەتەوەیدا و بە پشتیوانی وڵاتانی رۆژئاوایی لە دژی پەکەکە و رێبەرایەتییەکەى دەست بە دوگمەدا نرا. لەبەر ئەوەى بە بیری کەسدا نەدەهات، کە لە پارچەى باکووری کوردستان، کە سەرکوتکارییەکەى ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ی لەسەر بوو، شەڕی گەل دەستپێبکات.

یەکەم کاری دەوڵەتی تورک، کە لە ١٥ی تەباخ شۆک بوو بوو،؛ ئەوە بوو رێکخراوی پەیمانی ئەتڵەسی باکوور (ناتۆ) بخاتە کار. ئەو چاوپێکەوتنانەى، کە بە ناوەندێتی ناتۆ لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی ١٩٨٤دا بۆ سەرکوتکردنی راپەڕینی چەکداری کوردان ئەنجامدرابوون، لە نیوەی ساڵی ١٩٨٥دا هەندێک بڕیاریان دابوو. ئەو بڕیارانەش رێبەر ئاپۆ و پەکەکە بە سەرۆکایەتی ئەویان کردبووە ئامانج. باشە، لەو کاتەدا لە بەرەی پەکەکەدا چی رووی دەدا؟ پەکەکە کە لە ٢١ی ئایاری ١٩٨٥دا دامەزراندنی بەرەی رزگاری گەلی کوردستان (ئەڕنەکە)ی راگەیاند، لە گەنجانەوە تاوەکوو ژنان، لە کرێکاران تاوەکوو رۆشنبیران، لە مسوڵمانەوە بۆ ئێزدی و عەلەوی بە وتەی ‘من هەم، کە هەموو بەش و جومگەکانی کۆمەڵگەى کوردستان بە رێکخستن دەکەم’ و بەو شێوەیە خۆی خستبووە گۆڕەپانەکە. ئەندازیاری ئەو خەباتەش بێگومان رێبەر ئاپۆ بوو. ١٥ ساڵ لە دوای ١٩٨٥لە مێژووی نزیکی کورداندا ئەوە تۆمارکرا، کە ئەڕنەکە بە چ ئەرک و رۆڵێک هەستاوە.

 ناتۆ پیلانی کرد و بەڕێوەی برد

دوای دامەزراندنی ئەڕنەکە قۆناغی بەرەو هاوینی ١٩٨٥ دەستیپێکرد، مانگی تەممووز تێپەڕی و دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە دۆخەکەى بەمشێوەیە بۆ رۆژنامەى ئۆزگور پۆلیتیکا شیکار کردبوو:

بەو هێرشانە کە لە پاییزی ١٩٨٤دا راستەوخۆ بە فەرماندەیی کەنعان ئەڤرەن ئەنجامدران، گوایە بەپێی ئەو حسابەى خۆیان کردبوویان ٣ بۆ ٥ کەسی ‘رێگر و یاخین’ و هەوڵ دەدەن بە خێرایی لە ناویان ببەن، بەڵام بە پێچەوانەوە گەریلا لە ٣ مانگدا نزیکەى ٦٠ چالاکی سەربازیی ئەنجامدا. گەریلاکان لە کاروانە سەربازییەکەى خودی کەنعان ئەڤرەنیشیان دا، کە هاتبوو بۆ شەمزینان و دەگەڕایەوە، پاسەوانەکانی کەنعان ئەڤرەن کوژران. سوپای تورک لە بەرامبەر ئەو چەند گەریلایەدا سەرکەوتوو نەبوو. لەبەر ئەوەش لە ١٩٨٥دا دەوڵەتی کۆماری تورکیا کێشەى پەکەکەی خستە بەردەستی ناتۆ. خواستی خاڵی ٥ـەمینی ناتۆ چالاک بکرێت. ئەو خاڵە ئەوەیە ‘ئەگەر هێرشێک بکرێتە سەر ئەندامێکى ناتۆ، ئەوە بە هێرشکردنە سەر ئەندامانی تر دەزانرێت، لەبەر ئەوەش بۆ پاراستنی ئەو ئەندامەیان، کە هێرشی کراوەتە سەر ئەندامانی تریش دەست بە شەڕ دەکەن، پشتیوانی لەو ئەندامەیان دەکەن، کە هێرشی کراوەتە سەر و دەیپارێزن.’

دەوڵەتی کۆماری تورکیا داوای لە ناتۆ کرد، کە ئەو خاڵە لە دژی پەکەکە بخاتە کار. ناتۆ لەسەر ئەوە کۆبووییەوە و قبووڵی کرد. دوای ١٩٨٥ شەڕ لە دژی پەکەکە لە هەموو روویەکەوە لەلایەن ناتۆوە پلانی بۆ دانرا و رێکخرا و بەڕێوەبرا. هەموو ئەو شتانەى کە دەوڵەتی کۆماری تورکیا کردوویەتی لە بەرزرترین ئاستدا لەلایەن ناتۆوە قبووڵکراوە. دەوڵەتی کۆماری تورکیا کەوتە دۆخێکەوە، کە بەبێ ئەوەى ئەوان قبووڵی بکەن، نەیدەتوانی یەک جوڵە بکات. هەموو قۆناغەکانی شەڕی تایبەت بە بەردەوامی سپارد بە ناتۆ و جێبەجێی کرد”. 

کەمپەینی رەشکردن لە دژی رێبەر ئاپۆ

سەرەتای ئەو رووداوانە، کە لە دژی تێکۆشانی پەکەکە لەسەری رێککەوتبوون سەرچاوە قوڵەکەى بۆ ناتۆ دەگەڕێتەوە، ئەویش لە ٢٨ی شوباتی ١٩٨٦دا لە شاری ستۆکهۆلمی پایتەختی سوید روویدا. ئۆلاف پاڵمە سەرۆک وەزیرانی سوید کە لە پێش هەموانەوە دۆستی گەلی کورد و دۆستی گەلانی چەوساوە بوو، کاتێک لە سینەما هاتە دەرەوە تیرۆر کرا. هەر بە دوای کوشتنی پاڵمەدا لە دژی پەکەکە و لە کەسایەتی پەکەکەدا لە دژی گەلی کورد لە ئەوروپا تەونی جاڵجاڵۆکەیانیان خستەکار. رێبەر ئاپۆ کرایە ئامانج و بە هاوکاری میدیاکانی تورک، میدیای سوید و ئەڵمانیایان دایە پێش، کە رێبەر ئاپۆ و بەڕێوەبەرانی پەکەکە فەرمانی کوشتنی پاڵمەیان دەرکردووە و بەو شێوەیە دەستیان بە بەڕێوەبردنی کەمپەینی رەشکردن و ناشیرینکردن کرد.

زۆرێک لە رێکخستن و رێکخراو و حیزبە کوردییەکانی ئەو کاتە و ئەو لایەنانە، کە خۆیان بە رۆشنبیر دەزانی، کەمپەین و هەڵمەتی رەشکردنەکەیان زیاتر و خۆشتر دەکرد. ئەو ئۆپراسیۆنانەى لە دژی هاووڵاتیانی کورد لە سوید دەستیپێکرد، دوای ماوەیەکیش لە ئەڵمانیا دەستیپێکرد و لە ١٥ی ئایاری ١٩٨٦دا ئەو کوردستانیانە، کە خواستبوویان لە دویسبورگی ئەڵمانیا نەورۆز پیرۆز بکەین یەک بە یەک دەستگیر کران. بە گوێرەى پۆلیسی ئەڵمانیا، کە هەموو شەقامەکانی شارەکەى گرتبوو؛ رێبەر ئاپۆ، کە بە ‘پلانداڕێژەری سەرەکی’ کوشتنی پاڵمە راگەیاندرابوو، بەشداریی ئەو نەورۆزە دەکات و وتە پێشکەشی ئامادەبوان دەکات. ئەوانەى ئەو زانیارییە بێ بنەمایەیان دابوو بە دەوڵەتی ئەڵمانیا، ئەو رێکخراو و حیزبە کوردییانە بوون، کە لەسەر دژایەتیکردنی پەکەکە و رێبەر ئاپۆ یەکیان گرتبوو و خۆیان لە سوید نیشتەجێکردبوو.

لەبەر ئەوە تێکۆشانی ئازادی بە پێشەنگایەتی پەکەکە، لەلایەکەوە لە قورسترین هەلومەرجی کوردستاندا تێکۆشانێکی بێ هاوتای گەریلایی دەستپێکردبوو و لەلایەکی ترەوە تاوەکوو دەهات ئەو جەماوەرەی، کە لە دەوری خۆی کۆی کردبووە رۆژ لە دوای رۆژ بەرفراوانتر دەبوو. هەر کەسێک حەز و خۆشەویستی بۆ دۆزی کوردستان لە دڵیدا هەبووایە، خۆشەویستیش بۆ رێبەر ئاپۆ لە دڵیدا چەکەرەى دەکرد و رەگی دادەکوتا. جەماوەر و دەورووبەری ئەوانەى خۆیان بە ‘حیزبە کوردییەکان’ دەناساند، روویان لە پەکەکە دەکرد. لە بەرەی دژبەردا گرنگترین هۆکاری رق و توڕەیی لە دژی رێبەر ئاپۆ بۆ ئەوە دەگەڕایەوە. بە گوێرەى ئەوانە ‘رۆڵەیەکی (منداڵێکی) گەل چۆن دەبێتە رێبەری گەلێک’، بەڵام رێبەر ئاپۆ لەو ساڵانەدا هیوا و ئومێدی تێکشکاوی هەموو نەوە و جیلەکانی کوردی دەبوژاندەوە. بۆ نمونە یەکێک لەو کەسانەش عوسمان سەبری بوو، کە دوای ئەو ژیانەوەیە بووە یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی رێبەر ئاپۆ.

‘ئاپۆییەکان دەڕۆن بۆ شەڕ، ئێوەش دەڕۆن بۆ ئەوروپا’

رۆشنبیری کورد عوسمان سەبری، کە لە راپەڕینی شێخ سەعیدی پیرانەوە تاوەکوو ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK) بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفا بارزانی بەشداری راپەڕینەکان بوو بوو، خەون و خەیاڵی شکابوو، شاهیدی بەرخودانی خۆبوون، ئاگری و دێرسیم بوو، ئەو کەسانەی لەسەر رێگای رۆیشتن بۆ ئەوروپا بوون، رۆشنبیران، ئەندامان و بەڕێوەبەرانی حیزبەکان بوون و لە شام سەردانی ماڵەکەیان دەکرد و لە ناوەڕاستی ١٩٨٠کاندا پێی دەوتن “ئێوە دەچن بۆ ئەوروپا و ئاپۆییەکان دەگەڕێنەوە بۆ وڵات، سەیر بکەن پێتان دەڵێم، ئەوان سەردەکەون و ئێوە تێکدەشێکێن”.

عوسمان سەبری لەو ساڵانەدا کە زۆر سەردانی رێبەر ئاپۆی دەکرد دەیوت “ئێوە خەونی ئێمەتان بەدیهێنا، لە هیچ سەردەمێکی ژیانی خۆمدا ئەوەندە خۆم بە بەختەوەر و شاناز نەزانیوە”. بێگومان تەنها عوسمان سەبری نەبوو، زۆرێک لە دراوسێ کوردستانییەکان شانازییان بە رێبەر ئاپۆەوە دەکرد و پێی دڵخۆش بوون.  یەکێک لەوانە، کە لە نیوەى سەدەی ٢٠دا یەکێک لەلایەنە ناودارەکانی کوردستان بوو، مەلا عەبدوڵڵای تمۆقی بوو. تمۆقی کە بەهۆی گوشارەکانی دەوڵەتی تورکەوە رۆیشتبوو بۆ رۆژئاوا و ساڵی ١٩٩٢ کۆچی دوایی کرد، بە بەردەوامی لەلای رێبەر ئاپۆ بوو و پشتیوانی و داکۆکی لێدەکرد، بە تێپەڕبوونی کات پەیوەندییەکى زۆر بەهێز لە نێوانیاندا درووستبوو. تەنانەت رێبەر ئاپۆ بەهۆی ئەوەى مەلا عەبدوڵڵا زۆر پیر بوو بوو، یارمەی دەدا، کە دەستنوێژ بگرێت و بە دەستی خۆی بەرماڵی بۆ رادەخست.

بێگومان ئەوانەى سەردانی رێبەر ئاپۆیان دەکرد و پەیوەندییەکى بەهێزیان لەگەڵیدا درووست‌دەکرد، تەنها ئەوانە نەبوون. دوای ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٨٠ سەدان رۆشنبیر، هونەرمەند، سەرکردە و پەیامنێر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەردانی رێبەر ئاپۆیان دەکرد. خواردن درووستکردنی رێبەر ئاپۆ، تەنانەت رۆیشتن و گەڕانی بە ئۆتۆمبێلەکانی ئەوان کە لەگەڵیاندا دەڕۆیشت، نزیکایەتی و رەفتاری ئەوەندە خاکییانە ئەگەر خۆیان لە رێبەرێکیان نەدیبایە و دیسیپلینی جەنگاوەرێکی پەکەکەیان لە نزیکەوە بە چاوی خۆیان نەبینیایە، رەنگە بڕوایان نەکردایە، بەڵام ئیدی بە تەواوی ئەوە بۆ هەموویان روون بووبوویەوە و بوو بووە گێڕانەوە هاوبەشەکانی هەموویان. رێبەر ئاپۆ لەو کاتە کورتەدا لە مێژووی کوردستاندا سەردەمێکی نوێی دەستپێکرد. بەپێچەوانەى رێبەرانی پێشووتری کورد، لەگەڵ سوننە، عەلەوی، ئێزدی، دەوڵەمەند، هەژار، ژن، پیاو، گوندی، رۆشنبیر، کرێکار، باشووری، باکووری، رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایدا بوو و رێبەری هەموان بوو.

یەک لە دوای یەک وەڵامدانەوەی پیلانگێڕی ١٩٨٦…

ئەگەر ئێمە دیسانەوە بگەڕێینەوە بۆ ساڵی ١٩٨٦، کە یەکێک لە قورسترین قۆناغەکانی بزووتنەوەى پەکەکە و رێبەر ئاپۆ بوو، لەو رۆژانەدا کەمپەینی رەشکردن و تەریکخستن و گەلەکۆمەیەکی دەستی‌پێکردبوو و گەیەندرابووە بەرزترین ئاست، لە ٢٨ی ئایاری ١٩٨٦ دا  مەعسوم کۆرکماز ناسراو بە هەڤاڵ عەگید فەرماندەى هەڵمەتی ١٥ی تەباخی ١٩٨٤ شەهید بوو. بزووتنەوەکە لە بەرامبەر ئەو بۆشاییەدا بە رێکخستنی کۆنگرەى ٣ لە مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٨٦دا گەورەترین وەڵامی دایەوە.

لە کۆنگرەدا بەهۆی تێکۆشان لە دژی هەوڵ و رێگرییەکانی هێڵی پاکتاوکار لە ناو پەکەکەدا، گەورەترین ئەزمون بەدەستهاتبوو، لەبەر ئەوەش و لە پێناو ئەوەدا شەڕی گەریلایی، کە بە فەرماندەیی فەرماندە عەگید دەستیپێکردبوو، گەورەتر بکرێت؛ هێزی رزگاری کوردستان (HRK) لە وەرچەرخانێکی گەورەدا کرا بە ئارتەشی رزگاری گەلی کورد (ARGK). هەر لەو کۆنگرەیەدا بڕیار درا، کە بەپێی ناوچەکان و ئەیالەتەکان، رێکخستن بۆ شەڕی گەریلایی بکرێت. رێبەر ئاپۆ بە کۆنگرەى سێیەم رەخنەکردن و رەخنە لەخۆگرتنی لەناو پەکەکەدا قوڵتر کردەوە، کە رێچکەیەکی بە ناوی ‘پرسی کەسایەتی’ دەستپێکردبوو.

لە ١٩٨٦دا گەشەسەندنێکی‌تری مێژوویی بۆ تێکۆشانی ئازادی کورد دەستەبەر کرا. بۆ ئەوەى پەروەردەی ئایدۆلۆژی و سەربازی گەریلا زیاتر پرۆفیشناڵانەتر بێت لە دۆڵی بوقاع مەڵبەندێکی پەروەردەیی بە ناوی ئەکادیمیای مەعسوم کۆرکماز بونیاتنرا. لەو ئەکادیمیایەدا تاوەکوو ساڵی ١٩٩٢ هەم دەیان فەرماندەی گەریلا و هەم سەدان شەڕڤان پەروەردەکران و پێگەیاندران، هەم رێبەر ئاپۆ بۆ یەکەمجار لەوێ لەگەڵ جەماوەری گەل دا چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەی رێکدەخست، بۆ یەکەمجار وتنی دروشمی ‘بژی سەرۆک ئاپۆ’ پێشنیاز کرا. ئەکادیمیای مەعسوم کۆرکماز لەو ٦ ساڵەدا نەک تەنها لە ناوچەکەدا، بەڵکو بوو بووە ناوەندی تامەزرۆیی میدیا و چاپەمەنییەکانی جیهانیش.

لەو ساڵانەدا زۆر جار مەترسی گەورە دەهاتنە سەر رێگای رێبەر ئاپۆ. لە راستیدا هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی بزووتنەوەکەوە رێبەر ئاپۆ کرابووە ئامانجی گولـلەکان. لە ١٨ی ئایاری ١٩٧٨دا دوای کوژرانی یەکێک لە کادێرە پێشەنگەکانی بزووتنەوەکە، بە ناوی خەلیل چاڤگیون لە حیلوان، بۆ ئەو بەرخودانە کە دەبوایە دەستی‌پێبکردایە و بە رێکخستن بکرایە، رێبەر ئاپۆ رۆیشت بۆ روحا، کاتێک لە حیلوانەوە بە ئۆتۆمبێل بەرەو هۆشین دەڕۆیشت، هێرشکرایە سەری و دەستڕێژ لە ئۆتۆمبێلەکەى رێبەر ئاپۆ کرا، بە شانسێک و بەبێ ئەوەى بریندار ببێت لەو هێرشە رزگاری بوو.

لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ١٩٩٠ دا لە گۆڕەپانی خەباتی رێبەر ئاپۆ لە ئاکادیمیای مەعسوم کۆرکماز و لە کاتی راهێنانی سەربازیدا، حەسەن بیندال ناسراو بە حەمزە هاوڕێی منداڵی رێبەر ئاپۆ لەلایەن شاهین بالیچ ناسراو بە تۆپاڵ مەتینەوە کوژرا. رێبەر ئاپۆ بە بەرفراوانی شیکاری بۆ ئەو دۆخە کردووە و لە دژی “چەتەی سەرلێشواوی یاخیی فیئوداڵ و دەرەبەگ” لە ناو حیزبدا شەڕی راگەیاند. پێناسەى “چوار چەتە” کە رێبەر ئاپۆ بۆ شەمدین ساکیک (زەکی)، شاهین بالیچ (تۆپاڵ مەتین)، خەلیل کایا (کۆر جەمال) و جەمیل ئیشک (هۆگر) بەکار هێنا، بۆ ئەوەى هۆشمەندی لەناو پەکەکەدا پاک و جوان ببوایە، کۆنفرانسی ٢ی پەکەکە رێکخرا. رێبەر ئاپۆ لەسەر ئەو قۆناغە قەیراناوییە وتی:

“لەسەرەتای ساڵانی ١٩٩٠ـەوە دەنگی زۆربووی هەنگاوەکانی پیلانگێڕیی ناوخۆیی و دەرەکی دەیوت ‘من دێم’. لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ١٩٩٠دا گوایە ئەوانەى خۆیان بە خاوەنی “بزووتنەوەکە” دەزانن، بە رێککەوت بە گولـلەیەک حەسەن بیندال هاوڕێی منداڵی منیان کوشت، رووداوێک بوو، کە زۆر راز و نهێنی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتبوو. ئەو پیلانگێڕییە بەو شێوەیە بوو، ساری باران، محەمەد شەنەر و شاهین بالیچ لە بەڕێوەبەری کامپەکەدا بوون و ئەگەری ئەوە زۆر بوو، کە ئەو پیلانگێڕییە لەلایەن ئەوانەوە دانرابێت. دوای ماوەیەک کە من رووداوەکەم وردکردەوە و شیکاریم بۆ کرد، دەبوایە لە ماوەیەکی کورتدا ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنی منیش تەواو بکرایە. دوو سیخوڕی فەرمی، کە ئەرکیان پاکتاوکردنی من بوو، لەو رۆژانەدا لە ستار تیڤی لە بەرامبەر ئەو تاوانەى لەسەر ئەوان بوو من تاوانبار دەکرام – بەو مانایە ئەوان بەرگری لە جەم ئەرسەڤەر بکەن – من بوومەتە شاهیدی ئەو قسانەیان.’ بەڵام ئەگەر من سەرنەکەوتمایە، ئەوان لە ئیمەیان دەدا و دەشیانتوانی بمکوژن، بەڵام دەیانخواست من بە زیندوویی بگرن’. دانپیادانانێکی لەو شێوەیە هەبوو و ئەوەش دانپیادانانی باو بوو. ئەوە لایەنی راستیشی تێیادا بوو. لەگەڵ ئەو چەتانەدا کە لە ناو پەکەکەدا لە گەشەکردندا بوون بە ئاسانی دەیانتوانی ئەو کارە ئەنجام بدەن، بەڵام بۆ ئەوەى کۆنترۆڵی رێکخستنیشیان بخستایەتە دەستی خۆیان، دەبوایە من زیندوو بومایە. دوای ئەوەى رێکخستن بە تەواوی دەکەوتە دەستی چەتەکان ئیدی پاکتاوکردنی من ئاسان دەبوو بۆیان، ئەوە ستراتیژی کارەکەیان بوو. بۆ ئەوەش هەموو کادێرە درووست و پاک و چاک و دڵسۆزەکان، کە بە مەترسییان دەزانین بۆ خۆیان بە شێوەی رووداوی لەناکاو و نەخوازراو دەیانکوشتن”.

رۆژانی کۆتایی ١٩٩٠ پەکەکە کۆنگرەی ٤ی خوی رێکسخت. لە مانایەکی دیکەدا ئەو کۆنگرەیە، کۆنگرەی کۆبوونەوە بوو لە دەوری رێبەر ئاپۆ. هەروەها کۆنگرەی ٤ دوای کۆنگرەى یەکەمی پەکەکە، کۆنگرەیەک بوو، کە لە کوردستان رێکخرا. رێبەر ئاپۆ راستەوخۆ بەشداریی کۆنگرە نەبوو، بەڵام خەباتێک بە ناوی “راپۆرتی سیاسی” کە گەشەسەندنەکانی کوردستان و ناوچەکە و جیهانی تێیادا شیکارکرابوو، دابوو بە کۆنگرە.

لە ساڵانی ١٩٩٠دا کوردستان بە راپەڕینەکانی نسێبین، جزیر، ئامەد هەژێنرا، بە شەڕی گەریلایی ژمارەیەکی زۆر بنکەى سەربازیی دەوڵەتی تورک لەسەر نەخشە سڕانەوە. هەروەها سەردەمی سیاسەتی یاسایی و فەرمی کورد دەستی‌پێکردبوو. رێبەر ئاپۆ لە ناو ئەو گەشەسەندنانەدا و بەهۆی ئەوانەوە، هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوە زیاتر کرایە ئامانج.

لە نیوەی سەرەتای ساڵانی١٩٩٠دا، کە لە کوردستاندا شەڕ گەشەى سەندبوو رێبەر ئاپۆ ٢ ئاگربەستی راگەیاند. دەستی ئاشتی، کە کورد درێژی کردبوو، نەک تەنها لە هەوا مایەوە، بەڵکو دەوڵەتی تورک دەستی بە کۆمەڵکوژی نوێ کرد. هەڵوەشاندنەوەى دیواری بەرلین لە کۆتایی رۆژانی ١٩٨٩ کاریگەرییەکەى بۆ وڵاتانی بلۆکی رۆژهەڵات وەک ‘پولی دۆمینە’ بوو. بە هەڵوەشاندنەوەى بلۆکی یەکێتی سۆڤیەت، نەخشەى سیاسی ئەوروپا گۆڕدرا، لە باکووری کوردستان بای ئازادی هەڵیکردبوو و کاریگەری خۆی لە راپەڕینەکاندا نیشادا و لە باشووری کوردستانیش کاریگەری لە راپەڕین کرد؛ بەڵام سیستمی نوێی جیهان، گەلانی بە ورە و ئیرادەی ئازاد و پێشەنگەکانیانەوە قبووڵ نەدەکرد. رێبەر ئاپۆ پێشبینی گۆڕانکاری و رووداوەکانی لە جیهان و ناوچەکەدا کردبوو، بۆیە هەموو وزەی خۆی لە نیوەی ساڵانی ١٩٩٠ دا بۆ چارەسەری کێشەى کورد بە رێگەى دیالۆگ و رێککەوتنی یەکێتی نێوان کورد خستەگەڕ.

رێبەر ئاپۆ لە هەنگاوی یەکەمدا لە ٤ی کانوونی دووەمی ١٩٩١ لەگەڵ جەلال تاڵەبانی سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان (YNK) چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا. رێبەر ئاپۆ پێش ئەوەش لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK) دانیشتبوو، رۆژەڤی یەکەمی گفتوگۆکانی درووستکردنی هاوپەیمانی نەتەوەیی هێزە کوردییەکان بوو. تاڵەبانی، کە وەک یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی رێبەر ئاپۆ باسی لێدەکرا لەو چاوپێکەوتنەدا وەها دوا:

ئێمە لێرەین بۆ ئەوەى بە تەواوەتی لە بەرامبەر یەکتردا کراوە بین و گفتوگۆ لەسەر هەموو کێشەکان بکەین. ئێمەی بەرەی کوردستانی ئێراق شانازی بە تێکۆشانی پەکەکەوە دەکەین. ئێمە لە مێژوو وانەیەک فێربووین: هێزەکانی رزگاری نەتەوەیی پەیوەندییەکانیان چەند باش بێت، ئەوەندە دیالۆگ و هاوپەیمانی تەندرووست بۆ تێکۆشانی نەتەوەیی کورد بەدی دێت و بەو ڕادەیەش تەندرووستانە گەشە دەکات. هێزەکانی کورد چەند لە یەکتر بدەن، بەو رادەیە زیان بە تێکۆشان دەگات”. 

رێبەر ئاپۆ لەو چاوپێکەوتنەدا بەم قسانە نیشانەى بۆ مێژوو بەجێهێشت:

“ئێمە ١٠ ساڵ لەوە پێش دەمانخواست، کە لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی باشووردا پەیوەندی درووست بکەین و لە یەکتر نزیک بینەوە. زۆر هۆکار نەیهێشت حیزبەکانی باشوور و باکوور بە یەکگرتوویی رێ بکەن. ئێمە زۆر جار لەسەر ئەوە راوەستاوین. لە ئێستا بە دواوەش دەبێت ئێمە لەسەر ئەوە راوەستین، کە دەتوانین لەسەری رێبکەوین”.

رێبەر ئاپۆ لەو چاوپێکەوتنەدا سەرەنجی خستەسەر قورسی و سەختی یەکێتی کورد و زۆر بە گرنگی و هەستیارییەوە هەنگاوی بۆ نزیکبوونەوە نا، چونکە ئەو مەترسییانەى لە رێگادا بوون خستبوونییەڕوو. ئەو پێشبینییەی رێبەر ئاپۆ نەک زۆر درەنگ، بەڵکو دوای ساڵێک هاتەدی. لە پێش هەمووانەوە دەوڵەتی تورک و هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان بۆ چاوترساندنی بونیاتنانی فیدڕاڵی لە باشووری کوردستان، دەیانخواست پارتی و یەکێتی لە دژی پەکەکە شەڕ بکەن. “رۆژانی تاریک”ی مێژووی کوردستان لە بەردەرگا بوو. پەرلەمانی باشووری کوردستان لە یەکەم دانیشتنیدا لە ٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢ لە هەولێر، ٢ بڕیاری دەرکرد. بڕیارەکان چۆنییەتی پەیوەندی فیدڕاڵی لەگەڵ رژێمی ناوەندی بەغدا و شەڕ لە دژی پەکەکە بوو.

هەر لە دوای بڕیارەکە، هێزەکانی باشووری کوردستان لەگەڵ سوپای تورک لە دژی گەریلاکانی پەکەکە شەڕیان دەستپێکرد. ئامانجی شەڕەکە ئەوەبوو، کە گەریلاکانی کوردستان لە ناوچەکانی حەفتانین، زاپ و خواکورک دەرپەڕێنن. خیانەت و بەرخۆدان، کە بە درێژایی مێژووی کورد شان‌بەشانی یەکتر دەڕۆیشتن لێرەش خۆی دەرخستبوویەوە. ٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢ گوڵناز کاراتاش ناسراو بە بێریتان، کە تاوەکوو دوایین گولـلە شەڕی کردبوو، لە بری ئەوەى خۆی رادەستی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (PDK) بکات خۆی لەسەر تاشە بەردێکی زۆر گەورە و بەرز هەڵدایە خوارەوە و خۆی رادەست نەکرد و شەهید بوو. ئەو چالاکییە خاڵی وەرچەرخانی قۆناغەکە بوو، کە پێی دەوترا “شەڕی ١٩٩٢ی باشوور”.

دوای هێرشە ٤٥ رۆژییە هاوبەشەکەی دەوڵەتی تورک و هێزەکانی باشوور بۆ سەر پەکەکە، پەکەکە لەگەڵ هێزەکانی باشوور رێککەوت. تورگوت ئۆزال سەرۆک کۆماری ئەو کاتی تورکیاش بۆ چارەسەری کێشەى کورد داوای لە تاڵەبانی کرد ناوبژیوانی بکات. لەو رۆژانەدا لە نێوان ئۆزال و رێبەر ئاپۆدا بە ناوبژیوانی تاڵەبانی ترافیکی گۆڕینەوەى پەیام هەبوو، لەو قۆناغەدا لە پشتی پەردە لە ئەنقەرە لەبارەى ئاشتییەوە قسە دەکرا. هەروەها سولەیمان دەمیرەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی تورکیا یەکەم هەڵوێستی خۆی بەمشێوەیە خستەڕوو:

ئەوەى خوێن دەڕژێنێت دەوڵەت لەگەڵیاندا سەودا و مامەڵە ناکات. ئەوەى خوێن دەڕژێنێت دەوڵەت نییە. هێشتا درەنگ نییە، با ئەوان خۆیان رادەست بکەن. خۆیان رادەستی یاسا و دادمەندی بکەن”.