ژیانه‌وه‌ی گه‌ڵیک

6 ئایار, 2021

لە مێژووی کوردستان‌دا رۆژگەلێکی وەها گرنگ و قۆناغ‌گەلێکی وەها هەستیار هەنە کە ئەگەر ئەو رۆژانەمان بە شێوەیەکی جیاواز ژیان کردبا گەلی کورد هەنووکە لە دوخێکی جیاواز دا دەبوو. وەک گەلی کورد لە مێشکی هەموومان‌دا رووداوگەلێکی بەوێنەی سێدارە، قڕکردن، خەیانەت و قارەمانێتی هەیە.هەوڵ دەدەین لەم بەڵگە فیلمەدا مێژووی کۆمەڵکوژییەک کە دەیانهەوێت وەکووو چارەنووسێک بەسەر کوردان‌دا بیسەپێنن و هەروەها کورتە چیرۆکێکی شۆڕشی کوردستان کە رێبەر ئاپۆ پێشەنگایەتی دەکات و دەیهەوێت ئەم چارەنووسە بگۆڕێت، لەم پێناوەشدا هەرگیز خەیانەتی لە خەیاڵەکانی خۆی نەکرد و لە هەوڵدانی گۆڕینی ئەم چارەنووسەدایە؛ بخەینە ڕوو:

کوردستان لەعنەتی لەسەر خۆی هەڵگرتووە و میوانداری لە زایینێکی نوێ دەکات. کاتێک رێبەر ئاپۆ لە گوندی ئامارا لەدایکبوو، شۆڕشی کوردستان دەستیپێکرد. ئەو شۆڕشەی کە رێبەر ئاپۆ ئەندازیاریەتی، گەلی کورد لە بناغەوە دەگۆڕێت و دەستکەوتی گەورە بەدەست دەهێنێت. لەبەرئەوەی هەوڵ دەدرا کورد لە مێژوودا بسڕدرێتەوە. لەبەرانبەر بەمە گۆڕانکاریەکانی ناو کورد، هۆکارێکن کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هێزە نێودەوڵەتیەکان بترسن و لە کۆتایی سەدەی ٢٠دا رێبەر ئاپۆ بکەنە ئامانج.

ئەگەر چی مێژووی کوردستان زۆر جار ڕووبەڕووی مەترسی لەناوچوون بووەتەوە، بێگۆمان هەندێک دەستپێکردنیش کە مێژوویان گۆڕیوە هەن. جۆگرافیای کوردستان کە قۆناغی هەستیاری بڕیوە، لەعنەتی لەسەر خۆی هەڵگرتووە و میوانداری لە زایینێکی نوێ دەکات. یەکێک لەو زایینانەش لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ ڕێبەری گەلی کوردە. ئەم قۆناغەش کە بە لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ دەستیپێکرد، بۆ گەلی کورد بە واتای سەردەمێکی نوێ دێت. ئەمڕۆ لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا پێشکەوتنی وا ڕوویانداوە کە دەتوانێت مێژووی کوردستان بە تەواوی بگۆڕێت، بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانکاریەکان بە تەنها لە چوارچێوەی جۆگرافیای کوردستاندا نامێننەوە، لە هەرێمەکە لاپەڕەیەکی نوێ دەکرێتەوە و لە جیهاندا بڵاو دەبێتەوە.

قۆناغی بەر لە لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ یەکێک لە تاریکترین قۆناغەکانی کوردستان و گەلی کورد بوو. لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری تورکیا پلانی ڕەتکردنەوە و لەناوبردن لەبەرانبەر کورد داڕێژرا. ڕاپەرینەکانی کۆچگری، شێخ سەعید، ئاگری و دەرسیم سەرکوتکران. بۆیەش دەوڵەتی تورک شۆڕشی لە چارێک کۆتایی سەدەی ٢٠دا بە سەرۆکایەتی رێبەر ئاپۆ وەک ‘ڕاپەرینی ٢٩مینی کوردان’ لەقەڵەمدا. مێژوو و جیهانیش بینی کە ئەو شۆڕشەی رێبەر ئاپۆ بەرپای کردووە لە ڕاپەرینێکی کلاسیکی زیاتر واتای هەیە.

ئایا سەردەمی منداڵی و گەنجێتی رێبەر ئاپۆ چۆن بوو؟

رێبەر ئاپۆ کە ٤ی نیسانی ١٩٤٩ لە گوندی ئامارای خەلفەتی ڕوحا لەدایکبووە، لە تەمەنی منداڵی خۆیدا سەرقاڵی گەڕان بەدوای ڕاستیەکان بوو. لە هەڵوێستی ڕاپەرینی خۆیدا لە منداڵی خۆیدا بووەتە جێگای سەرنجی دەورووبەرەکەی. لەگەڵ ئەوەی تەمەنی بچووک بوو، هەموو کاتێک هەوڵی دەدا کە لە سروشت و ژیان ئەنجام بەدەست بهێنێت و ژیان بناسێت. ڕاپەرین لە بەرانبەر خانەوادەکەی، لە لایەکەی تریشەوە راپەرین لەدژی دواکەوتووەکانی سیستم و کۆمەڵگا بکات.

لە منداڵیدا هەڵوێستە جیاوازەکەی وایکرد کە ئەنجامی جیاواز بەدەست بهێنێت، لە مێشکیدا بیری کوردستان لەژێر داگیرکاریدا درووست بوو. قۆناغی دووەمی ژیانی رێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٧١ کاتێک دەچێتە بەشی یاسای ئەستەنبوڵ دەستپێدەکات. لەو ساڵانەدا گەڕان بەدوای ڕاستیەکاندا بەردەوام دەبێت، لە کۆبوونەوەی ئۆجاخی کەلتووری ڕۆژهەڵاتی شۆڕشگێردا (DDKD) دا باس لە تێزی ‘کوردستان داگیرکەرخانەیەکە’ دەکات.

ساڵەکانی ئەنقەرە

ساڵەکانی ئەنقەرە بۆ رێبەر ئاپۆ ڕێگای بۆ بەسەرهاتی نوێ دەکاتەوە. لە پایتەختی دەوڵەتێکی داگیرکەر، بناغەی تێکۆشانی ئازادی کوردستانی دانا. ساڵەکانی خوێندن لە زانکۆ و بەشی سیاسی، بۆ ئازادکردنی کۆمەڵگای کوردی، ڕێگریکردن لە ڕووخانی کوردستان، هزری فراوانکردنی تێکۆشان لە رێگەی ڕووناکی سۆسیالیزمدا، کاریگەریان لەسەر هزری ئەودا درووست کرد. لەو ساڵانەدا بزووتنەوەی شۆڕشگێری تورکیا بە پێشەنگایەتی دەنیز گەزمیش و ماهیر چایان لە تورکیا فراوان بوو.

لەو ساڵانەدا ماهیر چایان و هاوڕێکانی لە کزل‌دەررە کوژران. دوای بیستنی ئەو کۆمەڵکوژیە لەسەر پێشنیازی رێبەر ئاپۆ لە زانکۆ، پۆلەکان بایکۆتکران. لەو چالاکیەدا کە ٧ی نیسانی ١٩٧٢ ئەنجامدرا رێبەر ئاپۆ و ژمارەیەک لە هاوڕێکانی دەستگیرکران و خوێندکاران بۆ زیندانی ماماک ڕەوانەکران. لە ٢٣ ساڵی خۆیدا ٦ مانگ لە زینداندا مایەوە و ئەوەش ڕێگای بۆ قۆناغێکی‌تری نوێی لە ژیانیدا کردەوە.

ژیان لە زیندانی ماماکدا هزری رێبەر ئاپۆی فراوانتر کرد. ئیدی ئەو دەوڵەتەی باش ناسیبوو کە لەبەرانبەری دەوەستایەوە. رێبەر ئاپۆ لەسەر ئەو پرسیارانەی کە پێویستە لەبەرانبەر هێرشەکانی دەوڵەت چی بکرێت، تێکۆشانێکی چۆن بەڕێوە ببرێت، دوای ئەوەی لە زانکۆ دێتە دەرەوە، ئێدی وڵامی زۆر پرسیاری دەستکەوتبوو. رێبەر ئاپۆ هزری خۆی لەبارەی ئازادی گەلی کورد بە هاوڕێکانی دەڵێت و ڕازیان دەکات. لەو قۆناغەدا دوو شۆڕشگێری تورک دەناسێت. کەمال پیر و حەقی کارەر. ئەو دوو کەسەش بوون بە هاوڕێی شۆڕش بۆ ئەو.

لە ماوەیەکی کەمدا هاوڕێکانی بە بیروبۆچوونەکانی رێبەر ئاپۆ ڕازی دەبن، دوای ماوەیەکی دەبێتە پێشەنگی گروپەکەی. هەندێک چاودێر و مێژووناس ئەو قۆناغە وەک ‘قۆناغێکی سروشتی’ لەقەڵەم دەدەن، لە سەرەتادا لەناو گروپەکەدا رێبەر ئاپۆ بناغەی هەموو شتێک ئامادە دەکات. بە پێشەنگایەتی ئەو لە ساڵی ١٩٧٣ گروپەکە لە بەنداوی چووبووکی ئەنقەرە کۆدەبێتەوە، دوای کۆبوونەوەکان لە توزلوچاییر و دیکمەن بڕیاری گروپەکە دەدرێت. بەو بڕیارە بزووتنەوەکە بەرزترین ئاستیش کۆتایی پێدەهێنێت.

‘درووستکردنی شانەکانی هەنگ’

کۆمەڵەی خوێندی باڵای دیموکراتی ئەنقەرە (ADYOD) کە یەکێک لە ڕێکخستنە دیموکراتەکان لەژێر چەتری زانکۆدایە، لە ساڵی ١٩٧٥ بە پێشنیازی رێبەر ئاپۆ دامەزرێنرا. دامەزراندنی ADYOD بۆ ‘سەردەمی گروپەکە’ی بزوتنەوەی ئازادی کورد، یەکێک لە قۆناغە گرنگەکان بوو. ژمارەی ئەو گروپانەی کە لەسەر ADYOD خۆیان ڕێکدەخستەوە ڕۆژ بە ڕۆژ زیادی دەکرد.

ئەو گروپە بەهۆی ناوی رێبەر ئاپۆ وەک ‘ئاپۆیی’ ناسرا، دواتر لەناو خۆیاندا کاریان دابەش کرد. گرنگترین کاری گروپەکە جێگیرکردنی ئایدۆلۆژی بزووتنەوەکە بوو. بۆیەش ئەندامانی گروپەکە و خوێندکاران بە سەرۆکایەتی مەزلۆم دۆغان دەچنە کتێبخانەکانی دەوڵەت، لە ئەرشیف و کتێبەکاندا لێکۆلینەوە لەسەر مێژووی کوردستان دەکەن. عەلی حەیدەر قەیتان یەکێک لە دامەزرێنەرەکان دوای چەندین ساڵ لە کتێبەکەیدا دەڵێت کە مەزلۆم دۆغان و هەندێک لە هەڤاڵانی زانیاریەکانی ناو ئەو بەڵگە و کتێبانەیان بە ئەندامانی گروپەکە دەگەیاند. ڕێبەر ئاپۆش سەنتیزی بۆ زۆربەی زانیاریەکان دەکرد و بەو شێوەیە ئایدۆلۆژیای بزووتنەوەکە دیاری کرا. ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیە شانەی وەک شانەی هەنگی درووست کرد.

ئیدی کات کاتی گەڕانەوە بۆ کوردستان بوو

بە دامەزراندنی گروپەکە و ئامادەکردنی نەخشەرێگاکە، ئاپۆییەکان ڕوویان کردە کوردستان. ئیدی تیرەکە لە کەوان دەرچووبوو و کاتی کوردستان هاتبوو. بە گەشتی بەرەو کوردستان بارێکی زۆریان خستبووە سەر شانیان و هەمووشیان لەناو یەکتریدابوون. بۆیەش لێکۆلینەوەی ناو کتێبەکان کۆتایی پێهاتبوو و کاتی ڕژانە ناو گۆڕەپانەکان بوو. چوونی کوردستان بۆ ناسینی کۆمەڵگای کوردستان، ئەو پارتەی کە درووست دادەمەزرێنرێت و ئەو شۆڕشەی کە بەرپا دەکرێت ‘خەباتێکی قوڕس’ بوو، دواتر بۆ رێکخستنی گەنجان، گوند، کرێکار، ژنان و هەموو گەل دەست و زەندیان هەڵکردبوو.

ئەندامانی گروپەکە بە سەرۆکایەتی رێبەر ئاپۆ کە ژمارەیان نەدەگەیشتە ١٠ کەسیش لەنێوان ساڵەکانی ١٩٧٤ – ١٩٧٦ دا لە کوردستان بڵاوبوونەوە. حەقی کارەر سەرەتا دەچێتە ئێلح و دوات دیلۆک، جەمیل بایک دەچێتە ڕوحا، عەلی حەیدەر قەیتان دەچێتە دەرسیم، دوران کالکان دەچێتە ئامەد، محەمەد خەیری دورموش دەچێتە چەولیگ. رێبەر ئاپۆیش لە دیلۆک تا دەرسیم، لە خارپێت تا مێردین لەو هێڵەدا کار دەکات. گەنجانی ئاپۆیی لەدژی دەوڵەتی داگیرکەر خۆیان ڕێک دەخەن و لەدژی ئەو لایەنانەی کە دەیانوت لە کوردستان جێگا بۆ ئێمە نییە، تێکۆشانیان کرد. لەگەڵ ئەو هەموو شتەش رێبەر ئاپۆ و هەڤاڵانی بەپێی نەخشەڕێگا و پلانەکانی خۆیان جووڵانەوە و شۆڕشێکیان بە وەستایانە بەرپاکرد کە لە کوردستان رێگایەکی نوێیان درووست کرد.

گروپەکەیان یەکەمین هاوڕێی لە دەست دەدات

لە جۆگرافیای فراواندا باسی ئەوان دەکرا. هیچ کەسێک نەمابوو کە ئاپۆیەکان نەناسێت. کاتێک رێبەر ئاپۆ و هەڤاڵانی بەو ئەندازەیە ناسران، دەوڵەتی تورک و گروپە سیخوڕەکان بۆ دژایەتی دەستیان بە جووڵە کرد. حەقی کارەر کە یەکێک لە پێشەنگەکانی گروپەکە بوو کاتێک لە دیلۆک کاری ڕێکخستنی دەکرد لە ١٨ی ئایاری ١٩٧٧ لە لایەن ئەندامێکی گروپی ئەستێرەی سوورەوە شەهید کرا.

شەهیدبوونی حەقی کارەر کاریگەریەکی زۆری لەسەر رێبەر ئاپۆ درووست کرد. شەهیدکردنی حەقی کارەر وەک هێرش لەدژی گروپەکە لەقەڵەمدرا. لێرەدا یەکێک لە تایبەتمەندیەکان کە رێبەر ئاپۆ دەکاتە ڕێبەر؛ دەبینرێت. لە قوڕسترین سەردەمدا، کاتێک دەرگاکان دادەخرێن، دۆزینەوەی ڕێگایەک و ڕووناک‌کردنی تاریکی تایبەتمەندی رێبەر ئاپۆ بوو.رێبەر ئاپۆ بۆ ئەوەی خاوەنداری لە بیرەوەریەکانی حەقی کارەر بکات، لە دیلۆک بەرنامەی پارتەکە ئامادە دەکات.  کاتێک سەرقاڵی ڕێکخستن بوو، ڕێکخستنی بەرخۆدانی چەکداریش لەدژی هێرشەکانی دەوڵەت درووست بوو. ئاپۆییەکان حسابیان لە بکوژەکانی حەقی کارەر دەپرسی. ئەو هەڵوێستە پیشانی دەدا کە      ‘خوێنی هەڤاڵانیان بە فیڕۆ ناڕوات و مسۆگەر تۆڵەیان دەستێندرێتەوە’.

لە دوای ئەم رووداوە پەکەکە دەکەوێتە نێو لاپەڕەکانی مێژوووە

کاتێک پەکەکە دەکەوێتە ناو مێژوودا

دوای بریاری دامەزراندنی پارتێکی ئاپۆییەکان، لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ١٩٧٨ لە گوندی فیسی ناوچەی لیجەی ئامەد بە بەشداری ٢٢ کەس کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدرێت. لە کۆبوونەوەکەدا پارتێک بەناوی پارتی کرێکارانی کوردستان دامەزرێنرا. لە هەمان کاتدا ئەوە یەکەمین کۆنگرەی پارتەکە بوو. ٦ مانگ دوای درووستکردنی پارتەکە لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٧٩ دا لە سێوەرەک لەدژی سیخوڕەکان بەرخۆدان بەڕێوەبرا و دامەزراندنی پارتەکە ڕاگەیەنرا.

لەگەڵ دامەزراندنی پەکەکە گەلی کورد کەوتە قۆناغێکی نوێدا. لە کوردستان زۆر ڕاپەرین سەرکوتکرابوون، کۆتایی ساڵی ١٩٣٠ تا ١٩٦٠ وەکووو ‘بێدەنگی وەک مردن’ لەقەڵەمدرا. بەپێی بۆچوونی دەوڵەتی داگیرکەر ئیدی چیمەنتۆیان کردووە سەر دۆزی کوردستان و گەلی کورد لە مێژوودا دەرهێنرابوو. لەگەڵ دامەزراندنی پەکەکە، داواکاری داگیرکەران لە قوڕگیاندا مایەوە.

لەو سەردەمەدا کە ناسنامە، کەلتوور و جلوبەرگ قەدەغەکران بە پێشەنگایەتی رێبەر ئاپۆ دەست بە شۆڕشێک کرا، ئەوەش بە واتای ئەوە هات کە گەلی کورد لە خۆڵەمێشی خۆی، خۆی خوڵقاندەوە. لەبەرئەوەش بەڕێوەبەرانی دەوڵەتی تورک دەیانوت:“وەک چۆن ٢٨ ڕاپەرینی پێشوومان سەرکوت کرد، ڕاپەرینی ٢٩ـیەمینیش سەرکوت دەکەین”. بەڵام رێبەر ئاپۆ و هاوڕێکانی، هەنگاو بە هەنگاو شانسی گەلیان دەگۆڕی و ڕێگایان نەدا مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە.

‘کۆچی هاوینی ١٩٧٩’

 دەوڵەتی تورک بۆ لاوازکردن و بچووککردنەوەی تێکۆشانی ئازادی کوردستان هەموو جۆرە پلان و هێرشێکی تاقی‌کردەوە. مانگێک بەسەر دامەزراندنی پارتەکەدا تێپەڕ نەببوو، لە ڕۆژانی کۆتایی ساڵی ١٩٧٨ لە ماڕاش کۆمەڵکوژیەکی ئەنجامدا، ئەو نمونەیەش پیشانیدا کە دەوڵەت و هێزە فاشیستەکان دەتوانن زوڵمێکی چۆن بکەن.

بە راگەیاندنی دامەزراندنی پەکەکە لەسەر هێڵی حیلوان و سێوەرەک لە زۆر ناوند بەرخۆدانی گەورە ئەجام دەدرا. گروپە پەکەکەییەکان وەک ‘شۆڕشگێرانی کوردستان’ دەناسران، لەسەر خاکی کوردستان کە نەکێڵدرابوو، تۆوی شۆڕش دەچێنرا. دەوڵەتی تورکیش دەستی بە جووڵە کردبوو و دەستی بە ئۆپەڕاسیۆنی دەستگیرکردن کرد و لە ژمارەیەک شاری باکووری کوردستان دۆخی نائاسایی ڕاگەیاندبوو.

رێبەر ئاپۆ لەو قۆناغەدا کە بەرەو کودەتای ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ دەڕووی، دۆخەکەی باش هەڵسەنگاندبوو، بڕیارێکی بەپەلەی‌دا، وەک زۆر سەرکردەی تر کۆچی هەڵبژارد، لە ٢ی ئابی ١٩٧٩ کاتێک لە سروجـەوە بەرەوە کۆبانی واتە ئەو بەری سنورەوە ڕۆی، لە تێکۆشاندا سەردەمێک کۆتایی پێهاتبوو. ئەو گەشتە چەند کاتژمێرییەی سەر سنوووری، ڕۆژئاوا و سوریا و لوبنان، دەرگای ٢٠ ساڵی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە. رێبەر ئاپۆ دوایی باسی بریارەکەی بۆ کۆچکردن بەرەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرد و دەیوت:

“من دەموت دوو رێگا هەیە – ئەو کاتە لە ڕوحا بووم، هەوڵم دەدا بڕیارەکەم لەوێ بدەم، یان رێگایەک لە باشوورەوە بەرەوە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەچێت یانیش لە باکوور لە دەرسیم رێگای چیایە بەرەوە بۆتان دەڕوات. بیرم لە رێگای شاخ کردەوە. لەو کاتەدا تەعلیماتێکمان بۆ هەڤاڵ محەمەد کاراسونگور ئامادە کردبوو کە نزیکەی لاپەڕەیەک دەبوو’ ئەگەر ئێمە بڵێین، لە شاخەکان شەڕی گەریلایەتی تاقی‌بکەینەوە، جگە لەوە، زۆر زەحمەت دەبێت کە بزووتنەوەکە لەسەر پێ بمێنێتەوە’ لەسەر ئەو بناغەیە ویستمان هەنگاوێکی تر بنێین. سەرەتا بەرخۆدانی سێوەرەک، دواتریش لە هەندێک هەرێم بەرخۆدانی بەهێز ئەنجامدران. دواتر من وتم ‘یان ئەم جێگایە یان ئەو جێگایە’ و دوای قۆناغێکی درێژ بڕیارماندا و ڕوومان کردە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرەکیترین ئەرکمان، تێکنەچوون و لەناونەچوونی بزووتنەوەکە بوو. بۆئەوەی دۆزی نەتەوەیی لە کوردستان بە مرۆڤایەتی رابگەیێنین و وابکەین کە قبووڵی بکەن، پێویست بوو تێکۆشانێکی شۆڕشگێری چەکداری بەڕێوە ببەین. بۆ ئەنجامدانی ئەوەش هیچ کاتێک دوودڵ نەبووین. لەبەر ئەوە کە بە فاشیزمی ١٢ی ئەیلول بڕیار درابوو کە نەتەوەکەمان لەناو تاریکی مێژوودا بشاردرێتەوە.”

رێبەر ئاپۆ بۆ پاراستنی ئاسایشی کادرەکانی پەکەکە، لە دەرەوەی وڵات گۆرەپانێکی درووست کرد، دەرفەتی فراوانکردنی پارتەکەی فەراهەم کرد، ڕووی کردبووە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دوای ساڵێک لەو بڕیارە لە تورکیا و باکووری کوردستان لە ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ ڕژێمی کودەتای سەربازی ڕاگەیەنرا. جۆگرافیا گەورەکە ببووە دۆزەخ، پێشبینییەکەی رێبەر ئاپۆ ڕاست دەرچوو. بە کردنەوەی دەرگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆمەڵێک کادری پەکەکە خۆیان لەو ئاگرە پاراست.

بەرخۆدان لە بارودۆخێکی سەختدا

ئەو کودەتایەی کە کوردیان وەک نەبوو دەبینی کە وەک مۆتەکەیەک لەسەر کوردستان خۆی جێگیر کردبوو، لە هەموو جێگایەک بڵاوببۆوە. گەورەترین دڕەندەیی لە ئامەد ئەنجامدەدرا. پێویستە بوترێت کە دوو لەسەر سێی کادرەکانی پەکەکە دەستگیرکرابوون. کودەتاچیەکان دڕندەییەکیان ئەنجامدا کە نمونەی لە جیهاندا نەبینراوە، هەوڵی تەسلیمکردنی بەڕێوەبەر، کادر و لایەنگرانی پەکەکە بە هەموو شێوەیەک ئەنجامدرا. دەوڵەتی تورک دەیویست لە ڕێگەی کادرەکانی پەکەکە کە لە زینداندابوون، پەکەکە تەسلیم بکات، بەو شێوەیەش هیوای گەل بشکێنێت و لە ناویببات. کادرە پێشەنگەکانیش ئاگاداری ئەو هەوڵانە بوون، لە بەرانبەر فاشیزم وەستانەوە کە لە مێژوودا نمونەیەکی بەو شێوەیە نەبینراوە. کادرەکانی پەکەکە لە بارودۆخێکی سەختدا، هەژموونی داگیرکەریان تێکشکاند.

لەو سەردەمەدا کاتێک لە زیندانی ئامەددا شەڕی مان و نەمان بەڕێوەدەبرا، رێبەر ئاپۆ لە سوریا و لوبنان وەک ئەوەی بە دەرزی تاشە بەرد هەڵکەنێت، هەوڵیدا بۆ بزووتنەوەکەی هەل بڕەخسێنێت. دوای هەوڵی قوڵ لە لوبنان لە کەمپی شۆڕشگێڕانی فەڕەنسا بڕیاری دەستپێکردنی پەروەردەی سەربازی و خەباتی ئایدۆلۆژیدا.

وێڕای ئەم بڕیارەش بڕیاری گەڕانەوە بۆ وڵاتیان دا

بڕیاری گەڕانەوە بۆ وڵات

لەنێوان ساڵەکانی ١٩٨٠ و ١٩٨٢ لەگەڵ هەموو سەختیەکانیش، رێبەر ئاپۆ بە پێشبینییەکانی پەکەکەی هەم لە ڕووی سەربازی و هەم لە ڕووی ئایدۆلۆژیەوە بەهێز کرد. لە کۆنگرەی دووەمی پەکەکەدا کە لە ساڵی ١٩٨٢ سازکرا بڕیاری گەڕانەوە بۆ وڵات درا. بەو ئامانجەش دەست بە کار و خەبات کرا. تا ساڵەکانی ١٩٨٤ بەشێکی زۆری کادرەکانی پەکەکە ڕوویان کردە کوردستان. بە بڕیاری گەڕانەوە بۆ وڵات، لە کوردستان دەست بە سەردەمێکی دوور و درێژ دەکرا.

لە ١٥ی تەباخی ١٩٨٤ لە دهێی شەمزینان گولەی یەکەمین لە لولەی چەکەکانی شەڕڤانەکانی پەکەکە تەقێنرا و لە مێژووی شۆڕشی کوردستاندا لاپەڕەیەکی نوێ کرایەوە. هەتا ئەو کاتە یەکینەکانی پرۆپاگاندەی چەکداری ١٤ی تەمووز کە ناوی خۆی لە بەرخۆدانی ڕۆژووی مردنی کادرەکانی پێشەنگی پەکەکە وەرگرتبوو چالاکییان دەکرد، بەڵام بە تەقاندنی یەکەمی گولە لە ١٥ی تەباخدا ناویان بۆ هێزەکانی ڕزگاری کوردستان گۆڕا. پەکەکە بە پێشەنگایەتی رێبەر ئاپۆ بە تەقاندنی یەکەم گولە بە جیهانی ڕاگەیاند کە دەستی بە تێکۆشانی ڕزگاری نەتەوەیی کوردستان کردووە.

ئەم تێکۆشانە بێگۆمان زیاتر کۆمەڵگای کوردی دەگۆڕێت، بە هێڵی ئازادی ژنان لە ڕووی سیاسی، سەربازی و کۆمەڵایەتی زۆر دەستکەوتی گەورە بۆ گەلی کورد فەراهەم دەکات. لەبەرئەوەی رێبەر ئاپۆ لە سەرەتاوە دەیوت،“تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەلگا ئازاد نابێت”. مێژوو جارێکیتر ئاشکرای کرد کە هزری رێبەر ئاپۆ ڕاست بوو. ژنانی کورد کاتێک لە هەژموونی پیاوسالاری جیابوونەوە، ئازاد بوون. کۆمەڵگای کوردیش ئازاد بوو. دوڵەتی داگیرکەری تورک و زلهێزەکانی جیهان کە هاوکاری دەکەن بەهۆی گۆڕانکاریەکان کە لەناو کورددا ڕوودەدەن ترسان، لە چارێکی کۆتایی سەدەی ٢٠ دا ڕێبەرئاپۆیان کردە ئامانج. گەلی کوردیش لە دەوری رێبەر ئاپۆ بە دروشمی ‘ئێوە ناتوانن ڕۆژی ئێمە تاریک بکەن’ لە ئاگر دیواریان درووست کرد. ئەوەش خۆری کورد بوو کە لە ئامارا هەڵهات و نەدەبوو کە کورد بێ خۆر بمێنێتەوە.