• بەرفین دەنیز:”رێبەر ئاپۆ بوو بە چەخماخەی ئازادی کە هەر رۆژ بڵێسەکانی ئاگری ئازادی بڵاو دەبێتەوە

    1 نیسان, 2021

    بەرفین دەنیز ئەندامی فەرمانداری هێزەکانی پاراستنی ژنان(هەپەژە) لە رێکەوتی ٣١/٣/٢٠٢١دا بەشداری بەرنامەی راوین لە تەلەڤیزیۆنی ئاریەن تیڤی بوو و سەبارەت بە هەفتەی قارەمانێتی و شەهادەتی دوو گریلای پەژاک کە لە ئەنجامی پیلانگێڕی رژێمی داگیرکەری ئێران‌دا شەهید بوون و هەروەها گۆشەگیرییەک کە لەسەر رێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەچێت هەڵسەنگاندن و شیکاری پێشخست و لە کۆتایی بەرنامەدا باسی لەسەر واتای ٤ی نیسان، رۆژی لەدایک‌بوونی رێبەر ئاپۆ کرد و ئەم رۆژەی لە رێبەر ئاپۆ و هەموو گەلانی ئازادی‌خواز پیرۆز کرد.
    “شەهادەتی هەڤاڵانمان زاگرۆس و شەوگەڕ بابەتی تۆڵەسەندنەوەیە بۆ ئێمە”
    ئەندامی فەرمانداری هێزەکانی پاراستنی ژنان (هەپەژە)، بەرفین دەنیز لە سەرەتای بەرنامەدا سەبارەت بە هەفتەی قارەمانێتی و هەروەها شەهادەتی دوو گریلای پەژاک کە لە رێکەوتی ٤/٢/٢٠٢١ لە ئەنجامی پیلانگێڕییەک لە لایەن جیرەخۆرانی رژێمی داگیرکەری ئێران شەهید بوون هەڵسەنگاندنی کرد و وتی:” هەفتەی قارەمانێتی بۆ بزوتنەوەی ئازادی بەتایبەت بۆ ئەوەی کە داهاتووی ببینێت، بەوێنەی رووناکییەکە بۆ رێگای شۆڕش. گرنگییەکی زۆری هەیە کە بە تایبەت لە مەزلوم دۆغانەوە دەستی پێکرد و تا عەگیدان چوو و هەتا ئێستاش هەر رۆژ زیاتر بەرفراوان دەبێت و دەگاتە رێووەچوونێکی مەزنتر. هەفتەی قارەمانێتی بۆ ئەوە نییە کە ئێمە شەهیدان و قارەمانانمان تەنیا لەم هەفتەیەدا وەبیر بێنینەوە، لە راستی‌دا بۆ ئێمە هەر رۆژێک، رۆژی قارەمانێتییە. چونکە لە هەر رۆژێک‌دا شەهید و قارەمانی ئێمە هەیە. ئەمە وەکوو کاروانێکە کە هەرە دوایی بە هەڤاڵانمان زاگرۆس مانی و شەوگەڕ چیا بوو بە کاروانێکی گەورەتر و بەرفراوان‌تر. بەتایبەتی شەهادەتی هەڤاڵانمان زاگرۆس و شەوگەڕ بە شێوەیەکی پێلانگێڕی لە لایەن رژێمی داگیرکەری ئێرانەوە بۆ ئێمە بابەتێکە کە پێویستە زیاتر تێیدا قووڵ ببین و بزانین کە راستی دوژمن چەندە بە قین و رقەوەیە و بە گوێرەی ئەمە بتوانین تێکۆشانمان بەرز بکەین و وڵامدانەوەیەکی تووند بدەینەوە. شەهادەتی هەڤاڵانمان زاگرۆس و شەوگەڕ بابەتی تۆڵەسەندنەوەیە بۆ ئێمە، بابەتێکە کە نابێت هەرگیز راستی دوژمن لەبیرمان بچێتەوە؛ لەم سۆنگەیەشەوە، بۆ ئەم نزیکایەتییانەی دوژمن کە بەتایبەتی دەوڵەتی ئێران بەمشێوەیە هەڤاڵانمانی شەهید کرد، بۆ ئێمە بابەتێکی سەرەکەیە کە لەسەری تێفکرین و بە گوێرەیەک کە دەخوازرێت وڵام بدەینەوە.”
    “بە هەڵگیرسانی ئاگری نەورۆزەوە ئاگری ئازادی‌خوازی دڵی گەلی کورد سەرلەنوێ هەڵدەگیرسێت و گەش دەبێت.”
    بەرفین دەنیز سەبارەت بە پیرۆزبایی نەورۆز و هەڵوێستی گەلی کورد کە داوای ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆیان دەکرد و پەیامێک کە بە هێزە داگیرکەرەکانیان دا سەرەتا بەمشێوەیە ئاماژەی بە گرنگی نەورۆز بۆ گەلی کورد کرد:” نەورۆز بۆ گەلی کورد بە وێنەی جەژنی ئازادی، جەژنی خۆبوونە، لە سەرەتای مێژووی نەورۆزەوە تا رۆژی ئەمڕۆمان خاوەن واتایەکی گرنگ بووە. بە تایبەت بۆ گەلی کورد کە لە دەوری ئاگر کۆدەبنەوە خۆبوونی خۆیان پیشانی هەموو دونیا دەدەن.” دەنیز لە درێژەی هەڵسەنگاندنەکانی‌دا بەمشێوەیە ئاماژەی بە گرنگی نەورۆزی ئەمساڵ کرد:” کاتێک لە نەورۆزی ئەمساڵمان روانی بە تایبەتی دیتمان کە نزیکایەتی دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان کە بە زانیارییەک کە لەسەر ژیانی ریبەر ئاپۆ بڵاویان کردەوە؛ ویستیان نەورۆزی ئەمساڵ تێک بدەن بەڵام، گەلی کورد داخوازی ئازادی رێبەرەکەی و خۆبوونی خۆی لە سەرجەم کۆڵان و شەقامەکان‌دا نیشان دا. لە هەر چوارپارچەی کوردستان گەلی کورد نەورۆزیان پیرۆز کرد و داخوازی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆیان کرد و بە یەکدەنگی دروشمی بژی سەرۆک ئاپۆیان وتەوە. ئەم یەکدەنگییە بەو واتایە بوو کە ئێمە ئازادی سەرۆکمان دەوێت و لەو پێناوەدا هێچ ترس و لەرزێکمان نییە و هەمیشە بۆ ئەمە ئامادەین. بەتایبەتی بە هاتنە سەر شەقامی ژنان لە رۆژی ٨ی ئایاردا و بە پێشەنگایەتی ژنانەوە پیرۆز کردنی نەورۆز ئەمە زۆر روون بوو کە داخوازی گەل چییە. گەل ئازادی رێبەرەکەی خۆی دەوێت. هەموو دونیاش ئەمەی بەڕوونی بێنی و ئەم نەورۆزە ئەمەی دیار کرد کە دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان ناچارن کە داخوازییەکانی گەلی کورد پێک بێنن. ئەمە راستییەکە کە رێبەر ئاپۆ بۆ گەلی کورد و سەرجەم گەلانی چەوساوەی جیهان بووە بە هیوایەک، بووە بە چەخماخەی ئازادی کە هەر رۆژ بڵێسەکانی ئاگری ئازادی بڵاو دەبێتەوە. ئەوە دەبینین کە گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چۆن لە دەوری بیر و رامانی رێبەر ئاپۆ کۆبوونەوە، ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە رێبەر ئاپۆ ئیدی تەنیا رێبەری گەلی کورد نییە و رێبەری تەواوی گەلانی چەوساوەی جیهانە. رەنگە لە جیهان‌دا هیچ ناحەقییەک بەو ئەندازەیەی کە لەسەر رێبەر ئاپۆ دەکرێت لەکەس نەکرابێت. ئەوەندە گۆشەگیرییەکی توند لەسەر کەس بەڕێوە نەچووبێت. بۆ ئەمەش گەلی وڵاتپارێزمان بە جۆش و خرۆشێک کە لە سەرکەوتنی گارێوە گرتی، بە رۆحێکی هاوبەش و بەرۆحی سەرکەوتنەوە، بە رۆحێک کە رێبەرەکەی دەخوازێت و دەڵێت بژی سەرۆک ئاپۆ و دەرژێنە سەر شەقامەکان، بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە نەورۆز پیرۆز دەکات. بە هەڵگیرسانی ئاگری نەورۆزەوە ئاگری ئازادی‌خوازی دڵی گەلی کورد سەرلەنوێ هەڵدەگیرسێت و گەش دەبێت.”
    “چی دەبێت با ببێت گەلی کورد لەگەڵ رێبەرەکەیەتی”
    دەنیز لە درێژەی قسەکانی‌دا باسی لە هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیا کرد کە بۆ ئەوەی کە گەلی کورد سەبارەت بە ژیانی رێبەر ئاپۆ نیگەران بکات؛ بەڕێوەیان دەبات و بەمشێوەیە باسی لەسەر هەڵوێستی گەلی کورد لە بەرامبەر بەم هەوڵانە کرد:” رێبەر ئاپۆ بۆ گەلی کورد و بزوتنەوەی ئازادی هێڵی سوورە، بۆ ئەمەش بوو کە لەو کاتەدا هەواڵێکی بەمڕەنگەیان بڵاو کردەوە. بەتایبەتی لە سەروبەندی نەورۆزدا بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵانە شتێکی بچووک نەبوو و ئەمە سیاسەتێکی بە زانابوونەوە بوو؛ لە راستی‌دا بەمەوە ویستیان ئیرادەی گەلی کورد تاقی بکەنەوە بەڵام، راستی نەورۆز ئەوەی نیشانیان دا کە چی دەبێت با ببێت گەلی کورد لەگەڵ رێبەرەکەیەتی.” هەروەها دەنیز لە درێژەی قسەکانیداو سەبارەت بەو پەیوەندییە تەلەفونییە کە رێبەر ئاپۆ لەگەڵ براکەی محەمەد ئۆجەلان هەیبوو کە دوای ٤-٥خولەک پچڕا وەها شیکاری پێشخست:” بەو پەیوەندییە کە ٤-٥ خولەک درێژەی کێشا ناتوانین بڵەین چاوپێکەوتن. ئەگەر بڵەین دیدار تەنانەت ئاستی دیداران دادەبەزێنین. گەلی کوردیش ئەم پەیوەندییەیان پەسەند نەکرد. ئەمە شتێکی زۆر روون و ئاشکرایە کە ئەمە ناکەوێتە هیچ یەک لە گۆڕەپانە یاساییەکان‌دا. ئەم پەیوەندییە چەند خولەکییە نیگەرانی و ترسەکانی گەلی کوردی زیاتر کرد. لەو پەیوەندییە کورتەدا رێبەر ئاپۆ داخوازی ئەوە دەکات کە پارێزەرەکانی ببینێت و براکەی رەخنە دەکات کە نەدەبوو ئەم پەیوەندییەی گرتبا. پارێزەرانی رێبەر ئاپۆ لە ساڵی ٢٠١٩دا توانییان ٥جار چاوپێکەوتن لەگەڵ رێبەر ئاپۆدا ئەنجام بدەن کە ئەمەش بە بەدیلی زۆر مەزنەوە مەیسەر بوو؛ ئەمە ئەوەی نیشان‌دا کە مەگەر ئێوە بە بەدیلی زۆر گەورەوە بتوانن رێبەرەکەتان ببینن. هەڵبەتە ئەمە زۆر روون و ئاشکرایە کە بزوتنەوەی ئازادی و گەلی کورد لە هەر بوارێکە ئامادەیە کە بۆ رێبەرەکەی هەر کارێک بکات. رێگەنەدان بە چاوپێکەوتنی پارێزەرانی رێبەر ئاپۆ لەگەڵیدا لە ئاستێکی بەرزدا نایاساییە.”
    پێویستە CPT مسۆگەر سەردانی ئیمرالی بکات
    دەنیز لە درێژەی بەرنامەدا ئاماژەی بە رۆڵی CPT(کۆمیتەی پێشگرتن لە ئەشکەنجە) سەبارەت بە دۆخی سەرۆک ئاپۆی کرد و وتی:” دەزانین لە سەرەتای یەخسیرگرتنی رێبەر ئاپۆ و بردنی بۆ دوورگەی ئیمرالی یەکێک لەو شاندانەی کە سەردانی ئیمرالی کرد، CPTبوو. CPT وەکوو کۆمیتەیەکە کە پێش لە ئەشکەنجەگەلێک کە لەسەر زیندانیان دەکرێت؛ دەگرێت بەڵام، CPT ئەگەر دەیهەوێت ئەرکی خۆی پێکبێنێت و بێلایەنی خۆی دیار بکات و بەتایبەت لە دوای بڵاو بوونەوەی ئەم زانیارییانە مسۆگەر پێویستە سەردانی ئیمرالی بکات. ئەگەر ئەمە نەکات نیشاندەری ئەوەیە کە CPT بە تەواوەتی پەیوەستە بە سیستەمی دەسەڵاتداری و بێلایەن نییە. ئەگەر لە بواری یاساییش‌دا لێی بڕوانین CPT پێویستە بێ لایەن بێت و لەبەرامبەر ئەو کردەوانەی کە لەسەر رێبەر ئاپۆوە بەڕێوە دەچێت، هەڵوێست نیشان‌دات و پێش لەم کردەوە و ئەشکەنجانە بگرێت بەڵام، دەبینین کە بەمشێوەیە ناجوڵێتەوە و هەمیشە پشتی لایەنێک دەگرێت. لە دوورگەیەک کە تەنانەت دەرفەتی هەناسەدان نییە، رێگری لە چاوپێکەوتن و پەیوەندی گرتن لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەران لە ئاستێکی هەرە بەرزدا ئەشکەنجە کردنە. بەتایبەتی بەو پەیوەندییە چەند خولەکییە نیگەرانییەکانمان روویان لە زیادبوون کرد کە ئاخۆ چی بەسەر رێبەر ئاپۆدا دێت؟ لێرەدا رۆڵی CPT چی لێهات؟! ئەرکەکەی کە پێشگرتن لە ئەشکەنجەیە لەبەرامبەر رێبەر ئاپۆ چی لێدێت؟ ئەگەر دەڵێت بێ لایەنم بۆچی لەگەڵ رێبەر ئاپۆ چاوپێکەوتنێک ئەنجام نادات؟ بەو واتایە ئەگەر CPT چاوپێکەوتن لەگەڵ رێبەر ئاپۆدا ئەنجام نەدات و ئەو سیستەمی ئەشکەنجەیە لەسەر ئیمرالی لانەبات؛ لایەنگر دەبێت.”
    “ئازادی رێبەر ئاپۆ بە ئیرادەی گەلەوە مسۆگەر دەبێت”
    دەنیز لە درێژەی قسەکانی‌دا باسی لە سەر چالاکییەکانی مانگرتن لە خواردن کرد کە لە زیندانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا و هەروەها کەمپی پەنابەرانی شەهید روستەم جوودی مەخمور و لە دەرەوەی وڵات دەستی پێکردبوو و تا ئێستاش درێژەی هەیە سەرەتا سڵاوی ئاراستەی خۆڕاگرانی ئەم چالاکییە کرد و باسی لە بەرپرسیارێتی گەلی کورد کرد و لە درێژەی هەڵسەنگاندنەکانی سەبارەت بەم چالاکییانە وەها دوا:” هەڤاڵانێک کە لە زیندانەکان‌دان تەنیا چەکیان جەستە و ژیانیانە. ئەوان بەبێ ئەوەی کە ساتێک بیریشی لێبکەنەوە ژیانیان لەم پێناوەدا دادەنێن. گەلەکەشمان بەهەمان شێوە نزیک دەبێتەوە. ئەمە هاوئاهەنگییەکی بەرپرسیار بەرامبەر شۆرش و ئازادی رێبەر ئاپۆیە کە بەشێوەیەکی روون بە چالاکییەکەیانەوە گوزارشت لەمە دەکەن. هەر کە دەچێت گەلی کورد لە ئازادی‌خوازی‌دا قووڵتر و روون‌تر دەبێتەوە و لەم چوارچێوەیەدا بە شێوەی چالاکی جۆراوجۆر گوزارشت لە داخوازییەکانی دەکات. بوها و نرخی ئەم چالاکییەی مانگرتن لە خواردن زۆر جیاوازە. خۆڕاگری لە زیندانەکان‌دا وەرچەرخاوە بۆ کلتوورێک کە بەردەوام ئەم خۆڕاگرییە پیشان‌دراوە و بەگوێرەی داخوازی سەردەم بەردەوام دەکات. گەلی کوردی ئازادی‌خوازیش لە مەخمور و دەرەوەی وڵات بە بەردەوامی لەم چوارچێوەیەدا بۆ شۆرش ئەرکی خۆی بەجێ گەیاندووە. ئەمە جاری یەکەم نییە کە گەلی مەخمور بەشداری چالاکی مانگرتن لە خواردن دەبێت. بە تایبەتی لە بابەتی سەرۆکایەتی‌دا بەبەردەوامی پێشەنگی شۆڕش و چالاکییەکان بوونە و لەم پێناوەدا گیانیان داناوە. هەروەها بەشداربوونی گەلەکەمان لە دەرەوەی وڵات لەم چالاکییانەدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە. هەر چالاکییەک واتایەکی جیاوازی هەیە. ئەم چالاکییانە نیشاندەری ئەوەیە کە منیش لەم شۆڕش و خۆڕاگرییەک‌دا کە بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆیە بەشدارم و منیش بۆ ئەمە ئیرادەیەکم. ئەم چالاکییانە زۆر پیرۆزن و کاریگەریشی دەبێت و ئازادی رێبەر ئاپۆ بە ئیرادەی گەلەوە مسۆگەر دەبێت.”
    “رێبەر ئاپۆ گەردوونی بووە و بۆئەمەش لە دایک‌بوونی رێبەر ئاپۆش گەردوونییە”
    بەرفین دەنیز ئەندامی فەرمانداری هەپەژە لە کۆتایی بەرنامەدا ٤ی نیسان رۆژی لە دایک بوونی رێبەر ئاپۆی پیرۆز کرد و وتی:” بە بۆنەی ئەم بەرنامەیەوە رۆژی لە دایک بوونی سەرۆکایەتی سەرەتا لە رێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین کە لە دایک‌بوونی رێبەر ئاپۆ لەدایک‌بوونی گەلی کوردە؛ ئەم رۆژە لە گەلی کورد پیرۆز دەکەین و بەتایبەت لەوانەی وا پێشەنگی بزوتنەوەی ئازادیین و رێبەر ئاپۆ ئەوەی دیار کرد کە ئازادی‌خوازی ژن چییە و ئایدیۆلۆژیای رزگاری ژنی پێشکەشی هەموو ژنان کرد و لەم چوارچێوەیەدا ژنان سەریان بەرز کردەوە و بوونە پێشەنگ؛ پیرۆزبایی ئەم رۆژە لەسەرجەم ژنانی کورد و ژنانی جیهان دەکەم.” دەنیز لە درێژەی قسەکانی‌دا باسی لەسەر گرنگی رۆژی ٤ی نیسان کرد و پەیامی کۆتایی خۆی بەبۆنەی ئەم رۆژەوە ئاراستەی گەلی کورد کرد و گووتی:” ٤ی نیسان رۆژێکە کە رێبەر ئاپۆ بەدونیا هات بەڵام، هەر کە دەچێت ئەمە باشتر دەبینین کە لە ٤ی نیسان‌دا بە لەدایک‌بوونی رێبەر ئاپۆوە گەلی کورد سەرلەنوێ بەوێنەی خونچەیەک پشکویی. لەم رۆژەدا گەلی کورد وەدوای هەبوونی خۆی کەوت و پەردەگەلێک کە بەسەر چاویان‌دا کێشرابوو؛ دڕاندیان. ئەو گۆڕەی کە دەیانکووت کوردی تێدا بن خاک کراوە تێکدرا. لە نێو سیستەم‌دا کە ئیدی ناوی ژن نەدەوترا و بە فیکر و ئیرادەی ژن باس لە وشەیەکیش نەدەکرا؛ لەو رۆژەدا ژن سەرلەنوێ لەدایک‌بووەوە. ئەمە بۆ ئێمە خاوەن گرنگییەکی بێ هاوتایە. بەتایبەتی وەک ژن کە هەموو سیستەمە دەسەڵاتدارەکان خۆیان لەسەر فیکری ژن زاڵ کردبوو کە ئیرادە و ژیری ژن دەرنەکەوێت؛ لە ٤ی نیسان‌دا و بە لەدایک‌بوونی رێبەر ئاپۆوە کە هەر لە منداڵییەوە تاوەکوو ئێستاکە کە لە دوورگەی ئیمرالییە بەردەوام بۆ ئازادی تێکۆشانی کرد و تەنانەت ساتێکیش راوەنەستا، ماڕاتۆنی تێکۆشانی رێبەر ئاپۆ کە لە منداڵییەوە دەستی پێکرد و هەرکە دەچێت ئەم ماڕاتۆنە بەرفراوان‌تر، بەهێزتر و گەش‌تر دەبێت؛ ئەمە بە ئیرادەی ژنەوە ئاهەنگ دەگرێت و بە فیکری ئازادی ژنەوە بەرفراوان‌تر دەبێت. لەم سۆنگەیەوە؛ ٤ی نیسان سەرەتا بۆ ژنان و گەلی کورد و سەرجەم گەلانی ئازادی‌خواز رۆژی لەدایک‌بوونەوەیە. رێبەر ئاپۆ گەردوونی بووە و بۆئەمەش لە دایک‌بوونی رێبەر ئاپۆش گەردوونییە. لەم چوارچێوەیەدا جارێکی‌تر ٤ی نیسان لە رێبەر ئاپۆ، هەموو گەلی کورد، هەموو ژنانی تێکۆشەر و هەموو گەلانی ئازادی‌خواز پیرۆز دەکەم.”



    کژار