• تاگەکان: ,

    ئەو تێکۆشانەی رێبەرایەتی دەیکات شەڕە لە پێناو پەیوەندییەکی ئازاددا

    30 ئازار, 2021

    لەبرگیراو لە پەرتووکی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ژیانی نوێ(عبدوڵڵا ئۆجالان)

    لە کاتێکدا بەرەو یەکەمین کۆنگرەی نەتەوەیی یەکێتی ئازادی ژنانی کوردستان یاژک دەچین، ئەو کار و شیکردنەوانەی لەم بارەیەوە کردوومانن رۆڵێکی کارایان هەبووە لە گەیشتن بەم ئاستەدا. بە تایبەتیش کاتێک ژن و خێزان تێکهەڵکێش لەگەڵ حەقیقەتی سەرۆکایەتی‌دا تاوتوێ بکەین، بەوەی رووی شاردراوەی  راستینەی کورد یاخود بە واتایەکی تر گرێکوێرەی کوردمان ئاشکرا کردووە، گەیشتووینەتە کۆمەڵێک ئەنجامی زۆر تازە و وەرچەرخێنەر. لێرەشەوە گەیشتینە ئەوەی کە راستینەی کوردستان و گەلی کورد، بەوێنەی گۆشت و خوێن پەیوەستە بە راستینەی ژنێکی ئازادەوە، نەک هەر ئەمە بەڵکو بەشێکی هەرە سەرەکیشە لە ژیانێکی ئازاد. لەمەش گرنگتر ئەوەیە کە ئێمە بە شوێن چۆن ژیانێکدا دەگەڕێین. هەر لە ئاستی سۆزداریەوە تا سیاسی و سەربازی و رێکخستنیەوە، شێوەی تەندرووست و راستی ئەم ژیانە چۆن چۆنییە؟ هەوڵمانداوە وەڵامی لێهاتووانە بۆ ئەم پرسیارە بدەینەوە. نابێت لە یادی بکەن کە پرسیاری  چۆن بژین؟ بۆ ئێمە پرسیارێکی ژیانییە. ئێمەی کورد بێ ئەوەی بژین لە ژیان پاشگەز کراوینەتەوە. لە بەرامبەر سیاسەتی داگیرکەرانی دڵ پڕ لە قین، هێزە بەربەری و قڕکەرەکاندا- کە ئەمە سیاسەتی مەرگن- خۆ بەدەستەوەدانمان و نەبوونی دەرفەت بۆ بەرخۆدانی کردنمان، وایکردووە کە رەوشی  گەلەکەمان لە ژنێکی کۆیلە زۆر خراپتر بێت. ئەوەش هیچ کە ژن خۆیشی  لە ژیاندا بانگەشەی بۆ هیچ شتێک نییە.

    پێموایە کە پێویستە کەسانێکی جددی بن. وەک ملیتانە بژاردەکانی بزاڤی ئازادی ژن، لەبەر ئەوەی پێویستە درێژە بدەن بە بانگەشە و کۆششی پێشەنگایەتی کردنی هزری و پراکتیکیتان بۆ ژیانێکی جەنگاوەرانە، ئەوا نابێت بۆ یەک ساتیش ئەم ژیانە خافڵ بکەن. تاوتوێ کردنێکی سادەی دوور لە قووڵی بۆ هەبوون و بەشداری ئێوەی ژن لەم شۆڕشەدا، هەروەها نەزانینی نرخ و بەهاکەی، نەرێنیترین هەڵوێستە. پێش هەموو شتێل دەبێت رێز لە خۆتان بگرن و بڕواتان بە خۆتان هەبێت و خاوەنی بانگەشە بن لە ژیانتاندا. کەسێک کە رێز و بڕوای بۆ خۆی نەبێت، نەزانێت چ داخوازییەکی هەیە و نەبێتە چارەسەری بۆ کێشەکانی رەگەزەکەی، ئەوا بە شێوەیەکی زۆر جددی لە بانگەشەی ژیان دابڕاوە و لێی پاشگەز بووەتەوە.

    بە درێژایی ژیانی خۆم و مێژووی پارت، تەنانەت لەو کاتەوەی کە ژنم ناسیوە هەوڵمداوە کە واتایەکیش بۆ راستینەی ژن دابنێم. لەبەر ئەوەی کە کێشەیەکە تا دوا رادە ژیانمانی تەنیوەتەوە، هەوڵمداوە لە روانگەی جیاواز، جیاوازەوە روونی بکەمەوە. سەرەنجام بۆم دەرکەوت کە دیاردە و پرسی ژن پەیوەندی بە لایەنی سیاسی، رێکخستنی و هەموو لایەنەکانی تری ژیانیشەوە هەیە. هەروەها پەیوەندی بە ژنەوە وەک مەزەندە دەکرێت کێشەیەکی کەسی یان تایبەت نییە، بەڵکو لەسەر ئاستی گشتی‌دا گرێکوێرەیەکە کە هەموو کێشەکانی‌تریش بەمەوە بەستراونەتەوە. سەرۆکایەتی لەمیانەی ئەو واتایەی داوێتی بەم پەیوەندییەوە یەکێک لە گەورەترین قەڵەمباز و هەنگاوەکانی مێژووی ئەنجامداوە. بەتایبەتیش گەورەترین زەحمەتی رزگاربوون لە سەردەستی رەهای دوژمن، نەک هەر لە رووی گوشاری پۆلیس و دەزگا سیخوڕیەکانەوە، بەڵکو لە رووی رزگاربوون لەسەر دەستی هێزی ماددی و مەعنەوی دوژمنیشەوە لەم پەیوەندییەدا دێتە پێشمان. ئەگەر تێڕوانین و هەڵوێستی تاکی کورد بۆ خێزان، کە سەرەکیترین لاوازی و تەسکترین چەمکی بە کۆمەڵایەتی بوونێتی تێپەڕ نەکرێت، نەک هەر کێشەی نەتەوەیی چارەسەر ناکرێت و رێکخستنێکی سیاسی ناهێنرێتە دی، بەڵکو کەسایەتیش ناکرێت بە هەبوونێکی کۆمەڵایەتی، کورد بە جۆرێک لە جۆرەکان لەم پەیوەندییەدا خۆی ون دەکات و ئیتر ناناسرێتەوە. گەورەترین سەرکەوتنمان سەلماندنی ئەوەیە کە ئەم پەیوەندییەمان بەلای شۆڕشدا شکاندۆتەوە.

    ئەگەر سەرنج بدەن سەرۆکایەتی چەک ناکاتە شانی و بچێت بۆ چالاکی، یاخود کاروباری رێکخستنیش زۆر شاراوە و نهێنی بەڕێوە نابات. هەوڵدەدات کە هێندێک قۆناغ و چەمک و هەڵوێست هەن تێپەڕیان بکات. ئەم هەوڵانەش تا بڵێی ئەنجامی گرنگی لێدەکەوێتەوە. بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە دەرچوونی لە قۆناغی پڕ مەترسی تەمەنی لاوێتی، دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی خۆپاراستنی لە بابەتەکانی ژن و خێزان، خۆ سووک نەکردن و بە ئاسانی وابەستە نەبوونی بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە. لەو کایەشدا کە لە سەرەتای قۆناغێکی سیاسی جددیدایە، بە شێوازێکی پڕ گرنگییەوە مەیلداربوونی بۆ کێشەی ژن و سەرکەوتووانە دەرچوونی لەمە دەبێتە شۆڕشێکی گەورە. ئەمە شێوازێکی جیاوازە، بەڵام بۆ ئەوەی راستینەی کورد فێری شێوازی شۆڕشگێڕی ببێت و لێی تێبگات راستترین شێوازی پێویستە.

    ئێوەی ژنان ئەمڕۆکە بێ شومار دەتانهەوێت بەشداری لە شۆڕش‌دا بکەن. ئایا بناغەی ئەمە چۆن دانرا؟ وەک پێشەنگی ژیانێکی نوێ دێنە سەر شانۆ، ئەمە چۆن بەدیهێنرا؟ کێ چی دەڵێت با بیڵێت هەمووان ئەوە دەبینن کە ئەم هەنگاوەی ئێوە شتێکی زۆر گرنگە. بەڵام چیرۆکی ئەمە لە درێژەی پێشکەوتنی پارت و راستینەی سەرۆکایەتی‌دا وەک بەستە و ئاوازێکە. دەمانهەوێت لە پەیوەندییەکی زۆر پۆخڵ و کەوتووەوە بەرەو پەیوەندییەکی زۆر باڵای بێگەرد بچین. کێ نەگەیشتبێت بە هەست و سۆزی باڵایانە، ئەوا بێبەریترین کەسی ئەم ژیانەیە لە بانگەشە. هەر کەسێکیش سۆزە باڵاکانی خۆی نەبەستێتەوە بە ئامانجی سیاسی، بەتایبەتیش پرەنسیپی نیشتمان‌پەروەری و ئازادی و شۆڕش و ئامرازە سەرەکییەکەیەوە کە پارتە، ئەوا بڕوا ناکەین ئەو کەسە بتوانێت لە ژیان‌دا ببێتە کەسێکی کارا و سۆزەکانیشی نرخی پێنج فلسیان هەبێت. مرۆڤ بە سۆزەکانییەوە هەیە. بە ئەندازەی رق و کین، بە خۆشەویستی و خوێن شیرینییانەوە مرۆڤن. لە بیرمان نەچێت کە گەلەکەمان لەم بابەتەدا شکستێکی گەورەی هێناوە، بە تایبەتیش لە پەیوەندی نێوان ژن و پیاودا کەڕ و کوێر و بێ هەستە. هیچ پەیوەندییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ژیان و جیهان‌دا نییە، کەس نازانێت مردووە یان رەقبووە و بەستوویەتی، رەوشێکی هەیە کە پێناسەکردنی زەحمەتە.

    ئەو شەڕەی سەرۆکایەتی دەیکات شەڕە لە پێناو پەیوەندییەکی ئازاددا. لە یادی مەکەن ئەگەر ئەمڕۆ ناتوانن لە کەسایەتیتاندا پێهەڵگرتنێکی ئەوتۆ بێننە کایەوە، لەبەر ئەوەیە کە ئاستێکی دواکەوتووتان لە رووی ئازادییەوە لە پەیوەندییەکانتاندا هەیە. ئەگەر کورد زۆر دواکەوتوو و لە ژێرەوەی هەمووانە، لەبەر ئەوەیە کە هیچ شتێکی لە پەیوەندی ئازادی وەرنەگرتووە و وابەستەی نییە. ئێوە دەتانهەوێت بژین، بەڵام نازانن کە پەیوەندی ئەمە بە ئازادییەوە چییە. هەموو شتێکتان وەک خەیاڵێک  کە نەهاتۆتە دی دەمێنێتەوە. ئەگەر سەرنج بدەن شەڕکردنی سەرۆکایەتی هەر لە یەکەمین یاخی بوونییەوە وەک چالاکی ئازادانە دەردەکەوێت. ئاشکرایە کە چەندە رەسەنە، چەندە لە ناخەوەیە و پەرۆشی هاوڕێیەتییە. هەر ئەم تایبەتمەندییە سەرەکیانەیە کە کەسایەتی ئەو سەرۆکایەتییەی ئەمڕۆیان درووست‌کردووە. لە کۆمەڵگادا دەڵێن:” منداڵ لە تەمەنی حەوت ساڵی‌دا تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی دەردەکەون، کەم تا زۆر لەم تەمەنەدا ئیتر تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی شێوەی خۆیان وەرەگرن.” بەڕاستیش وەهایە. ئەگەر گەیشتبیتە تەمەنی حەفتا ساڵیش، بەڵام ئاستی ئازادی خۆتت دەستنیشان نەکردبێت و دەرنەخستبێت، ناکرێت بوترێت کە گەورە و کامڵ بووبێت.

    هەڵسەنگاندنێک دەکەین کە ئاستێکی پێشکەوتووی لە ئازادی‌دا هەیە. رەنگە زۆرێک هەر پێویستیشی پێ نەبینن، بەڵام بەلای منەوە زۆر بەنرخە. چونکە هەڵگری ئاستی ئازادییە. لەوەتەی خۆم ناسیوە ئامادەی هەموو پەیوەندییەکم کە ئاستی ئازادی تێدا بەرز بێت. ئەگەر باش ورد ببینەوە تەواوی ژیانم بریتییە لەمە. ئەوەی ئێوەش بەرەو ئەم تێکۆشانە دێنێت هەر ئەمەیە. بەهایەکی گەورە دەدەم بە سۆزی کچانی گەنج، تەنانەت گەورەترین شێوەی شۆرش لە پێناو ئەواندا ئەنجام دەدەین. لە کاتێکدا ئەمە بەهادارترین ناوەڕۆک و تایبەتمەندی ژیانە، بەڵام هێشتا لە گرنگییە گەورەکەی تێناگەن. چونکە تەمەنی ئێستاتان ئەو تەمەنەیە کە تێیدا رووبەڕووی گورەترین دۆڕان دەبنەوە. وازبێنە لەوەی پرسیارێکی لە جۆری”ژیانێکی چۆن؟”ـتان هەبێت، ئەو ژیانە شەرمەزارکراوەی سەرەنجامەکەی دیلێتی و یەخسیرییە بە چارەنووسی خۆتانی دەزانن. بەهۆی ئەو کاردانەوەی بەرامبەر بەمە هەیە، هێندە لە دڵەوە هەڤاڵێتیتان لەگەڵ‌دا دەکەم.



    کژار