• تاگەکان: ,

    پێویستە ژنان لەبەرامبەر رەشبگیریەکان بێ دەنگ نەبن

    24 كانونی دووه‌م, 2021

    جارێکی دیکە ڕژێمی ئێران لە بەر بێ چارەیی لە بەرامبەر ئیرادە و بەرخۆدانی گەلی کورد دەستی کردووە بە لێشاوێکی ڕەش بگیری و زیندانی کردنی ڕۆڵەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان .

     

    بێگومان ئەم ڕەش بگیریانەی ڕژێمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جاری یەکەم نییە و هەر کاتێک شکستی هێناوە لە پیادە کردنی سیاسەتەکانی لە سەر گەلان و بەتایبەت گەلی کورد دەستی کردووە بە زیندانی کردن و چاو ترسێن کردنی خەلک ، بەڵام وەک دیارە کە گەلی کورد هەر لە سەرەتاوە بڕیاری خۆی داوە کە لەبەرامبەر نایەکسانی و ناعەداڵەتی دا بێدەنگ نەبێت و تا دوای خۆڕاگری بکات لە بەرامبەری ئەم سیستەمە چەوسێنەرەی ڕژێمی ئیسلامی ئێران ، هەر بۆیەش نەتەنیا بەو هەوڵانەی دەوڵەتی ئێران ئەم گەلە چاوترسێن نابن بەڵکوو بە گرتن و ئەشکەنجەدانی هەر ڕۆڵەیەکی ڕەق ئەستوورتر دەبێت بۆ تۆڵە کردنەوە .

     

    گەلی کورد خاوەن پتانسیەلێکە کە ئەکرێت بڵێین لە هەر شوێنێک بێت ئەتوانێت کە گۆڕانکاری بێنێتە ئاراوە و ئەمەش زۆر روون و ئاشکەرایە بۆ ڕژێمی ئێران هەر بۆیەش سیاسەتی سەرکوت کردنی گەل لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەم لە سەر ئاستی گشتی هەمیش بەتایبەتی لە سەرووی سیاسەتە سەرکوتکارەکانی خۆی قەرار داوە و لە ناوەندی ئەم هێرشانەش دا ژنان بە ئامانج گیراون بەتایبەت لەم ساڵانەی دوایدا هەوڵەکانی بۆ سەرکوت کردن و بێ دەنگ کردنی ژنان چڕ تر کردوەتەوە . دایمە بە بەهانەی  جیاواز چە لە بواری سیاسی ، کۆمەڵایەتی ، کلتووری و…، ڕەوایەتی داوە بە هێرشەکانی بۆ سەر ژنان کە لەم دوایانەدا شاهیدی قەدەغە کردنی گۆرانی وتنەوەی ژنانن بووین لە لایەن ئەم ڕژێمەوە ، و دەڵێت یان ئەبێت ژن گۆرانی نەڵێت یان ئەگەر گۆرانیان گوتەوە بە بێ هەبوونی پیاو نەبێت ، کە ئەمە جارێکی دیکە ترسی بەڕێکخستن بوونی ژنان  دەخاتە دڵی سیستەمی پیاوسالاری و هاوکات ئێمە دەزانین گۆرانی وتنەوە یەک لەو ڕێگایانەیە بۆ پاراستنی شۆناس و ناسنامەی هەر نەتەوەیەک ، یەک لە تایبەتمەندیەکەنی ئەم ڕژێمە ئەوەیە کە دان بە هەبوونی هیچ نەتەوە و کلتووری جیاوازدا نانێت چە جای ئەوە ژن بیت و گۆرانی بچڕیت کە ئەوان دەڵێن گۆرانی وتنی ژنان دژی پێوانەکەی شەرعە ، ئەمە جارێکی دیکە نیشان دەری ئەوەیە کە ڕژێمی ئێران دەیهەوێت لە ژێر ناوی شەرع و دین ژنان بێ دەنگ بکات .

    کە لە ئێستادا شاهیدی ئەو بارودۆخەی کە بە سەر ژنان دا سەپێندراوە ، بۆ نموونە گوشار خستنە سەر گرووپی گلاریس لە شاری کرماشان.

     

    وەک بینیمان گەلی کورد بەگشتی و بەتایبەتی ژنان لە بەرامبەر بێ ڕێزی کردنی کەناڵەکانی ئێران بە جل و بەرگی کوردی هەڵوێستێکی بێ وێنەیان نواند بۆ خاوەن دەرکەوتن و پاراستنی ئەو کلتوورەی کە باسی لێوە دەکەین چە لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوکات لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و هەر وەها لە دەرەوەی وڵات بێ دەنگ نەبوون ، بە هەمان شێوەش پێویستە کە گەلی کورد و بەتایبەت ژنان بە ئەرکی خۆیان هەستن و لە بەرامبەر ئەم ڕەش بگیریانە و زیندانی کردنانە بێ دەنگ نەبن چون ئەو سیاسەتانە قیزەونانەی کە ڕژێمی ئێران بەڕێوەی دەبات لە یەک دابڕاو نین ، و ئەبێت ئەوش لە بیر نەکەین کە لە ئێستادا بە دەیان کەس بۆ پاراستنی ئەو کلتوور و فەرهەنگە لە زیندانەکانی ئێران دا بن چاو کراون .

     

    کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان _کژار

    ٢٠٢١/١/٢٤

     



    کژار