• تاگەکان:

    خاوەنداریەتی لە دەنگ و ئیرادەی ئازادیخوازی زەینەب جەلالیان بکەین

    7 حوزه‌یران, 2020

    وەک دەزانین زیاتر لە مانگێکە زیندانی سیاسی کورد زەینەب جەلالیان لە زیندانی خۆی سەر بە پارێزگای ورمێ لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئێرانەوە گوێزرایەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین کە بۆ هەر کەسێک ڕوون و ئاشکەرایە کە زیندانی قەرچەک یەکێک لەو بەندیخانانەیە نە لە بواری ئەمنی و نە لە بواری تەندروستی هیچ گەرەنتیەک نییە بۆ پاراستنی ژیانی زیندانیان بە تایبەت زیندانیانی سیاسی ، هەر بۆیەش سیستەمی سەرکوتکەر و چەوسێنەری ئێران بۆ بێ دەنگ کردن و بە چۆک داهێنانی ئیرادەی سیاسی و ئازادی خوازی ئەم شوێنە وەکو تەبعیدگایەک بۆ زیندانیانی سیاسی و بەتایبەتی ژنان بەکار دێنێت ، و بەتایبەت لەم کاتەدا کە پەتای کۆرۆنا لە تەواوی ئێران بڵاو بووەتەوە و بە هۆی کەم تەرخەمی کاربەدەستانی ئیران و نەبوونی خزمەتگوزاریە سەرەتایەکان بۆ هاوڵاتیان و لە هەمان کاتدا لە زیندانەکان هەر دەچێت تەشەنە دەکات و بوەتە مەترسیەکی جدی بۆ لە ناو بردنی زیندانیانی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێران کە بەداخەوە زەینەب جەلالیان تووشی ئەم پەتایە کراوە و لە ئێستادا دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و ژیانی لە مەترسی دایە و هەروەها لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ڕێگری کراوە لەوەی کە بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان و چارەسەری بۆ بکرێت ، بێگۆمان ئەم ڤایرۆسەش بووەتە داردەستی سیاسەتی قڕکەری کۆماری ئیسلامی ئێران .

    ئێمە دەزانین بە ساڵانە کە دەوڵەتی ئێران هەموو هەوڵی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ لە ناو بردنی کەسایەتیە ئازادی خوازەکان لەبەر ئەوەی کە دەزانێت بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی بە درێژای حوکمڕانی خۆی لە سەر گەلانی ئیران و بەتایبەت ژنان سەرکەوتوو نەبووە و لە بەرامبەر ئەو قەیرانانەی لە ئەنجامی ئەم سیاسەتە هەڵانەدا کە بەرۆکی تەواوی کۆمەڵگای گرتووەتەوە بێ چارە ماوە و ئیدی کۆمەڵگاش بەرگەی ئەم دۆخە ناگرێت و هەر دەچێت دەنگی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر ئەم دۆخە نالەبارەدا زیاتر دەبێتەوە و بێگومان زەختی دەوڵەتیش لە بەرامبەر ئەم دەنگە ناڕازییەدا زیاتر دەبێت بەتایبەت زیندانیانی سیاسی کە جەستەی خۆیان کردوەتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی ئیرادەی سیاسی گەلان ،هەر بۆیەش پێویستە ئیمەش ئەوە باش بزانین ئەو کەسانەی لە بەندیخانەکانی ئێراندان ئیرادەی سیاسی و دەنگی ئازادیخوازی گەلان و بەتایبەتی ژنانن و لەو چوار چێوەیەدا پیویستە ئێمە هەم وەکو گەل و بەتایبەتیش وەکوو ژن  بە هەموو شێوازێک خاوەن داریەتی لە ئیرادەی خۆمان بکەین و بە گیانی تەبایی نەهێڵین ئەو دەنگە ئازادیخوازیە کپ بکرێتەوە لەبەر ئەوەی هەبوونی ئێمە بەندە بە هەبوونی ئەوانەوە ، لێرەدا ئێمە وەکو ،کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان )کەژار)، بانگ لە هەموو هێزە ئازادی خوازەکان ، کۆمەڵگای مەدەنی ، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ، ڕێکخراوەکانی ژنان و کەسانی خاوەن ویژدان دەکەین کە بیدەنگ نەبن لە بەرامبەر دۆخی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی ئیران بەتایبەتیش ڕەوشی زینەب جەلالیان ، چونکە بێدەنگی دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر ژیانی زیندانیانی دیکە .

     

    کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)

    ٠٧/٠٦/٢٠٢٠



    کژار