بە رێکخستن‌کردنی ژنانی رۆژهەڵات، نەتەوەی دیموکراتیک ئاوادەکەین

3 حوزه‌یران, 2020

شیرین رودین ئاکام

لەم قۆناغە‌دا، کە لە کێشمەکێشێکی خوێناوی داین کە ئێستاکە ئەم سەردەمەمان پێی خوێناوی بووە و رۆژانە شایەتی هەڵوەشاندنەوە و وێران‌بوونی لانکەی دەرکەوتنی مرۆڤایەتی بە ناوەندێتی کوردستان لە لایەن هێزە هەژموونگەرا جیهانی و ناوچەییەکانە دەبین، دەتوانین بڵێین کە پێکهاتنی سێیەمین کۆنگرەی کەژار بۆ تەواوی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە دایکانی دڵسۆزی ماڵدار بگرە هەتا ژنانی فێمێنیست، پیشەمەند، زیندانیانی سیاسی و مەدەنی و ژنانی کرێکار بە وێنەی مەشغەڵێک کە ئەو مەودای ئەو تۆفانە وێرانکەرەی کە مۆێڕنیتەی سەرمایەداری دەسەپێنێت؛ بە هەڵوێست، ئازایەتی، تێکۆشان و یەکێتی و هاوپەیوەندی هەموار دەکات و بە رووناکی دەیهێڵێتەوە. هەوەها پێویستە پێکهێنانی کۆنگرەیەکی بەمشێوەیە لە هەلومەرجێک کە ژنان رووبەڕووی هەرجۆرە ئەشکنجە، هەڵاواردنی رەگەزی، نایەکسانی، بێ مافی و نادادپەروەریەک دەبنەوە و دەبنە قوربانی دەسەڵاتی پیاوسالاری، وەکوو خاڵێکی بەهێز لەقەڵەم بدەین. لە پێناو پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەش لە رەگەز تێکۆشان، خۆڕاگری و ئازادی رووەو نەتەوەیەکی دیموکراتیکی بە دوور لە هەر جۆرە هەڵاواردنی نەژادی، ئایینی و رەگەزی لەم کۆنگرەیەدا بە دروشمی"بە رێکخستن‌کردنی ژنانی رۆژهەڵات، نەتەوەی دیموکراتیک ئاوادەکەین" بە پشت‌بەستن بە پارادایمی کۆمەڵگای دیموکراتیک، ژینگەپارێز و ئازادی‌خوازی ژن پشت‌بەستوو بە ئەندێشە و بیر و رامانی رێبەر ئاپۆ لە پێناو لابردنی بەربەستەکان لە بەردەم نیگەرانییەکانی ئازادی، یەکسانی و دیموکراسی ژنان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ کە مزگێنی‌هێنەری هەڵدانی ئاڵای دادپەروەری پشت‌بەستوو بە رامانی ئازادی ژنان دەبێت.

وێڕای ئەوەش لە مەودای گەیشتن بە ژێربەنای نەتەوەی دیموکراتیک لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە بەرێکخستن‌کردن و پەرەپێدانی ئاستی زانست و روانگەی ژنان، یەکگرتن و پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەش بە هۆکاری دۆز و دەردە هاوبەشەکانی ژنان، دەبێتە رێگا؛ کەوتە بەر باس‌وگفتوگۆ و بە پێشکەش‌کردنی رێنمایی‌گەلێکی زۆر لە پێناو پێکهێنانی سەرجەم پرۆژەکان و بە لەبەرچاوگرتنی پێداویستییەکانی شۆرشی ژنان، بە پراکتیک‌کردنی. یەکێک لە فاکتەرە بنەڕەتییەکانی بونیادنانی نەتەوەی دیموکراتیک بابەتی رێکخستن‌کردنە. بە هەمان شێوە کە رێبەر ئاپۆش سەبارەت بەم بابەتە دەڵێن:" بە بێ رێکخستن‌کردن لە کوردستان‌دا تەنانەت یەک گەڵاش ناجوڵێت." ئەم وتنەی رێبەر ئاپۆ لەسەر گرنگی رێکخستن‌کردن بەتایبەت بۆ توێژی ژنان زیاد دەکات. رێکخستن کردن بەوێنەی چیمەنتۆیەک بۆ کۆمەڵگایە کە ئەگەر لاواز ببێت یان نەبێت، کۆڵەکە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا کە هەمان سیاسەت و ئاکارە، دەلەرزێت؛ کە کۆمەڵگایەکی بەمشێوەیە هێندە دەوام ناکات یان بە تەواوەتی لە لاپەڕەی رۆژگار دەسڕدرێتەوە یاخود لە ناو کلتووری کۆمەڵگای سەردەست‌دا دەتوێتەوە و دەبێتە هۆی نامۆبوون لە کلتوور و هەبوونی خۆی. بە درێژایی مێژوو تا ئێستا میراتگرانی راستەقینەی رەوشت و بوها بژۆنییەکانی کۆمەڵگا، ژنان بوونە و هەمیشە وەکوو رزگارکەری کۆمەڵگا کارەکتەرێکی سەرەکی بوون. ژنان لە چاخە جیاوازەکان و قۆناغە مێژوویەکانی جیا،جیادا لە شۆرشی نێئۆلیتیک هەتاکوو چاخی ناوەڕاست، لە رێنسانس هەتا سەدەی ٢١ لە قۆناغە زێڕینەکاندا هەمیشە پێشەنگە فیداییەکان بوون و لە گۆڕەپانی تێکۆشان‌دا رۆڵیان گێڕاوە کە لە تەواوی لاپەڕەکانی مێژوودا ناویان دەدرەوشێتەوە و مایەندە بوونە. هەبوونی بزووتنەوەکانی شۆڕشی ژنان، پارێزوانانی مافی ژنان، کۆمیتە جۆراوجۆرەکان و لە هەمووان گرنگتر ئەرتەش و سیستەمی تایبەت بە ژنان بە وێنەی کەژار و هەپەژە نیشاندەری میراتی تێکۆشان و مشتومڕی ژنانە کە بە خۆبەخشانە و عەشق، بە فیداکردنی گیانیان لە بەرابەر زیهنییەتی دژەژن، بۆ ئێمەیان بە میرات بەجێ هێشتووە. هەنووکە بەم وەسفانە، کۆنگرە لە پێناو خاوەندارێتی‌کردن لەم میراتە گران بوهایانە کە بە خوێنی سووری ژنە تێکۆشەرەکان رازاوەتەوە، رێکخستن‌کردنی ژنان و یەکێتی و هاوپەیوەندی وەکوو ئەرکێکی پێویست و ژیانی لەقەڵەم‌دا.

بەداخەوە لەم دووسەت ساڵەدا ژنان لە بەراورد دەگەڵ سەردەمانی پێشوو، زیاتر رووبەڕووی سیاسەتە دژەژنەکانی مۆدیڕنیتەی سەرمایەداری بۆتەوە و ناسنامەیان نکۆڵی لێکراوە و هوڵی لەناو بردنی هەبوونیان دراوە. بە جێگیربوونی مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە و بە لوتکەگەیشتنی زاڵبوونیان بەسەر کۆمەڵگادا، دەمامکی دژەژنی و رەگەزپارێزی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری داماڵدرا و لەم دوو سەدەیەدا ژن نە تەنیا لە بواری جەستەیی بەڵکو، لەبواری هەبوون و رەزەگەوە بە شێوەی گشتی رووبەڕووی نکۆڵی و لەناوبردن بووەوە. نامۆبوونی ژنان لە خۆیان لەم سەردەمەدا ناتوانین دەگەڵ هیچ کاتێکی‌تر بەراورد بکەین و بە چاوخشاندنێک بە کات‌دا دەبینی کە دۆز و کێشەی ژنان وەکوو گرێ کوێرەیەکی لێهاتووە کە نەکراوەتەوە. سیستەمی سەرمایەداری لە هەوڵی ئەوەدایە بە مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە تاکگەرێتی لەسەر بنەمای یەک زمان، یەک نەتەوە، یەک ئایین و یەک ئاڵا و بە گشتی زاڵبوونی زیهنییەتی پیاوسالاری بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت و بە زاڵبوون بەسەر بیری ژنان و درووست‌کردنی بەربەستی ژیری لە ئەوان‌دا و جیاوازی و جایاکاری لە نێوانیان‌دا، هەوساری کۆمەڵگای گرتۆتە دەستی و لینگی ئیمپڕاتۆڕییەتی خۆی پتەو کردووە. لەسەر ئەم بنەمایەش رۆژانە شاهیدی زۆربوونی ئاماری خۆکوشتن، هەژاری، بێکاری، رووسپێتی، زەواجی منداڵان، سێدارەدان و ئەشکەنجەی زیندانیانی سیاسی و مەدەنی و …هتد دەبین.

بە شێوەیەکی کورت‌کراوە مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌دا لەگەڵ خۆی هەڵوەشاندنەوەیەکی زۆری کلتووری دێنێت کە قوربانیانی سەرەکی ژنان و منداڵانن و خاڵی بەرابەری ئەم مۆدێلە تەنیا رێنماییەکانی رزگاربوونی گەل لە چنگەکانی ئەم لەویاتانە، مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیکە کە بە پێشەنگایەتی ژنان ئەم مۆدێلە پێک‌دێت و ئەم بابەتەش بە بەرفراوانی لە کۆنگرەدا هەڵسەنگێندرا و وتووێژی لەسەر کرا. بە چاوخشاندنێک لە چەند دەیەی دوایی ئێران دەتوانین رۆڵی ژنان لە بە رێکخستن‌کردنی حیزبەکان و کۆمەڵگا ببینین. بۆ نمونە دەتوانین ئاماژە بە ژنانی حیزبە کلاسیکەکانی کوردی و حیزبە ئێرانییەکان وەکوو تودە و مۆجاهێدین خەلق و فەداییان خەلق بکەین کە بە دلێرانە تێکۆشان و خۆڕاگرییان کردووە و گیانیان فیدا کردووە؛ هەروەها دەتوانین ئاماژە بە رۆڵی ژنان لە شۆڕشی ١٣٥٧، سەرهەڵدانەکانی ساڵی١٣٨٨ ،١٣٩٦و ١٣٩٧ـیش بکەین. ئەوە ژنان بوون کە بەردەوام سەرەڕای سەرجەم ئاستەنگییەکان و نایەکسانییە رەگەزیەکان و سیاسەتەکانی نیزامی ویلایەتی فەقیهە؛ خۆیان بە رێکخستن کردووە. لەم سۆنگەیەشەوە بە پشت‌بەستن بەم پێشینەیە ورشەداری ژنانی ئێرانی و رۆژهەڵاتی کوردستان لەم کۆنگرەیەدا سەبارەت بەم بابەتە گرنگە جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە تەنیا بە رێکخستن‌کردنی تەواوی ژنان لە سەرجەم بوارەکان بەوێنەی پەروەردە، سیاسەت، ئابووری، کلتووری و …هتد و بە درووست‌کردنی بەرەیەکی هاوبەش دەتوانین سەرجەم ئامانجەکان و پرۆژەکانمان بە پراکتیک بکەین و بە چالاکی و تێکۆشانی هاوبەشی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەتوانین بەدوای چارەسەری کێشە و نیگەرانییەکانی ژنان‌دا بگەڕێین و ئەوکاتە دەتوانین ژنان و کۆمەڵگا رووەو ژیانێکی ئازاد و یەکسان هانبدەین.