كێشه‌ی شارگه‌رایی كۆمه‌ڵگا
2 نیسان, 2020کێشە کۆمەڵایەتییەکان:
(لەبەرگیراو لە پەرتووکی سۆسیۆلۆژیای ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجالان)
٨ ــ كێشه‌ی شارگه‌رایی كۆمه‌ڵگا
ناوه‌كه‌ی دیكه‌ی شارستانیه‌ت مه‌ده‌نیه‌ته، به زمانی عه‌ره‌بی واتای شارگه‌راییه. ئه‌و كێشانه‌ی شارگه‌رایی سهرچاوهكهیانه له‌كێشه ئیكۆلۆژیه‌كان كهمترو كه‌م بایه‌ختر نین. له رۆژگاری ئه‌مڕۆمان یه‌كێك له‌سه‌رچاوه سه‌ره‌كیه‌كانی هه‌ڕه‌شه‌کانی سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵگایه. چییه ئه‌وه‌ی شاری به‌م دۆخه گه‌یاندووه؟
له رێگای چه‌مكێكی راستههێڵیهوه ده‌شێت فۆڕمێل و هاوكێشه‌كانی شار = چین = ده‌وڵه‌ت سەبارەت بە گوزارشتکردنی کێشەکانی شارگەرایی ئاسانكار بێت. به‌ڵام قووڵایی و هه‌مه‌لایه‌نی واتا ده‌كوژێت. هاوشێوه‌ی ئاواكردنی گوند، به شێوه‌یه‌كی گونجاو له‌گه‌ڵ سروشتی كۆمه‌ڵگا مرۆڤایه‌تی بیری له ئاواكردنی شاریش كردۆته‌وه. شار له‌سه‌رووی ئه‌و جێگایانه‌وه دێت كه ژیری كۆمه‌ڵگای تێدا چڕبۆته‌وه. شار به‌هره‌ی ژیری مرۆڤ هانده‌دات، ده‌یهێنێته ده‌ره‌وه. ئه‌قڵ تا بڵێی گرێ‌دراو به شار ئاراسته‌ی په‌ره‌سه‌ندنی گرتۆته‌به‌ر. شار ئه‌و شوێنه‌یه كه‌مرۆڤ هه‌ست ده‌كات هێزه‌كه‌ی توانای چی هه‌یه. ئارامی له‌گه‌ڵ خۆی دێنێت. چونكه ئه‌وه‌ی متمانه به خۆی ده‌كات واقیعیانه‌تر بیرده‌كاته‌وه. پەرەسەندنی هزریش رێگا له‌پێش داهێنان و دۆزینه‌وه‌ی نوێ ده‌كاته‌وه. هه‌روه‌ها زیادبوونی به‌رهه‌میش په‌یڕه‌وو ته‌كنۆلۆژیاكانی به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌بات. ئه‌و مرۆڤه‌ی ئه‌مانه‌ی تاقیكردۆته‌وه، شاری وه‌ك سه‌رچاوه‌ی روناكی ناسیوه‌و به‌رده‌وام خواستوویه‌تی رووی تێ بكات. گه‌شه‌كردنی شار له ده‌وروبه‌ری په‌رستگادا، گرێدراوی ئه‌وه‌یه كه له‌قۆناخی خۆیدا په‌رستگاكان شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی رۆح و ئه‌قڵه پیرۆزه‌كان بوون. كۆمه‌ڵگا زیاتر له پەرستگادا ئه‌قڵ و ناسنامه‌ی خۆی ده‌دۆزێته‌وه، ده‌یخولقێنێت. ئه‌وه‌ی باسمكردن گریمانێكی به‌هێزن له به‌رژه‌وه‌ندی شاردا.
وه‌ك هه‌ر راستیه‌كی دیكه، رووێكی دیكه‌ی شار كه هه‌ر له‌گه‌ڵ له‌دایكبوونیه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، جیابوونه‌وه‌ی چینایه‌تی و ئاواكردنی ده‌وڵه‌ته. بێگومان بناخه‌ی ماددی جیاوازی چینایه‌تی زیادبوونی به‌رهه‌مهێنانه. هه‌ندێك له ئاقڵمهندهكانی شار له رێگای ئه‌زموونه‌وه فێربوون ئه‌گه‌ر ژماره‌ی خه‌ڵكه‌كه (مرۆڤ) زیادبكرێت و لهخاكه بهپیتهكاندا بخرێنه كاره‌وه، ده‌توانن دووهێنده‌ی تر مرۆڤ تێربكه‌ن. ئه‌وه‌ی مابوویه‌وه، ته‌نیا ئاواكردنی سیسته‌مه‌كه‌ی ئەو شێوەیەی کارکردن بوو. سیسته‌می ئاواکراویش ده‌وڵه‌ته كه جۆرێك له جۆره‌كانی پاوانه. ئه‌گه‌ر له‌ئاستی شاریشدا بێت، ئاشكرایه كه رێكخستنی ئه‌م سیسته‌مه به شێوه‌ی پاوانی كشتوكاڵ له‌دایك بووه. له‌م باره‌یه‌وه شاره‌كانی سۆمه‌ر هه‌مووشتێك روون ده‌كه‌نه‌وه. زۆربه‌ی ئه‌و شارستانیانه‌ی له‌جۆری میسر و ههرابان، له‌كاتی له دایكبوونیاندا پاوانی كشتوكاڵ بوون. ئامێره‌كان(ده‌زگاكان)ی رێكخستنی به‌رهه‌مهێنانن. كاتێك به‌رهه‌می پێویست به‌و ئاسته گه‌یشت كه دوو هێنده‌ی خه‌باتكاران زێده-به‌رهه‌م پێشكه‌ش بكات، واته بناخه‌ی ماددی ده‌وڵه‌ت ئاماده‌بووه. هه‌رچی ئه‌و دیاردەیە كه به ده‌وڵه‌ت ناوده‌برێت، له راستیدا ئه‌وانه‌ن كه له‌سه‌ر زێده ــ به‌رهه‌م ده‌ژین. ناوبردنی ده‌وڵه‌ت به رێكخراوی كۆكردنه‌وه‌ی زیاده‌كان واتادارتر ده‌بێت. بۆ ئه‌مه‌ش شار شوێنێكی گونجاوه. ئه‌مجۆره په‌یوه‌ندیانه له كۆمه‌ڵگای گوند‌و هۆزدا تا دواڕاده زه‌حمه‌ته، چونكه بونیادی گوند‌و قه‌بیله بۆ ئه‌مه له‌بار نییه‌و په‌سه‌ندی ناكات ئه‌م راستینه‌یه له‌ژێر له‌دایكبوونی ده‌وڵه‌ت له شاردا شاراوه‌یه. به‌مجۆره مرۆڤایه‌تی له‌شاردا رووبه‌ڕووی دیارده‌ی چاوسانه‌وه ده‌بێته‌وه. واته ئاشنای شێوه‌یه‌كی په‌یوه‌ندی ده‌بێت كه تا پێشتر نه‌یناسیبوو. ئا لێره‌وه ئیترناوی پیشه نوێیه‌كه ده‌بێته "ده‌وڵه‌تگه‌رایی". ئه‌وه‌ی ده‌یخاته ده‌ستی خۆیه‌وه توانای چی نابێت! ده‌بێته ده‌رگایه‌كی سه‌رسووڕهێنه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی. ته‌نانه‌ت ره‌نجده‌ری كۆیله‌ش تێگه‌یشتووه كه له‌میانه‌ی بێكاری ده‌وڵه‌ته‌وه له‌جاران دڵنیاو ئاسووده‌تره. چونكه به‌ته‌واوی به‌ستنه‌وه‌ی كاره‌كه‌ی به‌توندوتیژییه‌وه زێده‌ڕۆییه. تا راده‌یه‌ك چیرۆكی له‌دایكبوونی شار به‌مجۆره‌یه.
ئه‌گه‌ر رێگا لەپێش هه‌ندێك كێشه‌ش بکاتەوە (رێكخراوی چه‌وسێنه‌ران و خاوه‌ن هێزه‌كانه)، ئاشكرایه كه له په‌ره‌سه‌ندنی راسیۆناڵانهی كۆمه‌ڵگادا شار هه‌نگاوێكی شۆڕشگێڕانه پێكدێنێت. بۆ گه‌وره‌یی شار وه‌ك ژماره‌یه‌كی نموونه‌یی ئه‌رستۆ بیر له پێنج هه‌زار دانیشتوان ده‌كاته‌وه. شاره‌كانی یەکەمین قۆناخی دامه‌زراندن زۆربه‌یان ژماره‌ی دانیشتوانیان هێنده‌یه. جڤات و پێكهاته‌یه‌كی نوێی خه‌ڵك (مرۆڤ) لە شاردا جێگای باسه. ئیتر كۆمه‌ڵگای قه‌بیله تێپهڕكراوه. ئه‌وانه‌ی له ره‌چه‌ڵه‌ك و قه‌بیله‌ی جیاوازه‌وه هاتوون به رایه‌ڵه‌ی هاوڵاتێتی شاره‌وه به‌یه‌كتر ده‌به‌سترێنه‌وه. واته "خه‌ڵكی شار"، "هاوشارییهكان"، "باژێرییهكان" پێكدێت. ئه‌م پێشكه‌وتنه‌ش نیشانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندێتی كۆمه‌ڵگایه. به‌م دۆخه‌یه‌وه شار ئامرازی پێشكه‌وتنه. سه‌رچاوه‌ی كێشه‌یه‌كی جددی ئه‌وتۆ نییه. له‌ته‌واوی چاخی یه‌كه‌مدا، ناوه‌ناوه جگه له‌بابل و رۆما، هیچ شارێك تێبینی ناكرێت كێشه‌ی ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌بێت. هه‌روه‌ها له رێگای باڵابوونی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگاكه‌یه‌وه شار به‌رده‌وام سهرنجڕاكێشیهكهی خۆی به‌هێزتر ده‌كات. له‌كاتێكدا مۆدێلی سۆمه‌ر وه‌ك هه‌ره‌سی به‌فر له‌زیادبووندایه، به‌ڵام میسر ژماره‌یه‌كی كه‌م و پوختی شار ئاوا ده‌كات. له راستیدا شارستانیه‌تی میسر به‌و سیفه‌ته‌ی شارستانیه‌تێكی نیمچە-شاری و لادێییه له‌مێژوودا بێ هاوتایه. بازرگانی و پیشه‌ی سه‌ربه‌ست زۆر پێشده‌كه‌وێت. شانبه‌شانی بونیاده‌كانی ده‌وروبه‌ری په‌رستگا، بونیادی كۆشك، هونه‌ر، وه‌رزش، بیناسازی و رێگاكان گشتیان به‌ره‌و شانه‌ی نوێ فراوانتر ده‌بن. زۆربه‌ی شاره‌كان له‌ده‌وروبه‌ری سه‌ربازگه‌كان ئاوادهكرێن. به‌تایبه‌تیش سه‌ربازگه‌كانی رۆما هه‌ریه‌كه‌و ناوكی شارێكن. مێژووناسه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن له‌م قۆناخه‌دا به‌لانی كه‌م ده گوند شارێكیان به‌ركه‌وتووه. واته په‌یوه‌ندیه‌كی سیمبیۆتیك (سوودی دوولایه‌نه) له‌نێوانیاندا هه‌یه. هێشتا كێشه له‌نێوان شار-گوند له ئارادا نییه.
هه‌رچی رۆمایه که دواترین شاری شكۆداری چاخی كۆنه، له‌وانه‌یه ته‌واوی كێشه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگرتبێت. ئه‌مه‌ش وایكردبوو له هه‌مانكاتدا ببێته شكۆدارترین و كێشهدارترین شاری شارستانیه‌ت. سه‌رجه‌م چین و جڤاته‌كانی (ئهرستۆكراسی، بۆرژوازی، كۆیله، پڕۆلیتاره لۆمپهنهكان، هه‌موو جۆره گروپێكی ئه‌تنیكی، هه‌رجۆره گروپێكی ئایین، هه‌ر نهژادێك) تێیدا ده‌بینرێت. چین و جڤاته كۆنه‌كان به‌دۆخی پاشماوه‌یی، هه‌رچی نوێیه‌كانن به‌دۆخی كۆرپه‌ییه‌وه نوێنه‌رایه‌تییان ده‌كرێت. له‌لایه‌كی دیكه‌وه ده‌شێت هه‌ر شێوه‌یه‌كی ئیداره، سیاسه‌ت و ئه‌خلاقی تێدا ببینرێت. ته‌واوی نموونه‌كانی پادشایه‌تی، كۆمار و دیموكراسی (له ئاستی ئیمپراتۆرییه‌تدا) تاقیكرانه‌وه. ده‌كرێ ته‌واوی نموونه‌كانی زانست، هونه‌ر، فه‌لسه‌فه‌و ئایینه‌كان له‌دۆخی پاشماوه‌و چه‌كه‌ره‌كردن تێیدا ببینرێت. به‌ڕاستی رۆما شارێكی گه‌ردوونی بوو. ئه‌م راستیه‌ش یه‌كێك له گوزارشت و واتاكانی ده‌سته‌واژه‌ی "هه‌موو رێگاكان ده‌چنه‌وه رۆما" بوو. رۆما لوتكه‌ی شارستانیه‌تی سێ هه‌زار و پێنج سه‌د ساڵی پیشانده‌دا. رووخاندنهكهشی به‌شێوه‌یه‌كی شایسته‌ی شكۆداریهكهی بوو. نوێنەری كرستیانهكانی چینی هه‌ژاران و گروپه ئهتنیكیهكانی هێشتا هێزی خۆیان پاراستبوو كه دووهێزی گه‌وره‌و به‌ڵای سه‌ر شارستانیه‌ت بوون، له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه شه‌پۆل به شه‌پۆل هێرشیان كرد‌و كۆتاییان به شاره‌كه هێنا. رێكه‌وتی 476 زایینی ته‌نیا مێژووی رووخانی شارێك یان رۆما نییه، به‌ڵكو له‌كه‌سایه‌تی شارێكدا پووكانه‌وه، هه‌ره‌س و رووخانی شارستانیه‌تی سێ هه‌زار و پێنج سه‌د ساڵه‌ی چاخی یه‌كه‌م و كۆنه.
ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی به‌چاخی ناوین ناوبراوه له‌بواری شارگهراییهوه هیچ كاتێك شارستانیەت نه‌یتوانیوه به‌چاخی كۆن بگات. چونكه شاره‌كانی چاخی ناوین له رێگای قه‌ڵاو شوراكانیهوه سەرەتا به‌شێوه‌یه‌كی چۆنیه‌ك و قه‌باره بچووك ده‌ستی پێكرد. شاره‌كانی چاخی ناوین جۆرێك له بڕیارگهكانی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و میرنشینه‌كان بوون. له‌میانه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك پیشه‌كاری ده‌ست و خزمه‌تكار له‌ده‌وروبه‌ریدا، ئیتر فراوان دەبوون. هه‌رچه‌نده چینی بازرگان تاودانی یه‌كه‌می له‌پێناو گه‌وره‌بوون و شكۆداری شار ده‌ست پێده‌كات، به‌ڵام زه‌حمه‌ته ئاواكردنی شارێكی نوێ ببینرێت كه به نموونه‌ی شاره‌كانی رۆما، ئه‌سكه‌نده‌رییه، ئه‌نتاكیا، دار -ئهلنوسهیبین، ئورفا-ئه‌دیسا بگات كه له‌سه‌رده‌می پێشووتر مابوونه‌وه. ئه‌گه‌ر له‌بواری چه‌ندایه‌تیه‌وه گه‌وره‌ییان تێپه‌ڕیش بكه‌ن، به‌ڵام له‌بواری بیناسازی و كارابوونهوه (په‌رستگا، شانۆ، ئه‌نجوومه‌ن، ئاگۆڕا، هیپۆردۆم، ئامفیتیاتر، گه‌رماو، سیستەمی زێڕاب ..هتد) هه‌رگیز به‌شكۆمه‌ندی شاره كۆنه‌كان ناگه‌ن. شارستانیەتی چاخی ناوین چادرێکەو له‌سه‌ر پاشماوه‌كانی چاخی یه‌كه‌م و كۆن ئاواكراوه. هێشتا شار به‌رامبه‌ر به گوند‌و لادێ زۆر له‌پێگه‌یه‌كی وه‌ها دووره باڵابوون به‌ده‌ست بێنێت. به‌رامبه‌ر به زه‌ریای پێكهاته‌ی گونده‌كان له ده‌ریا ده‌چوو. سه‌رباری ئه‌وه‌ی ناكۆكی ده‌سه‌ڵات و چینایه‌تی لهبونیادیاندا هه‌بوو، به‌ڵام شارەکان له‌ره‌وشێكی وه‌هادا نه‌بوون كه‌وا كێشه‌ی ژینگه‌یی دروست بكه‌ن. به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌هۆی پاوانه‌كانی سه‌رمایه‌وه سیسته‌می شارستانیه‌ت هێدی هێدی ژینگه‌ی دهكڕاند. چونكه خوێداركردنی خاك په‌یوه‌ندی به پاوانه‌كانی كشتوكاڵه‌وه هه‌بوو. ئه‌م ره‌وشه تا كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م به‌رده‌وام بوو و كێشه‌كانیشی قورستركرد.
قه‌یرانی سه‌ره‌كی شارگه‌رایی وه‌ك به‌رهه‌می شۆڕشی پیشه‌سازی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و ئیندوستریالیزم سه‌ریهه‌ڵدا. ئه‌مه رێكه‌وت نه‌بوو، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌سروشتی دژە-كۆمه‌ڵگای ئیندوستریالیزمهوه هه‌بوو. گرنگترین لایه‌نی شار كه له‌بواری ئیكۆلۆژییه‌وه هۆكاری كێشه بوو؛ په‌یڕه‌وكردنی دیالیكتیكێكی دابڕاو له‌ده‌وروبه‌ر بوو. هه‌رچی گونده له‌گه‌ڵ ژینگه‌دا راسته‌وخۆ لەناو پەیوەندیدا ده‌ژیا. به‌هه‌موو شتێكیه‌وه پێیه‌وه به‌سترابووه‌وه، هه‌روه‌ها باشی ده‌زانی كه خۆشی به‌رهه‌مێكی ژینگه‌یه. هه‌روه‌ك بڵێی به زمانی ژینگه(سروشت) قسه له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵ و رووه‌كه‌كان بكات، به‌مجۆره ژیانیان له‌گه‌ڵ به‌سه‌رده‌بات. وه‌ك زمانێكی هاوبه‌ش له نێوانیاندا پێكهاتبوو، ئه‌ویش زمانی كشتوكاڵ بوو. ئاواكردنی كۆمه‌ڵگاش به‌كاریگه‌ری قورسی ئه‌م زمانه بارگاوی ببوو. به‌ڵام له‌شاردا ره‌وشه‌كه پێچه‌وانه‌یه: چه‌نده‌ی ده‌چێت شار له كشتوكاڵ و ژینگه داده‌بڕێت. زمانێكی نوێ، زمانی شار پێشده‌خرێت. عه‌قڵانیه‌تێكی جیاوازی خۆی هه‌یه. هه‌نگاو به‌هه‌نگاو مه‌یلی به‌رامبه‌ر به عه‌قڵانیه‌تی ژینگه لاواز ده‌بێت. زمانی شار زمانێكه په‌یوه‌ندی به ئیشه‌كانی پاره، پیشه‌سازی، پیشه‌ی سه‌ربه‌ست و بازرگانیه‌وه هه‌یه. ئه‌قڵ و زانستی ئه‌مانه پێكدێنێت: له‌لایه‌ن ئه‌مانه‌وه پێكده‌هێنرێت. ئه‌مه رێڕه‌وی دیالیكتیكی پێشكه‌وتنی زمانی نوێیه. ئاشكرایه كه لێره‌دا زمان و زیهنیه‌تێكی باركراو به نامۆبوون و پڕ له ناكۆكی جێگای باسه. ئاواكردنی شار له‌و قۆناخه‌دا کولتوور‌و شێوه‌زارو جڤاته‌كانی كڵان، قه‌بیله، خێڵ، قه‌وم و لادێیی کۆمەڵگای پێده‌شته‌كانی ده‌گرته‌خۆ. زمانێكی زانست، هونه‌ر، ئایین و فه‌لسه‌فه‌ی تایبه‌ت به خۆشی ئاواكرد. له‌ئاستی چینایه‌تیشه‌وه دووپۆلێنی دیكه به‌ناوی ئهرستۆكراسی و ئه‌وانی دیكه پێكهاتبوو. شارگه‌رایی، باژێرگهرایی هێشتا نه‌ببوو به خاوه‌ن كه‌سایه‌تی. به‌ڵكو له‌ره‌وشی پاشكۆیه‌كی كۆمه‌ڵگای گشتی دابوو.
لە سه‌ده‌كانی نۆزده‌هه‌م و بیسته‌مدا ئه‌م هاوسه‌نگییه مێژووییه به‌ته‌واوی تێكچووه. بێگومان به‌یه‌كجار له‌ناكاو به‌م دۆخه نه‌گه‌یشتبوو. له‌سه‌ده‌كانی ده‌یه‌م -شازده‌هه‌مدا سه‌رله‌نوێ هه‌ڵكشانی شار (ڤێنسیا، جه‌نه‌وا، فلورهنسا، میلانۆ..هتد) له نیمچه دوورگه‌ی ئیتاڵیا، له‌سه‌ده‌ی سێزده‌هه‌مدا گوزارشت له گواستنه‌وه‌ی شۆڕشی بازرگانی ده‌كات له رێگای ئیتاڵیاوه بۆ ئه‌وروپا. شاره‌كانی ئیتاڵیا پێشه‌نگایه‌تی پرۆسه‌كه ده‌كه‌ن. له رێگای رێنسانسه‌وه ده‌خوازن دیسان له‌سه‌ر شوێن پێی رۆما گه‌وره‌ببن. كێبڕكێیه‌كی توند له‌نێوان شاره‌كان و ناوخودی شاردا رووده‌دات. ئه‌وه‌ی رووده‌دات شه‌ڕه له‌پێناو پێشه‌نگایه‌تیكردنی قۆناخی نوێی شارستانیه‌ت. وه‌ك بڵێی ته‌واوی ژیانی كۆن سه‌رله‌نوێ زیندووده‌بێته‌وه. به‌ڵام هه‌لومه‌رجه نوێكان ئەو ژیانە ده‌گۆڕێت. له رێگای لاساییكردنه‌وه‌وه رۆمای کۆن ناکرێ و ناشێ رۆمای نوێ بئافرێنرێت. به‌م جۆره ته‌نیا به ئاستی كۆپیه لاوازه‌كانی رۆما ده‌گه‌یشتن. ئه‌زموونی پادشایه‌تی ناوه‌ندی و ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه‌ش به‌سه‌ركه‌وتن نه‌ده‌گه‌یشت. به‌ڵام هیچ گومانی تێدا نییه كه شاره‌كانی ئیتاڵیا له‌سه‌ده‌كانی ده‌یه‌م- شازده‌هه‌م له رێگای رێنسانسه‌وه رێبه‌رایه‌تی شارستانیه‌تی ئه‌وروپایان كردووه. هه‌م وه‌ك كڵێسا (كاسۆلیكی گه‌ردوونی) هه‌م وه‌ك مه‌یلی عه‌لمانی (سیكۆلار) ئه‌م رۆڵه‌ی بینیوه.
شۆڕشی شار له ئه‌ڵمانیا له یه‌كه‌مین قۆناخ‌دا له‌رێگای یه‌كێتی شاره‌كانی هانساتیك[1] (نزیكه‌ی 1250-1450 زایینی) ده‌ستی پێكردووه‌و ئەم شارانە شۆڕشی بازرگانی خۆیان ئه‌نجامداوه. قۆناخی دووه‌م (1400زایینی) له‌میانه‌ی پرۆسه‌ی مانیفاكتۆراوه به‌كاریگه‌ر بووه. كۆنفیدڕالیزمی شار تێكۆشانێكی دژوار به‌رامبه‌ر ناوه‌ندیبوون ده‌كات. ئه‌و تێكۆشان و راپه‌ڕینانه‌ی چه‌ندین گروپی لادێیی و كرێكاره نیوه‌چڵه‌كان، له‌بنه‌ڕه‌تیشدا گروپه‌كانی پیشهكاره سه‌ربه‌سته‌كان رۆڵیان تێدا بینی، نزیكه‌ی چوارسه‌د ساڵ به‌رده‌وام بوو. دوای قۆناخێكی زۆر خوێناوی له‌به‌ر هۆكاری ههمهجۆر (ئایدیۆلۆژی، رێكخستنی، پێشه‌نگایه‌تی) یه‌كه‌مین ئه‌زموونی كۆنفیدڕالیزمی دیموكراتی شار‌و پێده‌شته‌كان به‌رامبه‌ر مه‌یلی مۆنارشی ناوه‌ندی و مەیلی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه تێكشكا. ئه‌گه‌ر تێكنهشكابایه مێژووی ئه‌وروپا به‌شێوه‌یه‌كی جیاوازتر ده‌نووسرا. له ئه‌ڵمانیای فیدڕاڵی رۆژی ئه‌مڕۆماندا به‌شێوه‌ی پله‌به‌پله (تدریجی) و زۆر له‌سه‌رخۆ له فاشیزمی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌وه گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌م مۆدێله كۆنه جێگای باسه. بەڵام نەک بە سیفەتی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک بەڵکو بە شێوەی فیدرالیزمی بۆرژوازی.
شاره‌كانی هۆڵه‌نداو ئینگلته‌را ته‌قینه‌وه‌ی بنه‌ڕه‌تییان ئه‌نجامدا. ناوه‌ندێتی كردنیان بۆ سێ شۆڕش و به قووڵی ژیانكردنیان تێیدا رۆڵی له‌مه‌دا بینی. شۆڕشه‌كانی بازرگانی، فینانس و پیشه‌سازی له‌بنه‌ڕه‌تدا له ئه‌مستردام و له‌نده‌ن گه‌یشتنه سه‌ركه‌وتن. له‌هه‌ردوو وڵاتیشدا زۆر به‌ئاسانی كۆنفیدڕالیزمی كۆمیناڵ سه‌ركوتكرا. خه‌ڵكی گونده‌كان و شاره‌كانی دیكه به ئاسانی راده‌ستی ناوهندو ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه نه‌بوون. هه‌ربۆیه شۆڕشی سه‌ده‌كانی شازده‌هه‌م و حه‌ڤده‌هه‌می هۆڵه‌نداو ئینگلته‌را بوون به پێویستیه‌ك. ئه‌مستردام له‌سه‌ده‌كانی 17 و 18، له‌نده‌نیش له سه‌ده‌كانی 19 و 20 شاره پێشه‌نگه‌كانی ئه‌م قۆناخه شۆڕشگێڕیانه بوون. هه‌ردوو شاریش ناوه‌ندی جیهانی سه‌رده‌می نوێ بوون. سیسته‌می شارستانیه‌تی ناوه‌ندی جیهانیان به‌ڕێوه برد كه وه‌رچه‌رخانێكی مه‌زنی به‌خۆیه‌وه بینیبوو. ناوه‌نده‌كانی هێزی هه‌ژموونگه‌رایی بوون. ژماره‌ی دانیشتوان و ناكۆكیه‌كانیان به‌خێرایی گه‌وره‌بوون. بونیاده بنچینه‌ییه‌كه‌ی شێرپه‌نجه‌ی شار له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌م قۆناخه‌وه ده‌ستی پێكرد. به‌ڕیزه له‌میانه‌ی بونیاده نهخۆشهكهیانهوه بۆ فه‌ره‌نسا، وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات، روسیا، خۆرهه‌ڵاتی دوور، ئه‌مریكای لاتین، خۆرهه‌ڵاتی ناوین و ئه‌فریقیا گوازرایه‌وه. سه‌ده‌ی بیسته‌م ئه‌و "ماوه"یه بوو كه له مێژوودا باڵابوونی شار ده‌ستی پێكرد. ئیتر پارادایمی شاری سه‌رمایه‌داری جێگای شارستانیه‌تی كۆن و پارادایمیی دوازده هه‌زار ساڵی جیهانی كۆمیناڵی پێده‌شته‌كانی دەگرتەوە کە رۆڵی پێشەنگایەتی بینیبوو. چیتر شار ته‌نیا ناوه‌ندی پیشه‌سازی، فینانس و بازرگانی نه‌بوو، به‌ڵكو له‌هه‌مانكاتدا ناوه‌ندی هه‌ژموونگه‌رایی بۆچوونێكی جیهانیش بوو. ئه‌م پارادایمه كه له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه له رێگای زانكۆ‌و خانه‌كانی زانستی ئه‌كادیمی، نه‌خۆشخانه‌و به‌ندیخانه‌كانی، چین و بیرۆكراسیه‌كانی بوو به‌خاوه‌نی داموده‌زگا، له‌جیاتی بۆچوونی ناوه‌ندی جیهانی ئاخیرهتگهرایی[2] كۆن، له‌میانه‌ی تێڕوانینی پۆزیتیڤیستی ره‌ها هه‌وڵیدا خۆی زاڵ بكات. لە راستیدا پۆزیتیڤیزم ئایینی نوێی چینی بۆرژوازی بوو. به‌ڵام له‌میانه‌ی سوود وه‌رگرتن له‌و زانستانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی نائاسایی زیادیان كردووه‌و كرداری و خۆپێشكهشكردنی له‌ژێر ده‌مامكی "زانستگه‌رایی" سه‌ركه‌وتووتری ده‌بینی.
له راستیدا به‌هۆی ئه‌و بونیادانه‌ی شاره‌وه كۆمه‌ڵگا تووشی شێرپه‌نجه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بووه. ته‌نانه‌ت ئه‌رستۆش بیری له شارێكی ده‌هه‌زار كه‌سی نه‌كردۆته‌وه. سه‌د هه‌زار، ملیۆن، پێنج ملیۆن، ده ملیۆن، پازده ملیۆن، ته‌نانه‌ت ئامانج شاری بیست، بیست و پێنج ملیۆنییه! ئه‌گه‌ر ئه‌مه گه‌وره‌بوونێكی شێرپه‌نجه‌یی نه‌بێت، ئه‌ی چییه؟ ته‌نیا بۆ به‌خێوكردنی شارێكی به‌مجۆره له‌وانه‌یه له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا وڵاتێكی قه‌باره ناوین به‌خۆی و ژینگه‌كه‌یه‌وه له‌ناوببات. ئه‌م گه‌وره‌بوونه هیچ لۆژیكێكی نییه. ئاشكرایه كه شانبه‌شانی تێكدانی سروشتی شار‌و كۆمه‌ڵگا، جگه له تێكدانی سروشتی یه‌كه‌م هیچ ئه‌نجامێكی دیكه‌ی نابێت. هیچ وڵات و ژینگه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌ی ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن ناتوانن ئه‌م هه‌ڵاوسان و زه‌به‌لاحییه هه‌ڵگرن. هۆكاری راسته‌قینه‌ی وێرانبوونی ژینگه ئه‌م گه‌وره‌بوونه شێرپهنجهییهیه. ئیتر شارێك به‌یه‌كه‌وه وڵاتێك و گه‌له‌كه‌ی داگیرده‌كات، ده‌ستیان به‌سه‌ردا ده‌گرێت، وێرانیان ده‌كات و وه‌ك بڵێی ده‌یانكات به كۆڵۆنی. هێزی نوێی داگیركه‌ری شاره؛ پاوانه جیهانگیرییهكانی بازرگانی، فینانس و پیشه‌سازییه له‌شاره‌كاندا، باره‌گای پلازاكانیانه. ته‌گبیره ئاسایشیه‌كانی ئه‌م پلازایانهی له قه‌ڵاو شورا کۆنەكان كه‌متر نین، ئه‌م راستیه ده‌سه‌لمێنن.
چیتر ئیمپریالیزم و داگیركاریهكهی سه‌ده‌ی 21 له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتان نییه به‌ڵكو لهناوهوهیدایه. داگیركه‌ره‌كان ته‌نیا بیانیه‌كان نین، به‌ڵكو زیاتر هاوبهشهكانیانن. ته‌نیا پاوانه‌كانی سه‌رمایه نه‌بووه به جیهانگیری، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تیش بوون به‌جیهانگیری. چیتر جیاوازی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی جیهانگیری نه‌ماوه. ئینتیمای نه‌ته‌وه‌ییش هیچ گرنگیه‌كی نییه، هه‌مووی به هاوبه‌شییه. چیتر جیاوازی سه‌ربازی، ئابووری و کولتووریش واتای نه‌ماوه. زمانی هاوبه‌شی هەموویان ئینگلیزییه، کولتوورهكهیان کولتووری ئه‌نگلۆ-ساكسۆن، رێكخراوی سه‌ربازییان ناتۆیه، رێكخستنی نێو ده‌وڵه‌تیشیان (UN)ـە. چیتر یه‌ك و دووان نین، به‌ڵكو چه‌ندین نیویۆرك (ناوه‌ندی هه‌ژموونگه‌رایی ئه‌مریكا: له ساڵانی سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو سەرەی له له‌نده‌ن وه‌رگرت) و له‌نده‌ن له ئارادایه. ئێمه له‌سه‌رده‌می شاره جیهانگیریهكاندا ده‌ژین. شاره‌كانی سه‌رده‌می جیهانگیری به‌خێرایی بڵاوبوونەوەی خانه شێرپه‌نجه‌ییه‌كان هه‌ر ته‌نیا ژینگه له‌ناو نابات. ئه‌گه‌ر له‌بواری زیهنیه‌ت و شێوازی ژیاندا یه‌كێكی خه‌ڵكی مه‌ریخ هه‌بووایه، به‌هه‌رحاڵ به به‌راورد له‌گه‌ڵ خەڵکی ئەو شارانە زیاتر خه‌ڵكی دونیا ده‌بوو و له‌ویش سه‌یرتر نه‌ده‌بوو. ئه‌و رهسهنێتیهی هێنده له‌خه‌ڵكانی شار پێشنه‌كه‌وتووه، به‌رله له‌دایكبوون پووكاوهتهوهو به‌سه‌رچووه. خوازیاره له‌رێگای نمایشه‌كانی هاوچه‌رخێتی و مۆدێله‌وه راستینه‌ی هۆڤێتیهكهی بشارێته‌وه. به‌ربه‌ری راسته‌قینه شاره (فاشیزم، ژینۆساید، کولتووركوژی بێ سنوور، هه‌ره‌دوایی قڕكردنی كۆمه‌ڵگا). ئیتر هه‌رتاك و گروپێكی دڕنده (لهفاناتیكهكانی وه‌رزشه‌وه تا تووشبوونی ئایدز، له ئاهەنگە سهرشێتیهكانی گروپه بێناوهڕۆكهكانی مۆسیقاوە، لهبیرۆكراسی كۆمه‌ڵكوژ تا تاڵانكارهكانی بازاڕ، له‌وانه‌ی گرێدراوی هیچ پره‌نسیپێكی ئه‌خلاق نین تا ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته رۆبۆت، سه‌رشێته‌كانی وههم و چۆنیهكسازی و كۆمه‌ڵگای میدیاتیك) كه به‌ڕبه‌ڕه كۆنه‌كان (هیچ بڕوا ناكه‌م قه‌ومه كۆچبه‌ره‌كان بهڕبهڕبووبن)یان تێپه‌ڕكردووه، چیتر ناوه‌نده‌كه‌یان ناوچه پێده‌شته‌كان نییه، به‌ڵكو ناوهندهكانیان شاره، ته‌نانه‌ت خودی شار خۆیه‌تی.
بابلی چاخی مۆدێرن له‌ئارادان (حه‌یفه بۆ بابل، چونكه تا رووخانیشی هێشتا هه‌ر ره‌سه‌ن و پیرۆز بوو، خراپبوون سنووردار بوو). نازانرێت كه چۆن كۆتایی پێدێت. به‌ڵام ته‌واوی پێدراوه زانستیه‌كان پیشانیده‌ده‌ن كه هه‌ساره‌كه‌مان ناتوانێت ئه‌م دونیایه (ئه‌و دونیا سه‌یره‌ی خیانه‌تی له‌خۆی كردووه و بۆ له‌ناوبردنی ئیكۆلۆژیا به بڕیاره) هه‌ڵگرێت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دووباره بۆ پێدهشتهكانیش بگوازنه‌وه، ههرشوێنێكیان پڕ له‌نه‌خۆشییه. پێویسته زۆر باش ده‌ركی پێبكرێت كه كۆمه‌ڵگای شار به سنووری "قڕكردنی كۆمه‌ڵگا" گه‌یشتووه.
هیچ گومانی تێدا نییه كه ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تی و بونیاده ده‌وڵه‌تیه‌كان به‌رامبه‌ر به‌م ره‌وشه‌ی شار به‌رپرسیارن. قازانج و داهاته سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی شار كردیانی به به‌ڕبه‌ڕی بێڕه‌حم، به‌مجۆره جانهوارێتی (لویاتانی نوێ) شاری ئافراند. ئاشكرایه كه پێویسته ته‌واوی كۆمهڵگاو خه‌ڵكی شار به‌رامبه‌ر به‌م ره‌وشه به به‌رپرسیار نه‌بینرێن. به‌ڵام ته‌ڕیش له‌گه‌ڵ وشك پێكه‌وه ده‌سووتێت. له‌م سۆنگه‌یه‌وه؛ گه‌ڕه‌كه‌كانی ته‌نیشت شار‌و "كرستیانه نوێكانی "شار ناچارن رێگایه‌ك بدۆزنه‌وه. ئه‌گه‌ر نا، له‌لایه‌ن هه‌زاران نیرۆنی لهنیرۆن ترسناكتر دووچاری دۆخێكی خراپتر له‌سووتان ده‌بنه‌وه. پێویسته بیر له رزگاركردنی ئه‌و ئه‌قڵ و ئه‌خلاق و جوانیه‌ی شار بكرێته‌وه كه به‌شێوه‌یه‌كی سنووردار ماوه‌ته‌وه. ئیتر هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی كۆمه‌ڵگا ناچاره ئه‌و كێشانه له‌ناوه‌ندی ئه‌جندای خۆیدا دابنێت كه له‌شاره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن (له‌مێژه بوونه به‌نه‌خۆشی). هه‌رگیز ناتوانرێت ئه‌و راستیه پشتگوێ بخرێت كه ته‌نیا له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌توانین چاره‌سه‌ری واتادار سه‌باره‌ت به ته‌واوی كێشه‌كانی ئیكۆلۆژی و كۆمه‌ڵگا پێشبخه‌ین. سه‌باره‌ت به وێرانبوونی دونیا‌و كۆمه‌ڵگا با چیتر له‌هۆكاری دیكە نه‌گه‌ڕێین، ته‌نیا ئه‌و کێشانه‌ی سه‌رچاوه‌ی خۆیان له‌شاره‌وه وه‌رده‌گرن، هه‌رله‌ئێستاوه به زیادیشه‌وه ئه‌م رۆڵه ده‌بینین.
بەردەوامە…
[1] هانستیك یان هنسا(Hansatik): شاری سه‌ربه‌خۆ و ئازادی ئه‌ڵمانیان، هه‌روه‌ها وه‌ك زانكۆ ده‌ناسرێن. باڵاده‌ستی خۆی به‌سه‌ر بازرگانیدا سه‌پاندبوو، هه‌روه‌ها ببوو به بنكه‌ی بازرگانه‌كانی رێگای ده‌ریایی (وەرگێڕ).
[2] ئاخیرهتگهرایی (Eschotology): باوه‌ڕهێنان به ئاخیره‌ت و زیندووبوونه‌وه و حیساب(وەرگێڕ).