• تاگەکان: , ,

    ژنێک رۆژی دەکات بە شەو و

    9 ئازار, 2020

     

    ژنێک رۆژی دەکات بە شەو و

    تەمەنی تاو تاو لوول دەکات

    لە چەرخەکانی ماشینێک

    کە تەمەنی قوتار ئەوات!

    پیاوێک بە پیاوەتی پووشاڵیەوە

    شەوان لە قومارخانەیێک

    بەرهەمی ڕەنجی ژنێک

    ئەڕژێتە پێی لەشفرۆشێک!

    ***

    دەردەکەوێ و

    رۆژباش لە مانگەشەو ئەکا و

    چەپکێ گوڵی ڕەنج و خەندە

    بەدیاری بە رۆژ ئەدات!

    تارمایی گوند بەجێ دێڵێ و

    هاوشانی پیاوێک کار دەکات!

    پیاوێک با دەکاتە باڵی و

    ژنێک ئەکڕێ

    بە پارەی ڕەنجی ژنێک!

    ***

    لە شەقامێکی شاردا، ژنێک چەپک چەپک

    گوڵ ئەفرۆشێ

    تا منداڵە چاوەڕوانەکەی تێر بکات

    لە گۆشەیێکی شاریشدا

    کۆمەڵێ پیاو بە دەور مەنقەڵی مردن دا

    پارەی گوڵ ئەکەن بە دووکەڵ!

    ***

    هەموو رۆژێ رۆژی ژنەو

    هەموو رۆژێ رۆژی ڕەنجەو

    هەموو ڕۆژێ ڕۆژی ژانە

    هەموو ڕۆژێ ژن ڕەنج ئەفرۆشێ

    و ژان ئەکڕێ!

    هەموو شەوێ ژن گوڵێکی جوانکیلەیە

    بۆنی پێوە دەکرێ!

    رۆژگارێکە ژن  یانێ گوڵ!

    واتا خواردن!

    شوێن و پەناگەی ئارامی!

    دایک!    خوشک!

    ژن!       کچ! 

    ئاااااخ لە ژن بوون!

    چ دەردێکی بێ ئامانە!

    چ ژانێکی بێ دەرمانە!

    لێرە ژیان لە تاڤگەی قژی ژنێکەوە

    هاتە خوار و

    رووباری ژیانی ئافراند!

    ئەم خوداوەندە شیرینە

    قەت بە خەیاڵیا نەدەهات

    ئەو رووبارە لە خۆباییە

    کانی ژیان بخنکێنێ!

    ژنێک لە بەر پەنجەرەیە و

    پرچی خەمی شانە ئەکات

    ڕوانینی ئەڕوات بەرەو دوور

    ڕۆندک لە چاوی لا دەبا

    لای لایەی هیوا ئەهۆنێ

    بۆ کۆرپەی نوێ لە دایک بووی!

    هەتاوێکی نوێ دەرکەوت

    هەوری کۆیلەیی ڕاماڵی

    تیشکی باراند بە گەردوونا

    بە مانای کرد وەک ژن ژیان!

    تەوارێک دای لە شەقەی باڵ

    پشتی کردە گەناوی شار

    چەکی گەریلای کردە شان

    بووە هاوڕێی چەک و چیا

    شەکاندی ئاڵای بەرخۆدان

                                                 ئارین زانا

     



    کژار