• تاگەکان: ,

    هەلومەرجی دەستپێکردنی ٨ی ئادار

    4 ئازار, 2020
    ژیان تۆڵهەڵدان
    رۆژی  ٨ی ئادار(مارس) لە سەرجەم ژنە رەنجدەرەکان پیرۆز بێت
     
    مێژووی ٨ی ئادار(رۆژی جیهانی ژنانی رەنجدەر) زۆر بە ئێشە. رۆژی ژنانی رەنجدەر لە دژی سەرمایەداری سەدەی ١٨ دەرکەوتووە و لەناو سەدەیەکدا لە هەموو جیهان بڵاو بووە و بە بێ سام هەر جێگایەکی داگرتووە و وەکوو کاردانەوەیەک هاتۆتە مەیدان. لە ٨ی ئاداری ساڵی ١٨٥٧دا لە شاری نێتوۆرکی ئەیالەتە یەکبووەکانی ئامریکا لە کارگای کۆتۆنی تێکستیل(ریستن) دا ٤٠٠٠٠ ژنی رەنجدەری رێسەر بۆ ئەوەی کە هەلومەرجی کار و خەبات پرۆتێستۆ بکەن دەستیان بە مانگرتن کرد. 
     
    بۆ ئەوەی ئەم مانگرتنە بشکێنن هەتاکوو لە ئاڵانەکانی تردا بڵاو نەبێتەوە؛ بە شێوەیەکی هۆڤانە هێرش دەکرێتە سەریان؛ پۆلیس بۆ ئەوەی ژنان لە کارگا دەرنەکەون دەرگای کارگاکەیان لەسەر دادەخات؛ لەم کاتەدا ئەو رووداوەی کە روودەدات ئەوە نیشان دەدات کە سەرمایەدارگەلێک کە لە دەرەوەی قازانج کردنی پارە چاویان شتێکی تر نابینێت، دەتوانن چی بکەن: کارگا لە ناکاو دەسووتێت. ژمارەیەکی زۆر کەمی ژنانی رەنجدەر دەتوانن خۆیان لە سووتان نەجات بدەن. ١٢٩ ژن کە لەناو کارگادا بوون بە هۆی ئەوی  پۆلیس ئابلۆقەیان دابوون، ناتوانن لە کارگا دەرکەون و لەناو ئاگردا دەسووتێن و گیانیان لە دەست دەدەن.
     
    ئەم رووداوە دووپات بوونەوەی مۆدێڕنی ' نێچیری سێحربازان'ـــە کە لە سەردەمی پێشدا لە ئەوروپا و ئامریکا روویداوەیە و دەتوانین بڵێین لەوی بۆولاوەتریشە، ئەوە نیشان دەدات کە  پیاوی سەردەستی سەردەمی سەرمایەداری کاتێک هەستی بە مەترسی لەسەر دەسەڵاتی خۆی کرد دەتوانێت چی بکات. لە ساڵانی دوای ئەوە ژن لە دژی سەرمایەداری دەست بە خۆ رێکخستن دەکات. لە ٢٦-٢٧ی ئاداری ١٩١٠دا لە کۆپێنهاگ؛ گرێدراو بە ئینتێرناسیۆنالان دوویەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ژنانی سوسیالیست پێک دێت. پێشەنگی پاڕتی سوسیال دیموکراتیکی ئاڵمانیا کلارا زێتکن لەناو کۆنفڕانسدا بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەو ژنانەی کە لە ٨ی ئاداری ١٨٥٧دا لە کارگای تێکستیل گیانیان لە داست دابوو، بۆ ئەوەی ٨ی ئادار وەکوو رۆژی ژنان وەبیربهێندرێتەوە، دەیکاتە رۆژەڤ و ئەو پێشنیازە بە یەکبوونی دەنگان پەسەند دەکرێت. 
     
    رۆژی ژنان لە زۆر وڵاتان دا هەر ساڵ پیرۆز دەکرێت. لە ساڵانی سەرەتادا بە هۆی ئەوەی رێکەوتی ئەم رووداوە دیار نەکرابووم هەر ساڵ لە سەرەتای بەهاردا لە زۆر وڵاتان پیرۆز دەکرا. بڕیاری  ٨ی ئادار وەک رۆژی جیهانی ژنان لە ساڵی ١٩٢١دا لە مۆسکۆ لە سێیەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی ژنان دا دیار دەکرێت. لە دوویەمین کۆنفڕانسی نێونەتەویی ژناندا ٨ی ئادار وەکوو رۆژی جیهانی ژنانی رەنجدەر پێشنیاز دەکرێت. لە سێیەمین کۆنفڕانسدا بڕیار دەگیرێت کە ئەم رۆژە وەکوو رۆژی ژنانی جیهان ناوزەد بکرێت. پێکهاتەی نەتەوە یەکبووەکانیش لە ١٦ی کانوونی ١٩٧٧دا پەسەندی دەکات کە رۆژی ٨ی ئادار وەکوو رۆژی جیهانی ژنان پیرۆز بکرێت. دوێینێش و ئەمڕۆش ژن وەکوو چینی دوویەم دەدیترا و دەدیترێت، ڕووبەڕووی ئەشکەنجە دەبێتەوە، دەستدرێژی لەسەر دەکرێت، داگیر دەکرێت، وەکوو ئۆبژەیەکی رەگەزی بەکار دەهێندرێت و بە کاڵا دەکرێت. بەرپرسیاری دەسپێکی ئەم دۆخە دژە مرۆڤە کە تەواوی هەبوون بە کاڵا دەکات، لە نێوان مرۆڤاندا هەر جۆرە پەیوەندییەکی مرۆڤایەتی لەناو دەبات و وەریاندەچەرخێنێت بۆ پەیوەندی پارە و بێ بەهایان دەکات؛ سیستەمی سەرمایەی فینانسی جیهانگیرییە.
     
    ئێمە لە سەردەمێکی وەها دا ژیان دەکەین کە زیهنییەتی سەروەر لە هەموو جیهان رۆژەڤەکانی لەمەڕ ژن لە رۆژەڤ دەردەخات. ناوەڕۆکی ٨ی ئادار پووچەڵ دەکاتەوە و تەنانەت لە رۆژێکی وەهاداش ژنێتی بەکار دێنێت و داگیرکاری خۆی بەردەوام دەکات. ئەمڕۆ یاخود لە رۆژی ٨ی ئادار دا لە کارگای کۆتۆنی تێکستیل ئەو ژنانەی کە قەتڵ کراون وەبیرناهێندرێنەوە و بە زانابوونەوە لە بەر چاوان دوور دەکرێنەوە؛ باس لە شەڕ، ئەشکەنجە و داگیرکاری ناکرێت؛ بەردەوامکردنی ئەمپڕیالیزمی سەدان ساڵە و لە رۆژی ئەمڕۆماندا هێرش و توندوتیژی شەرمەزار ناکرێن. لە لایەن دەزگا حاکمەکان کە ژن بچووک دەبینن و داگیرکردن لەسەر کردەوەکانی ئەوان دەکرێت ئەم شتانە دەپارێزرێن. 
     
    مەخابن ئەو کەسانەی کە ئەوانە دەکەن لە رۆژی ٨ی ئادار دا بە سەری زمانیانەوە باسی مافی ژنان دەکەن. لە هێندێک جێگایاندا کاتێک باس لە کێشەی ژنان و مافی ژنان دەکرێت بابەتەکە دەگەڕێننەوە بۆ مافی گشتی مرۆڤان و کێشەی گشتی مرۆڤان. ئەو کەسایەتییانە کە ئەم نزیکایەتییانە دەکەن نیشاندەری ئەوەن کە خوازیارن کێشەگەلێک کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە حەشاردەن و رێگا لەبەردەم نزیکایەتییەکی سەرانسەر دەکەنەوە. بە کورتی، دووڕوویی سەروەری خۆیان بەردەوام دەکەن. لە کاتێکی وەهادا کە شەڕ، مەکانیزمەکانی داگیرکاری، ئەمپڕیالیزم، دەزگاکانی هیارارشی، هەر جۆرە زیهنییەتێکی ئانتی دیموکراتیک، جیاوازکاری، نەنژادپەرەستی، بیانیکردن و یەکسانی نەخوازی هەیە و ناکرێتە رۆژەڤ، مافی ژنانیش، رۆژی ژنانیش، جیهانێکی بێ داگیرکارییش لە قسەدا دەمێنێتەوە.
     
    بە تامەزرۆی جیهانێک کە بە تەواوەتی ساکاری خۆیەوە باس لە راستی دەکرێت، مرۆڤەکان لە پشت دەمامکەکان خۆیان نەشارنەوە، هەموو مرۆڤایەتی لە دژی داگیرکاری، دەسەڵاتدارێتی، ئەمپڕیالیزم و شەڕ خۆڕاگری دەکات؛ ٨ی ئاداری سەرجەم ئەو ژنانەی کە لە دژی داگیرکاری رادەوەستن پیرۆز دەکەین. 
     


    کژار