• تاگەکان:

    "ئاپۆ" رۆحی شۆڕشی کوردستان

    13 شوبات, 2020

    ئەوین رێناس

     چیرۆک دەڵێت؛ خوداوەند ماردۆک سەرجەم خودایانی لە دەوری خۆی کۆ کردەوە و لە دژی تیاماتی دایکی کە ژنە خوداوەندێک بوو؛ دەستی بە شەڕێک کرد. بە یارمەتی هەموو خودایان بە زەبرێک ماردۆک، دایکی خۆی کوشت، عەرز و ئاسمان بەمشێوەیە دروست دەبن و لە چاوانی دایکە خوداوەند تیامات ئەسرینی ژان دێنە خوارێ. فرمێسکی چاوێکی دەبێتە چۆمی دیجلە و فرمێسکی چاوەکەی تری دەبێتە چۆمی فورات. بە ئاڵانێک کە لە نێوان هەردوو رووباران دایە دەڵێن مێزۆپۆتامیا و بە وڵاتی سەر ئەم خاکەش دەڵێن کوردستان.

    راستییەک هەیە کە بە گشتی پەسەند کراوە، کە دەگووترێت:" چارەسەری دوینێ، کێشەی ئەمڕۆکەن" و هەروەها دەشڵێن:" جوگافیا چارەنووسە." ئەم دوو راستییە کە گرێدراوی یەکتریشن هەرە زۆر لە کێشە و جوگرافیای کورد و کوردستان دا بەدی دەکرێت. کێشە و شەڕێک کە ئەمڕۆ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە ناوەندی ئەویش کوردستانە؛ روودەدەن سەلمێنەری ئەمەن. چارەسەریگەلێک کە دەسەڵاتدارە سەردەستەکانی دونیا لە سەدەی بیستەم دا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان لە دەوروبەری مێزێک بە نەخشە دیاریان کردبوو؛ هەتا شەڕی سەدەی بیستویەکەمیش لەنێو خۆیدا ئاسێ ماوەتەوە.

    بەڵام کراسێک کە لەبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانیان کردبوو؛ ئیدی بۆی تەنگ بۆت و تەقەڵی کراسی رۆژئاوایی کە لەبەریان کردبوون هەڵدەوەشێت و دەدڕێت. کوردستانێک کە لە نێوان چوار وڵاتان دا پارچە کرابوو، هێزی نەمابوو، سەری دانەواندبوو و هەروەها لە هەر هێڵێکەوە دەتوایەوە، لە هەر تاقی کردنەوەیەکی سەرهەڵداندا، بە شێوازێکی هەرە دژوار وەبەر پێیان دەکەوت. زمانی هەزارساڵانەی قەدغە دەکرا، لە بواری ئابوورییەوە لەبەر مان و نەمان بوو و لە دواییدا لەسەر کێلی گۆڕێک نووسیان:" کوردستانێک کە خیاڵیان دەکرد لەبن ئەم قەبرە دایە." ئاڵای سەرکەوتنیان هەڵدەدا بەڵام، ئەم خاکە کۆنە کە پێیان دەگووت مێزۆپۆتامیا، ئەو وڵاتەی کە لەنێوان دوو رووباراندایە و پێی دەڵێن کوردستان، ئەو کلتوورەی کە بە شیری دایکە خوداوەند بەخێو کرابوو لەناو بردنێکی بەمشێوەیان پەسەند نەدەکرد و لە ئامێزی خۆیەوە رۆڵەیەکی بە ناوی عەبدوڵڵای دیاری کرد. لە نێو ئەو تارماییەی سەدەی بیست دا کە وەکوو کفن کوردیان تێپێچابوو؛ لە کەسایەتی ئەم  ئەولادەدا، تۆڵە نە تەنیا لە دەسەڵاتدارانی کۆردستان دەستێنێت بەڵکوو تۆڵەی هەموو چەوساوەکان کە بە هەزاران ساڵە دەسەڵاتداران و سەروەرانی نادادپەروەر، بێ ئەخلاق و بێ ویژدان ئەوانیان بە زنجیری کۆیلێتی بەند کردووە، دەستێنێت.بە وێنەی نازناوی کە بە واتای تۆڵهەڵدانە، دەستی بە ژیانێک کرد. ئەم ئەولادە دیارییە، لە دەوروبەری خۆی قارەمانانی کۆ کردەوە و ژیلەمۆیەک کە لەبن خۆڵەمێشدا خەریک بوو دەکوژایەوە لە سەدەی بیست دا ئاگری نەورۆزی هەڵکرد. ئیدی کاتی مێژوویەک لە ئاگر، خۆڕاگرییەکی بەرز، رێوەچوونێکی بە وێنەی پۆڵا؛ دەستی پێکرد. ئەوان هیوا بوون، ئەوان بڕوا بوون، ئەوان خۆڕاگر بوون، ئەوان داهاتوو بوون، ئەوان تۆڵهەڵدان بوون، ئەوان شەڕ بوون، ئەوان وەکوو ناوی ئاپۆچی بوون. دروشمی ئەوان نوسراوەی سەر کێلەکەیان بوو کە دەیگووت:" بنووسن قەرزداری گەلەکەیەتی" و هەروەها لە نێو زیندانە مردووخانەکان دا خۆڕاگری رێ نیشاندەر بوو. کێ خۆڕاگری کردبا فەرماندار ئەو بوو. ئاپۆیی رۆحێک بوو و خۆڕاگری ناسنامەیەکی هەرە بەهێزی ئەم رۆحە بوو.

    ئامانج دیار بوو، کە ئەویش ئازادی بوو. بە گوێرەی ئەوە بە ژیر و پێش دەتنێکی بەهێزی کورتەماوە و درێژماوە هەڵمەتگەلێک کە پێشکەوتن، رۆژ بە رۆژ ئەو ئاگرەی گوڕتر و بەهێز تر دەکرد.  لە ساڵانی ١٩٨٤ـەکاندا بە تەقاندنی فیشەکی یەکەمین، ئیدی دەنگی شەڕی ئازادی لە هەر جێگەیەک دەنگی دایەوە. ئازادی، بە شەڕی پچڕاندنی زنجیر و کۆت و بەندان مەیەسەر دەبوو. ئیدی کۆمەڵێک لە شەڕڤانانی ئازادی کە لە لایەن رێبەرەکەیانەوە ئامادە کرابوون، رەنگ و شێوازێکی نوێی خۆڕاگریان لەسەر خاکە پیرۆزەکەیان نیشان دا. لەسەر خاکی کوردستان شتێک کە قەومابوو، بە وشەیەک دەتوانرێت پێناسەی بکرێت؛ ژیانەوە! دەنگی ژیانەوەی گەلی کورد بانگی گەلانی ژێردەست بوو. دەنگی ژیانەوەی گەلی کورد، بە هەبوونی کوردەوە هیوای گەلان بوو. دەنگی ژیانەوەی گەلی کورد بە یەک ئاوازەوە بانگکردنی سەرۆک ئاپۆ بوو کە بەوێنەی دروشم لە هەر ئاڵانێک بەرز دەبووە. دەنگی ژیانەوەی گەلی کورد بزە و هەڵپەڕکێی شەهیدانی نەمر بوو. دەنگی ژیانەوەی گەلی کورد رێکخستنێک بەناوی پەکەکە بوو. دەنگی ژیانەوەی گەلی کورد تلیلیلی دایکانی کورد بوو.

    هەڵبەتە ئەو دەنگەی کە کوردان بە تاسەوە چاوەڕوانی بوون، بۆ دەسەڵاتداران لەرزینی سەروەری هەزاران ساڵەیان بوو و دەنگدانەوەی ئەم دەنگەش سامێکی هەرە گەورەبوو بۆیان. هەروەها سیستەمی جیهانی سەرمایەدار لە نێو قەیرانێک دابوو. سەدان ساڵ پێشتر تەمەنی خۆی بە دوو شەڕی جیهانی درێژە پێدابوو. بۆ کوردان، چوارپارچە بوونان بەڕەوا دیتبوو بەڵام، کێشەکە تەنیا بۆ ماوەیەک بێ دەنگ کرابوو. سیستەم خوازیاری نوێبوونەوەیەک بوو و ئیدی کراسەکەی بەری بۆی تەنگ بوو. بە دەستتێوەردان لە هەر چوار قوڕنەی دونیا هەوڵی دەدا کە بۆ ئەم قەیرانە بنگەییەی خۆی چارەسەرییەک بدۆزێتەوە. لە ئەوروپا، لە ئامریکای لاتین و لە هێندێک شوێنی قاڕرەی ئاسیا دا بە هێندێک دەستتێوەردانان خوازیار بوو کە رێگای هەناسەی خۆی بکاتەوە بەڵام، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ سیستەم بەواتای هەبوون و نەبوون بوو. هەروەک چۆن سیستەمی ٥هەزارساڵە، خۆی لەسەر هەمان خاک ئاوا کرد، دیسان لە رۆژی ئەمڕۆشماندا لەسەر هەمان خاک یا پێویست بوو لەنێو چووبا یان چارەسەرییەکی بۆ قەیرانەکەی دۆزیبایەوە. بە گوێرەی ئەم راستییە لەلایەن هێزە جیهانگیرییەکان بڕیاری دەستتێوەردان لە رۆژهەڵاتی ناوین درابا. هێزە سەروەرەکان بە هەزار و یەک پلان و گەمەیان کەوتنە نێو ئەم دەستتێوەردانانە.

    لە بەرامبەر بەم پلانەی ئەوان بێجگە لە دەنگی ژیانەوەی گەلی کورد بە سەرپەرەشتی رێبەر ئاپۆ، هێزێک کە توانی بی لە بەرامبەر بەم دەستتێوەردانانە راوەستێت؛ نەبوو. دەنگانی ناڕازی بە تەنیا دەمان و لە رێکخستن بێبەش بوون بەڵام، بۆ ئەم دەستتێوەردانانە ئاستەنگی هەرە جددی سەرۆک ئاپۆ بوو. پەکەکە بزوتنەوەیەکی ئاپۆیی بوو. وایان حیساب کرد کە ئەگەر سەرۆک ئاپۆ پاکتاو بکرابا، پەکەکەش یا پاکتاو بووبا یان بکەوتبا ژێر خزمەتی هێزێکی سەروەر و بووبا بە چەکێک لە بەرامبەر دەنگی ژیانەوەی گەلی کورد. لە ئەزموونە مێژوویەکان بەردەوام دەرئەنجامی بەمشێوەیەیان بەدەست خستبوو. بەمشێوەیە ستارتی پیلانگێڕی نێودەوڵاتیان لێدا و تەونی زائینی خۆیان پێکهێنا.

    قۆناغی یەکەمی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی خاوەن بنگەیەکی قووڵ بوو بەڵام لە بواری پراکتیزەکردنی لە چوار مانگان دا تەواو بوو.بە دەرکەوتن لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دواتر بەرەو روسیا، ئیتالیا، روسیا ، دواتریش بەرەو کەنیا چوون و لەوێوەش رفاندن بەرەو تورکیە بەگشتی چوار مانگی خایاند. لەم چوارمانگانەدا ئەم چەند شتە روودان و ئەم چەند گەمەیە کردن، بێ حیساب و بێ پیوانە. لەم چوارمانگانەدا کوردان دیسان رووبەڕووی بڕیاری سەدان ساڵەیان بوونەوە و دیسانیش رووبەرووی خیانەت بوونەوە. ئەگەر بگوترێت کە هەر کوردێکی بە شەڕەف، نیشتمانپەروەر و دڵداری ئازادی لە نێو ئەم چوار مانگانەدا بە ئەندازەی ١٠ساڵ پیر بوو، گووتن جیگای خۆی دەگرێت. لە کەسایەتی مرۆڤێکدا مێژووی گەلێکیان لەنێو چوار مانگان دا سەر لە نوێ ژیاندەوە.

    ئەو کاتە لە مێژوو دا وەکوو یاخیبوونی "گەل"ێک لە بەرامبەر چارەنووسێک کە بۆیان پلان کردبوو و کایەگەلێک کە بە کارەساتەوە پێشخسترابوون، جێگای خۆی گرتووە. ئەو گەلە ماوەیەکە کە یاخی بوونی خۆی لەبەرامبەر هەموو دونیا بە خۆسووتاندن نیشان داوە. گەل نەخەوت، نەچووە بۆ ماڵی خۆی، هەر رۆژ رێپێوانی دەکرد، دەستی بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کرد، بە سەدان کەس خۆیان سووتاند، مردنی رەچاو کرد و دەستی بەسەر پێکهاتەکانی دەسەڵاتداران دا گرت. خەمباری ئەو کاتەی کوردان لە هەمانکاتدا بوو بە کاتی وشیاربوونیشیان. هەڵبەتە بیرەوەری ئەو قۆناغە، خیانەتێک کە روویدای لەبیر ناچێتەوە. سەرەڕای هەر شتێک دیسانیش گەلی کورد رێپێوانی ئازادی خۆی بەردەوام کرد. وەک ئەوەی کە ئاواتەخوازی بوون تێکۆشان رانەوەستا و رادەست بوون رووینەدا، بە پێچەوانەوە  بەهێزتر لە پێشوو و بە بڕیارەوە لە سەر هێڵی ئازادییان بەڕێوەدەچن و هەرگیز لە بەرامبەر هێزە پیلانگێڕەکان رق و نەفرەتیان لەدەست نەدا.مێژوو بەم رووداوەوە روژێکی رەشی تری  لەسەر مێژووی داگیرکاری، ئیمپریالیست و نۆکەرێتی زیاد کرد.

    لەم رۆژە بەولاتر لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆ دا بۆ سەرجەم گەلی کورد و مرۆڤایەتی بندەست و دادخواز و دیموکراسیخواز قۆناغێکی زۆر دژوار، قورس و توند بەڕیوە دەچوو. لە مێژووی گەلی کورد دا وەکوو پلانی هەرە رەش و تاریک جێگای خۆ دەگرێت. لە لایەکەوە بەرەی گەلێکی فاشیست و لە لایێکی ترەروە بەرەیەکی بێ هاوتای خۆڕاگری لەنێو شەڕێکی دژوار دابوون. لە هەر چوار پارچەی کوردستان، ئەوروپا و لە هەر دەڤەرێک کە گەلی کوردی لێبوو، سەرهەڵدانگەلێک کە هەتا ئێستا وێنا نەکرا بوو؛ پێک دەهاتن. لە نێو ئەواندا بە سەدان کەس ئەوانەی کە کورد نەبوونیش هەبوو، کادیرانی پەکەکە و کەسانی نیشتمانپەروەر لە دەوری رێبەرەکەیان بوون بە بازنەیەک لە ئاگر. رێبەرەکەیان بە ئاگری جەستەیان پاراست. ئەمەشیان بە دروشمی" ئێوە ناتوانن رۆژی ئێمە تاریک بکەن" نیشانی هەموو دونیایان دا. لە بەرامبەر بە خیانەت و فاشیزم، دیسان رۆژ رۆژی خۆڕاگری بوو و گەلی کورد بەهەر حوجرەیەکی خۆیەوە ئەمەی پێکهێنا.

    گەلی کورد بە بڕیار بوو بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەو چارەنووسە رەشە دووپات نەبێتەوە؛ چونکە بەردەوام سەرۆکانی گەلی کورد رووبەڕووی کوشتن، قەتڵ کردن، لەناوبردن، لە سێدارەدان و یەخسیرکردن بوونەتەوە. ئیسماعیل ئاغای سمکۆ، پێشەوا قازی مەحەمەد، سانی هەورامان، شێخ مەحمودی حەفیت، شێخ سەیدی پیران، سەید رەزا، ئیحسان نووری پاشا و شێخ عوبەیدوڵڵاهی نەهری، لەو سەرۆکانە بوون کە بۆ گەلی کورد تێکۆشانیان کرد بەڵام، مەخابن لە تێکۆشانیان دا بە تەنیا مان، بۆ ئەمەش رووبەڕووی چارەنووسێکی بەمشێوەیە مەرگەسات بوونەوە.

    رۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لەو بەشانەی کوردستان بوو کە هەرە زۆر لەم بوارەدا خاوەن ئەزموون بوو. برینی گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان ‌هێشتا زۆر قووڵ و نوێ بوو؛ تێکۆشان و داخوازی گەلی کورد بۆ هەبوون و ئازادییان ئەزموونێکی بە وێنەی کۆماری کوردستانی ئاوا کردبوو بەڵام، دوژمنانی گەلی کورد هەرگیز دەستبەرداری سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردنی گەلی کورد نەبوون. تەنیا ئامانجی دەوڵەتە داگیرکەرەکان ئەوە بوو کە کوردستان پارچە بکەن و گەلی کورد لە ژێر چەنگی قڕکردنی خۆیاندا بیهێڵنەوە. بۆ ئەوەی ئامانجەکەشیان پێکبێنن بە درێژایی مێژوو هەتا ئەمڕۆکە چی لەدەستیان هات، کردیان. رژیمە داگیرکەرەکان ئیدی لەو بڕوایەدابوون کە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا گەلی کورد سەرکووت کراوە و ئەو هێز و توانایەی ئەوان نەماوە کە جارێکی تر راپەڕن. ئیدی ئەو ئاگرەی کە لەسەر شەقامان هەڵکرابوو، کوژابۆوە. ئیدی لە شەقامەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بایەکی سارد دەهات. لە دوای ساڵانی درێژ ئەو با ساردە لە کۆڵانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا وەرچەرخا بۆ ئاگرێکی بەتین. ٣ی رەشەمێی ساڵی ١٣٧٧ لە منداڵان هەتا پیران، لە ژنان هەتا پیاوان؛ هەرکەس لەم رۆژە رەشەدا خرۆشابوونە سەر شەقامەکان. بە یەکدەنگی بانگیان دەکرد:" باکوور، باشوور، رۆژهەڵات یەک خەبات و یەک وڵات." ٣ی رەشەمێ بۆ گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو بە ژیانەوەیەکی نوێ.

    گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەوانەی کە لەدوای پیلانگێڕی ٢٦ی رێبەندانی ١٣٧٧ شەپۆل بە شەپۆل بەشداری ریزەکانی گەریلا ببوون، بە گوێرەی فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیای رێبەر ئاپۆ خۆیان بە رێکخستن دەکرد. ئەو گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە هەرە زۆر ئێشی بێ سەرۆکایەتییان دیبوو و شاهیدی لەناوبردنی حیزبی کوردی و سەرۆکەکانیان بووبوون؛ جارێکی تر نەیاندەویست کە ئەم مێژوویە دووپات بێتەوە. کلتووری گەلی خۆڕاگر کە بە هەزاران ساڵ وایکردبوو کە گەلی کورد هەبوونی خۆی بپارێزێت و لەبەرامبەر دوژمنی خۆی چۆک دانانێ، جارێکی تر زیندوو بووە. بزوتنەوەی ئاپۆیی و بیر و فەلسەفەی ئاپۆیی بوو بە روناکییەک کە رێگای گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستانی روناک دەکرد. بەم بڕوایەوە گەنجان و ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەربوارێکەوە لە هەوڵدانی ئەوە دابوون کە ئەم پیلانگێڕییە پووچەڵ بکەنەوە. لە مێژوودا بەردەوام لە دوای هەر قەتڵ کردن، لەسێدارەدان و تیرۆر کردنی سەرکردە و رێبەرانی کورد، سەرهەڵدانی ئەوانیشیان دەچەوساندنەوە و بەمەوە گەلیان بێدەنگ دەکرد بەڵام، گەنجان و ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان وتیان کە ئەمجارە ئەم پیلانگێڕییە نەک تەنیا ئێمەی لاواز نەکرد بەڵکو، رێکخستنی ئێمەی بەهێز تر کرد و ئێمە بە پارتیبوون، ئەرتەشبوون و رێکخستنبوون وڵامێکی بەهێزمان، بە هێزە پیلانگێڕەکان دایەوە.

    بە پارچەکردنی خاکی کوردستان نە تەنیا جوگرافیا لێک جیاکرابۆوە لە هەمانکاتدا گەلی کوردیش لە یەکتر دوورکرابوونەوە و پارچەکرابوون. ئامانجی هێزە هەژموونگەراکان ئەوە بوو کە بە پارچەکردنی کوردستانەوە پلانەکانی خۆیان لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە سیاسەتی "پەرتکە، زاڵبە" پێکبێنن. هێزە دەسەڵاتدارەکان کوردستان و گەلی کوردیان، کرد بە قوربانی سیاسەتەکانیان و بۆ ئەوەی بگەن بە ئامانجەکانیان بە بێ دوودڵی کوردستانیان پارچە کرد. گەلی کورد لە بەرامبەر بە سیاسەتەکانی پارچەکردن، هەرگیز سەریان دانەنەوان و بەردەوام لەنێو خۆڕاگری و سەرهەڵدانێک دابوون بڵام، مەخابن بە هۆی نەبوونی یەکێتی کوردان سەرهەڵدان یان راپەڕینەکان سەرکەوتوو نەدەبوون. هەر سەرهەڵدان و هەر تێکچوونی ئەو سەرهەڵدانانە نیشاندەری ئەمە بوون کە چەندە پێویستی بە یەکێتی نەتەوەیی هەیە و ئەو گووتنەی پێشینیان کە دەڵێت:" ئەگەر نەبن یەک دەچن یەک بەیەک" لەخۆڕا نەبوو.

     

     



    کژار