• تاگەکان: , ,

    شانۆی دەوڵەت لەناوچە لافاولێدراوەكان

    3 ئایار, 2019

    ساكار قندیل

    كاتێك داگیركاریەكی ناڕەوا لەسەر نیشتمانی دایك پەیڕەو دەكرێت، سروشت ئەو داگیركاریەی پێ‌هەرس ناكرێت و هەر جارێك بە فۆڕمێك تووڕەیی خۆی دەردەبڕێت. لە سەر نیشتیمانی داگیركراودا دەسەڵاتداران هەر جۆرە سیاسەت و پرۆژەی چەپەڵی خۆیان لەسەر سروشتی نیشتیمان تاقی دەكەنەوەو بەوەش سروشتی نیشتیمانی ئازاد لە ناو دەبەن. كاتێك سروشت تووڕە دەبێت و  رووداوە سروشتیەكان روودەدەن، ئەوەی زیانمەند دەبێت گەل و كۆمەڵگایە. حوكمدار و دەسەڵاتداران نە تەنیا زەرەریان بەر ناكەوێت كەچی لەبەرامبەر ئەو كارەساتانە و قوربانی كردنی گەلی هەژار كەمتەرخەمن. منداڵانی كرماشان و تایبەت سەرپێڵ زەهاو كە تەنیا ئاواتیان ئەوە بوو پەناگەیەك و خۆراكێكیان هەبێت، ئێستا ئەوان خەمی خۆیان وەلاوە ناوە و هەرچی نان و شتومەكی خۆیانە بۆ منداڵان و لێقەوماوانی لۆڕستان دەنێرن. تاوەكو زامێك لەبرینەكانی گەلەكەیان ساڕێژ بكەن و هاوخەمی و هاوسۆزی خۆیانیان بۆ دەرببڕن. ئەو وێنایە زۆر مەرگەسات و جەرگبڕ و بە ئازارە. بەڵام سەرەڕای ئێش و ئازارەكانی پڕاوپڕە لە واتا و هەستی مرۆیی. زۆر بە نرخ و بە واتایە كاتێك دەبینی هاونیشتمان و هاوخوێنت بەهەمان مەرگەساتی تۆ گرفتار بووە و پێویستی بە یارمەتییە، بە هەموو هێز و تواناوە  یارمەتیدەری گەلی لێقەوماو دەدات. هاوخەمی و دەربڕینی هاوسۆزی لەكاتی كارەساتەكاندا دەبێتە هۆكاری بەخشینی رۆحیە بۆ بەردەوام كردنی ژیانیان.

    لە دۆخێكی نائاسایی و مەرگەساتەكاندا یارمەتیدانی چین و توێژەكانی كۆمەڵگا بۆ لێقەوماوان زۆر بە بایەخ و گرنگە. ئەمەش لەكاتێكدایە كە كاربەدەستانی رژیم لە بەرامبەر ئەم بابەتە كەمتەرخەمن و یارمەتی لێقەوماوان نادەن. سەرەڕای ئەوەش رێگری لە یارمەتییە مرۆییەكان دەكەن كە لە دەرەوە كۆكراونەتەوە و ناهێڵن بگاتە دەستی لێقەوماوانی ئەم كارەساتە. ئەوەی كە پێویستە جەختی لەسەر بكرێت كێ‌ بە بەرپرسیاری سەرەكی مەرگەساتەكانی دوایی لەئێران و رۆهەڵاتی كوردستانە؟ بێگۆمان بەر پرسیاری سەرەكی ئەم ڕووداوانە خودی دەوڵەت و كاربەدەستانیەتی. چونكە بە دروست كردنی بەنداوی لەرادەبەدەر و رێگری كردن لە رووبارەكان و بە دروست كردنی ئەم بەنداوانە، زەویە زەراعیەكانی دەوروبەری ئەم بەنداوانە دەخەنە ژێر ئاوە. لە لایەكی تریشەوە رێگری لە رۆیشتنی ئاوی رووبارەكان دەگرن و بەنداوەكان پڕئاو و سەر رێژ دەبن و مەترسی تەقاندنیان زیاتر دەبێت.

    دەوڵەتی ئێران لە كاتی روودانی ئەم لافاوەدا لە منبەرەكانیەوە بانگەشەی ئەوە دەكات كە سەرجەم دام و دەزگاكانی دەوڵەت بە هانای لێقەومانی ناوچە لافاو لێدراوەكانەوە چوون و هەموو دەرفەت و ئیمكانێكیان بۆ گەل دابین كردووە. بەڵام لەحاڵێكدا پەیامی راستەوخۆی گەل لەناوچە لافاولێدراوەكان بڵاو دەبوویەوەو نارەزایەتی و تووڕەبوونی گەل بەرامبەر كەمتەرخەمی كاربەدەستانی دەوڵەت ئاشكرا بوو و تەنانەت هێزە ئەمنیەكانی رژێم رووبەڕووی هێرشی گەل بوونەوە و لەناوچە لافاولێدراوەكان وەدەرنران. ئەوەش نیشاندەری ئەوەیە كە دەوڵەت بەرامبەر ئەو كارەساتە زۆر كەمتەرخەم بووە و هیچ بە هانای گەلی لێقەوماوە نەچووە و ئەو نمایش و شانۆ سەربازیانەش لەو ناوچانە كراون تەنیا لەچوارچێوەی خۆنواندن و بانگەشەی میدیایی و تۆقاندنی گەل پێكهاتووە. رژێمی داگیركەری ئێران بەو سیاسەتەی پەیڕەوی كرد ئەو پەیام بە گەل دەدات كە بە بێ دەوڵەت كە خۆی هۆكاری سەرەكی ئەو كارەساتەنەیە، هیچ هەنگاوێك لەپێناو ژیانەوە و ئاوادان كردنەوە نانێت.

    سەرەڕای سیاسەتی داپلۆساندن و سەركوتی گەلان لەلایەن رژێمی داگیركەری ئێران، گەلانی ئێران و بە تایبەت گەلی كورد لەبەرامبەر ئەو سیاسەتە چۆكیان دانەناوەو بە پشت بەستن بە هێز و توانای خۆیان بەشێكی زۆر لەزامی گەلەكەیان ساڕێژ كردووە و هیچ چاوەڕوانییەكیان لە مەڕ چارەسەری دەوڵەت نەبووە كە یارمەتیدەریان بێت. بۆیە بەردەوامی ئەو رێباز و خاوەندارێتی كردنی گەل لەیەكدی چارەسەری سەرجەم كێشەكانی كۆمەڵگا مسۆگەر دەكات.

    هەروەكو چۆن لەسەرجەم كارەستانەكاندا گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران خاوەندارێتیان لە یەكتر كردووە و لەرۆژە سەخت و دژوارەكاندا یەكگرتوو بوون. پتەوكردن و بەهێزكردنی هێڵی یەكگرتوویی سیاسەتە چەپەڵەكانی دەوڵەتی داگیركەری ئێران پووچوڵ بكەنەوە. دەبێت گەلانی ئازادیخوازی ئێران بە وریایەوە چاودێری سیاسەت و كردەوەكانی رژیمی داگیركاری ئێران بكەن. بەتایبەت ئەو سیاسەتانەی كە لەپێناو لەناو بردنی سروشت و ژینگەیە، بە هەموو شێوەیەك لەدژی دروست كردنی بەنداو، گەورەبوونی شارەكان، لە ناو بردنی زەویە كشت و كاڵیەكان و…هتد بوەستن و رێگا نەدەن سیاسەتەكانی رژێم بە ئاكام بگەن و رێ لەدووپات بوونەوەی كارەساتی تری هاوشێوە بگرن.

     



    کژار