• ژن لە نێوان خوداوەند و کۆیلەدا

    23 تشرینی دووه‌م, 2018

    شارا تاهیر

     

     

    (٢)

    بەبێ گەڕانەوە بۆ شیتەڵکردنی بونیادی ئەفسانەی چاخی نوێی بەردین و وێنەی ژن تیایدا وەک بەرهەمهێنەر، ناتوانین ڕای ئاپۆ لە بارەی ژنەوە بزانین. هەموو ئەوانەی قسەیان لە سەر ئەم تێکستەی ئاپۆ کردووە، بە مەبەست بووبێت یان گێلانە، بە سەر ئەو ڕاستیەدا تێپەڕیوون کە وێنا ئەفسانەییەکەی ژن لای ئاپۆ کۆمەڵێک تایبەتمەندێتی کارەکتەری واقیعیانەیشی هەیە نەوەک بە تەنیا فریوێکی ئایدۆلۆژی بێت و بیەوێت ژن لە خشتە ببات و بیکاتەوە بە کەرەستەیەک بۆ سەودا و مامەڵە پێوەکردن. هەموو ڕەخنەکان لە ئاپۆ بەو ئاقارەدا دەڕۆن کە پێیانوایە دید و بۆچوونە ئایدۆلۆژییەکانی بە ئەندازەیەک ئەفسانەیین کە هەندێک جار دەگۆڕێن بۆ یۆتۆپیا و لە مەحاڵ نزیک دەبنەوە، لێ لە ڕاستیدا ئەمە هەڵەی ئاپۆ نییە، بەڵکو هەڵەی ئەو ڕەخنەگرانەیە کە نەیانتوانیوە ڕووبەرێکی گەر بچووکیش بێت لە ئامادەیی، بە یۆتۆپیا لە ناو ئایدۆلۆژیادا ببەخشن. مەبەستم لەوەیە کە هیچ ئایدیۆلۆژیایەک نییە کە لە بنەڕەتدا ڕەهەندێکی یۆتۆپییانەی نەبووبێت. کەواتە گەڕانەوەی ئاپۆ بۆ ئەو وێنەیەی چاخی بەردینی ژن کە تیایدا ڕۆڵەکانی وەک بەڕێوەبەر و رێکخەر و بەرهەمهێنەر و دابەشکەر و… هتد، بەو ئامانجەیە کە سەر لەنوێ ئەو تایبەتمەندییانەی کارەکتەری ژن زیندوو بکاتەوە و بیداتەوە بە خودی ژن خۆی، کە پیاو دواتر لە گەشەی قۆناغی ڕاو و بوونیدا بە ڕاوچی و نێچیرەوان و چەلەنگ و دلێر، لێی دزیوە و بێبەریکردوون لێی. بە مانایەکی تر، سوود وەرگرتنەوە لەو وێنەیەی ژن ڕەنگە بە دیوێکدا جۆرە مۆركێکی ئەفسانەیی و یۆتۆپی ببەخشیتە ئایدۆلۆژیای ئاپۆ، بەڵام بە دیوەکەی تریشدا دەبێت بزانین کە سەر لەنوێ زیندووکردنەوەی ژنە و بەخشینەوەی تایبەتمەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریەکانی خۆیەتی کە پیاو لە چنگی دەر‌‌هێناون و ئامادە نیە پێی بداتەوە و دان بە ژندا وەک بوونەوەرێکی هاوماف و هاوتوانا، بنێت.  

    ئاپۆ لە کتێبی ژنۆلۆژیدا بە گەڕانەوە بۆ میتۆلۆژیا و چاخەکانی پێش زایین باس لە سروشتی ژن دەکات دەڵێت: ((ھێزی دەست پێکردنی شۆڕشی کشتوکاڵی نیۆلیتیک ژنە و ھێزیش لەتواناکاری زاوزێ وەردەگرێت، بۆیە تەواوی خواوەندەکان لە رووخساری ژندان .لەیەکەمین قۆناخی سۆمەرییەکان، میسریەکان و ھیندیەکانیش ناوی خواوەندی لەژنان دەنرا .لایەنی پیاوێتی خواوەندی زۆر دوای ئەوە دەردەکەوێت .تەواوی ئەو پەیکەرانەی لەسەردەمی نیۆلیتیکەوە ماونەتەوە لە شێوەی ژن دروستکراون[1])).

    ئەمە زۆر بە ئاشکرا پلەوپایەی ژنمان لەو قۆناغە لە ژیاندا بۆ دەردەخات کە بەر لە قۆناغی ڕاوکردن لە ئارادابووە و ژن تێیدا سەنتەری کردار، چالاکی و بڕیاردان و دواجار بەرهەمهێنانیش بووە. لە شوێنێکی تردا دەڵێت: ((کۆمەڵگای نیۆلیتیک ھێندە مۆرکی ژنی پێوەیە و ژن تێیدا بە کاریگەرە، وەکو بڵێی پیاو سڕاوەتەوە .ئەمەش ھەروەکو ژنانی رۆژگاری ئەمڕۆمان وایە کە وەکو ھێزێکی سەرەکی کۆمەڵگا نین .ژن ئەم ھێزە لە پێگەیاندنی دانەوێڵە، ماڵیکردنی ئاژەڵ، ئاواکردنی شوێنی حەوانەوە، لە چنین و ھاڕین و منداڵ بوون و بەخێوکردنیدا بەدەستدێنێ .ئەمەش بەھێزبوونێکی نائاساییە.[2])). ژنسالاری و هەژموونی وێنەی دایک لەو قۆناغەدا کە ئاپۆ باسی دەکات، بە مەبەستی بەکارهێنانیەتی وەک دژە مۆدێلێک بە دۆخی ئێستای ژینی ژن لە کۆمەڵگەدا کە بە تەواوەتی لە بەرهەمهێنان و بڕیاردان دابڕێندراوە و بووەتە بەکاربەر و بەگەڕخەر و پێدروستکەر.

    ئاپۆ خۆی ئەو ڕاستیە ناشارێتەوە کە زمانی ئەفسانەکان و وێنەکانیان بۆ ژن وەک جادووگەر و خاوەنئەفسون درێژکراوەی ئەو بۆچوونەیە کە وەک خواوەند بینراوە. سیحر و ئەفسوون لەو چەشنە کۆمەڵگەیەدا هەمان ئەو مانایەی نیە کە لەسەردەمی چاخەکانی ناوەڕاست و هەژموونی کەنیسەدا بە ناوی جادوگەریەوە ژنان قاتوقڕدەکات، نا! ئەفسوون و جادوگەریی وەک خەسڵەتی ژن مۆرکە پۆزەتڤەکەی داهێنان بوون وەک خوڵقێنەر. ژنان چونکە توانیویانە داهێنەرببن، لە نەبوو شت دروستبکەن، هەر بۆیە وەک خاوەن توانای بانزەمینی و بانسروشتی بینراون. ژان توانیویانە دانەوێڵە بچێنن، ئاژەڵ ماڵی بکەن، کەرەسەتەکانی ئاودێری و دوورینەوەی دانەوێڵە یا گواستنەوە دروستبکەن. ئاپۆ دەنووسێت: ((چەندین دۆزینەوە و داھێنان لەلایەن ژنەوە ئەنجامدراوە .شیمانەی ئەوە لەپێشە دانەوێڵەی بە سوود، دارەکانی میوە، ماڵیکردنی ئاژەڵ،   منداڵ بە خێوکردن، کێڵان، ئاشی دەست و یەکەمین گالیسکە لە دۆزینەوە و ،" بەکارھێنانی زەوی، ئاواکردنی ماڵ "خانوو داھێنانی ژن بووبێت .چەرخی خواوەندەکانی دایک دوای ئەم پێشکەوتنە مەزنانە دەبێتە سەمبۆلی رۆڵی ژن. ))[3].

    بۆ سەلماندنی زیاتری ئەوەی کە ئەم وێنە ئەفسانەییە بۆ ژن جەوهەرێکی واقیعیانەیشی هەیە و بەتەنها خەیاڵ یا میتافۆر نیە، ئاپۆ دێتە سەر شیکردنەوەی دۆخە کۆمەڵایەتی و هیرارکیە سۆسیۆلۆژیەکەی ژن بە پاڵپشتی ئەو بەڵگە و سەرچاوانەی کە لە مێژووەوە وەرگیراون و ماونەتەوە. بۆ نمونە پلەوپایەی کۆمەڵایەتی ژن لە خێزاندا وەک ئێستای نیە کە سیمبولێک بێت بۆ کەموکورتی، بەڵکو خاڵی بەهێزی تۆکمەیی و یەکگرتووی خێزان و خێڵە. ئاپۆ دەنووسێت: ((ئەو کۆمەڵگایەی لەتەوەرەی دایک ــ ژن پەرەیسەند بەھۆی ئاواکردنی یەکەمین کۆمەڵگای خزمایەتی جێگای گرنگی و بایەخ پێدانە .خزمایەتی لەسەر بنەمای نزیکبوون لەدایک ــ ژن دەستنیشان دەکرێت .لە رێگای ئەو خزمایەتیەوە لە کڵانی سەرەتاییەوە بە یەکەمین کۆمەڵگای قەبیلە دەگەن))[4].

    هەموو ئەو وێنە دێرینانە بۆ ژن لەو سەردەمەدا و بەکارهێنانەوەیان لای ژن بەو مانایە وەردەگیرێت کە داخۆ چ گۆڕانکاریەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە وا دەکات کە ژن لە داهێنەر و پیرۆز و بەرهەمدارەوە بچووکبکرێتەوە بۆ بێکردار و پۆخڵ و بوونەوەری ملکەچ و بێبەرهەم، جۆرێک لە سترەکتوری کۆمەڵایەتی کە لە کتێبەکەیدا بە هەژموون و زاڵبوونی دوالیزمەی (شێرەپیاو/چێلەژن) گوزارشتی لێدەکات؟

     ئاپۆ مێژووی کۆیلایەتی ژن دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی ئەفسانەکان و دەڵێت(( ململانێی نێوان خوداوەندە ژنی ئوروک ئینانا ) رەگی خۆی لە دایکە  خوداوەند ستار  عەشتاری میرۆپۆتامیایی سەروو وەردەگرێت( و خوداوەندە پیاوی ئەریدۆ، ئەنکیدۆ )یەکەم خوداوەندی پیاوی شار(  لەم لایەنەوە زۆر بەکاریگەرە. ئینانا ھەوڵدەدات بسەلمێنێت چۆن و لەبەرچی تەواوی مافە ئیلاھییەکان ھی دایکە  خوداوەندە ) ٠٥٤ ما بەناوبانگەکە، ٩٩ فەزیلەتەکە، بەھرە، داھێنان( بەرامبەر بەمەش ئەنکی وەعزی ئەوە دەدات کە ئەمە گرنگی خۆی لەدەست داوە، وەک بەڵگەی گوێڕایەڵیش داوا دەکا گوێ لە باوکی ) لە کاتێکدا خۆی وەک خوداوەندی  باوک  پیاو رادەگەیەنێت، ئیتر ئینانای کۆنە خوداوەندەژنی کردۆتە کچ ژنی خۆی ( بگرێت.))[5].

    ئیتر ئەم پێشینە ئەفسانەیە دەبێتە سەرەتایەک بۆ داڕمان و لەناوچوونی کۆمەڵگەی دایکسالاری و چەسپاندنی کۆمەڵگەی باوکسالاری. لێرە بە دواوە ژن ووردە ووردە هەموو خاسیەت و تایبەتمەندە ئەفسانەیی و یەزدانیەکانی لێ وەردەگیرێتەوە و دەبێتە کۆیلەی پیاو و کۆمەڵگە.

    لە ڕووی مێژویشەوە کاتێک پیاو دەچێتە دەرەوە و دەبێت بە ڕاوچی،  هاوکات دەیشبێت بە جەنگاوەر و دەکەوێتە ململانێی سەخترەوە لە ململانێی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ژن، کە بۆ گەرانتیکردنی مانەوەی خۆی و هاتنە دەرەوە بە زیندووی لێی، ناچارە هەم چەلەنگ و بە جەرگ بێت، هەم بکوژ و ببڕیش. دواجار هەر ئەم کەڵکەڵەی مانەوەیەیشیەتی کە وای لێدەکات هێز و دەسەڵاتی خۆی بە سەر هەم ژن و هەم ئەو سروشتەیشدا بسەپێنێت کە تیایدا دەژی. هاوکێشەکە ڕوونە کە پیاو بۆ دەگۆڕدرێت، چونکە ئەوە بە تەنها پیاوی ئازایە کە دەتوانێت بە نێچیرەوە بێتەوە، بە دەستکەوت و غەنیمەوە، ڕێک پێجەوانەوەی سروشتی ژن کە جێگیرە، هەم هەڵگرە وە هەم پارێزەرە بەڵام بەبێ بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی کە دەبێت بە خەسڵەتی پیاو وەک شوناسی سەرەکی: خراپەکار و شەڕانگێز.

    ئەم تێزەی ئاپۆ گەر گریمانەیەکی مێژوویش بێت ئەوا بە ڕای من شتێک لە ڕاستی و دروستی تێدایە چونکە ئەو قسە لەسەر قۆناغێک دەکات کە پیاو تیایدا دەگۆڕێت لە کارەکتەرێکی پەراوێزخراوەوە بۆ جەنگاوەر، پەلاماردەر، هێرشبەر، واتە سەنتەری دەسەڵات کۆنترۆڵ دەکات.

     

    ئەم بۆچوونەی زیاتر لەو خاڵەدا زیاتر ڕوون و ساغدەکاتەوە کە ئیدی دێتە سەر قسەکردن لەسەر ئایینە یەکتاپەرستیەکان. ئاپۆ پێی وایە کە ئایینە یەکتاپەرستیەکان پشکی شێریان هەیە لە کۆیلەکردن و دابڕینی ژن لە هەموو خەسڵەتەکانی وەک خوداوەند، بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیەش دەبینین کە لە هەزار پێغمبەرە تەنها یەک ژنیش بوونی نییە. ئاپۆ دەڵێت لە ئاینی مەسیحیدا ژن دەگاتە ئەوپەڕی لاوازی پاسیڤی خۆی، چیرۆکی دروستبوونی مەسیح کە گوایە مەریەمی دایکی بە هیچ شێوەیەک جووت نەبوە لەگەڵ پیاوێک بەڵکو زادەی فوویەکی ئیلاهییە، ئەم چیرۆکە هیچ نییە جگەلە هەڵکشانی پیاو تا ڕادەی خوداوەند وەکچۆنیش داکشانی ژنە بۆ ئاستی بوونەوەرێکی بێگیان و بێدەسەڵات. بە ڕای ئاپۆ سێکوچکەی ڕۆحی پیرۆز_ باوک_ کوڕ، سەلماندنی ئەو ڕاستیەن کە دایک_ژن وەک پاشکۆ و کۆیلەی پیاو دەبینرێت، مەریەم ئاماژەو سیمبولی  دایکێکی چاو بە فرمێسک و بێدەسەڵاتە.

    ئەگەرچی لە ئایینی ئیسلامدا دایکی موحەمەد ڕۆڵێکی ئەوتۆی نییە و تا ڕادەیەک لە پەراوێزدایە بەلام ناتوانین ڕۆڵی خەدیجە پشتگوێ بخەین. ئاپۆ دەڵێت ئەوەی کە موحەمەد دەکاتە پیغەمبەر زیرەکی و لێهاتووی خەدیجەیە، خەدیجە وەک فیگەری ژنێکی زیرەک و بازرگان و خاوەن دەسەڵات، هەربۆیەش تا خەدیجە لە ژیاندایە موحەمەد هیچ ژنێکی تر ناناسێت. کەچی پاشتر و دوای مردنی خەدیجە کارەکتەری موحەمەد تەواو دەگۆرێت وەک پیاوێکی ژنباز تەنانەت کار دەگاتەوە ئەوەی کە بە ناوی عەشقەوە لەگەڵ عائیشەی تەمەن نۆ ساڵ هاوسەرگیری دەکات. هەڵبەت گەر زۆربەی زۆری شیکردنەوەکان بە لای ئەوەدا بچێت کە ئاپۆ دەیڵێت کە موحەمەد بە نیازی ئاشتی و سەقامگیری نێوان خێڵە عەرەبەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگری شەڕ ئەم کارەی کردبێت، ئەوا من هاوڕای ئەو گوتارە شیعییەم(بۆ نموونە تێزەکەی ئەحمەد قوپانچێ) کە پێیوایە ناسینی موحەمەد بۆ ئەو هەموو ژنە لە خێڵی جیاواز و تەمەنی جیاواز ڕەنگی جیاواز بە تەنها ئەوە نییە کە وەک پیاوێکی هەوەسباز سێکسوالیتی خۆی تێرکردبێت بەڵکو ئامانجی سەرەکی بوونی کوڕێک بووە تا ببێتەوە میراتگری ڕێبازو دینەکەی، دەشبینین کاتێک موحەمەد شکست دەهێنێت تا ببێتە باوکی کوڕێک کە ئەم پرۆسەیەش بۆ خۆی زیاد لە بیست ساڵ دەخایەنێت، ئەوجا بانگەوازی ئەوە دەکات کە ئەو خۆی دوا پێغەمبەری دونیایەو هیچ پێغەمبەرێکی تر لە دوای خۆی بوونی نابێت. لە بەرئەوەی موحەمەد بە ئاگابووە لەوەی کە کوڕ ریشە و میراتگری باوکە نەک کچەکانی.

     


    [1] بڕوانە: ژنۆلۆژی، لاپەڕە ٣.

    [2] هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٥.

    [3] هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ٤.

    [4] هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ٩.

    [5] هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ١٠.

     



    کژار