• هۆشیاری ژنان دەبێتە هۆکاری ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگا

    22 حوزه‌یران, 2017

    ئێران خاوەن دەوڵەمەندییەکی ئەتنیکی و نەتەوەییە و هەریەک لەو نەتەوانە خاوەن مێژوو و داب و نەریتی تایبەت بە خۆیانن. گەلانی نێو ئێران لە شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێراندا کە بە شۆڕشی گەلانی ئێران دەناسرێت و دواتر کۆماری ئیسلامی وەک دژە شۆڕشێک دەستی بەسەر دەستکەوتەکانیدا گرت،  ڕۆڵێکی بەرچاویان بووە.  ژنان کە رۆڵێکی پێشەنگیان لە شۆڕشدا گێڕابوو لە سەرەتادا ھیوای گەیشتن بە مافەکانیان لە ئاکامی ئەو شۆڕشەدا بەرز بوو، مەخابن دواتر ئەو لایەنەی کە زیاتر بووبە قوربانی و لە ئاکامی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی رووبەرووی قڕکردن و چەوساندنەوە دەبنەوە ژنانن. ئەوەش فەرقی نییە کە سەر بە چە تیرە و نەتەوەیەک بن، تەنیا لەبەر ئەوەی  ژنن و خاوەن هەلوێست، ماف و خۆڵقێنەری ژیانن. لە راستیدا لە ھەموو شۆڕشەکانی جیهاندا و بەتایبەت ئەو سەرهەڵدانانەی کە لە ئێران بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی روویان داوە ژنان ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە.

     

    ئەوانەی کە هەر لە کۆنەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆمان هەستی نەتەوەیی و وڵاتپارێزییان لە ناو تاکەکانی کۆمەڵگادا پاراستووە، بێگۆمان ژنان بوون. بەڵام بەداخەوە زێهنییەتی پیاوسالار ڕێگەی بە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا  نەداوە کە بە قووڵایی دەرک بەو مژارە و هەست بە هێز و تواناکانی ژنان بکەن.

     

    هەر وەک دەزانیین هیچ کاتیک ژنان لەبەرانبەری ئەو بەرخۆدانەی کە کۆمەڵگا پەیرەوی کردووە بێدەنگ نەبوونە و خاوەن هەڵوێست بوون. بەڵام رژێمی دەسەڵاتخواز و چەوسێنەری ئێران بەھۆی زێھنیەتی پیاوسالار و دواکەوتوانەی خۆی ناتوانێت پێداگری و ئیرادەی بەهێزی ژنان ببینێ و قبووڵی بکات و بە هەموو شێوازیک بۆ سەرکوتکردنی وزە و تواناکانی ژنان ڕۆژانە پیلان دادەڕێژێت. ھۆیەکەشی ئەوەیە: بۆ دەسەلاتخوازان ڕوون و ئاشکەرایە کە هۆشیاری ژن دەبێتە ھۆی هۆشیاری تاک بە تاکی کۆمەڵگا. هەر بۆیەش پیلانەکانی بە شێوازێکی سیستەماتیک لە بەرانبەری ژنان بەرێوە دەبات.

     

    بۆ نموونە بەڵاوکردنی مادە هۆشبەرەکان لەنێو ژناندا، پەرەسەندن و فرۆشتنی ژنان بە وڵاتانی کەنداو، زیادکردنی باندەکانی فەحشا، باو کردنی ڕژاندنی تیزاب بەڕوی ژناندا، زیاد بوونی ڕێژەی بێکاری و ڕێگەنەدان بە ژنان بۆ بەشداری لە گۆڕەپانەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و…، ئەمانەش هەموو هۆکارن بۆ پەرتەوازەکردن و دابڕانی ئەخلاق لە کۆمەڵگا لە کەسایەتی ژن دا.

    ئەمانەی کە ئاماژەی پێدرا دەرئەنجامی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر گەلانە کە هەر لە سەرەتای بەسەر کارهاتنییەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆمان نە تەنیا هیچ هەلێک بۆ نەهێشتنی ئەو قەیرانانەی کە گەلان تێدا دەژییان نەڕەخساندووە بەڵکوو بە پێچەوانەوە قەیرانەکانی قووڵتر و تا سەر ئێسقانی کۆمەلگا بردووە.

     

    دەوڵەتی ئێران قۆناخ بە قۆناخ شێوازی پیلانەکانی لە بەرانبەری بیرە هۆشییارەکان دەگۆڕێت. دەبینین لەم ڕۆژانەی دوایدا فەرمانی ئاتەش بە ئێختییار لەلایەن کاربەدەستانی دەوڵەتەوە دەرکراوە بۆ ترساندنی زیاتری خەلک. بێگۆمان ئەم فەرمانە بەساڵانە بە شێوازی شاراوە لە سەر مرۆڤە ئازادیخوازەکان لە زیندانەکان یانخۆ بگەڕینەوە بۆ دەیەکانی شەست کە بەسەر سەدان گەنجی کورد و نەتەوەکانی دیکە کە لە ئێراندا ژیان دەکەن بەڕێوە چوو و ئێستاش بە شێوازێکی ڕەھا بەڕێوەی دەبەن.

     

    ڕیگەنەدانی ژنان بۆ دەرباز بوونیان لە یانەکانی وەرزش و فتوا دەرکردن لە دژیان لە لایەن ئیمامانی جەماعەت و ئەوەی کە ئەگەر دەوڵەت موداخلەی ئەو رەوشە نەکات خۆمان دەست بەکار دەبین و ڕێگر دەبین لە چوونی ژنان بۆ ئەو شوێنانە و هەروەها بەکارهێنانی ژنان لە کاتی هەلبژاردنەکانی سەرەوک کۆماری بۆ ئەوەی کە زێهنییەتی  دژە ژنی خۆیان لە بن دەمامەکی ئەوەی کە مافی ژنان هەیە کە خۆیان کاندید بکەن و لە خولی ھەڵبژاردنی سەرەوکۆماری دا ھەڵسووڕ بن، بەڵام جارێکیتر بە هێرش بردن و قەدەغەکردنی چوونی ژنان لە شوێنە گشتییەکاندا ڕووی ڕاستەقینەیان کە دژی تەواوی بنەما ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگایە دەرکەوتە روو.

     

    بێگۆمان هزرو بیری ئازادیخوازی نە تەنیا ناتواندرێت لە قەفەس بکرێت یان بنبڕ بکرێت، بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ وزە و ئیرادەی ئەو کەسایەتییانەی کەوا بەهەستی نیشتمان پەروەری گەورە کراون لە بەرانبەری سەرکوت کاری دا زیاتر دەبێت و ئەمەش ڕوون و ئاشکەرایە کە چۆن دەوڵەتی حەمەڕەزا شای پھلەوی بە ئیرادەو تێکۆشانی گەلان بەتایبەت ژنان روخێندرا بە هەمان شێوەش کۆڵەکەکانی کۆماری ئیسلامیش کەوا لەسەر خوێنی جەوانانی گەلان چێندراون هەربەدەستی ئەو گەلانەش دەڕووخێندرێت و کۆی ئەو هێرشانەی کە باسمان لێکرد نیشانەی ترس ودڵەڕاوکێی دەوڵەتی ئێرانە لە بەرامبەر هێز و تواناکانی گەلان و بەتایبەتی گەلی کورد و ژنی کورد. لەبەر ئەوەی ئاشکەراییە ئەوەی لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی و بەگشتی لە جیهاندا پێشەنگایەتی فکری ئازاد و ژیانێکی دیموکراتیک بۆ سەرجەم گەلانی چەوساوە دەکات گەلی کورد بە پێشەنگایەتی ژنە کە سەرچاوەی ئەم هزرە نوێیە ڕێبەری مرۆڤاییەتی ڕێبەر ئاپۆیە.

     



    کژار