• قەفەسی مۆر، دیاری ڕۆحانی

    15 حوزه‌یران, 2017

    هەڵبژاردنەکانی ئێران کۆتایی هات و تەپ وتۆزێک کە کاندیدەکان بۆ کشاندنی خەڵک بۆ سەر سندووقەکان بەرپایان کرد نیشتەوە و کات کاتی ئەوەیە کە خەڵکی ئێران بەدەر لە هەیەجانی هەڵبژاردن و بە شێوەیەکی واقێع بینانە ڕاستی هەیی شرۆڤە بکەن و بە درۆ و ڕاستی وەعدە و بەڵێنەکان پەی ببەن.

    ئەوەی کە لێرە ئەمانەوێ باسی بکەین،نە هەڵبژاردن بۆخۆیە و نە ڕادەی بەشداربوون و تەنانەت نە ڕەوایی هەڵبژاردن.ئەوەی کە ئەمانەوێ باسی بکەین پێگەی ژنە هەم پێش هەڵبژاردن و هەم دوای هەڵبژاردن.

    ئەوەی کە هەموو ئەزانین ژنان لە ئێران بە درێژایی مێژووی دەوڵەت داری وەک ڕەگەزی دووهەم بینراون و بەتایبەت بە هاتنی ئیسلام ئەم کۆیلەتییە چەندقات قووڵتر بۆتەوە و تا ڕۆژی ئەوڕۆش زێدەتر بووە کەمتر نەبووە.

    بە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی،ڕەوشی ژنان  زۆر زۆر خرابتر بوو،هەر لە ڕۆژە یەکەمەکانەوە ژنان لە بەشداربوون لە کاروباری سیاسی دوورخرانەوە،حیجابی زۆرەملە بەسەریان داسەپا،زۆرێکیان لە سەرکار دەرکران و بە کورتی ژن کرایە مەکینەیەک کە ئەژماری سی ملیۆنی ئێرانی پێبکەن بە زۆرتر لە هەشتا ملیۆن کەس.ئەوەی کە جێی گومان نیە ئەوەیە کە ژن لە پلان سازییەکانی ئەم ڕژیمەدا جێیەکی نەبووە و نابێت جودا لە خزمەت کردنی پیاوی دەسەڵات دار.

    بە درێژایی تەمەنی نزیک بە چل ساڵەی کۆماری ئیسلامی، ژنان لە بەرخۆدان و درێژەدان بە تێکۆشان سڵیان نەکردۆتەوە وهەربۆیەش هەمیشە بوونەتە قوربانی سیاسەتە چەپەڵەکانی ئەم ڕژیمە دژە ژنە.ڕادەی زۆری تووشبوون بە مادەی هۆشبەر،ئاستی بەرزی لەشفرۆشی و لەشفرۆشی یاسایی (سیغە)،کچانی فیراری و خیابانی،دوور هێشتنەوەی ژنان لە سیاسەت،ڕێگری لە سەربەخۆیی ئابووری ژنان،هێرشی میدیایی بۆ سەر کۆمەڵگا کە دیاری ئەکات ژنی باش ئەبێ بە گوێرەی ئەو پێوانانە بێت کە دیاری ئەکەن و بەوشێوە پارچەکردنی ژنان،بەکار هێنانی ژن دژ بە ژن بەتایبەت بە دروست کردنی هێزی پۆلیس و بەسیج تایبەت بە ژنان و بەدەیان شێوازی دیکە کە دژ بە ژن بەکاری دەهێنێ هەموو دەری دەخات کە ئەم مارە بە مژینی ڕۆحی ژن ژیان دەکات.

    کاتی هەڵبژاردن ژنان بە تایبەت ژنانی گەنج کە هێزی دینامیکی کۆمەڵگان،لە ڕیزی پێشەوەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی حەسەنی ڕوحانی بوون.ژنان بەو هیوایەی کە ڕۆحانی بەڵێنەکانی پێک بهێنێ و لەڕاستیدا لەبەر ئەوەی کە ئەیانزانی ناچارن کە ڕێگە لە گەڕانەوەی ئەحمەدی نەژادێکی دیکە بگرن دەنگیان بە ڕوحانی دا و بە پێی ئەو دەنگۆیانەی کە هەیە ڕوحانی بە دەنگی ژنان لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوت.

    بەڵام ئایا ڕوحانی توانای گۆڕانی هەیە؟ئایا هاتنەسەرکاری ڕۆحانی هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە ڕەوشی ژنان دا دروست کرد یان دەکات؟

    بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە مرۆڤ ئەبێ چەند خاڵ لەبەرچاو بگرێت،یەکەم ساختاری ئیدۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامییە کە لەسەرشەرع و بنەمای مەزهەبی شێعەیە کە بەو پێیە ژن وەک موڵکی پیاو ئەبینرێت کە قەدەرێکە خودایی و ئەبێ ئاسایش و ڕاحەتی پیاو فەراهەم بکات،کە بەو پێیە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیک ژن لە زۆر مافی خۆی دوور ئەخرێتەوە.  

    ،دووهەمین خاڵ ڕەوشی ژن لە مێژووی ئەم ڕژیمەیە کە لەسەرەتای هاتنەسەرکارییەوە ژنانی پەراوێز خست وئەو ژنانەش کە ئەوڕەوشەیان قەبووڵ نەکردووە ڕووبەڕووی هۆڤانەترین هێرشەکانی ڕژیم و دەست وپەیوەندەکانی بوونەتەوە.

    سێهەمین خاڵ ئاستی دەسەڵاتی سەرۆک کۆمارە لەبواری بڕیاردان،ئەگەر سەرنج بدەین ناوەندی بڕیاردان وبەڕیوەبردنی کاروباری وڵات تەنها وەلی فەقیهە و تەنانەت ئەگەر سەرۆک کۆماریش بیهەوێت کارێک بکات بێ ئیزنی خامنەیی ناتوانێت،وبە دڵنیاییەوە خامنەییش باش ئەزانێت کە کرانەوەی کۆمەڵگا مەرگی دەسەڵاتەکەی بە دواوە ئەبێت.

    بە پێی ئەم شرۆڤە زۆر ئاسان ئەتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە ئایا ڕۆحانی ئەتوانێت کارێک لە دەرەوەی دەسەڵاتە بەرتەسکەکانی بکات یان نا.

    دوای بەدەستەوە گرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری بۆ جاری دوویەم لە لایەن ڕوحانی یەکەمین چین و توێژێک کە هێرش کرایە سەری ژن بوو.دیسان تێزاو پژاندن،گرتن،ئەشکەنجە و توند و تیژی درێژەی هەیە،ڕەوشی ژنان لە گرتووخانەکانی ڕژیم زۆر خراپە وچالاکانی مافی ژن لە زیندان لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش دەکرێن،کە ئەمانە هەموو وەک پەیامێکە بۆ ژنان کە ڕوحانی بە بەڵێنە مۆرەکانیەوە نەتەنها ناتوانێت تەنانەت یەک هەنگاویش بۆ باشتر کردنی ڕەوشی ژن لە چوارچیوەی ئەم ڕژێمەدا هەڵبێنێ بەڵکوو لە ڕاستیدا تاکە شرۆڤەیەک ئەکرێ بۆ ئەم ڕەوشە بکرێت،ئەویش ئەوەیە کە قەفەسێک کە بۆ ژنان لە ئێران دا هەبوو،ڕەنگە ڕەشەکەی بە  ماسکەی مۆرداپۆشرا تا کێشەی ئەسڵی بشارنەوە.

    بەڵام جێی سەرنج ئەوەیە کە بە دڵنیاییەوە هیچ شتێک وەک پێشتر نابێت و ئەوەش لە چالاکییەکانی ژنان دوای هەڵبژاردنەکانەوە دیار دەبێت کە ئەیانهەوێت سنووری داواکارییەکانیان بەرفرەتر بکەن.ژنانی ئێرانی باش ئەزانن کە نابێ بۆ وەدەست خستنی مافەکانیان چاوەڕوانی کەسێکی وەک ڕۆحانی بن،بەڵام ئەوەش کە نابێ هیچ کات لە بیری بکەن ئەوەیە کە پەرتەوازەبوونی بزووتنەوەکانی ژنان ڕێگای گەشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان درێژتر ئەکاتەوە کە ئەوەش دەسەڵات دارانی دژەژنی ئێران سەرخۆش دەکات.

    ژن لە هەر نەتەوە و ئایین و نەژادێک بن خاڵی هاوبەشیان هەر ژن بوونە و هەر بۆیە بۆ دەسەڵات داران جیاوازییان نیە و بە یەک چاو لێیان ئەڕوانن،کە واتە ئەبێ ئەو هێز و پۆتانسیەلە کۆبکرێتەوە وتێکۆشانی ژنان بەرفرەتر بکرێت،چونکە لە ڕاستیدا ئەگەر ڕژیمەکانیش بگۆڕێن ئەگەر گۆڕانکاری لە زێهنییەتی کۆمەڵگادا دروست نەکرێت دیسان ڕەوشەکە بەرەو پاش دچێتەوە. 



    کژار