ئەو هاوارانەی کە ‌عەرشی خودای دەهەژاندوو کەس نەیدەبیست!

17 ئازار, 2017

 

ماڵپەڕی کەژار: بەپێی ئەوەی کە تۆ لەدوای کاراەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەوە لەدایكبووی باس لە ئێش و ئازارەکانی ئەو زامە بکە، وە ڕەنگدانەوەی لە ژیانی ڕۆژانە و گشتی خەڵك لە باشوردا چییە؟

لە دەوروبەرت کەسانێك کە دوای چەندین ساڵ ئێستاش بە ئێش و ئازارەکانی کیمیابارانەوە ژیان دەکەن هەبوو؟

 

 

           

میرکان ڕانیە: من لەو کاتەدا نەهاتبوومە دونیا بەڵام تاکە شتێك کە لە بیر و هۆشی مندا هەیە ئەوەییە کە  من تەنها ئەوەم دەزانی کە کارەساتێکی زۆر ناخۆش و دڵتەزێن لە هەڵەبجەدا ڕوویداوە، هەموو کاتێك  بە یاد و بیرەوەریەکانی ئەم کارەساتانەوە ژیانمان ئەکرد. هەمیشە بە بیر کردنەوە یان باسکردن و هینانی ناوی هەڵەبجە هەموو ئەو شتانەی بۆم باسکراوە بە دیمەن لە زیهن و خەیاڵمدا دروست دەبێت ئەو دایك و باوکانەی کە نەینتوانی ژیانی منداڵەکانیان بپارێزن، ئەو منداڵانەی کە لە دایك و باوکیان جیابوونەوە، هەموو ئەو لاشانەی کە بە چەندین ڕۆژ لە ژێر زەمین و سەر شەقام و کۆڵانەکاندا هەروا مابوونەوە، هەموو ئەو هاوارانەی کە ‌عەرشی خودای دەهەژاندوو کەس نەیئەبیست!، هەموو ئەو فرمێسکانەی کە لەچاوەکاندا وشکبوونەوە، هەموو ئەو ئاهانەی کە لە گەروەکاندا خنکان، هەموو ئەو ڕۆحانەی کە دەرکەوتن لە شار. بەڵام ساڵانێکە کە ئەم هاوارانە ئەبیستم و ئەم فرمێسکانە ئەبینم. بەڵام ئەوە نابێتە مانای ئەوەی کە هەست بە هەموو ئەو شتانە بکەیت چونکە هیچ کەسێك ناتوانێت وەسفی ئەمانە بکات جگە لەو کەسانەی کە خۆیان بەناو جەهەنەمی ئەم ڕوداوانەدا تێپەڕیون و ژیانیانکردوە…..!

 

بێگومان کاریگەری زۆری دروستکردووە لەسەر خەڵکی باشوری کوردستاندا چونکە ئەم کارەساتە نەك تەنها بۆ لەناوبردنی یەك جار بوو، بەڵکو درووستکردنی ژیانێکی پڕ لە مردن بوو، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە چەکی کیمیای  پەیام و سڵاوێکی شەڕانگێزانەی  ڕژێمی بەعس بوو بۆ لەناوبردنی گەلی کورد لەژێر چەمکی (ئەنفال)، کە سورەتی هەشتی قورئانە کە خودا ئەمری کردووە دڵی دوژمنانی خودا بتۆقێنرێت….! ناوەکەی تری ئەمە (جینۆساید)ە، لە ئێستا ئەو کەسانەی کە لەم کارەساتەدا ڕزگاریان بووە هەر ڕۆژێك لەم ژیانەدا بۆ ئەوان مردنە، کاریگەریەکان هەم جەستەی وە هەم دەروونین، بەڵام کاریگەرییە دەروونیەکەی هەمیشە لەناو ژیانی خەڵکی باشوری کوردستاندا ڕەنگدەداتەوە، جیاواز لە قوربانییە ڕزگاربوەکان لەناو گشتی کۆمەڵگای باشوردا ڕەنگدانەوەێکی زۆری هەیە.

سەبارەت بە بریندارانی ئەم کارەساتە تا ئێستاش زۆری قسەکردن لەسەر باری تەندروستی ئەوانە لەلایەنی جەستەیییەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ کەسێك سەبارەت بە ڕەوشی دەروونی ئەو کەسانە شتێكی نەوتووە، بێگومان لە ئێستادا ڕەوشی دەروونی  ە، ئەم نەخۆشییە نەخۆشێکیPTSDخراپدایە، ئەوان دووچاری زۆر نەخۆشی جیاواز بوونە کە یەکێك لە نەخۆشیانە

دەروونییە کە دوای دروستبوونی ئەم کارەساتە دووچاری ڕزگاربوانی هاتووە کە بە هاتنە یادی هەموو ئەم کارەساتانە دەکەونە ناو ڕەوشێکی دەروونی زۆر خراپ، کە کاریگەری لەسەر ژیانی ئەواندا کردووە، وە چەندین نەخۆشی جۆراو جۆر، ڕژێمی بەعس نەك تەنها بەمە نەوەستاوە بەڵکو بە تێکەڵکردنی چەندین جۆری ماددەی کیمیای ئەم کۆمەڵکوژییەی ئەنجامداوە، ئەم کۆکتێلە دروستکراوە تەنانەت بۆ نەوەکانی داهاتووی ئەم شارەش مەترسی گەورەی هەیە، بۆ نموونە دروستبوونی ژمارەێکی زۆری منداڵی کەمئەندام و دروستبوونی برینی زۆر لە جەستەی ئەو قوربانیانەی کە ڕزگاریان بووە، تەنانەت بەشێکیان گەشتوون بە ئاستی دروستبوونی شێرپەنجە و نەبوونی چارەسەری و بەمەش دەربازبوونی هەر دەقەێك لە ژیان بۆ ئەوان نزیكبوونەوەییە لە کۆتایی ژیان، بەڵام بەداخەوە کە بە هیچ شێوەێك ئاوڕێکی جدییان لێنەدراوەتەوە، تەنانەت بە هیچ شێوەێك باس لە ڕەوشی دەروونی ئەواندا ناکرێت.

ئەمە سەبارەت بە خودی ڕزگاربوانی کارەساتەکە، بەڵام بۆ گشتی خەڵکی باشوور ئەم کارەساتە زامێکی ساڕێژ نەکراوی هەمیشە زیندووە لەناو ژیانیاندا، کە کاریگەری زۆری لەسەر یەك بە یەکی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایەدا جێهێشتوە، هەمیشە ژیانکردن لەناو بیرەوەریەکانی ئەم کارەساتە ئیتر بۆ ئەوان بۆتە کابوسێکی هەمیشەی و بەردەوام.

 

کاتێك مرۆڤ دەیەوێت خۆی نزیك بکاتەوە لەو کەسانەی کە ڕزگاربووی ئەم کارەساتەن هەستێکی زۆر جیاوازی بۆ درووست دەبێت، چونکە ئیتر ئەوان کە کەسانێك ئەبینن بە هەنگاوی گەورە بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە لە مرۆڤەکانی دەوروبەریان ڕادەکەن، وەك خۆیان دەڵێن ئێمە نامانەوێت باسی ئەم کارەساتە بکەین ئیتر ئەوەندە باسمان کردووە کە بێزاربووین لەوەی هەمیشە باسی ئەم ستانە بکەین و وەك دڵپێوەماین سەیرمان بکەن و هاوکارمان نەبین لەناو کێشەکانماندا، واتە تا ئێستا لە ڕووی  هۆکارە سایکۆلۆژیەکانەوە سەیری ڕەوشی ئەوان ناکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ گەشە کردنی ئەم ڕەوشەی ئەوان دروستبوونی مەترسی زیاتر، ئەم کارەساتە بۆ گەلەکەمان لە باشووری کوردستان و هەموو کوردان بوە بە برین و زامێکی ساڕێژنەکراوی سایکۆلۆژی، ئەمەش بۆتە هۆکاری هەمیشە ژیانکردنی ئەم کارەساتە لەناو ژیانی ئەم قوربانییە ڕزگاربوانە، لەسەر ژیانیان ڕەنگدانەوەی گەورەی هەیە.

 

 

ماڵپەڕی کەژار: ئایا بێدەنگی خۆی سەرچاوەی ئەنفال و هەموو کارەساتەکانی  کە بەسەرگەلی کوردا هاتووە نەبووە لەهەمان کاتدا بێدەنگی دونیای عەرەبی و ڕۆژئاوا لەمەڕ ئەنفال و کیمیاباران لە کوردستاندا کە هەتا ڕۆژی ئەمڕۆش بەردەوامە لەمەڕ پرسی کورد هەیە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

 

 بێگومان بێدەنگی خۆی سەرچاوە بووە، بەڵام کام بێدەنگی و بێدەنگی لە چی ئەمە گرنگە!، گەلی کورد خۆی لەم کارەساتانەی کە بەسەریدا هاتووە بێدەنگ بووە، ئەمە ئەوە دەگەێنێت کە نەتەوەێك ئاگاداری مێژووەی خۆی نەبێت چاوەڕوانی بەزەی بێت لە وڵاتانی دەرەوە بگومان کە ڕووداوی لەم شێوەییە دووبارەش ئەبنەوە لە شوێن و کاتی جیاوازدا، من هۆکاری ئەمە لە باشوری کوردستاندا دەگەڕێنمەوە بۆ پارتییە سیاسیەکانی باشوری کوردستان کە هەمیشە چاوەڕوانی بەزەی و هاوکاری وڵاتانی دەرەوە بوون و بۆ تەنها جارێکیش پشتیان بەیەك نەبەست هەر بۆییە ئەنجامی بەم شێوەیەش دەردەکەوێت، ئەمەش ڕاستەوخۆ بۆ گەل دەگوازرێتەوە چونکە پەیوەندی گەل بە پارتیە سیاسیەکەناوە ڕاستەوخۆییە، واتە هەموو ئەمانە ئەوە دەگەێنێت کە گەلێك خۆی بێدەنگ بێت لەو کارەساتانەی بەسەریدا  دێت دەبێت چاوەڕوانی هەر شتێك بێت کە بەسەریدا هەبێت.

بۆ دووبارە نەبوونەوەی هەموو ئەوانە هاوار پێویستە، پشتبەستن بەخۆ پێویستە، باوەڕی بە هێزی خۆت و گەل پێویستە، پێویستە هەر تاکێکی ئە وڵاتە زانیاری لەسەر ئەم مێژووە بە ئێشە هەبێت.

لە مێژوودا هەر هێزێکی شەڕکەر لەسەر ناو و هۆکار و بەهانەی  جیاواز هێرشی کردووە، ڕژێمی بەعسیش لەسەر ناوی ئاینی ئیسلام ئەم هێرشانەی دووروستکرد، ئەمە خۆی ماسکێك بوو چونکە لەژێر ئەمەدا هۆکارێکی تر هەبوو کە ئەویش نەتەوەی کورد بوو…!

هۆکاری ئاسان جێبەجێ بوونی ئەم هێرشەو وە بێدەنگبوونیشی هەر ئەمە بوو. لەم کاتەدا بێدەنگی وڵاتانی عەرەب لەبەر  نەتەوە پەرستی عەرەبەکان بوو، دەزانرا کە هۆکاری ئەم هێرشە نە ئاینییە بەڵام لێی بێدەنگبوون چونکە  ئەو گەلەی ئەم کۆمەڵکوژییەی بەسەردا هات کوردبوون، ئەو هۆکارەی کە ڕژێمی بەعس کردییە دروشم بۆ هێرشەکانی پشتیوانی زیاتری بۆ ئەم ڕژێمە دەرخست هەر وڵاتێکی عەرەبی لەو کاتەدا بوو بە پشتیوان بۆ ئەم ڕژێمە و بێدەنگێکی گەورە،  ئەوان ئەو کاتە سەدام حوسێنیان بە پالاوانێك دەزانین و عێڕاقیان بۆ خۆیان بە سمبولی نەتەوەی عەرەب دەزانی و بۆ بەرژەواندیاکانی خۆیان ئامادەی هەر شتێك بوون.‌

بۆ وڵاتەکانی ڕۆژئاوا  زۆر هۆکار هەن،  یەکێ لەوانە بەرژەوەندییە گشتیەکانی ئەوان بوو لەگەڵ عێڕاق، ئەو کاتە عێڕاق وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەند بوو، وەك بازاڕی ساغکردنەوە چەکە کۆنەکانی ئەو وڵاتانە بوو، هەموو ئەو ولاتانە چەکیان بەم ڕژێمە دەفرۆشت و بەڵام لە هەموو ئەو ڕووداو و کارەساتانە بێدەنگدەبوون کە لەناو ئەم وڵاتادا دروستدەبوو، وە ئەوروپاش نەیدەویست پەیوەندی خۆی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی تێکبدات لەو کاتەدا.

وە هەندێك وڵاتی تری ئیسلامی ئەم کارەساتانەیان بەکار هێنا بۆ بەرژەوەندی خۆیان لە شەڕەکاندا، بۆ نموونە ئێران کاتێك کە کارەساتی هەڵەبجە ڕوویدا ناکۆکی ئەوان و ئێڕاق هەبوو و سەردەمی شەڕ بوو بۆییە بە ئاسانی توانی ئەمە بەکار بێنێت و دەنگی ئەم هاوارەی کە کەس نەیدەبیست بیگەیێنێتە دەرەوە ی ئەم سنورە چیمەنتۆ کراوانەی کە کەس نەیدەتوانی پێیدا بێتو و بچێت دەرەوەی خوێنمژەکان، بەڵام ئەویش بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاریهێنا وهیچ هۆکارێکی تری لە پشتەوە نەبوو، لەبەرامبەر ئەمەش ئێراق کیمیابارانی سەردەشتی کرد.

لە بیستەمین ساڵیادی کارەساتی هەڵەبجەدا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا  نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ لەناو بردنی چەکی ئەتۆمی لە ئێڕاق کە ئەو دەم (هانس بلیکس) بوو زۆر بە ئاشکرا وتی: (بە ئاسانی دەتوانرا کارەساتی هەڵەبجە ڕونەدات،تەنها چاو سورکردنەوەێك لە زلهێزەکان، یان وڵاتێکی ئەوروپی بەسبوو، بۆ ئەوەی ڕژێمی بەعس ئەم کارەساتە نەکات)، بەڵام کەس نەهاتە گۆ، چونکە بەرژەوەندی ئەوانی تێدا نەبوو.

 

 ئیتر بێدەنگی بۆتە کلتورێك لە مێژوو و ئێستاماندا، لەم کارەساتەشدا ئەم بێدەنگییەی گەلەکەمان گەشتە لوتکە، بێدەنگی خۆی خستۆتە ژێر پرسیارەوە ئیتر ناتوانێت بەرگەی ئەو هەموو تاوانە نا مرۆڤانەیانە بگرێت ، هەربۆییەش ئەمە نە یەكەم و کۆتا جینۆسایدە کە باسی لێ ناکرێت و پشتگوێ دەخرێت چەندین جینۆسایدی تریش هەنە کە پشتگوێ خراوین و ئەوانیش چارەنوسیان بەهەمان شێوەی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کوردە.

 

 

ماڵپەڕی کەژار: چ هۆکارگەلێك هەیە کە ئەنفال لە هۆشیارێکی سیاسی سادە کە تەنها یادکردنەوەێکی سەرپێیانەییە ڕۆژانەی ساڵانەییە دەگوازرێتەوە بۆ هۆشیارێکی کلتووری کە ئینتیمامی مرۆڤی کوردی بەدواوە بێت؟

 

 

 میرکان ڕانیە: بۆ ئەوەی ئەم تاوانانە لە هۆشیارێکی سیاسی سادە بگۆڕین بۆ هۆشیارێکی  کلتوری دەبێت زۆر شت بکەین بۆ نموونە: دروستکردنی کلتوری یادەوەری لەناو ئەم کۆمەڵگایەدا زۆر پێویستە ئیتر  دەبێت ئەم کارەساتە لە یادەوەری تاکەکانەوە بگوازرێتەوە بۆ یادەوەری گشتی، چونکە ئەم کارەساتە لە ڕابردوودا دروستبووە و بەڵام تا ئێستا لەناو ژیان و بیر و هۆشی گەلی ئیمە بەتایبەت لەباشوری کوردستان ڕووینەداوە.

تەنها کۆکردنەوەی ئەم کارەسات و ئازار و ئێشانە بۆ یەك ڕۆژ شتێکی ئەخلاقی و سیاسی و کلتوری نییە، ساڵانە لە یەك ڕۆژدا چەند وتار و چەند شعرێك و چەند فرمێسکێکی نەڕاستی دەسەڵاتدارانی ئەم دەڤەرە نابێتە زامنی هەموو ئەم ئێش و ئازارانە.

بە ماددی نزیکبوونەوە و هەوڵدان بۆ قەرەبووکردنوەی ئەم قوربانیانە لە ڕێگەی ماددییەوە ئەخلاقی نییە، بۆ ئەوان ماددیەت پێویست نییە، بۆ ئەم قوربانیانە ژیانێکی پڕ لە ئاسودەی و بەختەوەری پێویستە.

ئەوان ئیتر ماندوو بوون لە گریان، جلە ڕەشاکان، لاوانەوە بۆ کەسە ئەزیزە لە دەستچوەکانیان، بۆ ئەو هەموو بێ ڕێزی ماددی نزیكبوونەوە، ماندوو بوونە لە مەراسیمە حیزبیەکان، لە لێدوانە نەڕاستەکانی دەسەڵاتدارانی ئەم مەملەکەتە….

ئەوان ئیتر دەیانەوێت خەم و ئێشەکانیان تەنها هەر بەرۆکی ئەوان نەگرن،  تەنها لەگەڵیان ژیان نەکەن، ئەوان ئیتر پێویستیان بە هەوخەم و دڵسۆزێکی ڕاستەقینە هەیە.

 

پێویستە ئەمە بزانین کە ئەم کارەساتە کارەساتێکە نەك تەنها دژ بە گەلی کورد ئەنجامدراوە بەڵکو دژ بە هەموو مرۆڤاتی کراوە و هاواری ئەم کارەساتە بگەێنینە هەموو دونیا، پێویستە بکرێتە هۆکارێك بۆ تێگەیشتن و ڵێکۆڵینەوەییە لەم کارەساتە، بەجۆرێك کە کاریگەری هەبێت لەسەر مافی مرۆڤەکان و دادوەری  و ئازادی.

ئەگەر بێت و سەیر بکەین دەبینین کە میدییا کوردیەکان کاریگەرێکی زۆر نەرێنیان لەم بارەییەوە هەبووە، بۆ نموونە نیشاندانی ئەم وێنە  و گرتەیانە و نیشاندانی چیرۆکی ئەم قوربانیانە وەک کەسانێکی بێ ئومێد لەژیان و ماندوو، هەموو ئەمانە نەك بۆ لەبیر نەکردنی ئەم کارەساتەییە بەپێچەوانەوە کاریگەری زۆر خراپ لەسەر خودی قوربانیانی ئەم کارەساتە و وە ئەم کۆمەڵگاییە هەیە، بە شێوەێك ئیتر هیچ کەسێك نەیەوێت هیچ شتێك ببیسێت ،لەهەمان کاتدا پێویستە لە ڕێگای میدیا کوردیەکانەوە ئەم کارەساتە لە کارەساتێکی سالانەی و دروستکردنی چەند کەسایەتێکی بێ هێزی لە ژیان ماندوو کە ئەم قوربانیانەن، گۆڕینی ئەمانە بۆ چەندین قوربانی قارەمانی ناو ئەم کارەساتە، وە هیوا بەخشین هەم بە قوربانیەکان هەم بە هاولاتیانی ئەم نیشتیمانە، واتە دروستکردنی یادەوەری گشتی، گۆڕینی ئەم ڕوداوانە لە یادەوری تاك کە قوربانیەکان خۆیانن، بۆ یادەوەری گشتی کە ئەم نەتەوەییە.

لەلایەکی ترەوە پێویستە ئەم کارەساتە هەمیشە زیندوو بهێلدرێتەوە، واتە ئەم گەلە ئاگاداری ئەمە ڕوداوانە بێت کە ڕوویداوە هۆشیارێکی تەواوی هەبێت نەك زیندووهێشتنەوە بە واتی بەزەی و جیاواز سەیرکردنی،واتە دروستکردنی چەندین شوێنی تایبەت بەم کارەساتانە و پاراستنی هەموو ئەو شتانەی کە لەدوای ئەم کارەساتانە بەجێماون، دروستکردنی چەندین بەڵگەفیلم و دیکۆمینتاری کە ببنە ئەرشیفێك بۆ ئەم کارەساتە، کە ئەمەش بە سود وەرگرتن بە خودی ئەو قوربانیانە دەبێت، هەروەها دەبێت ئەم کارەساتە بەهەموو دونیا بناسێنرێت شانبەشانی کارەساتەکانی تری ئەم گەلە کە لە ناوچەو پارچەی تری ئەم خاکەدا دروستبوونە و ئاگادارکردنی ڕای گشتی لێی، دەبێت هەوڵبدرێت بۆ دەرخستنی ڕاستیەکانی ئەم کارەساتانە بە ڕووی هەموو دونیادا.

گەلی کورد و دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە  دەبێت ئیتر ڕاستی دوژمنی خۆیان بزانن و دەست بەربدان لە دۆستایەتی دوژمنانی خۆیان دەبێت ئیتر ڕووی ڕاستەقینەی دوژمنانی گەلی  کورد ببینن، کاتێك دەبینین وڵاتانی دەرەوە لەمەڕ کارەساتەکانی ئەم خاکە بێدەنگن بۆچی دەبێت ئێمە دەست لەناو دەستی ئەوان بن و بۆ کامێراکان زەردەخنە پڕ لە دیکتاتۆریەکانیان دەرخەن؟، کاتێك هێرش لەسەر ناوچەێکی ئەم نیشتیمانە هەیە بۆ نموونە شەنگال نابێت ڕابکەین لە دوژمن و بهێڵین کارەساتی بەم شێوەییە دووبارە ببنەوە.

کاتێك دەبینین لە بەشێکی تری ئەم نیشتیمانەدا گەلەکەمان لەژێر هێرشی نەیارانداییە دەبێت ببین بە کڵپە ئاگری سەرهەڵدان و ڕۆحی نەتەوایەتیمان بگاتە لوتکە، نەك دەستمان بخەینە دەستی دوژمنەکانمان و بکەوینە هەوڵدان بۆ بەرژەوەندییە تایبەتەکانی تاك، بنەماڵە و ناوچە.

کاتێك لە پارچەێکی ئەم نیشتیمانە دەبینین کە خوێنی بەهەزاران شێرە ژن  و گەنجی نەبەرد تێیدا ڕژاوە نابێت هەوڵبدەین بچین ببینە مشەخۆر لەسەر ئەو دەسکەوتانەی کە بەخوێنی گەلەکەمان بەدەست هێنراوە.

کە دەبینین دوژمنی گەلەکەمان دەیەوێت وێرانکاری بکات لە وڵاتماندا نابێت دەست بخەینە ناو دەستی دەبێت ڕۆحی برایەتی، نەتەوەتی لەسەروووی هەموو شتێکەوە بێت….بەڵام بەداخەوە ئەگەر ئێستا سەیر بکەین دەبینین کە (پارتی دیموکارتی کوردستانی عێڕاق) شانبەشانی ئاك پارتی دوژمنایەتی گەلەکەی دەکات لەبەر بەرژەوەندی تاك،بنەماڵە، نەك تەنها ئەو لایەن و کەسانە بەڵکو زۆر لایەن و کەسی تر هەن کە خەریکی فرۆشتنی خاك و هاوڵاتیانی ئەم نیشتیمانەن بۆ بەرژەوەندیییە تایبەتەکانی خۆیان….

من لێرەدا دەمەوێت بە وتەێکی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆتای بە وەڵامی ئەم پرسیارە بێنم کە دەڵێت ( هەر نەتەوەێك کە مێژووی خۆی  نەزانێت، مەحکومە بە دووبارە ژیانککردنەوەی )  کەواتە بەشێك لە کوردەکان و دەسەڵاتدارانی بەشێك لەم خاکە خۆیان دەبنە هۆکار و هاوکار بۆ دووبارە بوونەوەی هەموو ئەم کارەساتانە.

 

 ماڵپەڕی کەژار: بگەڕێینەوە بۆ مێژوو و شوناسی کورد  لەناویشیدا ژن وەکو شوناسێکی لەرزۆکی خۆبەکەمزان و مەزڵووم هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ کە لە بەرامبەر زوڵم و کۆمەڵکوژی دەیان جار بەرخودترین پێناسە بکەین چ جیاوازێکی هەیە؟ هۆکارگەلێك هەیە؟

 

 

 

 

 میرکان ڕانیە: لە مێژووی گەلی کوردا زۆر ڕووداو کارەسات و قارەمانیەت و خیانەت هەن، لەناو هەر شۆڕشێکدا قارەمانێك هەیە لایەنێك هەیە کە پێشەنگی شۆڕشن، لەلایەکی ترەوە هەمیشەش کەسانێکی خۆبەکەم زانی شەرمکەر لە نەتەوە و خاك دەرکەوتوون و خاك و نیشتیمانیان فرۆشتووە بوونەتە دۆستی دوژمنەکانیان و دوژمنی هەموان!

ئەمە بە شێوەێکی زنجیرەی بەردەوام بیوەو هاتوە، بەڵام بێگومان کە ئەمە مەترسێکی گەورەی هەیە و هەبووە هەم لە ڕابردوودا هەم لە ئێستا و داهاتوودا، لە بەشێك لە کوردەکاندا ئەمە هەیە کە کاتێك ناوی نەتەوەی کورد دەهێنرێت شەرم دەکەن. شەرم لەچی؟ لە خودی خۆیان، نەتەوە،خاك…

هەموو ئەوانە نەك تەنها لە مێژوودا بوونەتە هەڵەێك و خاڵێکی ڕەش بەڵکو لە ئێستاشدا کاریگەری هەر ماوە و پاشماوەکانی بوونەتە مەترسێك بۆ ئەم گەلە.

کاتێك گەلێك سەرکردەکانی ئەم وڵاتە دەبینێت کە بەردەوامکەری کەسایەتییە خۆبەکەم زان و مەزڵومەکانن، ئەو دەبینێت کە پێشەنگەکانی ئەم کۆمەڵگاییە لە چ ئاستێك دانە لەبەر ئەوەشە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر تاکەکانی ئەم کۆمەڵگاییە دروستدەکات.

هەر بۆییە دەبینین کە تاکەکانی ئەم کۆمەڵگاییە لە وڵاتی خۆیان ڕادەکەن هەستدەکەن کە دوور لە خاك و نیشتیمانیش دەژین، وا لە تاکەکانی ئەم نیشتیمانە کراوە کە لەبری پاراستین و خۆشەویستی بۆخاك، ڕق و ڕاکردنیان بۆ دروستکردووە، ئەم نیشتیمانە لەبەر چاوی هەموان کراوە بە نیشتیمانێکی وێرانە، تاکەکانیان کردوە بە مرۆڤانێکی خۆبەکەمزان و مەزڵووم و مەرگدۆست.کەسانێك کە ئاشقی مەر‌گ و گۆڕستانەکانن نەك ئاشقی ژیان و مرۆڤەکان.

ئەم خۆ بەکەمزانییە نەك تەنها لە خودی تاکەکان لەناو کۆمەڵگاکەیندا هەیە بەڵکو کاتێك لە دەرەوەی کۆمەڵگای خۆشیان دەبن، لەبەرامبەر نەتەوەکانی تر، لەبەرامبەر دوژمنەکانیاندا، خۆیان زۆر کەم و بێ هێز دەبینین، هەموو ئەو مێژووە پڕ لە ئێش و ئازارەی کە ئەم نەتەوەییە هەیەتی کراوە بە مێژووی نەتەوەێکی هەژار و داماوی مەزڵوم، لەکاتێکدا ئەمە نەڕووی ڕاستە‌قینەی ئەم نەتەوەییە.

بەڵکو ڕووی ڕاستەقینەی ئەم نەتەوەییە سەرهەڵدەری و قارەمانیەی و نەبەردییە، مێژووی ئەم گەلە پڕە لە داستان و سەرهڵدانی بەهەزاران کەسایەتی قارەمان و بەهێز، نەك نەتەوەێکی شەرکەر، نەتەوەێکە کە خاك و نیشتیمانی خۆی لە دەستی داگیرکەران پاراستووە، دیوی ڕاستەقینەی گەلی کورد ئەمەییە،هەر وەك ئێستا لە ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان و گشتی کوردستان و دونیادا ئەمە دەبینین کە گەلی کورد گەلێکی بەهێز و بەتوانا و بەرخودکەر و تیکۆشەرە، گەلی کورد بە کەسایەتە ناودەرەکانی خۆی و شەهیدە سەربەرزەکانی کە لە ڕێگای ئازادی ئەم خاکەدا گیانیان بەختکرد، بە هەموو شۆڕشەکانی لە ڕابردوو و ئێستادا ئەمەی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی سەلماند کە گەلی کورد گەلێکی کۆڵنەدەرو بەهێز و ئازادیخوازە.

وە لەناو ئەمەشدا کەسایەتی ژن لەناو ئەم مێژووەدا بە کەسایەتێکی مەزڵوم و کەم سەیر دەکرێت، بەڵام ئەمە شتێکی دووری ڕاستییە، کەسایەتی ژنی کورد کەسایەتێکی بەهێز و بەرخودەر و تێکۆشەرە، ژنی کورد لەمێژوودا خاوەنی لەیلا قاسم،بەسێ، زەریفە،بێریتان،زیلان،سارا،ڤیان،شیرین،ئارین…بەهەزاران ژنە قارەمانیترە کە لەمێژووی کورد و ژنانی جیهاندا جێگەی شانازی سەربەرزینە بۆ گەلەکەیان بۆ هەموو ژنان ئەوان بە بەرخودانی تێکۆشان و هەوڵدانی خۆیان ڕووی ڕاستەقینەی ژنانی وڵاتی جەنگاوەرانی ئازادیان خستە بەردەم هەموو مرۆڤاتی.

هەربۆییە ئەم هەستی خۆبەکەمزانی و مەزڵومیەتی لەناو ژنانی کوردا دەبینرێت و کردویانەتە میراتێکی درۆین بۆ ژنانی کورد ئیتر هێدی هێدی بوونی نامێنێت  و دیوە ڕاستەقینەکەی بۆ تەواوی دونیا دەردەخات نموونەی ئەمەش لە شۆڕشی  ڕزگاری خوازی گەلی کوردا و ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری کوردستان و شەنگالدا دەبینین کە ژنانی کورد بە هەموو هێز و توانای خۆیان، بە نەبەردی و بەرخودان و تێکۆشانی خۆیان، بەرامبەر هەموو دوژمنانی گەلەکەیان و مرۆڤایەتی وەستانەوە و گیانی خۆیان فیدای خاك و نیشتیمان و مرۆڤایەتی و ئازادی کرد،ئەمانە بوون ژنە نەبەرد و بەهێزەکانی کورد.

عەبدوڵڵا  ئۆجەلان لە یەکێ لە وتەکانیدا سەبارەت بە ژن دەڵێت: (شۆڕشی ژن شۆڕشی گوڵە)، لێرەدا ئۆجەلان ژنی چواندووە بە گوڵ، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە ژن وەك گوڵە بە هەموو جوانییەی خۆییەوە هەمیشە ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە، بۆییە دەبێت خۆی بپارێزێت لەو هێرشانەی کە ڕوبەڕوی دەبێتەوە، کەواتە ژنانی کورد شۆڕشی گوڵیان بەرپاکرد.

  بوونە سمبولی ژنانی جیهان، ئێستا هەموو ژنانی جیهان شانازی بەم تێکۆشانەی ژنانی کورد دەکەن و خۆیان بە بەردەوامکەری ڕێگەی ژنانی کورد دەبینن.

ژنانی کورد داستانی کەسایەتی ژنی کوردی مەزڵوم و بێ هێزیان کرد بە داستانی بەرخودانی و تێکۆشانی شەهید ساکینە جانسز و لەیلا قاسم و  شیرین ئەلەمهولی و ئارین میرکانەکان و بەهەزاران ژنە قارەمانیتر، ژنانی کورد بە دەنگی خۆیان لەتەواوی جیهان بڵاو کردەوە و هەر یەکەیان بوون بە ژنە خوداوەندێك.