• کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان کژار، دووهەمین کۆنگرەی خۆی راگەیاند.

    15 تشرینی یه‌كه‌م, 2016

    لە کۆنگرەکەدا پەیامی کۆردیناسیۆنی کەژەکەش خوێنرایەوە کە تیایدا دووهەمین کۆنگرەی کژار بە جۆش و بڕیارداری شۆڕشی ژن لە ڕۆژاوا پیرۆز کرابوو و سڵاو ناردرابوو بۆ خەتی بەرخۆدانی هەڤاڵانی شەهیدی ڕۆژهەڵاتی کە دە کەسایەتی شەهید شیرین عەلەم هولیدا بەردەوامی بە ڕێگای سەکینە جانسز دەدرێ و ڕۆژ بە ڕۆژ پەرە دەستێنێ. کۆردیناسیۆنی کەژەکە پێڤاژۆی هەیی بۆ ڕەوشی ژنان لە ئێران بە گشتی و بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرینگ نرخاند و جەختی لەسەر بەرپرسیارێتی کژار لە بەرامبەر ئافراندنی هێزی چارەسەری و پێکهێنانی شۆڕشی ژن لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردەوە.

    دوای ئەم پەیامە راپۆرتی بەڕێوەبەری کژار لەسەر کار و خەباتی دوو ساڵی ڕابردوو خوێنرایەوە و ڕەوشی سیاسی و ڕێخستنی بە تێر و تەسەلی خرایە بەر باس. پێڤاژۆی هەیی، ڕەوشی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، و لە بەرامبەر کێشەکانی کۆمەڵایەتی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە پێشخستنی هێزی چارەسەری و ئالتەرناتیڤ بوون باسی لەسەر کرا و گرینگی بەڕێخستنبوونی ژنان لە هەموو گۆڕەپانەکانی ژیان بە تایبەت لە بواری ئیدۆلۆژیک، سیاسی، ئابووری و پاراستنی جەوەریدا جەختی لەسەر کرایەوە.

    کۆنگرەکە هەروەها شەرت و مەرجی ئەسارەتی ڕێبەر ئاپۆی نرخاند و لە سەر ئەساسی کۆتایی هێنان بەو ڕەوشە، پێویستی ئاواکردنی نەتەوەی دێمۆکراتیکی دەستنیشان کرد.

    لەسەر مژاری کێشەکانی کۆمەڵاتی، کۆنگرەکە هەرە زۆر جەختی لە چارەسەریەکان کردەوە و بەو پێیە لەسەر بنەمای ئاواکردنی نەتەوەی دێمۆکراتیک ڕاوەستە لەسەر پێکهاتەبوونی کژار کراو و ئەوەی کە دەبێت خۆی لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ژینگەپارێزی، حقوقی، چاند و هونەر، پاراستنی جەوهەری،دیپلۆماسی و پەروەردەیی خۆی بەڕێخستن بکات.

    تێکۆشانی هاوبەش و یەکگرتنی ژنانیش لە کۆنگرەکەدا خرایە بەر باس.  کژار لەسەر بنەمای سیاسەتی دێمۆکراتیک لەگەڵ هەموو ڕێخستن و کەسایەتی ئانتی فاشیست و ئانتی کاپیتالیست تێکۆشانی هاوبەش و یەکگرتوویی پێش دەخا.

    کۆنگرە لە بەردەوامی کارەکانی خۆیدا خەباتی دووساڵەی کژاری نرخاند، پێداچوونەوە بەسەر ئەساسنامەی کژاردا کرا و بەڕێوەبەرییەکی ١٢ کەسی هەڵبژێردرا. دووهەمین کۆنگرەی کژار بە دروشمی " بە ڕێبەرتی ئازاد، شۆڕشی ژن لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئاوا بکەین" پلانسازییەکی بەرفراوانتری بۆ خەباتی داهاتوو ئامادە کرد.

    کۆنگرەکە بە وتنەوەی دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ. بێ سەرۆک ژیان نابێ، ژن ژیان ئازادی" کۆتایی پێهات.



    کژار