• چاوپێکەوتنی ماڵپەڕی کەژار لەگەڵ هاجەر زاگرۆس هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل

    9 تشرینی یه‌كه‌م, 2016

    لە چاوپێکەوتنێکی ماڵپەڕەکەماندا لەگەڵ هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل هاجەر زاگرۆسدا سەبارەت بە پێشهات و گۆڕانکاریەکانی ئەم دواییانەی ناوچە و هەرێمەکە ڕوویانداوە گفتوگۆ دەکات و وەڵامی پرسیارەکانی ماڵپەڕەکەمان دەداتەوە.

     ماڵپەڕی کەژار: ماوەێکی درێژە کە هیچ دیدارێك لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا نەگیراوە، گەلی کورد کەوتۆتە ناو دوو دڵێکی زۆرەوە، ئاخۆ ئامانجی دەوڵەتی تورکیا چییە لەمە، یاخود هەڵسسەنگاندنی ئێوە چییە بۆ ئەم ڕەوشەی ئێستا؟

    هاجەر زاگرۆس:  بەڵێ ڕاستە  دەوڵەتی تورکیا هەم لە ڕابردوودا وە لە ساڵی ٢٠١١ کۆشەگیرێکی سەختی لەسەر ڕێبەر ئاپۆ دەست پێکردووە، وە لە ٥ مانگی نیسانی ٢٠١٥وە نە شاندی ئیمڕاڵی وە نە پارێزەرەکانی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ نەکردووە.

    لەم چەند مانگەی ڕابردوودا ئەم کۆشەگیرییە زیاتر بوو و ڕەوشی ناهەمواریان لە ئیمڕاڵی ڕاگەیاند. بەمە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت لە کەسیاتەی ڕێبەر ئاپۆدا لەبەرامبەر پێشکەوتنەکانی تەڤگەری ئازادی و گەلی کورد کە ئێستا پێشەنگایەتی شۆڕش دەکەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێگری بکات و ئەو فکر و ڕامانەی کە ڕێبەر ئاپۆ پێشی خستووە بێ کاریگەری بکات. چونکە دەزانن کە ئەو سیستەمەی ڕێبەر ئاپۆ پێشی خست سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەناو دەبات. دوابەدوای ئەوەی کە بەرەی هاوبەشی گەلان لە باکوری کوردستان و تورکیا دروست بوون و لە تەواوی دونیادا بە ناونیشانی ڕێبەری مرۆڤاتی و خاوەن ئیدۆلۆژیا و فەلسەفە  و پێشەنگی سیستەمی دیمۆکراتیك ڕێبەر ئاپۆ بەناو کرا، ئەمە بە مەترسی بینرا بۆ دەستیان بە هێرشێکی بەم شێوەییە کرد، ئەمە نەك تەنها تورکیا بەڵکو ئەم بە هاوکاری هەموو زلهێزەکانی دونیا بوو، ئەمەی کە دەیکەن پلانگێڕێکی نێودەوڵەتییە، بەر بۆیەش بەوە نەوەستان لەسەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاواوە هاوکاری هێزی داعشیان کردوو، ویستیان ئەم شۆڕشە سەرنەکەوێت و ڕێگری لێبکەن بەڵام دەبینین کە بە پێچەوانەوە ئەم شۆڕشە گەشتە ئاستێکی هەرە بەرز.

    ڕێبەر ئاپۆ بەر لە ئێستا ئاماژەی بەوە کرد کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕێك ئەگەر هەبێت ئەوە لە کوردستاندا و لە دەوروبەری من دەبێت. هەر بۆیەش بە دژوارترین شێواز کۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ پەیڕەو دەکەن و دەرەوەی هەموو مافەکانی مرۆڤ لە دونیادا لە دەرەوەی هەموو مافەکانی زیندانێکی سیاسی، بەرامبەر بە ڕێبەر ئاپۆ سیاسەتێك پەیڕەو دەکەن و ئامانجەکەش هەر ئەوەییە کە باسم لێوەکرد.

     

    ماڵپەڕی کەژار:  هەروەك ئێوەش ئاگادارن کە دوابەدوای کودەتاکەی تورکیا، وە ڕزگارکردنی منبج، دەوڵەتی تورکیا پێشێلکاری خاکی ڕۆژئاوا و سوریای کردوو، کۆمەڵکوژی پێکهێنا، ئاخۆ هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا دەیانەوێت ئەم شەڕە و کۆمەڵکوژیانە نەمێنن،  پەیوەندی ئەمەنە لەگەڵ یەکتری چییە؟ هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەمە چییە؟

    زاگرۆس:  ڕێبەر ئاپۆ چەند ساڵێك لەمەوبەر بە بوونی ئەم کێشانە لەناو تورکیادا ئاگاداری دروستبوونی کودەتاێکی بەم شێوەی دا، لە تورکیادا لە هەموو بوارەکاندا لە هەر چین و ڕەگەز و ئاین و لایەن….. کێشە و ناکۆکی هەیە وە تاکە کێشەی گەورە کێشەی گەلی کوردە  بێگومان بۆ ئەمەش چارەسەرێك هەییە ئەویش سیاسەتی دیمۆکراتیکە، کە دەوڵەتی تورکیا پێچەوانەی ئەوەی کرد بۆییە بەم ئەنجامە گەیشت، لە ٢٨ مانگی شوباتی ٢٠١٥ دا کاتێك شاندی هەدەپە چوو بۆ ئیمڕاڵی هەر ڕۆژێك دوای ئەوە تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: ( کە کێشەی کورد نییە وە دانیشتن لەسەر مێزی چارەسەریش نییە)، بەمە دەوڵەتی تورکیا هەموو دەرگاکانی چارەسەری دیموکراتیکی داخست و دەستی کرد بە سیاسەت و هێرشێکی ناهمەوار و زۆر دژوار، بەمەوە هەموو کێشەکانی ناو تورکیا قوڵتر بوونەوە و بەمەش کە گەلی کورد زانی ئیتر دەوڵەتی تورکیا بەهەموو شێوەێك هەبوونی گەلی کورد ڕەتدەکاتەوە و نایەوێت چارەسەرێك دروست بێت، بۆییە گەلی کورد خۆسەری دیموکراتیکی ڕاگەیاند، بە بەرخودانی ڕێبەر ئاپۆ و ڕاگەیاندنی خۆسەری دیموکراتیك شکان وپارچەبوونێکی گەورە لەناو دەوڵەتی تورکیادا وە بەتایبەت ئارتەشی تورکیادا دروست بوو، سەرەڕای ئەوەی کە لەهەموو لاێکەوە بە هەموو شێوازێکی دڕندانە هێرشی کردە سەر گەلی کورد و بەم بەرخودانیەش گەورەترین شکانی ژیان کرد، هەر بۆییە ئەنجامەکەی ئەم کودەتا سەربازییە بوو.

    ئیمە ناڵێین کە ئەوانیەی ئەم کودەتاییان کرد لە دەوڵەتی ئاکەپە باشترن، چونکە ئەوانەی ئەمیان کرد نزکبوونەوەیان بۆ گەلی کورد و ڕێبەر ئاپۆ دیارە، وە ئەم کودەتایەش نە لەبەر پێناوی دیموکراسی بوو بەڵکو شەڕی دەسەڵاتە، هەر وەك دەزانرێت کە لە مێژووی تورکیادا بوونی کودەتای تر هەیە کە لە پێناوی بەدەستهێنانی دەسەڵاتدا بووە، ئەمەی کە فەتحوڵا گوڵەن و دارودەستەکەی کردی هەمان شێوەی ئەوانی ترە.

     ماڵپەڕی کەژار: بەڕێز هاجەر بگەڕێمەوە پرسیاری یەکەم، بۆ ئەوەی کە چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دروستببێت بەتایبەت دوا بەدوای کودەتاکەی تورکیا  لەهەر چوارپارچەی کوردستان و تەواوی دونیادا چالاکی جۆراوجۆر کرا، تەنانەت سایسەتمەداران و چین و توێژەکانی تری تورکیا و کوردستان دەستیان کرد بە مانگرتن لە خواردن، دوا بەدوای چالاکی بەم شێوەییە تەنها برای بەڕێز ئۆجەلان چووە بینینی بەڕێزیان، ئاخۆ بۆ ڕێگە نەدرا کە شاندی ئیمڕاڵی یاخود پارێزەرەکانی چاوپێکەوتن بکەن، مەبەستیان لەمە چی بوو؟

    زاگرۆس: دوا بەدوای ئەوەی کە گەلی کورد لە هەر لاێکەوە کەوتە ناو چالاکی و بەرخودان بۆ زانیاری گرتن لە ڕەەوشی ڕێبەر ئاپۆ، وە دوای ئەوەی کە گەریلاکانی کوردستان لەهەر لاێکەوە بە گیانە فیداییەکەیانەوە کەوتنە چالاکی کردن بۆ زانیاری گرتن لە سەرۆکیان و دوابەدوای بەستنیی دەیەمین کۆنگرەی گشتی گەل کە لە کۆتایدا بە پەیامێك بانگەوازی لە تەواوی گەلی کورد کرا  بۆ بەرخودانی و چاالاکی بۆ زانیاری گرتن لە ڕێبەر ئاپۆ، هەر وەك هەمیشە گەلی کورد هەستانە سەر پێ و بێ وەستان لە بەرخودان و تێکۆشان دابوون تا ئەوەی کە برای ڕێبەر ئاپۆ بەڕێز محمەد چوو بۆ ئیمڕاڵی و سەرۆکی بینی. بێگومان ئەو پەیامەی کە ڕێبەر ئاپۆ دای هەموو سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئاکەپە و ئۆردوغانی پوچەڵکردووە.

    بەمە دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت تەنها بە گۆڕانکارێك گەلی کورد بێ دەنگ بکات یاخود لە تیکۆشان و بەرخودان بوەستێنێت، وە گەلی کوردیش ئەمەی سەلمەند کە هەمیشە لە بەرخودان و تێکۆشان بەردەوام دەبین تا ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و دروستبوونی ستاتیۆی گەلی کورد.

    ماڵپەڕی کەژار: لە کۆتایدا هەر وەك بەڕێز ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند تا دوا ئاست بەرزکردنی بەرخودان پێویستە، هەر وەك ئێوەش دەزانن گەلی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا لە ناو زەخت و زۆرێکی کۆماری ئیسلامی ئێراندانە، دەبێت چۆن ئاستی بەرخودان بەرزبکەنەوە و پەیامتان بۆ گەل چییە؟

    زاگرۆس:  لەسەرەتادا سڵاوم هەیە بۆ تەواوی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، وە بنەماڵەی شەهیدان و دایکانی ئاشتی و هەموو ئە و کەس و لایەنانەی کە بۆ ئازادیخوازی تێکۆشان دەکەن، هەر وەك ئێوە دەزانن لە ڕابردووشدا گەلی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە ١٥ شوباتی ١٩٩٩ دا کاتێك ڕێبەر ئاپۆ دەستگیر کرا بە شێوەێکی زۆر بەهێز و ڕادیکاڵانە هەستانە سەرپێ و خاوەنداریەتیان کرد لە سەرۆکی خۆیان. وە لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا کچان و کوڕانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە ڕووحی فیداییان دەستیان بە تیکۆشان کرد لەبەرامبەر دوژمنان و نەیارانی گەلی کورد.

    لە بەرامبەر ئەم سیاسەتانەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەموو گەلان و پێکهاتە و چین و توێژە جیاوازەکانی ئەم کۆمەڵگاییە دەکات، دەبێت هەر وەك چۆن گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشەنگایەتی شۆڕشی گەلان دەکات، بۆ وڵاتێکی وەك ئێرانیش دیسان ئەمە ئەرکی گەلەکەمانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا.

    دەبێت گەلەکەمان بەو پەڕی هێز و باوەڕییەوە خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و بەرەی دیموکراتیك دروست بکەن و پێشەنگ بن بۆ سیستەمی دیموکراتیك لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. بەمەش سەرکەوتن و بەدەستهێنانی سیستەمەێکی دیموکراتیك لە ژێر سایەی بیری ڕێبەر ئاپۆ و ئازادی بۆ تەواوی گەلان و پێکهاتە و چین و توێژە جیاوازەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر نزیکە.



    کژار