• زیلان تانیا: سەرەڕای هەموو فشارەکانیش ژنان لە ئێران بەرخۆدانی دەکەن

    27 ته‌مموز, 2016

    رژێمی ئێران، کە وەک ناوەندی سیستەمی دەوڵەتگەرا و دەسەڵاتداری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵ دەگێڕێت، لە دژی هەموو ئەو هێز، گروپ، ڕێکخراوە، دەزگا و بزاڤانە شەڕ دەکات کە کار بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە دەکەن، هەمیشە هەوڵی داوە هێزە دیموکراتیخوازەکان بە پلانی شەڕی تایبەت لە ڕەگ و ڕیشە دەربێنێت و لە ناو کۆمەڵگە بیان سڕێتەوە. ژنانیش لەو بەرەیەدان کە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی دژی دەسەڵاتداری، نایەکسانی و چەوساندنەوەی کۆمەڵگە تێکۆشانیان بە بنەما گرتوە، وازیان لە بەرخۆدانی نەهێناوە، بۆ ئەمەش قوربانی زۆریان داوە.

    لەسەر ئایا تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە کوێ گەشتوە؟ لەومەودوا چی بکرێت؟ زیلان تانیا، هاوسەرۆکی کۆمەڵگەی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(کۆدار)، لە میانەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسەکەمان(ژنها) ڕایگەیاند: "ژنانی ئێران لە ناو هەوڵی گەیشتن بە ئازادی دان، بۆیە ئێمەش لەگەڵ ژنان خەباتێکی هاوبەش دەکەین بۆ پراکتیزە کردنی لە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگەوە، ئەمەش لە داهاتوێکی نزیک پێکدێت."

    زیلان تانیا، سەرنجی ڕاکێشایە سەر هۆکاری سەرەکی هەموو شەڕ و ئاڵۆزیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ نەبوونی سیستەمێکی دیموکراتی لە سەر بنەمای فەرهەنگ و پرەنسیپەکانی کۆمەڵگە و لەناویشیدا ژنان گەڕاندەوە.

    ناوبراو وتیشی: "لە ئێران یەکێک لەو کێشە بنبەستبوانەی چاوەڕوانی چارەسەرکردنە، پرسی ئازادی ژنانە، ڕژێمی ئێران ڕژێمێکە دەیەوێت بە زەبری هێز کۆمەڵگە بەرێوەببات، بۆیە فشار و چەوساندنەوەی بە بنەما گرتوە، سیستەمێکە لەسەر ئەقڵیەتی سەردەستی پیاوسالاری بونیاد نراوە. ئەو سیستەمەش ئیرادەی ژن ڕەت دەکاتەوە. بۆیە بەتایبەت کار بۆ لاوازکردنی ئیرادەی کۆمەڵگە لە کەسێتی ژنان دەکرێت، سیاسەتێکی ناوەندگەرا بەڕێوەدەچێت. دەوڵەتان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیانەوێت ئەقڵیەتی خۆیان بکەنە مۆدێلێک لەناو کۆمەڵگە و بەو شێوەیە درێژە بە هەبوونی خۆیان بدەن بەڵام وەک دەبینین ئەوەی وەک مۆدێل باسی دەکرا کۆمەڵگە هیچ کاتێک پەسەندی نەکرد و لەگەڵ حەقیقەتی کۆمەڵگە نەگونجا."

    زیلان جەختیشی کردەوە: "بۆیە گەر سەرنج بدەین ژنان هەمیشە ڕووبەڕووی فشارەکانی دەوڵەت دەبنەوە. لە ئێران، سەرەڕای نەبوونی مافەکانیان ژنان ڕووبەڕووی هێرشی وەک تیزاب ڕژاندن دەبنەوە. بەڵام ئەوەی جێگەی بایەخە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە گشتی، ژنان لە ناو لێگەڕان دان بۆ ئازادی و دەستەبەر کردنی مافەکانیان. ژنان لە هەموو ڕوویەکەوە تێکۆشانی خۆیان بەردەوام دەکەن. ئەوەی زیاتریش جێگەی گرنگیدانە ژنانی کورد، فارس، عەرەب و هەموو گەلانی تر بەشێوەیەکی چالاک لە گۆڕەپانی سیاسیدا تێدەکۆشن، ژنان ئیتر پشت بەخۆیان دەبەستن، بە هێزی خۆیان ئیرادەی خۆیان پیشان دەدەن."

    هاوسەرۆکی کۆدار، لە بەردەوامی وتەکانیدا ئاماژەی بە بەرخۆدانی ژنان کرد لە ڕۆژئاوای کوردستان کە وەک ناسنانەمەی بەرخۆدانی ژنانی کورد ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێرن لە هەموو بوارەکانی تێکۆشاندا، هەروەها وتیشی: "لە کۆبانێ ژنان پیشانیاندا کە دەبێت تێکۆشان بە چ شێوەیەک بکرێت، بۆیە سەرەڕای هەموو بەربەستەکانی سیستەمی پیاوسالاریش دەبێت ژنان خۆیان بەو ئاستە بگەیەنن، دەبێت هەمیشە تەدبیرمان هەبێت لە دژی سیستەمی سەردەست. ئەگەر سەرنج بدەین تێکۆشانی گەلی کورد بۆتە نمونە لە جیهان، لە ئێرانیش ژنان لە نزیکەوە چاودێری ئەو تێکۆشانە دەکەن، دەبێت ئیتر ژنان لە هەموو ڕوێکەوە هەنگاوی پراکتیکیش بنێن، بۆ پراکتیزەکردنی هەوڵ و ڕەنجی ژنان کە بە قوربانی زۆر بەدەست هێنراوە، پەیوەندی و گفتوگۆمان لەگەڵ زۆر لایەن پێشخستوە، لە داهاتووێکی نزیکدا ئەمە دەخەینە بواری جێبەجێکردنەوە."

    زیلان لە بەشێکیتری وتەکانیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر زیادبوونی فشارەکانی ناو زیندان و لە سێدارەدانی نهێنی، ناوبراو وتیشی: "بە شێوەیەکی نهێنی لە ناو زیندانەکاندا هاوڵاتیان لە سێدارە دەدرێن، فشارەکان هەموو ئاستێکیان تێپەڕاندوە، لە سێدارەدانەکانیش بە شێوەیەکی شاراوە ئەنجامی سیاسەتی دووفاقی و ڕەشکوژی ڕژێمی ئێرانە. لە دەرەوەش بە بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر بازرگانی بە مرۆڤ دەکرێت، ژنان و گەنجان بەکاردەهێنرێن."

    زیلان تانیا، هاوسەرۆکی کۆمەڵگەی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(کۆدار)، لە کۆتایشدا، رایگەیاند: "ئێران سیاسەتێکی دووفاقی بەڕێوەدەبات، دەیەوێت لە دەرەوە خۆی سیستەمێکی دیموکراتیک پیشان بدات. چونکە سیستەمێکی بەو جۆرە بوونی نیە، سیاسەتێکی دیموکراتیک پەرەناسەنێت. بەو شێوەیە شکاندنی ئیرادەی کۆمەڵگە بە بنەما دەگرن. گەلان داوای گۆڕانکاری ڕیشەیی دەکەن، ئێمەش بە گوێرەی پێویستی و داخوازیەکانی گەل دەجوڵێینەوە. دەمانەوێت بە خەباتێکی هاوبەش شا

    نبەشانی گەلانی تر و ژنان لە چوارچێوەی سیاسەتێکی دیموکراتی لە هەموو لایەنێکەوە دژ بە ڕژێمی دەسەڵاتداری ئێران بوەستینەوە."



    کژار