• ڕەوشی ژن لە بواری یاسایدا لەناو ئێراندا

    30 حوزه‌یران, 2016

    ئێمە بە سەردەمێکدا تێپەڕ دەبین کە هەر شتێك لەناو گۆڕانکاریدا، تەواوی سیستەمەکانی کە بە بیری پیاوسالاری و دەسەڵاتداری ئاوەدانکرابوو یەك بە یەك هەڵدەوەشێنرێنەوە، چونکە ئەم سیستەمانە لە دژی کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی لەوە زیاتر نەیان دەتوانی  لەبەرامبەر چاند و کلتوری دێرینی کۆمەڵگا بەرخودانی بکەن، لەبەر ئەوەی ئەم سیستەمانە بە دەستی ئازادیخوازان بگۆڕدرێت، هەر وەك چۆن هەر کەسێك چارەنووسی خۆی دیاری دەکات ژنیش وەكو نەتەوەێك کە ساڵەهای ساڵە لە ماف و ژیانی خۆی دوور خراوەتەوە و بەڵام لەناو تێکۆشانێکداییە کە ئەو چاندە دێرینەی کە بە ساڵانە لێی ستێندراوەتەوە بەدەستی بێنێتەوە و ببێتە پێشەنگی ژیانی ئازاد و سەرکەوتووکردنی شۆڕشی ژن، وە  تۆڵەی مێژووی خۆی لە سیستەمی پیاوسالاری  بکاتەوە.

    ئێرانیش یەکێك لەو وڵاتانە کە لەسەر خاکەکەی بەهەزاران ساڵە چاندێك بەدەستی ژن هۆندراوەتەوە، یاخود مرۆڤ دەتوانێت بڵێت کە ئافرێنەری ژیانە. بەڵام بەداخەوە لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا ئەوەی کە لە مافەکانی بێ بەشە ژنە. چونکە ڕۆڵی ژن لەناو ژیاندا لێیسەندراوەتەوە و لەبەر ئەوەی کۆمەڵگای ئێران هەرە زۆر لەبواری ژیاندا قەیرانێکی گەورە ژیان دەکات و مرۆڤ دەتوانێت بڵێت کە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووبەڕی لەناوچوون دەبێتەوە، ئەگەر سەیرێکی ئەم ڕوداوانەی کە ڕۆژانە سەبارەت بە ژنان هەیە بکەین، ئەوە باشتر ڕەوشی کۆمەڵگای و ئەخلاقی ئێران تێدەگەین. بۆ نموونە لەم سەدەیەدا ئێران گفتوگۆی ئەوە دەکات ئاخۆ ژن دەتوانێت ببیتە دادوەر یاخود نا؟!  ئەم ڕەوشە ڕووڕەشی و دواکەوتووی ئێران پیشاندەدات. بۆ نزیکبوونەوەیێکی بەم شێوەییە مەگەر پێکەنینی ناوێت کە چاوەڕوانی و دوای یەکسانی و یاسا بکەیت. بێگومان چاوەڕوانی بۆ شتێکی بەم شێوەیە هەڵەیە، لە ڕاستیدا ئێستا بەهەزاران کەس چاوەڕوانی یەکسانین. لەلایەکی ترەوە پرسیارێکی بەم  شێوەییە دێتە مێشکی مرۆڤ ئاخۆ لە وڵاتێکدا کە  بە هیج شێوەیێک مافی خۆپاراستنی ژن نەبێت و وە لەلایەنی یاساییەوە هیچ شتێك بە ژن نادرێت، ئاخۆ دەتوانین باسی مافی مرۆڤ بکات؟! بێگومان کە ناتوانێت. لەلایەکی ترەوە گواییە کە کۆمیسیۆنی ژنان لەناو مەجلیس و دادا هەیە بۆ چارەسەری کێشەکانی ژنان لەناو خێزان و کۆمەڵگادا دروستکراوە، بێگومان کە ئەمە تەنها فریودانە و شتێکی ڕواڵەتییە چونکە ئەوەی بەرامبەر بە ژن بڕیار دەدات خودی دەوڵەت خۆیەتی.

    لەلایەکی ترەوە بەساڵانە کە دەوڵەتی ئێران بەناوی کۆڵبەرتییەوە کوردان دەکوژێت، دەتوانین بڵێین کە هەر ڕۆژێك خوێنی کوردێك لەسەر سنورەکان دەڕێژرێت، لەلاێکەوە کۆمەڵگا بێ کار دەکات، لەلاێکی ترەوە مەجبوری کۆڵبەرتی دەکات و لەهەمان کاتدا دەیکوژێت. بێگومان نموونەی ئەمەش ئەم کوشتنانەی بەم دوایانە بوون بە تایبەت کوشتنی دوو ژن لەسەر سنورەکانی بانە، کە ئەمە ئاستی نامرۆڤانەی ئێرانی پیشاندا، هەر بۆییە خاوەنداریەتی کردن لەلایەن گەلەوە پێویستە و دەبێت ئەو بێدەنگییەی کە هەیە ببیتە سەرهەڵدانێكی مێژووی لەبەرامبەر ئەم نزیکایەتیانەی داگیرکەر.

    لەبەرامبەر ئەم سیاسەتە چەپەڵەی ئێراندا خۆبەڕێخستن کردنی ژنان و ئاوەدانکردنەوەی سیستەمی خۆپاراستنی خۆیان ببێتە وەڵامێکی هەرە ڕاست و  بە واتای ئەم سەدەییە. چونکە سەدەی بیست و یەك ببێتە سەدەی سۆڕشی ژنان.

     

    ڕوکەن پەپوولە



    کژار