له‌ داڕمانی كۆمه‌ڵگا ‌تا داڕشتنی كۆمه‌ڵگایه‌كی تر

15 ئازار, 2016

 

 

په‌خشان عه‌زیزی

«من نماینده ملتم، من نماینده شما آدم هام». «مملکت را به آسانی به دست نیاورده‌ایم که کره الاغی را بفرستیم آنجا. مجلس جای کره الاغ نیست! …». «مجلس جای زنان نیست؛ جای مردان است. بفرستید سرشان بلا بیاورند آبرویتان برود؟!». «به مجلس مرد بفرستید؛ حداقل کاری هم نکند آن یکی کار را بتواند بکند!»

ئێره‌ ئێرانه‌! منداڵان، ژنان و پیاوان وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ بنه‌ماڵه‌وه‌ هاتوون سه‌یر بكه‌ن، له‌ ساڵۆن دا ده‌نگ ده‌داته‌وه‌. سێداره‌دانی مه‌یدانه‌كانی شارمان بیر ده‌خاته‌وه‌ كه چۆن به‌ فیتوو و چه‌پڵه‌ لێدان پێشوازی لێده‌كرێ و له‌ منداڵ و پیره‌وه‌‌ بگره‌ تا دوایین هه‌ناسه‌ی قوربانی‌ فیلمی لێ هه‌ڵده‌گرنه‌وه‌. ده‌بێ چ جیاوازیه‌كی هه‌بێت؟! ها ئیعدام له‌ شه‌قامه‌كانی شاردا، ها به‌رتڤكی هه‌تا دوایی به‌ كه‌سایه‌تی و كرامه‌تی ژن، هه‌مووی ده‌چێته‌ خانه‌ی داڕووخانی بنگه‌ و بنه‌مای ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵگا.  

ئێره‌ ئێرانه‌! ئه‌و وڵاته‌ی ده‌سه‌ڵات‌ بێ وچان ده‌زێ و پیاوه‌تی بێ ناوه‌رۆك مه‌زن ده‌بێ و پیت و رسته‌كانی ژیانی راسته‌قینه‌ ده‌دۆڕێن. ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگا بوون‌ به‌ ته‌ماشاوانانێك كه‌ دونیایان كردوون به‌ چه‌پڵه‌ لێدان بۆ بێ ئه‌خلاق ترین و توندوتیژترین وته‌ و كرده‌وه‌كان. ده‌سه‌ڵات سازی ده‌كات، زه‌لام ره‌وای ده‌كات، بنه‌ماڵه‌ش به‌ گشتی چه‌پڵه‌ی بۆ لێدات! «هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌خلاق داده‌ڕێژرێ و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌« پێویست به‌ ورد بوونه‌وه‌ نییه‌،‌ له‌ هه‌ر گۆشه‌یه‌كه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانین به‌ره‌و‌ داڕمان ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ ده‌توانین ببینین.

ته‌نیا كه‌مێك ئه‌ولای سنوور:

–   ئه‌ز كوردم، ئه‌ز سه‌ربڵیندم، ئه‌ز ناكه‌وم.

–   ئه‌م‌ كوردین، به‌ دوژمنان خڵاس نابین.

–  گه‌ر كورد رانه‌بنه‌ سه‌ر خوه‌، بلا بمرن، ئه‌و چ ژیانه‌.

–  ئه‌م تا دوایین دڵۆپی خوێن به‌رخۆ بده‌ین.

–  ئه‌ز ته‌سلیم نابم، نا.

–  گه‌لی كورد رابنه‌‌ سه‌ر پێ، سه‌رێ خوه‌ بلیند كه‌ن. 

–  زمانی ئێمه‌ش گه‌ر بێژێ ئاشتی، ئیتر دڵمان ئه‌وه‌ی ناڵێ.

–  دوژمن حیسابی ئه‌و كۆمكوژیانه‌ بدات، چ ده‌بێ با ببێ، ئه‌م ناچین.

–  ئه‌وه‌ شه‌هیدی من نییه‌ و ئی هه‌می كوردستانه.‌

ئێره‌ باكووره‌! له‌ پیاوێكه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد كه‌ زۆر به‌ جوانی پیاوه‌تی كوشت. هه‌ژمارێكی زۆر له‌ پیت و رسته‌ی به‌رگری ده‌چێ و ده‌خوڵقێ. باكوور ئه‌و شوێنه‌ وا كه‌ تێیدا هه‌ر رۆژه‌و ژن ده‌خوڵقێ. له‌ دایكانێك كه‌ خوڵقێنه‌ری شۆڕشن. ژنانی كورد ئیتر وتراوه‌كان و نووسراوه‌كان یه‌كاویه‌ك قازانج ده‌كه‌ن. نه‌ له‌سه‌ر جه‌نازه‌ی شه‌هیدان به‌ ساعت ده‌گرین و نه‌ خۆ به‌ هیچ سووچێكی ده‌سپێرن. وشه‌ و رسته‌ی خه‌مگین كه‌م ده‌بیسترێ. ئیتر ژنان شه‌رم له‌ خۆیان ناكه‌ن و بێزار له‌ خۆیان نین.

بۆ خۆیانن! ژنانی كورد! هه‌ر ئه‌و ژنانه‌ی به‌ ساڵیان له‌ ژێر ئاواری ده‌سه‌ڵات و دیرۆك دا ون ببوون. هه‌ر ئه‌و ژنانه‌ی ئیتر به‌ هاسانی ئینكار ناكرێن. كه‌متر وایه‌ دانی پێدا نه‌هێنن و بیانهه‌وێ له‌و ره‌وایه‌ته‌دا ماف به‌ لای ژن دا نه‌شكێننه‌وه‌. ته‌نیا خه‌تێكی فیكری و ئیمانێكی راسته‌قینه‌ ده‌توانێ مرۆڤێكی تا دواڕاده‌ كه‌وتوو ڕاكاته‌‌ سه‌ر پێیان و له‌ كۆیله‌ی ئه‌وڕۆ ده‌ریبێنێ و هه‌نگاوێك نا كه‌ چه‌نده‌ها هه‌نگاو پێشتر بنێ. كلتوورێكی جیاوازتر له‌ ژنی ئه‌مڕۆ كه‌ له‌ ناو پێناسه‌كانی كۆیلایه‌تی دا نوقم ببوو‌، سه‌ری هه‌ڵداوه‌.

به‌ هه‌ر چاوێك لێی بڕوانین هه‌م و خه‌می هه‌ستاندنه‌وه‌ی مێژووی رفێندراوی زه‌ق تر تێدا ده‌بینی. هاوار ده‌كات كه‌ كۆمه‌ڵگا به‌ بۆنه‌ی منه‌وه‌ له‌ سه‌رپێیانه‌ چونكه‌ منم كه‌ له‌ سه‌ر پێم. كه‌متر وایه‌ له‌ ئیستادا ره‌وایه‌تێكی ئاوه‌ها له‌ دونیایه‌كی تر دا ببینین. ره‌وایه‌تێك كه‌ هێزی داڕشتن و شتنه‌وه‌ی هه‌موو شتێك له‌خۆدا ده‌بینێ، هیچ، ته‌نانه‌ت به‌رپرسیارێتی ئه‌وانه‌ی تریش به‌ عۆده‌ ده‌گرێ.

ئێره‌ باكووره‌! له‌سه‌ر خه‌تی رۆژئاوا! ره‌وایه‌تی ژیانی به‌ ژانی ژنان له‌ مێژوودا ئیتر گۆڕا بۆ خوڵقاندنی وێنه‌ی نوێ و ژیانی نوێ و بیری نوێ. ئیتر سنووره‌كانی قسه‌ی دڕیوه‌ و كه‌وتووه‌ته‌ ناو ژیان و پراتیكه‌وه‌. شه‌ڕیكه‌ هاتووه‌ته‌ ناو ده‌ركه‌ی ماڵی. شوێن و ده‌رفه‌تێك بۆ هه‌ڵهاتنی ده‌سه‌ڵات به‌دی ناكرێ. بۆ كوێ بچێ ژن ده‌رفه‌تی، وه‌كوو چۆن مێژووی ئه‌ویان رفاند، لێ ده‌ڕفێنێ. ئیتر تێئۆرێ نه‌جووتراوه‌كانی مێژوو زوو زوو، بڕه‌ویان نییه‌. شتهایه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌ك كۆ ده‌بنه‌وه‌ تا روو بده‌ن، به‌ڵام دیسان تاقه‌تیان پێی ناشكێ و رووداوه‌كان له‌ روو ده‌چن.

ئیتر بۆته‌كانی ره‌وایه‌ت و ئه‌ده‌بیات ده‌شكێندرێن. به‌ پیاوان بڵێن جیدی بن. ئیتر ژنانی كورد ره‌گباریان به‌ستووه‌ له‌ هه‌رچی ملكه‌چی، له‌ هه‌رچی چه‌وساوه‌یی و كۆیله‌تی و ئارام ناگرن و ئارمانجی گه‌وره‌تر ده‌پێكێن.

ئێره‌ باكووره‌! ئه‌و سه‌پاندنه‌ی دونیای ده‌ره‌وه‌ی ژن به‌سه‌ر ده‌روونی دا ده‌یكرد، رووخاندی و دونیایه‌كی نوێ ده‌خوڵقێنن. نه‌زمی ئه‌و نه‌زمانه‌ی زه‌مان و زمان، به‌ به‌زم و ره‌زم، تێكده‌شكێنن. كاتێك ئاوه‌ها ریتمی ده‌سه‌ڵات ده‌ته‌قێننه‌وه‌ ئیتر ده‌بنه‌ شۆڕشگێڕ و ئه‌وه‌ش قوربانی خۆی ده‌وێ. هاتوون تا دیرۆكی ژن ته‌سویه‌ بكه‌ن و حه‌قیقه‌تی ژیانی لێ ده‌رخه‌ن.

پشت سه‌ریان له‌شكرێك له‌ ئاكامه‌كانی جێی داخ سه‌فیان گرتووه‌، به‌ڵام رێگه‌ی داهاتوو به‌ ناوه‌رۆكه‌وه‌ ژیان كردن و دامه‌زراندنی بنگه‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌‌كی ئه‌خلاقی كه‌ پاشگه‌ز بوونه‌وه‌ لێی، ئیترمه‌حاڵه‌.