• سیاسەت و خیانەت

    21 تشرینی یه‌كه‌م, 2015

    کورد بە گشتی قۆناخێکی هەستیاری مێژویی تێپەڕ دەکات و داهاتوی ژیان و ئازادی بە هەڵویست گرتنی گەل و حیزبە سیاسیەکانی رەقەم دەخوات. گەلی ئێمە لە ناو جەرگەی شۆڕش دایە و ئەمڕۆ فاکتەرێکی سەرەکیە بۆ ئاڵوگۆڕیەکانی ناوچەکە و لەم ڕاستایەدا گەلەکەمان ئەرکی نیشتیمانی و ئازادیخوازی بە شێوازێکی ئاکتیو بەڕێوە دەبات. لە باکور خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی دە لوتکەی خۆی دایە و لەوپێناوەدا ئیرادەیەک هەیە کە هەتاکو سەرکەوتن کۆڵ نەدەن. لە سەدەی ڕابوردو تێکۆشان بۆ وەدەست هێنانی مافەکانی گەل بە شێوازی حیزبایەتی کلاسیک لە پڕۆسەی سیاسی، سیاسەتی حیزبی بەردەوام توشی قەیران هاتوە و لەو ڕاستایەدا نەبونی چارەسەری بۆ ئازادی و کێشەی کورد لەگەڵ خۆی هێناوە و بەردەوام گەلی ئێمەی توشی نەهامەتی کردوە.

    قۆناخی نوێی شۆڕش بە فەلسەفەیەکی نوی و ئیرادەی کوردی ئازاد کەوتۆتە دەورانێکی هەستیار و چارەنوسساز و بە هەمو هێز و تواناوە پاراستن لە دەستکەوتەکانی خۆی دەکات و لەم قۆناخەدا کە دیزاینی نوی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژرێتەوە، گەلی کورد ناخوازێت لۆزان و سایکس-پیکۆیەکی تر لە مێژوی کورد دا دووپات ببێتەوە. کوردی ئازاد لە هەمو هەڵویستەکانی سیاسیدا بە ڕوحێکی شۆڕشگێڕانە، ئاکتیو لە مەیدانی خەباتدا ڕۆڵ دەگێڕێت و بەرژەوەندیەکانی کوردی ئازاد دەپارێزیت، لە ناو جەرگەی خەباتدا ڕۆڵی کەسایەتی و حیزبی سیاسی بۆ بەرەو پێش بردنی ئەم ڕەوتە ئازادیخوازە لە نان و ئاو بۆ پێشکەوتن گرنگترە و کاردانەوەی لە سەر داهاتوی کۆمەڵگای ئێمە دەبێت و گەلی ئێمە بڕیاری داوە ژیانێکی سەربەست هەڵبژێریت.

    بە گەڕانەوە بە سەر مێژوی سەردەمدا بۆمان دەر دەکەوێت گەلی کورد بەردەوام لە بەرامبەر داگیرکاری و زوڵم و زۆری دا قارەمانانە ڕاوەستاوە و بەهای زۆریشی داوە و هیچ کات دوژمن نەیتوانیوە ئیرادەی بشکێنێت. سەرهەڵدان بە دوای سەرهەڵداندا لە ناو گەلی کورد نیشانەی زیندویی و خولیای ئیرادەی ژیانێکی ئازادە. ئەو ئیرادەیە لە فۆڕم و قەوارەی خەباتی کلاسیک نەیتوانیوە وڵامدەرەوەی هەمو فیداکاری و قوربانیدانی گەلەکەمان بێت و بەشێک لە ئەحزابی سیاسی کورد بە خوێندنەوەیەکی کرچ و کاڵ و نەدۆزینەوەی میکانیزمی شیاو بۆ خەبات و تێکۆشان و بە ئاکام گەیاندنی بیری ئازادی هەر دەم لە بەرامبەر داگیرکاران و نەیارانی ئازادی و ڕزگاری گەلەکەمان بێ پڕۆژە بون. بەشێکی تری ئەحزاب لە ڕاستای بەرژەوەندیەکانی ئەم داگیرکەرانەدا هەڵویستیان هەبۆوە و لە جیاتی خزمەت بە بەرەو پێش بردنی ڕەوتی ڕەوای گەلەکەمان هەردەم ئاستەنگ بون و دەستەمۆیانە خزمەتکاری سیاسەتەکانی داگیرکاری لە کوردستان بون.

    دیپڵۆماسی و سیاسەت ئەگەر لە سەر بنەمای ئەخلاق و گەشە سەندنی کۆمەڵگا نەبێت بێگومان دەکەوێتە کاناڵی کۆنەپەرەستی و دواکەوتویی. لە سیاسەتی ئەمڕۆی کوردستانیش بەزاندنی پێوانەکانی ئەخلاق بە ناوی سیاسەت و دیپلۆماسی بۆهێندێک بەرژەوەندی سنورداری حیزبی، تێکۆشانی کوردستان لە ڕەوتی شۆڕشگێڕی و پێشکەوتنخوازی بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەبات و باجی ئەم هەڵس و کەوتە بێگومان گەلی ئازادیخواز دەیدات. سنوری خەیانەت و شۆڕشگێری لە مەیدانی خەبات دا زۆر تەسکە و زۆر جار هێندیک هەڵەی سیاسی بە پێوانەی شۆڕشگێڕی دەکەوێتە بازنەی خەیانەت و بەردەوام بونی ئەم هەڵانە مەودای خزمەت و خەیانەت تێکەڵ دەکات و لە درێژەی خۆیدا شەرعیەت بە کۆنەپەرەستی و خەیانەت دەبەخشێت و بەرەی کۆنەپەرەستی لە کۆمەڵگادا ملهوڕ و بە هێز دەکات.

    گەلی ئێمە لە باکوری کوردستان لە ناو شۆڕشێکی هەمە لایەنە لە دژی شۆونیزمی تورک لە بەربەرەکانی دایە و بە ئیرادەیەکی شۆڕشگێڕانە خەبات بۆ ئازادی دەکات و پێویستی بە هەمو پشتیوانیەک لە لایەن هەمو ئازادیخوازێک و پێشکەوتنخواێک هەیە و پێویستە گەلی کورد بە هەمو تواناوە پشتیوانی لێبکات، لەو سەردەمەدا حیزبی حاکمی تورکیە ئاک پاڕتی کۆنگرەی خۆی دەبەستێت و کۆمەڵێک ئینسانی بێ ئیرادە و حیزبی کوردی بەشداری لەم کۆنگرەیەدا دەکەن و ئەوەش بە هەمو پێوانەکان خزمەتە بە نەیارانی ئازادی و پێشکەوتنخوازی کۆمەڵگای کوردستان. مرۆڤی شۆڕشگێر و ئازادیخواز کاتێک دەبینێت فاشیزمی تورک بە هەمو تواناوە خەریکە ئیرادەی گەلی کورد لە باکور لاواز بکات، کاتێک دەبینێت تەرمی منداڵی کورد لە ناو ماڵەکاندا لە ناو فریز ڕادەگیریت و ماڵباتیان ناتوانن کۆرپەی خۆیان بنێژن، کاتێک شار و گوندی کودستان دەکەوێتە بەر ئابلۆقە دەوڵەت و عەسکەر و کوردستان میلیتاریزە دەکردرێت، تۆزێک ئەخلاق بۆ سیاسەتمەداری کورد پێویستە و بە خۆیان دا بچنەوە. بەشداری کردن لەو کۆنگرەیە دەکەوێتە بەرژەوەندی نەیارانی گەلەکەمان و وەک خەنجەرێک لە پشتی ئازادی دەدرێت و بە زانست کۆمەڵێک ئینسانی بی ئیرادە بە سەر ڕێچکەی مەلای خەتی دا دەڕۆن.

    خەیانەت لە ناو سیاسەتی هێندێک لە ئەحزابی کوردی نۆرمالیزە کراوە و لە ناو کۆمەڵگادا بە ناوی دیپلۆماسی شەرعیەتی پێدراوە. ڕاخستنی فەڕشی سور بۆ بکوژانی ڕۆلەکانی گەل لە پایتەختی باشوری کوردستان هیچ قەوارەیەکی دیپڵۆماسی پێوە نیە و تەنیا خزمەتکاریە بۆ داگیرکەران. لەو کاتە هەستیارەدا ئامادە بون لە کۆنگرەی ئاک پاڕتی و خۆش خزمەتی هیچ پەیوەندیەکی بە سیاسەتی گەلیەوە نیە و تەنیا خۆش رەقسیەکە بۆ بەردەوامی بە هێز کردنی سیاسەتی داگیرکاری و بێ موڕاڵی و بێ ئەخلاقی کۆمەڵێک حیزب و مرۆڤی کۆیلە دەگەیەنێت و هەمو بیانوەکانیش دەکەوێتە بازنەی خاپاندن و فریوی گەل و دژایەتی کردنی ڕوحی ئازادیخوازی و شۆڕشگێڕیە لە کوردستان.

    سیامەند موعینی

     



    کژار