کەژار بەیاننامەیەکی بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانی خوێندکارانی بڵاوکردەوە و جەختی لە بەردەوامیی خەبات و یەکگرتوویی هێزەکانی لایەنگری دیموکراسی لە ئێران کردەوە.
کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەژار ڕایگەیاند، کە گەلانی ناو جۆگرافیای سیاسی ئێران بە ڕۆژانێکی مێژووییدا تێدەپەڕن. خەجتیشی کردەوە کە هێزە دەسەڵاتدارەکان بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ستەمکارانەی خۆیان هەر جۆرە کۆمەڵکوژییەک ئەنجام دەدەن. لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە هەزاران کوژراو و بریندار و زیندانیکراو، بە قوربانیدانەکانیان ئەو پەیامەیان بۆ جیهان نارد کە چیتر کڕنۆش بۆ زوڵم و چەوساندنەوە نابەن.
کەژار جەختی کردەوە، جگە لە ئازادی و دیموکراسی گەل بە هیچ هۆکارێکی دیکە یەک دڵۆپ خوێن نەڕژاوە و کەم نرخاندنی سەرهەڵدانی شەقامەکان، تەنها بۆ کێشە ئابوورییەکانی بە چەواشەکاری لەلایەن میدیای ستەمکارانەوە ناوبرد.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا بە ئاماژە بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، جەخت کراوەتەوە کە ژن و لاوان هێزی داینامیکی ئەو خۆڕاگرییانەن. هەروەها زانکۆکان یەکێک لە گرینگترین قەڵاکانی سەرهەڵدانەکانن.
کەژار لە کۆتاییدا داوای بەردەوامی خۆپیشاندانەکان و هاوپەیمانییەکی یەکگرتووی نێوان هێزەکانی دیموکراسیخواز کرد و ڕایگەیاند کە پشتیوانی لە هەموو ڕاپەڕینێکی جەماوەری دەکەن کە داواکریان یەکسانی و ئازادی گەلان بێت.