لە سەرجەم خەباتەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیدا، گەلێک لە ژنان و پیاوان بە خەبات و ئیرادەی بێوێنەی خۆیان لە دژوارترین قۆناغەکاندا خۆڕاگرییان کردووە و گیانی خۆشیان لە پێناو ئازادیی ژندا کە هاوکات بەدەستهێنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکە، بەخشیوە. ژنانی زۆر لە دژی دەوڵەت-نەتەوە کە لەسەر بنەمای عەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتخوازی بنیات نراوە، وەستاونەتەوە. چالاکی شۆڕشگێڕانەی هەڤاڵ زیلان (زەینەب کناجی) کە نموونەیەک لەم وەستانەوەیەیە، ناکرێت تەنیا بە یەک چالاکی سنووردار بکرێت، بەڵکو ئەم چالاکییە بە ئایدۆلۆژیایەکی قووڵ و بڕوایەک بە سۆسیالیزم ئەنجام دراوە.

دوای شەهیدبوونی هەڤاڵ زیلان، سەدان و هەزاران زیلانی دیکە خولقاون و ڕێڕەوی خەبات و هزری ئەویان درێژە پێداوە. چالاکی زۆریش لە دوای چالاکی مێژوویی و قارەمانانەی هەڤاڵ زیلان ئەنجام دراون.

هەڤاڵ «لەتیفە سەلامەت» بە ناوی زیلان پەپوولە، یەکێک لەو هاوڕێ ژنانەیە کە ئیلهامی لە مانیفێستی ئازادیی هەڤاڵ زەینەب کناجی وەرگرتووە و ناو و ڕێبازی ئەوی بۆ خۆی کردووەتە پێوەر. هەڤاڵ زیلان پەپوولە کە بە ڕۆحی ئاپۆییەوە ببووە ئەندامی ڕیزەکانی گەریلا، لە کۆتاییدا لە مەریوان دوای خۆڕاگرییەکی زۆر لە دژی کەمینی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، قارەمانانە شەهید بوو و وەک هەڤاڵ زەینەب کناجی و زۆرێک لە هەڤاڵانی تێکۆشەری ڕێبازی ئاپۆیی، هیچ کاتێک سەری بۆ ڕژێمە دیکتاتۆر و دژی ژنان نەچەماندەوە. زیلان پەپوولە بە فیداکاری و ڕۆحی خۆڕاگریی خۆی، گیانی خۆی فیدا کرد بوو بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ڕۆحی ژیانی کۆمۆناڵی کە لەسەر بنەمای ئەخلاق و یەکسانی دامەزراوە، لەم خاکە دێرینەدا زیندوو بکاتەوە.

ژنانی شۆڕشگێڕ هاوشێوەی زیلانەکان، ئەویندارانە، گەیشتن بە ڕێبازی ڕێبەر ئاپۆیان کردووەتە ئامانجی خۆیان و لەم پێناوەدا ئازایانە گیانی خۆیان بەخت دەکەن. ڕێبازێک کە دەربڕی فەلسەفەی ژیانی ئازاد و لە ڕاستیدا ژنی ئازادە و بووەتە سەرچاوەی هێز و ورەی خۆڕاگری.

ئەوەی زیلان پەپوولە لە مەریواندا ئەنجامی دا، لە بنەڕەتدا خۆشکردنی ڕێگای دژواری خەبات بوو بۆ ژنانی دیکە. زیلان پەپوولە لە درێژەی ساڵانی تێکۆشانی، بایەخێکی زۆری بە پەروەردەکردنی ژنان و هۆشیارکردنەوەیان دەدا و لەو بڕوایەدا بوو کە هیچ کۆمەڵگە و نەتەوەیەک ناگاتە ئازادی، مەگەر ئەوەی ژنان تێیدا ئازاد بن. ئەو لە مەریواندا چالاکییەکانی بە ڕێکخستنکردنی ژنان لە شاخەوە تا گوند و شارەکان گەشە پێدەدا، بە شێوەیەک کە چالاکییەکانی کاریگەریی لەسەر ژنانی زۆر دروست کرد.

ئێمە وەک کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار)، یاد و ناوی زەینەب کناجی و زیلان پەپوولە بەرز ڕادەگرین و ڕایدەگەیەنین کە ڕێکخستنکردنی ژنان لەم قۆناغەی مێژوودا خاوەن گرنگییەک تایبەتە. کەژار بە ئاگابوون لە گرنگیی ئەم پرەنسیپە، ساڵانێکە لە ڕێگەی ئەکادیمیای شەهید زیلان پەپوولەوە خەریکی هۆشیارکردنەوە و ڕێکخستنکردنی ژنانە.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە ڕایدەگەیەنین کە ئێمەی ژنان، هاودەنگ و بە ئەنجامدانی چالاکی هاوبەش و خۆڕاگریی بەکۆمەڵ، دەتوانین داواکاری و خواستەکانی سەرجەم ئەو مرۆڤانەی کە لە پێناو گەیشتن بە ئازادیدا گیانیان فدا کردووە، بگەیەنینە ئەنجام.

بەرخۆدان ژیانە

ژن، ژیان، ئازادی

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)

٢٠٢٦/٠٦/٣٠