ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمڕۆ لە یەکێک لە هەستیارترین، قەیراناویترین و چارەنووسسازترین قۆناغەکانی مێژووی خۆیدایە؛ سیاسەتی شەڕخوازانەی دەوڵەت-نەتەوەکان دژ بە کۆمەڵگا ڕۆژ لە دوای ڕۆژێک فراوانتر دەبێت. لە ناوەڕاستی ئەم ئاڵۆزییە مێژووییەدا، هێزە کۆمەڵایەتییەکان و بە تایبەتی «ژنان»، هەستیارترین، ستراتیژیترین و کاریگەرترین گۆڕاوی سیاسیی ناوچەکەن و وەک هێزی جوڵێنەری گۆڕانکاری دەردەکەون.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئێمە شایەتی هێرشەکانی ڕێژیمی تاڵیبان دژ بە ژنان لە ئەفغانستان بووین؛ هێرشانێک کە ماوەیەکی درێژە بە شێوەیەکی بەردەوام تا ئێستاش درێژەیان هەیە. بە گوێرەی سیاسەتەکانی سیستەمی پیاوسالار، شیکردنەوەی ئەم هێرشانە زۆر دژوار نییە. چونکە ترسی هاوبەشی تاڵیبان و دەسەڵاتی حاکم لە ئێران، ترس لەو ژنەیە کە بیر دەکاتەوە، دەنووسێت، داواکاری دەکات و ڕابەرایەتی کۆمەڵگا بەدەست دەگرێت.
لە لایەک لە ئەفغانستان هەوڵ دەدرێت ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیان بسڕدرێنەوە، لە لایەکی دیکەشەوە لە ئێران ژمارەی سێدارەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاد دەبێت. هەردوو ڕێژیم مانەوەی ئایدیۆلۆژیی خۆیان بە کۆنترۆڵکردن، سەرکوتکردن و لەناوبردنی ژن گرێداوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێران و ئەفغانستان ڕوودەدات، دوو ڕووی یەک دراوە و لە هەمان مێشکی پیاوسالارانەوە سەرچاوە دەگرێت.
ساڵانێکە پرسی ئازادیی ژنان و گەیشتنیان بە مافە سەرەتاییەکان وەک مافی نان و کارلە دۆکتڕینی ئەمنی ، بووەتە هەڕەشەیەک بۆ ڕێژیمی تاڵیبان. هەر بۆیەشە لە ئەفغانستان دەروازەی قوتابخانە و زانکۆکان بە ڕووی کچاندا دادەخرێت، مافی کارکردنیان لێ دەسەنرێت و تەنانەت دەنگی ژن لە بوارە گشتییەکاندا بە تاوان دادەنرێت؛ هەوڵێکی سیستەماتیک بۆ نەبیناکردن و لەناوبردنی هێزی پێشەنگی کۆمەڵگا.
بەڵام لە بەرامبەر ئەم هێژمۆنیایەی سەرکوتدا، ئەوەی لە ناخی کۆمەڵگای ئێران و ئەفغانستان ڕوویداوە، جۆرێک لە بازدانێکی ئایدیۆلۆژیی بەرامبەرە لەلایەن ژنانەوە. دروشمەکانی «ژن، ژیان، ئازادی» و «نان، کار، ئازادی» تەنها داواکاریی رەفاهی یان سیاسیی کاتی نین؛ بەڵکو ئەم دروشمانە مانیفێستێکی فکریی نوێن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم فەلسەفە نوێیە بەها بنەڕەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نوێوە پێناسە دەکات. لەبەر ئەوە دەبێت جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە ژن، نەک تەنها لە پەراوێزی ژیان، بەڵکو ناوەندی سەرەکیی دووبارە بەرهەمهێنانی کولتوور، هۆشیاری و ئازادییە لە هەر کۆمەڵگایەکدا. ئەوەش کە ئێستا ڕوودەدات، بەرهەمی بەرخودانێکی چەندین ساڵەی ژنانە لە بەرامبەر ئەو بیرکردنەوە تاریک و سڕینەوەخوازە.
لە کۆتاییدا، وەک کژار، هەر جۆرە خوێندنەوەیەکی دۆگماتیکی و سیاسەتە دژەمرۆڤانەکانی ڕێژیمی تاڵیبان دژ بە چالاکی و بەشداریی ژنان لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگادا مەحکووم دەکەین. هەروەها ڕایدەگەیەنین کە پرسی ژنانی ئەفغانستان سنووری جوگرافی ناناسێت. لەبەر ئەوە بانگەواز لە هێزە ئازادیخوازەکان و بە تایبەتی ژنە چالاکەکان دەکەین کە هەموومان دەنگی ژنانی ئەفغانستان بین.
بژی خەبات و چالاکیی ژنانی ئەفغانستان
بژی هاوپشتی و یەکگرتوویی ژنان
ژن، ژیان، ئازادی
کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – کژار
١٢-٠٦-٢٠٢٦