له ‌کۆمەڵگەیەکدا دەژین کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە جاران، شایەتی ئازار و ئەشکەنجەدانی نەک هەر ژنان، بەڵکو منداڵانیش دەبین؛ ئەو منداڵانەی کە لە ژیانێکی ئاسایی لە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بێبەش کراون و لە جیاتی ئەوەی منداڵێتی خۆیان بکەن، دەبنە قوربانیی توندوتیژیی پێکهاتەیی خێزان یاخود دەستدرێژی و ئازاری جنسی مرۆڤەکانی دەوروبەریان.

نموونەی هەرە دیاری ئەوەش، ئەشکەنجەدانی دوو منداڵی بێتاوان لە شاری سنەیە کە لەلایەن دایک و باوکیانەوە دراونەتە بەر لێدان ؛ ئەشکەنجەیەک کە لە کۆتاییدا ئەوانی لەم تەمەنە بچووکەدا ڕەوانەی نەخۆشخانەی کردوون. ئەزموونێکی تاڵ کە لەم تەمەنە بچووکە دەکرێت ببێتە برینی دەروونی و لە داهاتوودا لێکەوتەی مەترسیداری لێبکەوێتەوە.

باوک کە لە سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا وەک نوێنەری چەقی دەسەڵات لە خێزاندا پێناسە کراوە، ئەنجامدانی هەر جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەر بە ئەندامانی دیکەی خێزان بە ڕەوای خۆی دەزانێت. لەبەر ئەوەی ئێمە لەگەڵ یاسایەکی باوکسالار و پیرسالاردا ڕووبەڕووین، نە لە هیچ دێڕێکی ئەم یاسایانەدا ڕێگرییەک لە دژی توندوتیژییەکانی پیاوان دەبینرێت و نە بۆن و بەرامەی داکۆکیکردن لە مافی ژنان و منداڵانی تێدا دەبیسرێت

منداڵان کە لە زۆربەی کاتەکاندا تێوەگلانی کێشە خێزانییەکان دەبن، لە ڕاستیدا قوربانیی نەویستی عەقڵییەتی دەسەڵاتخواز و دەوڵەت-نەتەوەن، تەنانەت لە ناو خێزانەکانی خۆشیاندا. ئەوان بێ ئەوەی کە هیچ مافی بڕیاردان لە ژیانی خۆیاندا هەبێت، ناچار بە قبووڵکردنی ئەم دۆخەن؛ چونکە منداڵان چ لە ڕووی جەستەیی، دەروونی و تەنانەت داراییەوە گرێدراوی خێزانەکانیانن و گرنگی نەدان بەم بابەتانەش لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی ناچارکردنی منداڵان بە کاری زۆرەملێ، ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و تەنانەت هاندانیان بۆ خۆکوشتن.

ئێمە وەک کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار)، هەر جۆرە توندوتیژی و ئازاردانێک دژی ژنان و منداڵان بە توندی سەرکۆنە (مەحکووم) دەکەین. کێشەکانی ئێمە لە ناو خێزاندا تەنیا بابەتێکی شەخسی نین، بەڵکو ڕەهەندی سیاسی-کۆمەڵایەتییان هەیە. ڕەگی ئەم گرفتانە لە سیستمێکەوە سەرچاوە دەگرێت کە تێیدا هەر جۆرە چەوساندنەوەیەک، چ لە جۆری باوکسالاری، چ چینایەتی و چ هیرارشی، بەرهەم دەهێنرێتەوە.

بۆیە، ئێمە دەتوانین کێشەکانمان نەک بە توندوتیژی، بەڵکو پەروەردە، ڕێکخستن و دروستکردنی ئەنجومەنەکانی دادخوازی خۆجێیی (ناوچەیی) بکەین بە بابەتێکی هاوبەش و بە شێوازی کۆلێکتیڤ، ڕێگری لە بەردەوامیی ئەم هەموو توندوتیژییە پێکهاتەییە بکەین.


نا بۆ توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان

ژن، ژیان، ئازادی

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار)

 ٠٧ ژوئەنی ٢٠٢٦ -١٧ ی جۆزەردانی  ١٤٠٥